بۆ چی لیستی ئافرەتان له بازنه ی‌ سلیمانی‌؟

‌ ئەبوكاروان


حزبی شیوعی کوردستان لە بازنەی سلێمانی بۆ ئەم خولەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستێکی "ئافرەتانی" پێکھێناوە بۆ کێبڕکێکردن و بەدەستھێنانی کورسی لە پەرلەمانی ناوبراودا.

ئەم ھەنگاوەی حزبمان، حزبی شیوعی کوردستان مانۆڕێکی تەکتیکی و کاتی نییە، تاوەکو لەڕێگەیەوە سەرنجی دەنگدەران بەلایخۆیدا ڕابکێشت بەمەبەستی بەدەستھێنانی متمانەی دەنگدەران، نا، بەڵکو ئەوە ڕەگێکی ستراتیژی قوڵی ھەیە لەدونیابینی ئێمەدا، ڕەگێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بەدیاریکراوی 
ساڵانی سەرەتای دروستبوونی حزبی شیوعی عێراق.
ڕێڕەوی تێکۆشانی شیوعیەکان ھەر لەخەباتی دژ بەداگیرکاری و ئیمپریالیزمی ئەوکات بۆ ڕووبەڕبوونەوەی فیوداڵیزم و ڕژێمی پاشایەتی بەدەر نەبوو لە بەشداری کارای خەباتگێرانی ئافرەتان، لەو سەردەمانەدا ئافرەتان ڕۆڵێکی کاریگەیان دەبینی و ڕووبەڕووی زۆر تەحەدای گەورە دەبوونەو بەشداری چالاکی و جوڵاتەوەکانیان دەکرد.. دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨، یەکەمین ئافرەت لەعێراقدا کە پۆستی وەزاری وەردەگرێت ھاوڕێیەکی ئافرەتی شیوعی "نەزیھە الدلێمی" دەبێت.

دواتر ھەر لەگەڵ گەیشتنی فاشیزمی بەعس بەدەسەڵات ھاوڕێیانی ئافرەت شانابەشانی ھاوڕێیان لەتەواوی عێراقدا دەستیان دایە کۆڕی خەبات و لەو مەیدانەشدا قوربانی گرانبەھاو گەورەیان بەخشی، کەلێرەدا نەدەرفەتی باسکردنی شەھیدبوون و لەسێدارەدانیان ھەیە لەسەر دەستی حکومەتەکانی عێراق، نەدەتوانین بەتەواو حەقیان بدەین، ئەو ڕێڕەوە شکۆمەندانەی ئافرەتانی شیوعی ودۆستەکانیان پاش ساڵی ١٩٧٩ لەخەباتی شاخیشدا درێژەی ھەبوو تاکو ڕاپەڕین مەزنەکەی ئادار.

کەباسی مێژوو دەکەم مەبەستمە ئەوە ڕوونبکەمەوە حزبی شیوعی، حزبێکی نەبووە خەبات بکات بە جیاوازی ڕەگەزییەوە، بەلای ئێمەوە تەنانەت خەبات بۆ پرسی ئافرەتان و بەدیھێنانی مافە ڕەواکانیان و نەھێشتنی جیاکاری ڕەگەزی و ڕووبەڕبوونەوەی توندوتیژی دژیان و نەھێشتنی دیاردە ناشیرینەکانی وەک خەتەنەکردنی مێینە و زوو بەشوودان و بەزۆر بەشوودان و ژن بەژن و بەکارھێنانی ئافرەتان لەبری خوێن لە سوڵحی عەشایەریدا و فرەژەنی و رێگەگرتن لێیان لەکارکردن و دوورخستنەوەی کچان لەخوێندن، بەتەنھا بەکاری ئافرەتان نییە، بەڵکو ئەو دیارانە و خەباتی ئافرەتان بەھاوکاری و ھەرەوەزی پیاوانی پێشکەتووخواز بەڕێگایەکی دروست دەزانین، کێشەی ئافرەتان بەلای ئێمەوە کێشەی مرۆڤە و ھەر دەبێ مرۆڤیش بەھەردوو ڕەگەزەوە خەبات بۆ چاککردنی بکەن.

بۆیە ھەر لەو ڕوئیاو و دیدە ئینسانییەوە کۆمەڵێک ئافرەتی سەنگین و تێکۆشەر و لێھاتوو کاندیدی ئێمەن تاوەکو لەپەرلەماندا وەک مەیدان و دامەزراوەیەکی گرنگی وەک ببنە نوێنەرمان وداکۆکی لەمافی خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکان بکەن..

بۆیە پێویستە ئەوماوەیەی داھاتوو بقوزینەوە بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک و دەنگدەرانی بەمەبەستی متمانە بەخشین بە لیستی ژمارە ١٤٧ی حزبی شیوعی کوردستان و لە نێویانیشدا لیستی ئافرەتانی بازنه ی‌ سلێمانی کە جیاوازیەکەی ئەوەیە لیستێکی ئافرەتانەیە، ئافرەتگەلێک کە بەھەموو مانایەک خەسڵەتەکانی سەرکردایەتیکردن و پەرلەمانتارییان تێدا ھەیە.


AM:11:26:16/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 21233 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی