سەرۆک قازانج و مایە دەبات؟

‌سلێمان عەبدوڵا یونس


بەھای پۆستی سەرکۆمار، ھەموو جارێک قورس لەسەر یەکێتی کەوتوە. جاری یەکەم؛ ئەوکاتەی مام جەلال بوو بەسەرۆک، ئەگەرچی ھێشتا نرخەکەی دیارنەبوو، بەڵام دواتر کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو، یەکێتی زانی نرخەکەی چەندە!

 ئەو باجەی یەکێتی دای لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار، ھەر لەسەرەتاوە بۆ یەکیەتی ناو یەکێتی باجێکی کەمەرشکێن بوو،بەڵام لەبەرئەوەی مام ڕۆڵێکی گەورەتری وازی کرد لەڕۆڵی سەرکۆمار، بۆیە وێڕای ئەوەی ئەو ھێزە بەکردەیی کەمەرشکابوو لەئاستی ناوخۆیدا، بەڵام بەکەمەری شکاوەوە زۆر دەرنەکەوت، لانیکەم لەئاستی دەرەوەی خۆییدا!

لێرەدا باسەکەم وەک «باسی باو» بۆ لێدانی پێگەی سەرۆک مەعسوم نیە، چونکە  ئەو وێڕای ئەوەی دامەزرێنەری یەکێتییە، دامەزرێنەری حکومەتی ھەرێمیشە. بۆیە لەواقیعدا جوڵەی سنورداری ئەو وێڕای ئەوەی بەشێکی کێماسی کەسییە، بەشە زۆرەکەی زادەی ڕێکەوتنێکی فرەلایەن و بندەستی حزبەکەشیەتی. ڕاستە ئەودەیتوانی بەقودرەتر و بەجوڵەتر دەربکەوێت، بەڵام لەولاشەوە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، ئەو بەڕێکەوتنی بەکۆمەڵ و لەواقعی بندەستی و پاشکۆیەتی حزبەکەیدا، کەزادەی کێشە زەوەندە کەڵەکبوە مێژووییە ناوخۆییەکانی ئەوھێزەن، نەیدەتوانی لەوەکاریگەرتر دەربکەوێ!

ئێستا؛ کە یەکێتی، بەھەرجۆرێک بووە ڕووی لەھەڵسانەوەیە، بەڵام گرفتە گەورەکە دیسان ئەوەیە: قازانجی وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار سەری مایەی ھەڵسانەوەی بخواتەوە. لەوەش خراپتر ھەیە، لەبەرئەوەی چونەوە ناو ھەمان واقعی ھەڵبژاردنی سەرۆک مەعسوم، ئەمجارە بۆ یەکێتی نرخەکەی زۆر زیاتر دەبێت لەمایەکەی!   


PM:04:47:02/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 2611 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی