کەرکوك وشکستی ناسیونالیزمی کوردی

‌ئه‌بو به‌كر كاروانی‌


دوو هەفتە پێش دەستپێکردنی جەنگی هاوپەیمانان دژ بەڕژێم لەساڵی ٢٠٠٣دا نامیلکەیەکم بڵاو کردەوە بەناوی کوردو گرەو کردن لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا بۆ زۆر لایەن وبەرپرسیشم نارد ، بەشێ لە نامیلکەکە تەرخان بوو بۆ دۆخی کەرکوك، پێشنیارم کردبوو لەڕۆژانی یەکەمی شەڕەکەدا دیفاکتۆیەك لەشارەکەدا بسەپێنرێت، جەنگێکی گەورەی دەروونی بێ هیچ خوێنڕێژیەك دژ بەعەرەبی تەعریب بەرپابکرێت بۆ چۆڵ کردنی، بۆئەوەی مەسەلەی قەرەبوو بکەوێتە دواوە>

بەسودوەرگرتن لەئەزموونی هەندێ گەلیش، سندوقێکی نەتەوەیش بەبەشداری حکومەت و پارەداری کورد بۆکڕینەوەی موڵك وماڵی تەعریبیەکان و هەندێ خەڵکی تریش دروست بکرێت، کەدەتوانرا بە بیست ملیۆن دۆلارێ بەشێکی زۆری هەندێ ڕووی کێشەکە چارەسەر بکرێت. 

لەوێدا هوشیاریمان دابوو بەدەرلەوە چارەنووسی کەرکوك لەچارەنوسی سربرینستانی بۆسنەو هێرزۆگۆڤین باشتر نابێت. کەچی کەس گوێی نەگرت. بڕیاریش بەدەست ئەوانەوە بوو، کاك فەرید ئەسەسەردیش وتی وەك سەنتەرەکەی چەندین سیناریۆو جۆری مامەڵە لەگەڵ کردن لەگەڵیان خستۆتە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار ، بەڵام دیسانەوە کەس بەهەندی وەر نەگرتووە.

 ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژەیەکی ترمان خستە بەردەمی سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و سەرۆک کۆمار کەچۆن لەماوەی ساڵێکدا بەگوێرەی نەخشە ڕێگایەکی هەمەلایەنە هەوڵی چارەسەری کێشەی کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان بدەین، لەگەڵ چەندان پڕۆژەو پێشنیاری تری خەڵکی دڵسۆز کەچی هیچ گۆڕانکاریەکی ڕاستە قینە لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆسیەکەدا ڕووینەدا ، خاکمان کردە گرەوی ماددەیەکی دەستوری کەچی لە لەحزەی داڕماوی دوای ٢٠٠٦ و تەقینەوەی شەڕی نێو خۆی نێوان سوننەو شیعە هیچمان نەکرد!!

کەواتە نەتوانیمان باش دۆخ و گۆڕانکاری وپێشهاتەکان بخوێنینەوە، نەتوانیمان دیفاکتۆ بسە پێنین، نە دەرفەت بۆ پیادەکردنی ماددە دەستوریەکە بقۆزینەوە ! ژێرخانی ئەم دۆخەش ئەوەیە لەم پرسەدا کورد هەربەناو ناسیونالیزمی هەیە ، دەنا کورد توانای بیرکردنەوەو بڕیاری بە هاوبەشی لەدەست نەدەدا، دووهێزە بڕیار بەدەستەکەشی گۆڕانکاری یەکانیان لەچاویلکەی ململانێی نێوان خۆیانەوە نەدەخوێندەوە، پشت بەستوو بەم واقیعەش ئەگەر واقیعی کەرکوك بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخمان لەئەستۆی ڕژێمەکاندا بووبێت.

لەدوای ٢٠٠٣ ەوە لێپرسراوی یەکەمی ئەو دۆخە خۆمانین، دەنا دەرفەتەکان لەتوانایاندا بوو دۆخی ئێمە بەم جۆرە نەبێت. کێشەش لەوەدایە ناگەینە خاڵێکی دابڕان و بەخۆداچونەوەیەکی ستراتیژی وا، هەڵە کانی ڕابردوو تێپەڕێنین و لەدەرەوەی بازنە ئەو تەقلیدە خنکاوو قانگدراوە ، هەناسەیەكی پاك هەڵمژین وبیرکردنەوەو کارنامەو ڕەفتارێکی جیاواز ببینین .


PM:08:42:29/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 3720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی