پارتی خواستەکەی ڕەوایە

‌سلێمان عەبدوڵا یونس


ئێستا یەکێتی لەبوژانەوەیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ئەو ھێزە جەستە حزبیەکەی ئەوەندە بەتین بوبێتەوە توانای بردنەوەی چەند گەمەیەکی بۆکسێن و مەیدانی بەدوایەکداھاتوی سیاسی ھەبێت بەسەر ڕکابەرە سیاسیەکانیدا.

ڕاستە یەکێتی لە بەغدا یاریەکەی بردەوە، بەڵام ھەڵەی کرد کاتێک یەکسەر خۆی گیڤ کردەوە و خەیاڵی ھەمان "بردنەوەی بەغداد" لە کەرکوک و ھەولێر و سلیمانی گرتی. ئەو حزبە با مافی خۆیشی بێت، بەڵام وەک تاکتیکی سیاسی ڕاست نیە ئاوا دڵگەرمانە جەخت بکاتەوە لەسەر گواستنەوەی ھەمان زۆرانبازی بۆ شوێنەکانی دیکە، چونکە لانیکەم پارتی لەھەولێر و گۆڕان لە سلێمانی، لە ئەزمونی بەغداوە فێربون، تاک بەتاک بۆی نەیەنە مەیدانەکە، ھەرئەوەشبو وایکرد بەجیاوازی ئاسمان و ڕێسمانەوە، گۆڕان و پارتی ڕێکەوتنێکی بنەبڕ و تۆکمە "لانیکەم بۆ ئەم قۆناغە” بنیاتبنێن .

یەکێتیەکی بەھێز لە واقعێکی نوێدا ھۆکاری بردنەوەی بون لەبەغداد، بۆیە ئەگەر ئەو حزبە بیەوێت لە کەرکوک و سلێمانی پێشەنگایەتی و خاوەندارێتی زۆنەکەی بکاتەوە و ھاوبەشی و ھاوسەنگی لە داھات و ئەمن و نەوت و ڕایەڵە دیبلۆماسیەکان لەھەولێر لەگەڵ پارتی بەشایستەیی دابەشبکاتەوە، گرنگە یەکێتی لەھەنگاوی یەکەمدا، لەخواستی ڕەوای پارتی بۆ حکومەتێکی بەھێز بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی تێبگات و دوھەمیش لەڕێگای کۆنگرەوە، بنیاتی یەکگرتویی تەلاری ڕێکخراوەیی خۆی بنێتەوە و لەسەر بنەمای پاراستنی بەھاکان، پابەندێتی بۆ یەکێتی و کوردستان بسەپێنێ و وێستگەیەک بۆ بەرھەمھێنانی ھێزێکی ناوەکی حزبی و نیشتیمانی یەکانگیر بەفۆڕمێکی نوێ بۆ سەردەمێکی نوێ دابمەزرێنێ. ئایا ئەمە بۆ یەکێتی مەحاڵە؟ 

ئەم وتارە لە سایتی خەندان وەرگیراوە


PM:04:12:15/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 2828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی