كاركردن به عه‌قڵی قۆناغی راگوزه‌ری
ئه‌بو به‌كر كاروانی
كاركردن به عه‌قڵی قۆناغی راگوزه‌ری
چوارچێوه‌یه‌كی نوێ بۆ ده‌رچوون له دۆخی ئێستای هه‌رێم
سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستای هه‌رێم و درێژه كێشانی قه‌یرانه سیاس و ئابوری یه‌كه‌ی و هه‌وڵه نوێكان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی نوێ به رووی چاره‌سه‌ری سیاسی دا، حه‌ز ده‌كه‌م وه‌ك پێشتریش له چه‌ند ویستگه‌دا و وه‌ك به‌شێ له ئه‌نجامدانی ئه‌ركی نیشتمان و ئیسلامی خۆمان كردوومانه، به خستنه رووی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ره‌كان و خه‌مڵاندنیان، به‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه به‌شداری زیاتر به‌رهه‌مداركردنی هه‌وڵه‌كان و سه‌ركه‌وتنیان بكه‌ین.
یه‌كه‌م: چوارچێوه‌ی زه‌مه‌نی هه‌وڵه‌كان: جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه كه هه‌وڵه‌كانی ئێستا له ساته‌وه‌ختێكی زۆر هه‌ستیاری ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی و نێوخۆیی هه‌رێمدا ئه‌نجام ده‌درێن. به جۆرێك كه به ته‌واوی واتا ده‌بێت پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ كاتدا بكه‌ین، چونكه تێپه‌ڕینی كات نه‌ك هه‌ر به‌شێ نیه له چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ئاڵۆزتریان ده‌كات، نێوانی هێزه‌كان له یه‌كتر دورتر ده‌خاته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌كانی لێكدابڕانی سیاسی‌و ئیداری و دابه‌شبوونی فه‌رمی هه‌رێم زیاتر ده‌كات ، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی جوان سوود وه‌رنه‌گرتن له ده‌رفه‌ته‌كان و له‌ده‌ستدانی به‌شێكیان، ئه‌وه‌ی ئه‌م وه‌سفه‌شمان بۆ پشت ڕاست ده‌كاته‌وه ، درێژه‌كێشانی قه‌یرانی سیاسی و ئابوری هه‌رێم و نزیكبونه‌وه‌مانه له كۆتایی شه‌ڕی داعش، كه ئه‌گه‌ر به‌م په‌رته‌وازه‌یی و لێكهه‌ڵوه‌شاوه‌یی ریزه‌كانمانه‌وه پێ بنێینه ئه‌و قۆناغه‌وه ، ده‌بێت له چه‌ندین مه‌ترسی بترسین، له‌وانه‌ش:
1. لاوازبوونی پێگه‌ی هه‌رێم و له هه‌ندێ ئاستداو پشتگێی خستنی و فشار خستنه سه‌ری ، له‌و سۆنگه‌وه كه به‌شێكی گرنگ له‌و بایه‌خپێدان و چاوپۆشی یه‌ی له ئێستادا هه‌یه ، په‌یوه‌سته به پێداویستیه‌كانی ستراتیژی شه‌ڕ له دژی داعش.
2. هاندانی حكومه‌تی عێراقی و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ فشار خستنه سه‌ر هه‌رێم و به تایبه‌تیش ناوچه كوردستانی یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و.
3. به‌رگه نه‌گرتنی جه‌ماوه‌ر و فه‌رمانبه‌ران بۆ دۆخی ئابوری ئێستا‌و تێكچوونی دۆخی سه‌قامگیری هه‌رێم.
4. توندتربوونی ململانێ سیاسی یه‌كان و كاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه‌ی هاوبه‌شه‌ی جه‌نگی دژ به داعش بۆ پێشمه‌رگه‌ی دروست كردووه و، بیركردنه‌وه له ماڵجیایی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمدا، له سۆنگه‌ی چه‌قبه‌ستویی دیدگاكان و نائومێدبوون له چاره‌سه‌ر و په‌ككه‌وته‌یی عه‌قڵی سیاسی كوردی و مانه‌وه‌ی له زیندانی مێژوو به‌رژه‌وه‌ندی یه گروپی یه خوار نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یه‌كاندا.
دووه‌م : به ره‌چاوكردنی خاڵه‌كانی بڕگه‌ی یه‌كه‌م ، دۆخه‌كه ، كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، لێپرسراوێتیمان به‌رامبه‌ر ئێستا و ئاینده‌ی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان ، ره‌نجی ده‌یان ساڵه‌ی رۆڵه‌كانی و به‌دیهێنانی چاوه‌ڕوانیان له سه‌ربه‌خۆیی و دیمه‌كراسی و چاكسازی و خۆشگوزه‌رانی، لێمان ده‌خوازێت، كه سه‌ركرده حیزبی و سیاسی یه‌كان و به تایبه‌تیش بڕیار به‌ده‌سته‌كان چی تربه هه‌ناسه و سه‌لیقه و رۆحیه‌ت و میكانیزم و دیدگای قۆناغی رابردوو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كاندا نه‌كه‌ن. به‌ڵكو بڕیاری بوێرانه و نائاسایی و پێویست بده‌ن.
ئه‌وه بكه‌ن، كه شكۆ و گه‌وره‌یی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، كۆتایی هێنان به ئازار و نائومێدی رۆڵه‌كانی ، قواستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان و گه‌وره‌كردنی شانسه‌كانمان له ئاینده‌دا ده‌یخوازێت. سه‌ركرده‌ی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه ده‌كات كه به‌رژه‌وه‌ندی‌و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌یخوازێت، ئاماده‌یه له‌و پێناوه‌دا ژه‌هر بنۆشی و به‌پیر مه‌رگه‌وه بچێت و بڕیاری نائاسایی بدات، چ جای ده‌ست له هه‌ندێ قه‌ناعه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و گروپی هه‌ڵبگرێت. ناكرێت ئیراده‌ی سیاسی كوردی چی تر به‌م لاوازی و كۆڵه‌واری و بێ توانایی و به‌سه‌ر خۆدا داخراو و راڕایی و كه‌مته‌رخه‌می یه گوزارش له خۆی بكات. هه‌ڵوێسته‌كه به ته‌واوی مانا پێویستی به رزگار كردنه، ناكرێت له دۆخێكی له‌م جۆره‌دا سه‌ركرده سیاسی و حیزبی یه‌كان ، گره‌و له‌سه‌ر مه‌رگ و نا‌ئومێد بوونی یه‌كتر بكه‌ن .
سێهه‌م: بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر پێویستمان به گه‌رانه‌وه بۆ لۆژیك و رۆحی سیاسه‌ت هه‌یه، كه له گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری مام ناوه‌ندیدا خۆی ده‌بینێته‌وه. چه‌قبه‌ستویی دۆخه‌كه و وشك بوونی پێداگری لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته ته‌قلیدی یه‌كان، نیشانه‌ی (غیاب)ی لۆژیكی سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ی عه‌قیدیانه‌یه له‌گه‌ڵ بابه‌تێكدا كه له جه‌وهه‌ردا سیاسی یه و ئه‌و مامه‌ڵه هه‌ڵناگرێت، هه‌موو سیاسی یه‌كی مام ناوه‌ندیش ئه‌وه ده‌زانێت كه به‌رده‌وام هاوكێشه سیاسی یه‌كان له نێوان هه‌ق و ناهه‌ق و زیان و به‌رژه‌وه‌ندیدا نین، كه هه‌ڵبژاردن له نێوانیاندا ئاسانه ، به‌ڵكو هه‌ندێ جار مه‌سه‌له‌كه ده‌بێته پرسی هه‌ڵبژاردن له نێوان دووجۆر زیان یاخود به‌رژه‌وه‌ندی، یاخود دووهه‌ق یاخود دوو ناهه‌قدا.
له‌و كاته‌شدا تاقیكردنه‌وه‌ی عه‌قڵی سیاسی له‌وه‌دا ده‌بێت چۆن زیانێكی كه‌متر قبوڵ ده‌كات له پێناو خۆپاراستن له زیانێكی گه‌وره‌تر، یاخه‌ود چۆن ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كی راست و یاسایی و هه‌ق ده‌بێت، له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كی گه‌وره‌تردا. ئه‌گه‌ر له روویه‌كی تریشه‌وه سیاسه‌ت كردن به‌وه له عه‌قیده جیابكرێته‌وه، كه ئاماژه بێت به هونه‌ری توانسته‌كان. ئه‌وكاته عه‌قڵی سیاسی پێگه‌یشتوو ده‌زانێت، چۆن ئامانجێ به‌سه‌ر قۆناغه‌كانیدا دابه‌ش بكات و له ڕێی هه‌نگاوه كه‌ڵه‌كه بووه‌كانه‌وه، سه‌ره‌نجام بیهێنێته دی.
گه‌رچی ئه‌مه ئه‌وه ناسڕێته‌وه كه له هه‌ندێ كاتدا پێویستیمان به بڕیاری یه‌كلا كه‌ره‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر پرسه‌كه په‌یوه‌ست بوو به سیستمێكی دیكتاتۆری، یاخود له‌چوارچێوه‌ی بوونی دام و ده‌زگایه‌كی به‌هێز و رایه‌كی گشتی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاوه‌ن ناسنامه‌ی یه‌كگرتوودا سیاسه‌تمان ده‌كرد.
وه‌ك ده‌شزانین سیاسه‌ت په‌یوه‌ندی یه‌كی وجودی به گفتوگۆوه هه‌یه، له شوێنێ گفتوگۆ دیار نامێنێ ، سیاسه‌تیش دیار نامێنێ و به كرده‌وه دۆخه‌كه ده‌چێته قۆناغی شه‌ڕێكی رانه‌گه‌یه‌نراوه‌وه گه‌رچی چه‌كیشی تێدا به‌كار نه‌یه‌ت، چونكه به هه‌ناسه‌ی به دوژمن سه‌یركردنی یه‌كتر كار ده‌كرێت! كه دوژمن له بنه‌ڕه‌تدا چه‌مكێكی سه‌ربازی یه نه‌ك سیاسی، هاوبه‌شی سیاسی له دۆخێك‌دا لانی كه‌می دیموكراسی و به یه‌كه‌وه ژیانی تێدا بێت، ركابه‌ره نه‌ك دوژمن، به‌شی له كێشه‌كانی وڵاتی ئێمه‌ش له‌م خاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه تاكو ئێستاش كۆنه‌قین به دوژمن سه‌یری یه‌كتر كردن و هێڵ به‌سه‌ر یه‌كدا هێنان بوونی ماوه. ئه‌مه‌ش وای كردووه ، ئه‌و پێكه‌وه ژیانه‌ی ده‌بینرێت نه‌توانێت ره‌گی قوڵی فه‌رهه‌نگی په‌یدا بكات و له دام و ده‌زگایه‌كی نیشتمانی به‌هێزیشدا خۆی به‌رجه‌سته و نمایش بكات.
چواره‌م : بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی گفتوگۆیه‌كی به‌رهه‌مدار خۆش بێت ، چه‌ند خاڵێك بۆ لایه‌نه‌كان گرنگه ، له‌وانه‌ش:
1. چوارچێوه‌ی نوێی قسه‌كردن بخرێته روو، لایه‌نه‌كان له دید و پێگه كۆنه‌كانیان بێنه ده‌ره‌وه، هیچ ته‌رح و بژارده‌یه‌ك تاپۆی له‌سه‌ر نه‌بێت و له سه‌ره‌تاوه ره‌تنه‌كرێته‌وه، به‌ڵكو سه‌رجه‌م بژارده و چاره‌سه‌ره‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ئاماده بن .
2. چاره‌سه‌ره‌كان ئه‌نده‌كی (جزئی) و كاتی ته‌نها په‌یوه‌ست به په‌یوه‌ندی نێوان به‌شێ له هێزه‌كانه‌وه نه‌بن ، به‌ڵكو نیشتمانی، گشتگیر و درێه‌خایه‌ن و ریشه‌یی بن و بناغه بۆ رێكه‌وتنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نوێ له هه‌رێمدا دابنێن.
وه توانای له‌خۆگرتنی سه‌رجه‌م كێشه و خواست و چاوه‌ڕوانی یه‌كانی قۆناغه‌كه‌یان هه‌بێت ، له‌و سۆنگه‌وه كه كێشه‌كه له‌ڕواڵه‌تدا له نێوان پارتی و گۆڕاندایه، ده‌نا له ڕاستیدا قه‌یرانێكی نیشتمانی هه‌مه لایه‌نه‌یه و په‌یوه‌سته به كۆی هێزه سیاسی یه‌كان و بونیاد و مۆدێلی حوكمڕانی و سیستمی حیزبی باڵاده‌سته‌وه، گه‌رچی ئه‌مه له بایه‌خی له یه‌كتر تێگه‌یشتنی پارتی و گۆڕان له‌م ڕوه‌وه بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان كه‌م ناكاته‌وه.
3. له‌به‌ر تیشكی خاڵی (2) دا دۆخه‌كه ده‌خوازێت چاره‌سه‌ره‌كان له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی ئێستای هه‌رێمدا نه‌خرێنه روو، پرسه‌كه ته‌نها نه‌كرێت به كاردانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆران ، به‌ڵكو له دیدێكی نیشتمانی فراوانه‌وه بخرێنه ڕوو ، سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا و ناونیشان و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پرسه له ئارادا بووه‌كانی ئه‌م قۆناغه و به‌ركه‌وته‌كانی بگرێته‌وه.
4. خاڵی پێشوو ده‌خوازێت كه چاره‌سه‌ره‌كان وه‌ك كۆپاكێجێك سه‌یریان بكرێت و رێكه‌وتنیان له‌سه‌ر بكرێت و ئیمزا بكرێن ــ هه‌روه‌ك پێشتریش نوسیوومانه ــ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجی له پێشینه و پێش و پاشكردن چاره‌سه‌ر ببێت و خواستی لایه‌نه جیاوازه‌كان هاتبێته دی و ئابڕوویان پارێزراو بێت.
هه‌روه‌ك له ڕووی ناونیشان و بابه‌ته‌وه هه‌رسێ پرسه سه‌ره‌كی یه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له خۆ بگرێت كه له(راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی، بیناكردنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و دیموكراسی و پرۆژه‌یه‌كی چاكسازی نیشتمانی) دا خۆی ده‌بینێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت جگه له هه‌ندێ پرسی هه‌نوكه‌یی وه‌ك هه‌وڵدان بۆ كه‌م كردنه‌وه له قورسایی قه‌یرانی ئابوری و ئازار و كۆژانی هاوڵاتیان له‌م ڕوه‌وه، چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كه‌ی ئێستا له‌م چوارچێوه‌دا و وه‌ك به‌شی له زه‌مینه‌سازكردن بۆ ئه‌م رێكه‌وتنه گشتگیره سه‌یری بكرێت.
5. بیركردنه‌وه له چوارچێوه‌ی سروشت و پێویستی یه‌كانی كاری سیاسی نیشتمانی له قۆناغی راگوزه‌ریدا، به‌و جۆره‌ی زانستی سیاسی و ئه‌زمونی وڵاتان پێمان ده‌ڵێن، چونكه كوردستان به حوكمی كۆمه‌ڵێ شت له قۆناغی راگوزه‌یدایه. وه یه‌كێ له كێشه‌كانی داننه‌نانه به بوونی ئه‌م قۆناغه و مامه‌ڵه نه‌كردنه به گوێره‌ی لۆژیك و پێویستیی یه‌كانی، ئه‌مه‌ش دۆخی راگوزه‌ری وه‌ك قۆناغێكی سروشتی له ژیانی میلله‌تاندا لای ئێمه گۆڕیوه به دۆخێكی له‌ناكاوی نیمچه به‌رده‌وام !.
به جۆرێك ساته‌وه‌ختێك نایه‌ته پێشه‌وه ، ململانێكان ببن به كێبڕكێ و كیبڕكێكانیش نه‌بنه‌وه به ناكۆكی ، سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێكیش نه‌مانگێڕێته‌وه بۆ خاڵی سه‌ره‌تاو دۆخی سروشتی كوردی، كه دۆخی یه‌كتر قبوڵ نه‌كردن و گوێ نه‌دان به یاسا و په‌نابردنه به‌ر هێزه، بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان!
دۆخی راگوزه‌ریش لانی كه‌م چه‌ند شتێك ده‌خوازێت، له‌وانه‌ش:
(1) په‌راوێز نه‌خستنی هیچ لایه‌نێكی سیاسی و پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بی.
(2) به‌شداری هه‌مووان له حكومه‌تێكی هاوبه‌ندی نیشتمانی دا و دووركه‌وتنه‌وه له دابه‌شكردنی واقیعه سیاسی یه‌كه بۆ ئۆپۆزیسیۆن و حوكمڕان و زۆرینه وكه‌مینه.
(3) كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌كان و ئه‌نجامدانی ئه‌ركه نیشتمانی یه‌كان
(4) نوسینه‌وه و په‌سه‌ند كردنی ده‌ستوور له ڕێی سازانێكی نیشتمانی به‌رفراوانی نێوان هێز و پێكهاته و ته‌وژمه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه و رێكه‌وتن له‌سه‌ر ناسنامه‌ی سیستمی سیاسی و ئابوری.
(5) كاركردنی هاوبه‌ش له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی یه‌كتر قبوڵكردن و سڕنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی قۆناغی رابردوو گه‌شه‌كردنی زیاتری به‌ها دیموكراسی یه‌كان.
(6) كاركردنی هاوبه‌ش بۆ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه یاسایی و ده‌ستوری و سیاسی و سه‌ربازی و ئاسایشی یه‌كان.
پێم وایه ناولێنان له قۆناغی داهاتوو به (ڕاگوزه‌ری) وه‌ك ئاماژه بۆ گواستنه‌وه له قۆناغی ناسه‌ربه‌خۆیی، نا ده‌ستوریی، دابه‌شبوون و ناكۆكی، گه‌نده‌ڵی، لاوازی به‌هاو دامه‌زراوه دیموكراسی یه‌كان، نه‌بوونی سه‌روه‌ری یاسا و كۆده‌نگی نیشتمانی، بۆ قۆنافی، سه‌ربه‌خۆیی، ژیانی ده‌ستوریی، یه‌كگرتوویی، دیموكراسی یه‌كی به‌هێزتر، چاكسازی، سه‌روه‌ری یاسا‌و كۆده‌نگی نیشتمانی، خزمه‌تێكی گه‌وره به خه‌مڵاندنی چاره‌سه‌ره‌كان و پێنانه ناو قۆناغێكی نوێ ده‌كات. خودی رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م وه‌سف و پێناسه بۆ قۆناغی داهاتووی هه‌رێم یارمه‌تی لایه‌نه‌كان ده‌دات بۆ له‌یه‌كتر تێگه‌یشتنی زیاتر و زووتر رێكه‌وتن.
له ڕوانگه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌شداو له چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه به عه‌قڵیه‌تی پێویستی یه‌كانی سه‌رخستنی ئه‌ركه‌كانی قۆناغی راگوزه‌ری، گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی هاوبه‌ش‌و هاوسه‌نگی بۆ واقیعه‌كه و، ده‌رچوون له‌و بازنه داخراوه قانگ دراوه به هه‌ستی نه‌رێنی به رامبه‌ر یه‌كتر و رۆشنبیری یه‌كی سیاسی نیمچه دواكه‌وتوو، ئه‌م چوارچێوه نوێیه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ لایه‌نه‌كان ده‌خه‌ینه روو، كه دیده ته‌قلیدی یه حیزبی و به‌ڕواڵه‌ت دیموكراسی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كانی رابردوو تێده‌په‌ڕێنێت، ده‌توانێت ده‌رگا به‌ڕووی قۆناغێكی نوێی بێ كێشه‌تر و پڕئومێدتردا بكاته‌وه . هه‌موو ئه‌وه‌ش هه‌ست به لێپرسراوێتی و له‌خۆبوردویی و گه‌ڕانه‌وه بۆ لۆژیك و به‌هاكانی سیاسه‌ت ده‌خوازێت.
چوارچێوه‌كه‌ش له چوارچێوه‌ی وێناكردنی گرێ به‌ست و رێكه‌وتنێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایتی نوێ و مانه‌وه‌ی واقیعی ئێستا و ئه‌نجامدانی ئه‌گه‌ری بوونی هه‌ڵبژاردندا خراوه‌ته ڕوو، كه به‌م جۆره‌ی خواره‌وه كورتی ده‌كه‌ینه‌وه:
1. چوارچێوه‌كه له ڕوانگه‌ی سڕكردنی ململانێكانی ئێستا‌و سنورداركردنی كێ‌بڕكێ‌ی دیموكراسی‌و كاركردن به پێویستی یه‌كانی قۆناغی راگوزه‌ری و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی رێكه‌وتن كردن له سه‌ریان دامه‌زراوه. له‌م روانگه‌شه‌وه پێمان وایه ئه‌كرێ له پیشه‌مانی قۆناغی داهاتوو و (اولویات)ه‌كانی جگه له قه‌یرانه ئابوری یه‌كه ، له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه:
(ڕ) كۆتایی هێنان به دۆخی په‌ره‌وازه‌یی و لێكهه‌ڵوه‌شاوه‌یی و ناكۆكی ئێستا و بیناكردنه‌وه‌ی لانی كه‌می كۆده‌نگی نیشتمانی و یه‌ك هه‌ڵوێستی و مه‌به‌ستی، به‌و جۆره‌ی ئه‌لف و بێی ناسیونالیزم و دیموكراسی و كاری مه‌ده‌نی و پێكه‌وه‌یی ده‌یخوازێت.
(ب) كاركردن بۆ گشتپرسی و سه‌ره‌نجام سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی باشوری كوردستان. وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی پێویست و سروشتی و مێژوویی بۆ خه‌مڵاندنی ناسنامه‌یه‌كی نیشتمانی یه‌كگرتوو گه‌شه‌كردنی دیموكراسی و چاكسازی و گه‌شه‌پێدانی ئابووری.
(ج) بیناكردنه‌وه‌ی دام و ده‌زگاكان و داڕشتنیان له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی پیشه‌یی و یاسایی و مه‌ده‌نی وا ، كه به‌رگه‌ی ململانێكان بگرن و پارێزگاری له ژیانی سیاسی و سه‌قامگیریو به‌یه‌كه‌وه ژیان بكه‌ن.
2. دیاری كردنی ئه‌م ئامانجه له پێشیناش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه كاركردن به لۆژیكی دیموكراسی یه‌كی به‌رفراوان له سۆنگه‌ی بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دابه‌شبوو، زۆنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی، لاوازی و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌یی دام و ده‌زگاكان، لاوازی كلتوری یه‌كتر قبوڵكردنی سیاسی، پاشماوه‌كانی عه‌قڵی شۆڕشگێڕی، نه‌بوونی رایه‌كی گشتی، دۆخی ناده‌وڵه‌ت‌و بوونی بژارده‌ی هێز له‌به‌رده‌م هه‌ندێ له لایه‌نه سیاسی یه‌كاندا، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت سه‌ر بكێشێ بۆ په‌رش‌و بڵاوی‌و له یه‌كتر دابڕان و پارچه‌پارچه‌بوونی زیاتری گه‌ل و نیشتمان و داڕووخانی زیاتری دامه‌زراوه‌كان و دۆخه‌كه. قۆناغی رابردووی هه‌رێمیش به‌جوانی ئه‌مه‌ی خسته ڕوو. به كورتی كێ‌بڕكێ‌ی مه‌ده‌نی ده‌بێت به ململانێ‌ی ته‌قلیدی، هه‌وڵه‌كانی چاكسازی‌و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵیش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بێ ئاكام ده‌مێننه‌وه‌و به‌م جۆره‌ش كۆمه‌ڵگه‌و هێزه‌كانی ده‌كه‌ونه نێو گێژاوی سه‌راسیمه‌یی سیاسی و په‌رێشانی رۆحی و، بێ ئاسۆیی و خۆ خواردنه‌وه و هه‌ست به په‌ككه‌وته‌یی و بێ به‌رهه‌می. به جۆرێك كه له هیچ كام له ئاسته‌كانی نه‌ته‌وه‌یی، دیموكراسی و چاكسازیی دا ، هه‌ست به ده‌ستكه‌وت و به‌ره‌وپێش چوون نه‌كات.
3. هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێكرا ، گفتوگۆكان كۆی دۆخی هه‌رێم و قه‌یرانه‌كانی و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه و له چوارچێوه‌ی دۆخی ئێستا‌و پێكهاته‌ی حكومه‌ت‌و په‌رله‌ماندا قه‌تیس نه‌كرێت. به حوكمی ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه له به‌شێكی گرنگیدا په‌یوه‌سته به پرسی هاوسه‌نگی‌و جۆری دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات‌و (امتیازات)و ترس له قۆرخكردنی سه‌روه‌ری یه‌كان و چاره‌نووسی سیاسی هه‌ندێ هێز له ئاینده‌دا.
ئه‌مه‌ش ده‌خوازێت سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌سه‌لات له ئێستادا (له په‌یوه‌ندی به‌م به‌شه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌وه) له هه‌رێمدا بكرێنه‌وه به بابه‌تی گفتوگۆ. كه ئه‌وه‌ش به كرده‌وه كۆتایی هێنان به لۆژیك‌و پێوه‌ر‌و هه‌ناسه‌كانی رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی نێوان یه‌كیه‌تی و پارتی ده‌خوازێت، كه له واقیعدا كۆتایی پێ هاتووه‌و پێ له‌سه‌ر داگرتنی چاره‌سه‌ره‌كان قورس‌تر ده‌كات. به حوكمی ئه‌وه‌ی رووداو و گۆڕانكاری یه‌كان ئه‌م رێكه‌وتننامه‌ی تێپه‌ڕاندووه و دۆخه‌كه پێویستی به رێكه‌وتن و ستراتیژێكی نوێی نیشتمانی‌و به‌رفراوانتر هه‌یه.
4. رێكه‌وتننامه ستراتیژی یه‌كه به‌رفراوان بكرێت بۆ ئاستی (5)هێزه‌كه و پێكهاته‌كان و به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی كورسیان له په‌رله‌ماندا هه‌یه ، كه تیایدا رێكه‌وتن له‌سه‌ر قۆناغی ئێستا تا گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی و سروشتی سیستمی سیاسی ده‌وڵه‌ته‌كه و چۆنیه‌تی كاركردنی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دام و ده‌زگاكان له‌و قۆناغه‌دا واته قۆناغی ڕاگوزه‌ریدا بكرێت.
له‌دوای رێكه‌وتننامه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ش پرسی چاره‌سه‌ركرنی كێشه‌ی یاسایی بارزانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌بنه كارێكی سانا، گه‌ر قوربانی و له‌خۆبوردووییه‌كیش له‌م روه‌وه پێویست بێت، دیسان سه‌باره‌ت به هێزه‌كان ئاسانتر و بێ كێشه‌تر ده‌بێت.
ئه‌م رێكه‌وتنه‌ش ده‌كرێت له دوو دۆخدا ئه‌نجام بدرێت :
(ڕ) دۆخی ئێستا و درێژه پێدانی.
(ب) دۆخی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ .
پێشم باشه ماوه‌كه‌ی (3 ــ 4) بێت.
یه‌كه‌م : له دۆخی یه‌كه‌مدا : دوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی یاسایی سه‌رۆكی هه‌رێم ( كه بێ ئه‌م دوو كاره به یه‌كه‌وه به‌ستراوه هیچ هه‌نگاوێكی تر ئاسان نی یه) . و رێكه‌وتن له‌سه‌ر دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و رێكخستنه‌وه له هه‌رێمدا متمانه له حكومه‌تی ئێستا وه‌ربگیرێته‌وه و دووباره له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی نوێی تایبه‌ت به قۆناغی راگوزه‌ری پێكبهێنرێته‌وه. له كابینه‌ی بنكه فراوانیشته‌وه بكرێت به یه‌كبوونی نیشتمانی. ده‌كرێت (راگوزه‌ری)یشی بخرێته‌پاڵ.
كاری په‌رله‌مانیش كه پێویسته رێكه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت له چوارچێوه‌ی ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌دا رێك بخرێت :
1. دابینكردنی پێویستی یه‌كانی گشتپرسی له ڕووی یاسایی و مه‌عنه‌وی و نه‌ته‌وه‌یی و بوون به سومبوولی یه‌كگرتوویی نیشتمانیی گه‌لی كوردستان.
2. ده‌ركردنی یاسا و هه‌مواركردنی پێویستی یاساكان.
3. چاودێریكردنی حكومه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ی وه‌زیره‌كان به شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی و نا سیاسی له دوو ڕوه‌وه:
(1) كارایی ئیداری و ئاستی راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان.
(2) گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارنه‌هێنانی ده‌سه‌ڵات.
دووه‌م : ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێش وه‌خت (كه ئه‌مه دۆخه سروشتی یه‌كه‌یه دوای ڕێكه‌وتنه‌كه) به‌ڵام لایه‌نه‌كان هه‌موویان و به تایبه‌تیش (5)لایه‌نه‌كه به لیستێكی هاوبه‌ش دابه‌زن و به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵبژاردنه‌كه رێز له ماده‌ی یاسایی دامه‌زراوه‌كان بگیرێت و بشبێت به بۆنه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ستیاری یه‌كانو خۆ دوورگرتن له هه‌ڵوێستی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر كێبركێی حیزبه‌كان و ئه‌نجامه چاوه‌ڕوانكراوه ناخۆشنوده‌كان، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا بانگه‌شه له راگه‌یاندنه‌كاندا ده‌بێت ته‌نها بۆ لیسته‌كه بێت، دابه‌شكركدنی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش به گوێره‌ی خاڵی پێشووتر بێت.
سێهه‌م: یه‌كێ له ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ش راپرسی ده‌بێت ، كه‌پێویسته رێكه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت و بكرێته پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی و كات و میكانیزم و قۆناغه‌كان و سیناریۆ و ئه‌گه‌ر و پێشهاته چاوه‌ڕوانكراوه‌كان و چۆنیه‌تی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان به هاوبه‌شی ده‌ستنیشان بكرێن و پێویستی یه‌كانی بۆ دابین بكرێت.
چواره‌م : نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور و كێشه‌ی سیستمی سیاسی، به سه‌رنجدان له رابردوو له‌م روه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر سیستمی حوكمڕانی و به وردتر درێژه‌و وورده‌كاری ئه‌و سیستمه بووه، له‌و سۆنگه‌وه كه هێزه‌كان به گشتی دیموكراسی و په‌رله‌مانی بوونی سیستمه‌كه‌یان قبوڵ كردووه و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ناكۆك بوون میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بووه، پێم وایه گه‌ر ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی پێشوو بكرێت چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌ش ئاسانتر ده‌بێت.
ده‌كرێت جیاوازی بۆچوونه‌كانیش له‌م ڕوه‌وه به یه‌كێ له‌م میكانیزمانه‌ی خواره‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت :
(1) سیستمه‌كه بۆ ماوه‌ی خولێكی هه‌ڵبژاردن دوای ئه‌م رێكه‌وتنه به‌م جۆره بمێنێته‌وه و دوایی به حوكمی ده‌ستوور ببێت به په‌رله‌مانی ته‌واو سه‌رۆك له ناو په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێررێت، هاو وێنه‌ی ئه‌زموونی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی له عێراقدا.
(2) پرسه‌كه بخرێته راپرسی گشتی یه‌وه.
(3) سه‌رۆك به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان به‌رپرس بكرێت له‌گه‌ڵ چه‌ند زه‌مانه‌تێكی تر له ده‌ستوردا ، له‌وانه‌ش:
(ڕ) ملكه‌چ بوونی ده‌زگاكانی ئاسایش و هه‌وڵگری و هێزه چه‌كداره‌كان بۆ لێپێچینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی و دانانی هه‌ندێ له به‌رپرسه‌كانیشیان به ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان بێت.
(ب) مسۆگه‌ر كردنی ته‌واوی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازی و به‌كارنه‌هێنانی هێز بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێ‌ی ناوخۆیی ، به‌ڵكو به‌شداری نه‌كردنی ئه‌ندامانی هێزه چه‌كداره‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له ململانێ‌ی سیاسی و حیزبی دوور بخرێنه‌وه و بكرێته ده‌زگایه‌كی نیشتمانی و پیشه‌یی كامڵ .
(ج) دامه‌زراندنی دادگای باڵای ده‌ستوری بۆ چاره‌سه‌ر كردنی هه‌ندێ كێشه‌وململانێ‌ی سیاسی له حاڵه‌تی روودانی‌دا.
(د) به‌مه‌رج كردنی بێلایه‌نی حیزبی بۆ سه‌رۆكی داهاتوو له ده‌ستووردا .
به‌م جۆره ده‌توانین بناغه بۆ قۆناغێكی داهاتووی پڕ له ده‌ستكه‌وت و شكۆ و گه‌وره‌یی و ماف و ئازادی یه‌كانی شایسته به گه‌له‌كه‌مان دابنێین و به هێز و گوژمێكی مێژوویی یه‌وه وه‌ك چواره‌مین نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر شانۆی ناوچه‌كه و جیهان و بشبینه ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
PM:06:40:09/08/2016
ئه‌م بابه‌ته 3341
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی