دژایەتی کردنی مێری لە پای چی؟

‌سەعید کاکەیی

سەرباری هەموو کەموکوڕیەکانی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە کە بە کورتکراوە ئینگلیزیەکەی ناسراوە بە "مێری"، ئەوی لە ٣ بۆ ٥ نۆڤەمبەری ئەم ساڵ پێشکەشی کردووە هەوڵێکی دڵسۆزانە بوو بۆ وروژاندنی چەندین تەوەری گرنگی نێو قەیرانە ئاڵۆزەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕاستە مێری کەسانی پسپۆر و سکۆلەری شیکردنەوە و چارەسەری کێشە و دانوستکار و نێوانگێڕی ئەکادیمی بانگێشت نەکردبوو بۆ بەشداریکردن لە پانێڵە جۆراوجۆرەکانیدا، و ڕاستە ڕێکخەری مێری بێلایەنی خۆی لەدەستدا بەوەی کە بە ئاشکرا بە شانوباڵی ئەکتەری لایەنێکی سەرەکی کێشە ئاڵۆزەکانی نێو هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هەڵیدا، و ڕاستە سەرپەرشتیارانی پانێڵەکان و بەتایبەت ڕێکخەری مێری مۆڵەتیان بە هەموو کەسێك نەدا تاوەکو پرسیار لە پانێلیستەکان بکەن لەسەر کێشە و پرسە مەترسیدارە هەنوکەییەکان، بەڵام دەبێ ئەوەش لە بیر نەکەین کە دیدارەکەی مێری هەلێکی زۆر گرنگی ڕەخساند بۆ ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی لۆبیکردن توانییان دەنگ و بیروبۆچوونی جیاوازی خۆیان و ڕێکخراوە سیاسیەکانیان بگەیەننە بەر گوێ و چاوی زۆرێك لە ئامادەبووان و بەتایبەت میوانە بیانیەکانی نێو دیدارەکەی مێری.

بەش بە حاڵی خۆم کە بەشداری یەکەم و دووەم ڕۆژی ئەو دیدارە گرنگەی مێری بووم، سەرباری قەناعەتی تەواوم بەوەی کە سەرچاوە داراییەکانی مێری هۆکاری سەرەکی بوون بۆ لەدەستدانی بێلایەنی ڕێکخەری دیدارەکە، بەڵام پێویستە ئەو فاکتەر بنەڕەتیەش لەبیر نەکەین کە وروژاندنی ئەو تەوەرە گرنگانەی ئەمڕی نێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی ئەرێنی و باش بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونی جیاواز لەلایەك، و کۆکردنەوەی لایەنە نەیارەکانی کێشە سەرەکیەکان بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێست و بەرژەوەندیە جیاوازیەکانیان لەلاکەی ترەوە.

بە واتایەکی دیکە، دیداری ئەم ساڵی مێری کە پێش کودەتاکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێش ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان و بەهەمان شێوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتەکەی دیاری کرابوو، توانی تیشك بخاتە سەر زۆربەی کێشە و قەیرانە مەترسیدارەکانی نێو هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەگەری چارەسەرکردنیان دوور نیە ئەگەر بێت و دەنگی سەگەکانی شەڕ کپ بکرێن و دەرفەت بۆ دانوستکاران و نێوانگێڕانی پسپۆر و شارەزایانی چارەسەری کێشەکان بڕەخسێندرێن بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئەکتەرانی لایەنە نەیارەکان نەك بۆ باسکردنی کێشەکانیان، بەڵکو بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کێشەکان و گواستنەوەیان لە حاڵەتی نەرێنیەوە بۆ حاڵەتی ئەرێنی و بە ئاکام ڕێککەوتن لەسەر ئەو چارەسەرانەی کە بەلای هەموو لایەنەکانەوە پەسەندن.


PM:05:40:06/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 1969 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی