شکستی ڕیفراندەم.. دابەشکردنى بەرپرسیارێتى..(1)

‌ئه‌حمه‌د موفتی‌



هەموو شکستێکى نەتەویی بەحەجمى ئەم شکستەى ئێستاى کورد، دۆخێک لە داڕمانی دەروونى گشتگیر دێنێتە کایەوە کە دواتر لە چەندین مومارەساتى هیستیری تاکەکانى کۆمەڵدا ئەم داڕمانە ڕەنگ دەداتەوە، ئەمە خۆى لێکەوتەیەکى ئاسایی هەموو شکستێکە و چاوەڕوانکراوە لەسەر ئاستى شەقام و چایخانە و کۆمەڵگا، لەسەر ئاستى سیاسی و عەسکەیش، بکەرەکانى تێکشانەکە هەمیشە هەوڵى خستنەڕوو و ئیسپاتکردنى ئەستۆپاکی خۆیان ئەدەن لەوەى کە ڕوویداوە، ئەمەش وەک ترسێک لە تۆمارى مێژوو و هەروەها جەماوەرى دەروون داڕماو، لەبەر ئەمە ئەبینین هەر لایەک هەوڵ ئەدات زۆرترین بەرپرسیارێتى لەسەر خۆى لا بدات و بیدات بەسەر شانى ئەوى دى دا... دواتریش ئەم ململانێى خۆلادانە دادەچۆڕێتە ناو جەماوەرەوە و ئیتر وەک ئێستا ئەیبنین لاى خۆمان، ماڵ و شوێنى کار و چایخانە و شەقام و کۆمەڵگا ئەلکترۆنیەکانیش قسەو باسی سەرەکییان هەر شیکردنەوەى ئەم بەرپرسیارێتییەیە.

بۆ ئێمە کە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین و زادەى کەلتورێکین کە "دۆڕان" و "کەوتن" تیایدا "عەیبە" یە، زەحمەتە چاوەڕێى ئەوە بکەین کە بەرپرسەکانى ئەم شکستە مێژوییە بۆخۆیان و بۆ مێژوو، بە ئەمانەتەوە دان بە بەرپرسیاریەتیەکەیاندا بنێن و جێگاکانیان چۆڵ بکەن بۆ نەوەیەکى سیاسی نوێ، لەبەر ئەمە، زۆر گرنگە زۆر گرنگە لایەنێک یان تیمێکى تەواو بێلایەن لێکۆڵینەوەیەکی جددى ئنجام بدات لەسەر شکستەکە و هۆکارەکانى و کاراکتەرەکانى و ئەڵتەرناتیڤەکانى خۆلادان لە شکست و پاشانیش دابەشکردنى ڕێژەى بەرپرسیارێتى بەسەر کاراکتەرەکاندا، من نازانم ئەگەر لە ناو دەسەڵات و ئیدارەى کوردستاندا دەزگایەک هەبێ بۆ ئەرشیف و دۆکیوکێنت کردنى ڕووداوەکان، بەڵام ئەم جۆرە شکستانەى کە دواتر دەبنە مایەڵستۆن لە مێژووى کورددا، پێویستە زۆر باش و بێ لایەنانە بپارێزرێن، بۆ ئەوەى، یەکەم: نەوەکانى داهاتوو سوود لە تەجروبەکە ببینن و بچنەوە سەرى و تێبگەن کورد لە پێشتر چۆن سیاسیەتى هەڵسوڕاندووە، لە چیدا باش بووە و لەچیشدا خراپ بووە، دووهەمیش، بۆ ئەوەى بەپێى تێپەڕبوونى ڕۆژگار و دەماودەمى ڕووداوەکان، کاراکتەرەکان وەک خۆیان باس بکرێن لە مێژوودا بەبێ جوانکردن یان ناشرین کردنى مەبەستدارى لایەنگیرانە و ڕۆڵیشیان لە سەروەریەکان و شکستەکاندا وەک خۆى وبێ موجامەلە و کەمتەرخەمی، بناسرێتەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم شکستەى ئەمجارەى کورد، کە ڕەنگە مێژوو ئیتر بە ناوى نسکۆى 2017 تۆمارى بکات، پێویستى بە لێکدانەوەى زۆر نیە بۆ ناسینەوە و دیاریکردنى بەرپرسیارێتى، ڕوون و ئاشکرایە کە پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو بە ڕێژەى جیاواز تیایدا بەرپرسن، ئەویش بە پێداگری و تەرویجیان بۆ بە ئەنجامگەیاندنى پڕۆسەی ڕیفراندەم کە لە ڕاستیدا وەک ڕۆژى ڕوون دیار بوو کە بەئەنجام گەیاندنى ئەم پرۆسێسە لەم کاتەدا هەڵەیەکی گەورەیە و هیچى تر، بیرکردنەوەیەکى قووڵى پێویست نەبوو هەتا بزانین کە ئەم پڕۆسەیە بەرەو کارەساتمان دەبات، چونکە:

-هیچ ئامادە سازیەکى ناوخۆیی و دەرەکی بۆ نەکرابوو، نە لە ڕووى سیاسی، نە عەسکەرى، نە ئابوورى و نە کۆدەنگى گشتی.
-هیچ لایەنێکى ئیقلیمی و نێودەوڵەتى ڕازى نەبوو بەم ئەم هەنگاوە. من خۆم پێداگرى پارتی و یەکێتى و یەکگرتوو م زۆر بەلاوە سەیر بوو لەسەر ڕیفراندۆم لەگەڵ ئەوەدا کە زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدات کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەگشتى ئەوەندە کۆدەنگ و هاوهەڵوێست بن  لەمەڕ هەر پرسێکدا، چونکە لەم مەسەلەیەدا، هەموو وڵاتانى دراوسێ ى کورد، عیراق خۆى، نزیکەى هەموو وڵاتانى ئەوروپا، ئیجماعى هەر 15 وڵاتەکەى مەجلسی ئاسایشى نێودەوڵەتى بە ڕوسیاشەوە، بەتایبەتیش، ئەمریکا، هەر هەموویان، بەدەنگى بەرز داواى وەستنى پڕۆسەکەیان کرد و هەندێکیان وەک ئێران و تورکیا و ئەمریکا، بە ئاشکرا "دژایەتی" ئەم پڕۆسەیەیان ڕاگەیاند.

-لەوەش گرنگ تر، هیچ هۆکارێکى کاتى وساتی وپەلە وئیمێرجنسى لە ئارادا نەبوو بۆ ئەوەى ئەم پڕۆسەیە لەم کاتەدا بکرێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر نەکرایە، نە ئەگەرى قورس هەبوو، نە هەڕەشەیەک لە ئارادا بوو، ن کورد کێشەى ئانی هەبوو.

لە هەمان کاتدا، ئیعلانکردنى ئەم پڕۆسەیە، زۆرێک لەو لایەنانەى هێنابووە گۆ و وایکردبوو ئەڵتەرناتیڤى زۆر باش و هەندێ جار چاوەڕوان نەکراو بخەنە بەردەست کورد بەرامبەر کێشانەوەى ئەم پرۆسەیە کە لە ڕوانگەى هونەرى دانوساندنەوە ئەکرا سوودى زۆر لێ وەربگیرێ، دیسانەوە ڕوون نییە بۆچى پارتى و یەکێتى و یەکگرتوو بۆچى ئەم هەلەیان نەقۆستەوە.

دەوڵەتى سەرۆک وەزیرانى عیراق حیدر عبادی لە ووتارى ڕۆژێک دواى چۆڵکردنى کەرکوک، گووتى "ڕیفراندەم بە عەمەلی و لەسەر ئەرزى واقیع، کۆتایی هاتووە"، هەروەها ڕێزدار کاک مسعود بارزانى لە ووتارى هەمان ڕۆژ، هیچ بەلاى پێداگرى پرسی ڕیفراندەمدا نەچوو. کەواتە دەبێ دانى پێدا بنێین کە ئەم پرۆسەیە تەواو بووە و بە کارەساتێکى گەورەش تەواو بوو، زەرەرمەندەکانیش تیایدا، هاوڵاتى و پێشمەرگەى کوردستان بوو کە جگە لە زەرەرە مادیى و لۆجستیەکان، هەردوولا لە بێ متمانەییەکى گەورەدا دەژین کە ساڵانێکى دەوێ هەتا دێتەوە جێی خۆى. ئێمەش ڕوبەڕووى هەگبەیەک لە پرسیارى گەورە بوینەتەوە کە لانى کەم، حەقی خۆمانە بزانین ڕیفراندەم بۆ کرا؟ ئایا مێژوو ئەگەر ئەم ڕووداوە تۆماربکات، وەک ڕووداوەکانى تر بە "زوڵم لە گەلى کورد" لە قەڵەمى دەدات؟ یان بە "هەڵەى ستراتیجی سەرکردایەتى کورد"؟


AM:12:07:19/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 3293 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی