سێ راستی زەق و رەق و تەق!
سەعید کاکەیی
یەکەم: مستەفا کازمی و ھاوشێوەکانی بە خەویش ناتوانن سێبەری رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پڕبکەنەوە لە تێکۆشانیدا بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی و بەدامەزراوەکردنی جومگەکانی دەسەڵاتی مۆدێرن و دەستەبەرکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، جا نەخوازەڵلا ببنە جێگرەوەی. بۆیە، ھەر کەسێك ئەو جۆرە لافانە بدات پێویستە بە زەقی فێری قبوڵکردنی گەزافەکانیش بێت.
دووەم: رابردوی سیاسی و حوکمداری مستەفا کازمی و چۆکدادانی لە پرسی ئازادکردنی میلیشیا توندڕەوەکانی شیعەدا، ھێمای زەق و رەقن بۆ ھەقیقەتی ئەوەی کە ناتوانێت ببێتە فریادڕەسی راستەقینەی شەقامی عێراقی و بەتایبەت شەقامی کوردستانە گرێدراوەکەی.
سێیەم: ئەو پەرلەمانتارە پۆپۆلیستانەی کە ھەتا دوێنێ مەستی پینە و پەڕۆی چاکسازی بوون و ویستیان خەڵکی لە خەباتی گۆڕانکاری ریشەیی بەلاڕێدا بەرن بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتی بە تەزویر دروستکراو لەپێناو دەستکەوتی کەسێتی خۆیان و ھاوەڵەکانیان، ئەمڕۆکە جارێکیتر لە کەناڵەکانی دەسەڵاتە گەندەڵە بنەماڵەییەکانەوە و پێش ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەوتونەتەوە سەر باسی گەندەڵی و دزی و قاچاخچێتی سەرانی دەسەڵاتە ھاوبەشەکەیان. خەڵکی ھوشیار و بەتایبەت گۆڕانکارانی راستەقینەیی دەبێ بە زەقی و رەقی و تەقی بەو جۆرە پۆپۆلیستە ھەلپەرستانە بڵێن: ھۆ برادەر، کاری شوما تەمام شود.
چیتر بەو دەنگە نەنگەی ئێوەی پۆستپەرست خەڵکی ئازادیخواز فریو نادرێن. ئەگەر راست دەکەن و سودمەندی شەخسی نەبوونە لەناو ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و قاچاخچییە، بۆ بە بڕیارێکی بوێرانە دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتە بۆگەنە نابن؟!
PM:06:40:11/08/2020
ئهم بابهته 1708
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی