چەند سەرەقەڵەمێکی پایزانە

‌عه‌دنان عوسمان


یەکەم: مەسعود بارزانی لە یەکێک لە وتارەکانی سەردەمی بانگەشەی ریفراندۆمەکەیدا، بە رۆشنی ئەڵێت" ئەگەر ئەم پرسە سەری نەگرت، ئەوا هەمو خەتاکەی بخەنە ئەستۆی من و بڵێن ئەم کابرا شێت بوەو ئەم کارەی کردوە، منیش ئامادەم سەرمی لەسەر دابنێم". راستی بێویژدانیە هەم ئەم شکستە تەنها بخرێتە ئەستۆی بارزانی و هەمیش پێمان وابێت تەنها ئەم شکستەی هەیە. ئەو بەڕێزە بە رەسمی لە ٢٠٠٥ ەوە تا ئەم ساتەوەختە بە یاسایی و نایاسایی سەرۆکی هەرێـمە. لەو ماوەیەدا بەرپرسی چەند مەلەفێک بوەو لەهەمویدا سەرکەوتو نەبوە:

پەیوەندیەکانی هەرێم بەدەرەوەی خۆی، تا ئێستا حزبیە. پێشمەرگە تا ئێستا حزبیەو یەکی نەگرتوە. ئاسایش بەهەمان شێوە. دەزگای موخابەراتی بەهەمان شێوە. دواجار لە کاتێکدا کورسی خۆی ناشەرعی بو، پەلاماری کورسی شەرعی سەرۆکی پەرلەمانیداو لەکاری خست. بۆیە ئەم پیاوە بەهۆی ئەوەی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتو نەبو، وەلەم پرسی ریفراندۆمەدا، گەورەترین زیانی بە ناوبانگی کورد و هەرێمداو، هەمو لایەنەکانی لە پشتی دەوڵەتی عێراقدا یەکخستەوەو، بیانوی بە بەغدا دا کە هێرشی هەمەلایەنە بکەنە سەردەستکەوتەکانی هەرێم، ئەوا پێویستە هەم خۆی و هەم لایەنگرانی، لە ئەندامانی لیژنەی ریفراندۆم، لە ئەرک و بەرپرسیارێتی نوێنەرایەتیکردنی هەرێم ولە کاری ئیداری و بەرێوەبردندا دوربخرێنەوە.

دوەم: کاتی خۆی لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا، زۆرێک لە شٶڕشگێڕەکان بە تایبەت سۆسیالیستەکان دابەشی دوو بەرە بون: بەرەیەک کە پێی وابو دەبێت بەرگری لە نیشتمانی خۆت بکەیت و ئەوەش ئەرکی سەرەکی بێت و نابێت بیر لە کێشە ناوخۆیەکان بکرێتەوە کاتێک دوژمن لەسەر سنورەکانە، واتە دواخستنی ململانێێ ناوخۆ. بەرەی دوەم بە رابەرایەتی لینین دەیانوت دروشمی بەرگری لە نیشتمان درۆزنانەو فریودەرانەیە، تەنها بۆ رێگەدانە بەمانەوەی دز و جەردەو مافیاو ستەمکاران. وتیان ئێمە لەپاڵ بەرگری لە نیشتمان، برەو بە دروشمی کۆتایی هێنان بەهۆکارەکانی جەنگ و ستەمکاران ئەدەین.. لەراستیدا لەو کاتەی بیر لە پەرژینی بەرگری لە نیشتمان ئەکرێتەوە، دەبێت بیر لە گۆڕستانیش بۆ ستەمکار و مافیاکان بکرێتەوە.

سێەم: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا تەنها نیەتێکی باشە، بەڵام خراپ خوێندنەوەو خراپ سەیرکردنی روداوەکان و فاکتەکانیشە. هەڵبژاردن بەم شێوازەی ئێستا کە تەنها یەک شت گرەنتی هەیە ئەویش دە کورسی کۆتا کە موڵکی پارتیەو + دە کورسی تەزویر کە بەهەمان شیوە موڵکی پارتیە، هیچ هەنگاوێکی تری عەمەلی نەنراوە. ئەم کۆمسیۆنە نەیتوانی یەک هەنگاویش بە ئاراستەی پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران وەیا کەمکردنەوەی ئەگەری ساختەکاری بنێت.لە ریفراندۆمەکەی بارزانیدا ویژدانی خۆیان هەڕاجکرد.

لە ئێستادا دەبێت بیر لەهەنگاوی عەمەلی بکرێتەوە:

-    لیستی دەنگدەران پاکبکرێتەوە، رێگە لە ساختەکاری بگیرێت.

-    سەرۆکایەتی هەرێم هەڵوەشێتەوە، حکومەتێکی کاتی دەستبەکار بێت و بگەڕیینەوە بۆ پێش ٢٥/٩

-    پەرلەمان لیژنەیەکی باڵای گفتوگۆ پێک بهێنێت بۆ کۆتایی هێنان بەم تەنگژەیەی ئێستاو دەستەبەرکردنی پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و رێگەگرتن لە پیشێلکردنیان.

-    پەرلەمان لانی کەم ئەو ریفراندۆمە کە نەکەس دان بە شێواز و ئاکامیدا ئەنێت، هەڵپەسێرێت و کاری پێ نەکات.

چوارەم: حزبی جەماوەری و راستگۆ لەگەڵ میللەت، ئەوانەن کە ئەم دۆخە بە فرسەت وەرئەگرن و هەموی قەڵپ ئەکەنەوە بەسەر مافیاو ستەمکاراندا. فرێدانی تەوقی نەجات،خیانەتە لە میللەت.


PM:10:26:12/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2405 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی