کۆرۆنا بە مەشخەڵان و ئەی ڕەقیبەوە

‌سلێمان عەبدوڵا یونس

ھەرچەندە دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەرچی بڵێن لەبارەی ئامادەسازیەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا درۆیەکی جوانە! بەڵام خۆ دەمێکە لە فامیلۆکڕاتیەتی جوت قەڵەمڕەوی ئێرەدا، درۆیەکی جوان باشترە لە چارەسەر!

ئاخر کاتێک ھەڵەبجە ژەھرباران کرا، وەختێک ئەنفال ھات و گەرمیان و کوێستانی ڕاماڵی، یان ئەو کاتانەی شنگال بەشەرەفی گەلێکەوە کەوتە بەر ڕیشی تاریکی و عەبای زوڵمەتی داعش، خۆ خڕ زانیمان ئەوان چیان کرد؟ ئێ کاتێکیش کۆرۆنا دێت، ترسی ناوێت، خۆ مەعلومە ئەوان لەم دیوی دێگەڵە بەمەشخەڵان و ئەمانیش لەو دیوی پردێ، بەئەی ڕەقیب، چۆن ڕوبەڕوی دەبنەوە.

 ترسی ناوێت باکۆڕۆناش بێت، ژەھرێکی دیکەمان بداتێ، خۆ دەمێکە لێرە کانی عاشقان نەماوە.با بێت و لەژێر ناونیشانێکی دیکەدا، ماڵ بەماڵی خۆمان لێ بکات بە نوگرەسەلمان، خۆ دەمێکە لێرە توانای چاوەڕوانیمان زیندەبەچاڵ بوە.بابێت و بەنێر و مێوە، بمانکات بە سەبایە، ئیدی دوای ئەم ھەمو فتوحاتە، ئێرە پاکیزەی لەکوێ بو؟! بابێت وەک کێژۆڵە 7 ساڵانەکانمان، لە پایتەختەوە لاقەمان بکات، کێشە چیە؟ خۆ ئێمەش حکومەت باوکمانە قسە دەکات و خۆشمان پشت لە خەڵک و ڕو بۆ میھرەبانی خودایەکی "لا مکان" وەردەگێڕین.

 


AM:08:42:24/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 1392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی