خۆ دوواندن، خۆ جووین

‌د. رەنجدەر قەرەداغی

یانی بۆ ئەبێ ژیانی وویستراو هەمیشە ئەو ساتە بێ کە هێشتا نەهاتووە؟

کێ گفتی پێداوی ئەبێ لەمە جوانتربێ و تۆ نیتە؟ئەزانی چی؟! ئەوەی لە مێشکتا شەو و ڕۆژ خۆتت پێوە گیرۆدەو سەرقاڵ کردووەو ئەتدوێنێ و ئەتتۆقێنێ، چ نیە جگە لە هەوڵێکی بەردەوامی نائاگای هۆش بۆ مانەوە، هەمیشە مانەوە خوولیایەکی ناوەکیە، قەد کۆتایی نایە.

خۆراکی ئەو دەمەتەقێ ناکۆتایە رووداوەکانی دوێنێن، سووتەمەنی ئاگرەکەش ترسە لە سبەی، ئیتر تۆ بەردەوام دەسووتێی بێهوودە بۆ مانەوە.!

ئینجا پێم ناڵێی ئەم مانەوە پڕ ئازارو دڵەراوکێ و قەڵەمباز و ڕاچڵەکین و نائارامیە بۆ؟ ڕاوەستە! هەناسەیەک بدە، پشوویەک بدە رۆحت.

دوو چرکە مەترسەو مەتۆقێ، دەست لەو گووریسە بەردە کە لەپ و مەچەکتی بڕیوە تا سەر ئیسقان و پێت وایە بەریدەی دەکەویت و دەگەوزێی!

دەستەکانت با پشوو بدەن، مانەوە جەنگی ناوێ، سەمای ئەوێ! سەلامەتیت لە خۆ قەتیسکردن و شاردنەوەو هەڵهاتندا نیە، سەلامەتیت لە دەرکەوتن و ئامادەگی و لێرەبوون و بزاوتندایە....

لێگەڕێ وەک خۆی لێرەبی، ئێرەو ئێستە پڕکە لە خۆت، با هەموو شتێک سێبەری تۆی بگاتێ، هەموو کلیلەکان تاقی بکەرەوە، لە هەموو کووچەکان پیاسە بکە، هەموو پانتایی بوونت بگەڕێ، ئەوەی دێوەزمەیەو بەدواتەوەیەو لێتناگەڕێ ئارام بنووی، ئەوەی حەزێکی ناکامڵی تۆقێنەری خوودکردە بۆ مانەوە....لێگەڕێ لەو ترسەو مەیلاوێنە با نەتخوا.

ئەوەی پێویستت نیە ئەو ترسەیە، ئەوەی سەرتی شێواندووە ئەو ئەگەرە دووبارانەن کە قەد بیرت جێناهێڵن، خوود پێی وایە دەبێ هەمیشە لەسەرپێی و ئامادە بیت بۆ جەنگیکی گەورەی نادیار، جەنگێ نابێ بۆ یەک هەناسە خافڵبی لێی، بەردەوام دەبێ لە خەونیشا بە ئاگابیت، دەنا مانەوە مسۆگەر نیە!

لێرەدا بۆستە، مەترسە، ئەو جەنگە هەرگیز ڕوونادات، ئەو سەرگەردانیە هەر ناگات، تامی ئازاری ڕووداوەکانی دوێنێت و تۆقین لە نادیاری داهاتوو زۆر بەسوێترو کووشندە ترو ڕووخێنەرترو تاقەت پڕووکێنترە هەزاران جار لەو ئەگەری پێکدادان و پێشبڕکێ و جەنگەی خوود پێت دەڵێ بیدۆڕێنی ئیدی کۆتاییت پێدێ مەحفەبی، بڕواکە ئەو جەنگە بوونی نیە، ژیان هەر خۆی ئەوەیە کە ئێستە ئەم چرکەیە کە ئەم دێڕە دەخوێنیەوە، کوا ئەدەی پێم بڵێ ئێستە تۆ لە چ جەنگ یا گەمە یا پێشبڕکێیەکی ڕاستیدای ؟!ئەدەی تۆ پیشانم بدە کە بە ڕاستیی لە خەتەری لەناوچووندای؟!

نا...نا...دووبارە دەنگەکەی دەروونتە دەستەو ئەژنۆ یەخسیری وەهمی ترسی لەناوچوون و داڕمانی کردووی، ئێستە تەنها خۆتی ئازاری خۆت ئەدەی بە نچووڕق و مشتەکۆڵەۆ خوێ بەسەر برینێکی خۆکردا ئەکەی بۆی بە ئەگا بیت، نەبا بێ ئاگابی لە ڕووداوێک کە ڕەنگە هەرگیز ڕوونەدات و لەناوت بەرێ...تەماشاکە چەند سەرمەستی، چەند مەدهۆشی، چەند بەد هۆشی، خۆتت لە کونجێکی تاریکی دەروونتا زیادانیکردووەو سیخناخت کردووە بە دووکەڵی ئاگری جەنگێک کە ڕووینەداوەو ڕووشنادات، خۆت دەچەوسێنیتەوەو خۆت دەتۆقێنی و ئازار دوای ئازار لەسەر پانتایی ڕۆحت تاقی دەکەیەوە، چێژ لە ناڵین و هاوارو سەدای بێئۆقرەیی خۆت دەبینی، تۆ ئیتر ئاڵوودەی بە ئەشکەنجەدانی ڕۆحت، پێت وایە وانەبێ دەفەوتێی ، دەدۆڕێی و دەمریت...چما ئەم سەرلێشێواویە خۆی لە خۆیدا دۆڕاندنی گەورەو مردنی پێشوەختەو خودخۆرییەکی پڕ ژانی بێ بەنج نیە؟


د. ڕەنجدەر قەرەداغی



PM:02:13:22/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی