یوسف الدولة

‌عه‌دنان عوسمان


لەوانەیە زۆربەمان ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین ئەو پێداگریە ئاشکرایەی پارتی و نا ئاشکرایەی لایەنەکانی تر چیە لەسەر لادانی  یوسف مەحەمەد لە سەرۆکایەتی پەرلەمان. بۆ تەنها یوسف؟ ئەبێ نهێنی پشت ئەوە چی بێت و د. یوسف چ کارەساتێکی نیشتمانی و چ خەلەلێکی ئیداری خولقاندوە کە لادانی پێشمەرجی ئاسایی کردنەوەی باری سیاسی هەرێم بێت؟

بە لای منەوە د. یوسف هیچ کارێکی نایاسایی نەکردوە، ئەو سەرۆکی پەرلەمانەو ئیدارەی جەلسەی پەرلەمان ئەدات، هەر بۆیە دەبێت بە وردی بەرنامەی کار جێبەجێ بکات. لە روی سیاسیشەوە هەڵەی نەکردوە چونکە ئەو نوێنەرایەتی سیاسی حزبەکەی ناکات. لە واقعدا تەنها سەرۆکی فراکسیۆن دەتوانێت نوێنەرایەتی سیاسی حزب بکات لە پەرلەماندا و هەر ئەویشە دەربرێ  هەلوێست و بریارەکانی حزبەکەیەتی. واتە ئەگەر حزب بریارێکی جیاوازی دابێت ئەوا تەنها سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامانی فراکسیۆنەکە بەرپرسیارێتی سیاسی ئەو دۆخە لە ئەستۆ ئەگرن.

باشە کە د یوسف نە هەڵەی سیاسی کردوەو نە یاسایی و نە خەلەلی ئیداری هەبوەو نە تێوەگلاوە بە گەندەڵی، دەبیت هۆکاری سور بون لەسەر لادانی چی بێت؟

ئەوانەی داوای لادانی د. یوسف ئەکەن و لەو پێناوەدا بەرەیەکی بەهێزیان دروست کردوە لە نێو هەموو حزبەکاندا و تەنانەت هەست ئەکرێت لە نێو خودی گۆڕانیشدا هەندێک کەس گوێیان بۆ شل ئەکەن، ئەوانەن کە نایانەوێت لەدەرەوەی مەنزومەی حزبیی ئەواندا کەسی تر بڕیار بەدەست بێت. ئەوانە ئەو نەوەیەن کە ساڵەهای ساڵە بڕیار بەدەستی پلە بەرزی وڵاتن، لە حکومەت و لەحزبدا هەر خۆیانن. بۆیە قورسە بۆ ئەو مەنزومەیە، بۆ ئەو عەقڵیەتە ئەوە قبوڵ بکات نەوەیەکی نوێ، کەسی خوێندەوار، نەوەیەک بە کرێکاری و چلورە فرۆشتن و بەدبەختی خۆی پێگەیاندبێت و کاسەلێسی خۆیان نەبوبێت ئیتر موقەدەراتی ئەم ولاتەی بکەوێتە دەست. چاویان بەرایی نادات بە بەرچاویانەوە کەسێک لەم نەسڵە تازەیە بەرپرسی دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان بێت کە هەر لە ١٩٩٢ تا ئێستا لە لایەن خۆیانەوە بەرێوە دەبرێت. ئەمە بە مانای کۆتایی قۆناغی بەناو شۆڕشگێڕی و قەوانە سواوەکانی نەبەردیەکانی ئەو نەوەیە دێت کە زۆرینەیان بە هەزار قات بەرەکەیان خواردوەو شرینیەکەیان مژیوە.

شەڕەکە لەسەر کەسی د. یوسف نیە بەرێزینە، نەخێر بەڵکو لەسەر نەوەی نوێیە، ئەقلیەتی نوێیە، تێگەیشتن و مۆراڵی سیاسی نوێیە. نەوەی دوای ١٩٩١ و ٢٠٠٣ دەیەوێت لە چارەنوس و داهاتوی وڵاتەکەی  بەشدار بێت. نەوەیەک دەیەوێت بەو هەموو بارۆنانە بڵێت ئێوە لە هەموو شتێکدا شکستان هێناو چیتر وڵاتداریتان پێ ناکرێت. بە کورتی نەوەیەک کە دەیەوێت پێیان بڵێت ئیتر بەسە.

بۆیە ئەمە لای ئەوان قابیلی قبوڵ نییە. ئاخر چۆن دەبێت کەسێک لە نێو گەلەوە، بە کرێکاری و ئارەقی نێوچەوان خوێندنی تەواو کردبێت و ژیانی پێکهێنابێت بیەوێت ئیدارەی ولات لەدەستی ئەمانە وەربگرێت. ئەوان زیرەک و وریان، دەزانن ئەمە چ سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ بەرژەوەندی و هەیمەنەی دەیان ساڵەیان، هەر بۆیە هەر لە سەرەتاوە لەو هەنگاوەی نەوشیروان مستەفا توڕەو تەنگەتاو بون. ئێستاش دەرفەتێکی زێڕینیان دەست کەوتوە بۆ ئەوەی هاوکێشەکە بە قازانجی خۆیان بگۆڕن.

تکایە بە هەڵە تێمەگەن و پێتان وا نەبێت ئەمە تەنها پارتیە ئەم ویستەی هەیە، وەیا وابزانن ئەمە پەیوەندی بە کەسی د. یوسفەوە هەیەو بە گۆڕینی ئەو کێشەکان کۆتایی دێت. لە کۆبونەوە دوو قۆڵیەکانی سەرانی ئەم هەرێمەدا لایەک وتویەتی با هەفتەیەک سەرۆکی پەرلەمان بێت و لاکەی تر وتویەتی با مانگێک!!!

 نەخێر ئەمە پەیوەندی بەشەڕی ئەو نەوە مشەخۆرەوە هەیە کە ئامادە نیە نە بە دەنگ و نە بەدیموکراسیەت و نە بە مەدەنیەت دەستبەرداری دەسەڵاتە رەها سیاسی- ئابوریەکانی بێت. ئەمە پەیوەندی بە جەنگی بەردەوامی عەقڵیەتێکەوە هەیە کە تەنها لە خەونی مانەوەی پاوانخوازی خۆیدایە. بۆیە ناوەرۆکی شەڕەکە مەعلومە، بەڵام ئاکامەکەی نادیارە!!!


PM:08:19:17/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 7114 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی