مامۆستا مەحمەمەد فەرەج وای گووت؟

‌ ئەبوكاروان

 رێكەوتی‌ ٢٠١٥/١١/٥ لە سێیەمین رۆژی دیداری "میری"دا، لە پایتەختی هەرێمی كوردستان، كە تەرخان كرابوو بۆ هەریەك لە "دكتۆر رۆژ نوری شاوەیش، عەدنان موفتی، مەحمەد فەرەج، عەلی باپیر، شۆڕش حاجی" وەك نوێنەری پێنج حزبەكوردستانیەكە، "پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو، گۆڕان، كۆمەڵ"، بۆچون و قسەی خۆیانیان كرد، لای من دەربڕینی بۆچون یان هەر قسەیەك ئاساییەو مافی هەموو كەسێكە، هەروەك پێم وایە بەشێك لەو بەڕێزانە لە دیدو بۆچونیان ئامانجەكانیان پێكا.

 ئەوەی بەلامەوە نامۆبوو، بەشێك لە قسەكانی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان "مامۆستا مەحمەد فەرەج" بوو، كە باسی ئەوەی كرد "حزبی واهەیە یەك پەرلەمانتاری هەیە، بەڵام بەقەد فراكسیونیك قسەدەكات، یان جاریكی‌ تر جه ختی‌ لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە پێنج حزبەكە كۆببنەوەو بگەنەڕێكەوتن".

 من لێرەوە بە مامۆستا مەحمەد فەرەج دەڵێم: بەراست قسەكردن بە زۆری پەرلەمانتارە یان كەم؟ ئایا ئێوە بڕواتان بەوە هەیە كە زۆربەی كات رای یەك كەس لە رای زۆرینە راست ترو دروسترە؟ خۆ ئەگەر نموونەشت دەوێ‌، ئەوا دەبێت بە ڕەوانتر پێت بڵێم ئێوە "پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ" زۆرینە بوون، قسەی زۆرتریش بۆ ئێوە بوو، لە زۆربەی ئاستەكان، كەواتە بۆچی نەتانتوانی كوردستان لەم دۆخە خراپ و نەخوازراو قەیراناوییە رزگاربكەن؟ بەڵكو بە پێچەوانەوە هەرپێنج تان هۆكاری سەرەكی بوون بەم دۆخە؟

 بەڕێزم: ئەوە كێیە یەك پەرلەمانتاری هەیەو بەقەد هەمووكەس قسەدەكات؟ ئەگەر ئەو كەسە خاوەنی دیدو بۆچونی نیشتمانی و نەتەوەیی و پەیامی راستەقینەی خەڵكە، دیارە ئەو راستگۆترە لە وانەی بەناوی زۆرینەوە خۆیان كردوە بە نوێنەری خەڵك و هەموو شتێك بەناوی خەڵكەوە دەڵێن و ئاگاشیان لە خەڵك و مەینەتیەكانی خەڵك نیە؟

ئایا جەنابتان بڕواتان بەقسەی رۆشنبیرێك نیە، كە تاسەرئێسك لە دڵسۆزی و پەرۆشیەوە قسەدەكات؟ كەچی ئەم رۆشنبیرە نەئەندامی حزبەو نە پەرلەمانتاریشە، بەڵام قسەی جددی و بوێرانەو دڵسۆزانەی خۆی هەیە، كەچی جەنابتان بەم دەربڕینەتان سوكایەتی بە تواناو دڵسۆزی ئەو رۆشنبیرانەش دەكەن؟

 من بەبەڕێزتان دەڵێم: كەی وەك پێنج حزبەكە، كۆتایی بەم دەربڕینە نالۆژیكیە دێنن؟ كەی دەگەڕێنەوە لای بەرژەوەندی گشتی خەڵك و كۆتایی بە بەرژەوەندی تایبەتی حزبەكانتان دێنن؟ كەی دەتوانن ئاوێنەی راستەقینەی كێشەو گرفتەكانی خەڵك بن؟ كەی دوور لە مەرامی تایبەت هەمووشتەكان وەك خۆیان دەڵێن؟ یان ئەگەر باسی زۆرینەو كەمینە دەكەن، خۆ ئێستا كاتی ئەوەیە چەمكی پێنج حزبەكە بۆ دووحزب و بۆ سێ‌ حزب و بگرە بۆ ژمارەیەكی زۆرتریش بگۆڕێ‌، چونكە واقیع ئەوەی سەلماند، كلتووری پێنج حزبەكەو كاریگەرییان بەسەر دۆخەكەوە، لە هەموو شتێك نەخوازراوترە؟

 بۆنموونە ئێستا كێشەی گەورە لەنێوان "پارتی و گۆڕان"ە، یەكێتی نیشتمانی زۆرتر لەهەموولایەك باسی چارەسەردەكات و ژمارەی كورسیەكانیشی كەم نین و له هه ردوو لایه نه وه نزیكه، ئەی بۆچی داوا ناكەن كوبونه وه ی‌ سی‌ قولی‌ ئه نجام بدریت و ئەمە بكرێتە پێوەر بۆ چارەسەر؟ یان جگە لە "پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو" حزب و لایەنی تر هەن و هەڵوێست و دیدی ڕوونیان هەیە بۆ چارەسەر بۆچی بەڕێزتان نادیدەی دەگرن و بە رستەش باسی ناكەن؟

 بە كورتی من پێم وایە ئێوەو تەواوی ئەو بەڕێزانەشی كە لەسەر بنەمای رێكەوتنی پێنج حزبەكە دەتانەوێ‌ كۆتایی بەم دۆخە بێنن، ناتوانن هەنگاوێك بچنە پێشەوە، چونكە بیرتان دەخەمەوە ئەوەی ئەم دۆخەی هێنایە پێشەوە رێكەوتنی ناواقیعیانەی نێوان پێنج حزبەكە بوو، بەبێ‌ تێپەڕاندنی ئەو واقیعەی رێكەوتنی پێنج حزبەكە مەحاڵە بتوانرێ‌ بگەنە دەرەچەی پیویست بۆ دەربازبوون لەم دۆخەو قەیرانەكانی.
 
ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان


PM:12:16:06/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 4199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی