چەند لەخۆبایی و بێعارین!

‌سەعید کاکەیی

ئێمەی مرۆڤ لەسەر ھەسارەیەکدا دەژین کە لە دووری شەش ملیار کیلۆمەترەوە لە گەشی رەنگێکی شینی کاڵدا بە درۆوە جریوەی دێت.

ئەم ھەسارەیەی ئێمە شوێنێکی شاخاوی تێدایە  خەڵکەکەی بە شانازییەوە ناویان لێناوە کوردستان. بەجیا لە زۆربەی شوێنەکانی دیکەی ئەم ھەسارەیە، کوردستان ھێشتا نەبووەتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. مرۆڤەکانی سەر خاکی کوردستان لەبەر بێعاری و لەخۆبایی بوون، ھەر رۆژە و بە ھەگبەیەکی پڕ لە کەشکۆڵی سەیر و سەمەرەی ناشرین کەوتوونەتە کوتان و لێدانی وێزە و ھەنگڵی یەکتر. ھەیانە دەسەڵاتدار و بەرپرسە و بەردەوام سەرقاڵی دزی و گەندەڵی  و درۆی زل و جاشێتی و خۆفرۆشییە، ھەشیانە بێدەسەڵات و نابەرپرسە و شەو دەداتەوە دەم رۆژ بۆ رازاندنەوەی زنجیرەیەكی نارێك لە رەخنە و بتوبۆڵە و جنێودان و شین و واوەیلای بێ نرخ و بێ ئەرزش.

زۆبەی مرۆڤەکانی ئەم ھەسارەیە لەترسی مردن و فەنا بوون، ھانا و پەنا بۆ کەسێك دەبەن کە خاوەنی سەدان و بگرە ھەزاران ناوە، بەڵام بەگشتی ناسراوە بە خوا یان ئێزدان یان خاوەنکار! لە دیدی زۆربەی مرۆڤەکانی سەر ئەم ھەسارە وێڵەی ناو گەردوونی بێ پایان، پاداشتی چاکەکاری بەھەشتە و سزای خراپەکاریش دۆزەخە. لە بڵندگۆی مزگەوت و کلێسە و تەکیە و شوێنەکانی دیکەی پەرستیارییەوە، بەردەوام ئەوە دەدرێتە بەر گوێی مرۆڤەکان کە ھەرچی کارێك بکەن، خاوەنکار لێیان ئاگادارە و دەربازبوونیان لێی نییە! وەك ئەوەی ئەم  خاوەنکارە بێھاوتایە ئەو گەردوونە زەبەلاحە بێ پایانەی فەرامۆش کردبێت و تەنھا و تەنھا خەریکی چاودێریکردنی کاری مرۆڤەکانی ئەم ھەسارە جریوەدارە بچوکەی ئێمە بووبێت!!

زۆرم ماوە بیڵێم، بەڵام لێرەدا و بۆ ئەمرۆژە ھەر ئەمە بەسە.


PM:02:42:12/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 4252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی