ماددەی 140 و ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوك

‌ ئەبوكاروان

ئایا ئه‌و مادده‌یه‌ جێبەجێ دەکریت؟

ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستورییە "سێ" قۆناغی دیاری کردووە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی شاری کەرکوک (ئاسایکردنەوە ، سەرژمێری ، ڕاپرسی ) کە بەپێی دەستور بڕیار بوو لە ٢٠٠٧/١٢/٣١ جێبەجێ بکرێت.

لێرەدا دەمەوێ بڵێم پێویستە لەبری تاوانبارکردنی ئەوانەی دژ و ناکۆک بوون لە ڕابردوو وئێستادا لە دەسەڵاتی پێشوو و ئێستای حوکمڕانی لە بەغدا، باشتربوو لە دەسەڵاتدارانی کوردستان و حزبەکانەوە دەست پێبکەین ،چونكه‌ ئەوان چەندین ھەڵەی کۆشندەیان ئەنجام داوە و بەرپرسیاری سەرەکین لەم باروودۆخەی کە ئێستا لەو ناوچانە دەگوزەرێت.

یەکەم ھەڵەی کوشندەی سەرکردایەتی لایەنە کوردستانیەکان لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمەوە ، قبوڵکردنی ماددەی ١٤٠ بوو کە بەو شێوازە خرایە ناو دەستورەوە ،کە دەلێت دەبێ بەسێ قوناغ كیشه‌ی‌ ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێ کەخۆی لەخۆیدا پێچەوانەی ئەو دروشم و بریارە مەبدەئیانە بۆ ساڵانێکە ئەو لایەنەنانە پیداگیریان دەکرد لە کوردستانییەتی ئەو ناوچانە ،ئەمەش بەپشت بەستن بە بەڵگەنامە مێژوویەکان و لایەنی جوگرافی کەرکوک و ئەو ناوچانە. کەواتە خۆمان پاشگەزبووینەوە لەکوردستانیەتی ئەو ناوچانە و گومانمان بۆ ئەو پرسە درووستکرد.

ماددەی ١٤٠ بەھەر سێ قۆناغەکەیەوە کۆمەڵێ کێشەو گرفت و ناکۆکی تێدایە و بوار دەدات ھەرلایەنێک تەفسیر و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکات، ئەویش به‌پێی ویست و به‌رژەوەندی خۆی ، بۆ نمونە ئاساییکردنەوەی بارودوخی ئەو ناوچانە لەسەر کام بنەما بکریت؟ سه‌رژمێری چۆن بکرێت و بەپێی کام سجلی تۆماری دەنگدەران؟ چونکە کە باسی ھەر لەیەکێک لەو خاڵانە ئەکرێت پرسیار لەچۆنیەتی جێبەجێکردنی درووست دەکات و وەڵامەکانی ھەر لایەنێک بۆ لایەنی بەرامبەر قەناعەت پێناکات. ئەوانەی وەک دادوەریش تەماشای کیشه كان بكه‌ن تاڕادەیەک ناتوانن ماف بدەنە لایەنێکی دیاریکراو بەرامبەر و لایەنی دووھە م قەناعەت پێ بکەن.

ئەوانەی لە کۆنگرە و کۆنفراسەکانی دەرەوە و ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریانکردوە لەسەر ئەو کێشانە و لەسەر پرسی ماددەی١٤٠ ،باش دەزانن ھەر یەکێک لەو خاڵانە چەند ئاڵۆزی و کێشەی ڕووبەروو دەبێتەوە لەوانە ( بەرلین ، ئەمستردام) ئەم کۆنفراسانە بەسەر پەرشتی ڕیکخراوە نێو دەوڵەتییەکان و به‌ بەشداری بەرپرس و نوێنەرانی ئەمریکا و به‌ریتانیا و ئە ڵمانیا و فرنسا و UN و چەندین نوێنەری دە وڵە ت و ڕیکخراوی جێھانی و بەشداری سەرجەم پێکھاتەکانی شاری کەرکوکئەنجامدران، کە دوای چەندین ڕۆژ لە گفتوگۆکردن سەرئەنجام بەبێ ھیچ ڕێکەوتنێک کۆتایی ھاتووە و لایەنی کوردستانی کە بەوه‌فدێكی بەھێز بەشداربوونە ، لە بەرپرسی حزبەکان، پەرلامانتارانی کوردستان، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە کورد، لە پەرلامانی عێراق و ماموستای زانکو...هتد. ھەموو ئەمانە نەیانتوانیوە بەشداربووان لە نێونەری دەوڵەتان و ڕێکخراوەکان پێکھاتەکانی تری عیراقی ڕازی بکەن و قه‌ناعه‌تیان پێبکەن بە کوردستانەیتی کەرکوک.

خاڵێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم کە لایەنی کوردستانی ھەر لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمەوە لە ٢٠٠٣وە کەوتنە ململانێی حزبیانە و وەرگرتنی پلەو پوست و بەش بەشێنە و کارکردن بەبێ بەرنامەی ھاوبەش، ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی سنووری بەزاندوو چەندین کێشەیان دروست کرد لە نێوان ھەردوو حزب لەلایەک و بەھەمان شێوە لەگەڵ پێکھاتە و نەتەوەکانی تر، لە بری ئەوەی کاربکەن بۆ چەسپاندنی برایەتی و پێکەوەژیان لە کەرکوک بەو شیوەیە ڕەفتاریان دەکرد کە مروڤ لە ئاستیدا شەرمەزار دەبوو

یەکێتی و پارتی کەرکوکیان وەک چەند چاڵە نەوتێک سەیر دەکرد، تا بۆیان کرا تاڵانیان تێداکرد ، و خەڵکی کەرکوک و پێکهاتەکانی دیکەیان پشتگوێ خستبوو، تا ئاستی چەوساندنەوە و سوکایەتی پێکردن. نەیانتوانی وەک کوردانی ڕۆژئاوا نمونەیەکی جوانی پێکەوە ژیان پێشکەش بکەن و ئەو پێکهاتانە لە خۆیان بگرن تا هەست بە بوونی ماف و ئارامی بکەن لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبەدا.
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارگزگاکان بەپێی بڕیاری ژمارە(٧١)ی‌ ده‌سەڵاتی کاتی ھاوپیمانان (بریمر) لەساڵی (٢٠٠٥) ئەنجامدرا ـ لە کۆی ٤١ کورسی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک ،لیستی برایەتی کە پێکھاتبوو لەحزبە کوردستانیەکان و ھاوپەیمانی ئەو حزبانه‌ ٢٦ کورسیان بەدەست ھێنا. ئەم زۆرینەیە لە ئەنجومەنی پارێزگا و ھەڵبژاردنی پارێزگایەک لەو لیستە و بەشێکی زۆری ئەو بەرێوبەرایەتی و جومگەکانی حکومرانی یە نەتوانرا لە ڕووی یاسایی وە بەمەبەستی گەڕانەوەی مافەزەوتکراوەکانی ھاووڵاتیانی کوردستان و ئەو غه‌درەی دەرھە قیان ئەنجامدراوە بەکار بهێنرێت. ئەم ئەنجومەنەی ئێستا و ساڵانێکی زۆری دەسەڵاتی کوردستانی بەتایبەتی پارتی و یەکێتی نەیانتوانی نمونەیه‌ک لە حوکمڕانی پیشکەش بکەن کەجێی ڕەزامەندی نەتەوە و پێکھاتەکانی شاری کەرکوک بێت.

لەسەر ڕۆشنایی ھەوڵ و کۆششی لایەنی تورکمان و عەرەبەکان بەمەبەستی بەھێزکردنی پێگەی خۆیان لە کەرکوک ، بەردەوام و بە هەموو شێوازێک لە کار کردندا بوون بۆ ئەو مەبەستە. ئەوە بوو پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ یاسای ژمارە (٣٦) ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەند کرد، لەم یاسایەدا ماددەی ٢٤ تایبەت کرا بە کەرکوک .ئەم ماددەیە ٧ بڕگەی لەخۆ گرتبوو کە زیاتر مەرجی لایەنی عەرەبی و تورکمانی تیدا جێگیرکرا . لە ئاکامدا بەو ئارستەیە بوو کە دەسەڵاتی لایەنە کوردستانییەکان سنوردار بکریت و کەمبکریتەوە.
بەڵام ھاونیشتمانیان و لایەنە کوردستانییەکان دژی ئەو ماددەیە خۆپیشاندانێکی فراوانیان لە ٢٨ تەمموز ئەنجامدا و بەھۆی کردەوەیەکی تیرۆرستیەوە چەندین ھاووڵاتی شەھید بوون، ئەمەش وایکرد سەرۆک کۆماری عێراق ڤیتۆ بەکاربێنیت دژی ئەو یاسایە و بیگەرێنێتەوە بۆ پەرلەمان.

بۆ ئەو مەبەستە جارێکیتر پەرلەمانی عیراق لە ٨ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٨ بە جۆرێک یاساکەی دەرچواند بە ھەمان ناوەڕۆکی ماددەی ٢٤ پێشوو كه لە ماددەی ٢٣ لە ٧ بڕگە دیسانەوە جێگر کران وە لە بڕگەی دووەمی ئەو ماددەیە ھاتبوو کە لیژنەیەک درووست بکرێت لەسەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکەنی شاری کەرکوک بۆ پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران و نەھێشتنی زیادەڕۆی و دابەشكردنی‌ پۆستەکان... . بەڵام ئەو لیژنەیە درووست نەکرا و ھەڵبژاردنیش بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجام نەدرا.

کەواتە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەزۆرینەی لیستی برایەتی و پارێزگای کەرکوک و بەشێکی زۆر لە بەرێوەبەایەتیەکان و دەسەڵاتەکان بەدەستی حزبە کوردستانیەکانه‌وە مایەوە بۆ ٤ ساڵی تر .کەواتە با لەخۆمان بپرسین لەم ٤ ساڵەشدا چیمان کرد بە غەیری ململانێ و نادادوەری و گەندەڵی ـ؟ لەبەر ئەوە باشترە گلەیی و ڕەخنە لەوانی تر نەگرین و خۆمان بە بە ر پرسیار بزانین.
بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٣ـ دیسانەوە گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھاتە ئاراوە، لیستی برایەتی کەرکوک تانەی لە ماددەی ٢٣ی یاساکەدا ولە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمار کرد ، چونکە ھەڵبژاردن لەبەر ڕۆشنایی ئەو ماددەیەدا بە قازانجی نەیارەکان دەشکایەوە .بەخۆشحاڵیەوە دادگای فیدراڵی لە ٢٠١٣/٨/٢٦ بڕیاری لە نادەستوری چەندین بڕگەی ئەو مادەیەدا ، ئەمەش وایکرد ھەڵبژاردن لەکەرکوک ئەنجام نەدرێت . بەمەش چوار ساڵیترمان بەدەستەوە بوو کە بەداخەوە نەتوانرا سوودی لێوەر بگرین و کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەین. بۆیە دووپاتی دەکەمەوە و دەڵێم خۆمان بەرپرسیارین و باشترە یەخەی خۆمان بگرین.

لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر و لە ئەنجامی ئەو گۆرانکارییەی بەسەر شاری کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێمدا داھات، لایەنە ناکۆکەکان بەردەوام به‌بەرنامە کاریان دەکرد تا دەسەڵاتی لایەنە کوردستانییەکان لاواز بکەن و شوێن پێی خۆیان بەهێزتر بکەن، ھەر بۆیە جارێکیتر لەسەر و بەندی داڕشتنی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠١٨ و گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھاتە ئاراوە .نوێنەرانی کەرکوکی خولی سێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ٦ خاڵ رێکەوتن و ماددەی ٣٥ی یاساکەیان تایبەتکرد بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ـ بەڵام لە دوای ساڵێک بەسەر دەرچوانی ئەو یاسایەدا لە ٢٢ تەمووز ٢٠١٩ یاساکەیان ھەمووار کردەوە، دوو بڕگەیان بۆ ماددەی ٣٥ و دوو بڕگەش لە ماددەی ٤٧ یان زیادکرد کە ھەمان مەرجی ساڵانی پێشووی نەیارەکانن کە لە عەرەب و تورکمان بوون، سەبارەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک. شایەنی باسە فراکسیۆنە کوردستانیەکان لەم پرسە گرنگ و چارەنوس سازە ھاوھەڵوێست نەبوون کە تەنھا یەک فراکسیون بایکۆتی کرد.
بۆیە پێویستە لە خۆمان بپرسین لەم بارودۆخەدا لەم ململانێ و دابەشبوونەی لایەنە کوردستانیەکاندا دەتوانرێ ھەوڵەکان چڕ بکرێتەوە وھەموواری ئەو یاسایە بکرێتەوە؟ دەتوانرێ لە ھەڵبژاردنی نیسانی ٢٠٢٠ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا سەنگ و قورسای خۆمان بپارێزین ؟ئەرێ بەڕاست دەتوانرێ ماددەی ١٤٠ بەھەموو ئە و ئاڵۆزی و ناکۆکیەکانیەوە لە چۆنیەتی ئاساییکردنەوەو سەرژمێری و ڕاپرسی جێبەجێ بکرێ لەم زەرف و زەمەنەدا ؟بەڵێ وەڵامەکەی لای من ڕوون و ئاشکرایە نه‌خێره و ناکرێت و باشترە وازبێنن لە گەوجاندنی خەڵکی شاری کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم. بەڵی لە جەوھەردا ئێوە راستگۆ نەبوونە و کارتان نەکردووە بۆ چارەسەرکردن و بە یاساکردنی کێشەکان، ئێوە ھەر خەریکی ململانێی یەکتربوونه و دابەشکردنی پلە و پۆسته‌كان پارتی و یەکێتی. ئەوەی کە لاتان گرنگ نەبووە مادەی ١٤٠و چارەسە رکردنی کێشە ی ئە و ناوچانە .


AM:10:14:27/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 4748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی