‌کێ شنگالی ئازاد کرد؟
PM:10:08:14/11/2015
سلێمان عەبدوڵا یونس


مادام شکستی شنگال، شکست و کارەساتێکی کوردی بوو،بێگومان ئازادکردنیشی؛ بێ چەندوچوون، سەرکەوتنێکی دیکەی کوردییە . سەرکەوتنێکە، ئەگەر لۆجیکانە مامەڵەی پێوە بکرێت، ئەوا بەتەنیشت بەرگریە ئەفسانەییەکانی کۆبانێوە، دەتوانێت ناو و ناوبانگێکی دیکەی زێڕین، لەئاستی جیهانیدا، بەشوناسی ئازادیخواهانەی کورد ببەخشێت.

بەشداری چەندایەتی لەداستانی رزگارکردنی شنگالدا، گرنگ نیە. چونکە ئەوە هیچ گرنگ نیە، چەند پێشمەرگەی پارتی و چەندی یەکێتی و چەندی پەکەکە، بەشداریان کردووە، ئەوەی لێرەدا گرنگە یەکڕیزی هێزی کوردییە لەبەرگری و جەنگاندا!

لێرەدا پارتیەکان؛ پێش ئەوانی تر، بەرپرسیارێتیانە، کەلەم سەرکەوتنە کوردیەدا، گوێ لە فەرمانەکانی بارزانی بگرن، کاتێک لەدیدێکی نیشتیمانسالارانەوە، داوای کرد، جگە لەئاڵای پیرۆزی کوردستان، ڕێگە بەهەڵکردنی هیچ ئاڵایەکی دیکە نەدرێت!

لەم نێوەندەدا وەزیفەی بارزانی خۆیەتی، کەلەدیدێکی نەتەوایەتیەوە، تەرجومەی ئەوە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان بکات(کەهەڵکردنی ئاڵای کورستان، مانای سڕینەوەی هاوبەشێتی دلێرانەی گەڕیلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ناگەیەنێت، لەداستانی رزگارکردنی شنگالدا). چونکە گەڕیلاکانیش دواجار پێشمەرگەی رزگاری کوردستانن و لەئاستی جیهانیشدا دەگوترێت (هێزە کوردیەکان، نەک هێزە حزبیەکان، شنگالیان ڕزگار کرد).

بێگومان بەتەنیشت وەزیفەی بارزانیشەوە، خۆ پەکەکەش گرنگە وەکو هێزێکی پڕاگماتیک رەفتار بکات و نادیدەی ئەو فاکتە نەگرێت، چۆن لەژێر ئەو ئاڵایەدا، داستانی بەرگری لەکوبانێ، توانی ڕیشەی ڕەوای ڕزگاری نەتەوایەتی کوردی، بەسەرنجی نوێی دنیاوە بەبایەخترەوە دابکوتێت!

ئه‌م بابه‌ته 686 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.