كۆ نمرەی عەبادی

‌ هه‌ندرێن شێخ راغب


حەیدەر عەبادی بزەی سمێڵی گرتووەو كەیف وسەفای سەركەوتنیەتی، بەخەیاڵ و بەواقع خەریكی مەرج سەپاندنە بەسەر گەلی كوردی خۆشەویستی عێراق؟ عەیبەكەی ئەوەیە وا دەزانێت كۆی نمرەكانی سەركەوتنەكەی لە تاقیكردنەوەی بەرامبەر كورد بە هەوڵ و كۆششی خۆی بووە، بۆ ئەوەی كۆ نمرەی عەبادی باش تێبگەین، با بەسەرهاتی چەند هاوپۆلێك لە بەشی ناوخۆیی زانكۆی سەلاحەدین بگێڕینەوە:

پۆلێك خوێندكاری هاوڕێ پێكەوەبوون لەبەشی ناوخۆیی، لەكۆتایی ساڵ یەكێكیان یەكەمی كۆلیژەكەی بوو، هاوڕێكانی بانگیان كرد، گوتیان هیچ دڵت بە یەكەم بوونی خۆت خۆش نەبێت، چونكە خۆت دەزانیت ئێمە تەمەڵ‌و كەمتەرخەم بووین‌و هیچ جۆرە كۆششێكمان نەكردووە، هیچ كات گوێمان بە خوێندن نەداوە، ئەوە خراپی ئێمەیە تۆ یەكەمی، ئەگینا كۆ نمرەی تۆ هی ئەوە نیە یەكەمی كۆلیژ بیت؟؟. حەیدەر عەبادی لە خراپی كوردە بەرامبەر كورد براوەیە، ئاخر ئەگەر هێزەكانی یەكێتی ناكۆكیان لەگەڵ پارتی نەبێت‌و پێكەوە شەڕ بكەن، ئازادكردنەوەی كەركوك كاری دوو سەعاتە...حەشدی شەعبی بەهۆی كۆمەكی ئەمریكا‌و ئێران و توركیاو بەشداری راستەوخۆی پاسداران توانی بەرامبەر كورد سەركەوتوو بێت. ئەگینا بە تەنیا ئەو هێزە نیەو خودی حكومەتی عێراقیش زۆر لە حكومەتی هەرێم گەندەڵترو پڕ كێشەترە..

حەیدەر عەبادی بەهۆی قسەگوتنی رۆژانەی لەسەر هەرێمی كوردستان وایكردووە چاوەكان لەسەر حكومەتەكەی لا بكەوێت. ئەگینا لەجیهاندا یەكەمی بێ كاربەرە لە گەندەڵی وخراپی ئیدارە، ئەوەش قسەی من نیە، سەیری راپۆرتەكانی دەزگاكانی جیهان بكەن، چۆن ئامارو داتاكانی لەسەر عێراق بڵاودەكەنەوە، لەنوێترین راپۆرتی نەتەوەیەكگرتوەكان ناخۆشترین وپیسترین شاری جیهان بۆ ژیان، شاری بەغدایە.. بۆیە خراپی كوردە ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی وەكو كەڵەشێر قوقەی دێت.


PM:04:38:23/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 3662 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی