کورد هیچ ئایندەیەکی لە عێراقدا نییە

‌عه‌دنان عوسمان


 ئەو بەرێزانەی لە بەغدان ئەوەمان بۆ ئەگێڕنەوە کە هیچ گۆرانێکی ئیجابی ئەوتۆ لە تێگەیشتنی بەشی هەرە زۆری نوخبەی سیاسی عێراقی لە ئاست پرسەکانی گەلی کورددا روی نەداوەو پێ ناچێت روش بدات. ئێمە لە ٢٠٠٣ وە تا ئێستا میوانێکی رەزا قورس بوینە لە ناوەندی دەسەڵاتدا لە عێراقی نوێدا.

ئەم عێراقە کە رەحمەتی جەوهەر نامیق پێێ دەوت" العراق" تا ئێستا بەهەمان عەقلییەتی پاوانخوازی و سەنتراڵیەت و بەکەم زانینی پێکهاتەکانی تر بەرێوەدەچێت. ئێمەی کورد هیچ ئایندەیەکمان لەم عێراقەدا نییە هەر چۆن هیچ خێرێک جگە لە کوێرەوەری و قوربەسەریمان لە عێراقی کۆندا نەبینی. نییەتی سەرانی عێراق لە ئاست داخوازیە رەواکانی کورددا هیچ گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا نەهاتووەو نایەت.

 تەنها شتێک کە تا ئەم ساتەوەختە لەبەختی کورددا بوبێت ئەوەیە کە خۆشبەختانە( خۆشبەختانە لە دیوە ئینسانیەکەیدا نا، چونکە قەت ناکرێ خۆشحاڵ بین بەو کارەساتانەی بەسەر میللەتی عێراقدا هاتوە، بەڵکو خۆشبەختانە تەنها لە رووە سیاسیەکەیەوە) ئەم عێراقە نەیتوانیوە یەکگرتوو بێت. هەمیشە نوخبەی سیاسی شیعەو سوننە: دژ بەیەک و لە ناوخۆیاندا لە کێشمەکێشی گەورەدا بون و، بەمەش نەیانپەرژاوەتە سەر یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ کورددا.

 نە شەراکەتی ئێمە لەگەڵ بەغدا، نە پۆستە باڵاکانمان، نە دۆستەکانی ئەوێمان، نە دەستور، نە دامەزراوەکان ناتوانن ئایندەی تێکچونی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ناوەنددا تا سەر دوابخەن.

دەبێت بە زووترین کات بیر لە یەکلا کردنەوەی ئەو پەیوەندیە ناقۆڵایە بکەینەوە لەگەڵ عێراقدا. ئێستا مەترسیەکی بەرفراوانە. نییەتەکە مەترسیدارە. ئەوان کورد بە داگیرکەری نیشتمانی خۆیان دەزانن!! تەنها کارتێک کە بەدەستی کوردەوە بێت بەهێز کردنی دامەزراوەکانێتی: پەرلەمان، حکومەت، پێشمەرگە، ئاسایش، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوەدا.

 ئەم دۆسێیانە دەبێت رێکبخرێن و چالاکبکرێنەوەو بەهێزبکرێنەوە.

 مەترسیەکە روبەروی هەمومانە بۆیە دەبێت هەمومان بەشدار بین لە روبەروبونەوەیدا. پێویستمان بە هەنگاوی گەورەیە لەو پێناوەدا.

دوزخورماتوو زەنگێکی گەورەی مەترسیدارە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لەو پەیامە تێبگەن.


PM:08:09:15/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 4914 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی