ئەو قۆڵبڕە سیاسیانەی خەڵكیان نائومێد كرد

‌ ئیسماعیل عەبدوڵا


دروستبونی گۆڕان، دروستبونەوەی ئومێد بوو لای خەڵكی، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە دەیوت: گەنجان هێزێكی گەورەن بۆ ئێمە، هەموكات پاڵپشت و پشتیوانیان بوو، زۆرێك لەوانەی كە لە رابردودا كەس نەیدەناسین، گەیاندنیە لوتكەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی، بوون بە ئومێد و تروسكایی سەدان هەزار دەنگدەری ڕەشوروتی گۆڕان، ئەو گەنجانە لەسەر رەنج و ماندوبون و سزادان و نانبڕین و هەڕەشە و لێدانی سەدان و هەزاران هەڵسوڕاوی گۆڕانە چونە پێگە و بەرپرسیارێتی گەورەوە.
 
بەڵام دواجار بەشێكی زۆریان بون بە قۆڵبڕی سیاسی و بە دەمامكێكی ساختەوە و دوای كۆكردنەوەی سەروەت و سامانێكی زۆر لە سایەی پێگەكانەوە، دێن و دەڵێن گۆڕان نین و گۆڕان لە رێبازەكەی لایداوە.

هەموو هەڵسوڕاوێكی دڵسۆز و خاوەن ویژدان مافی رەخنە و گلەیی و توڕەبونی هەیە لە بزوتنەوەكەی، ئەوانەی كە رەخنەی جدی و راستەقینە دەگرن، ئەوانەن كە شەو و رۆژیان بۆ پشتیوانی ئەم بزوتنەوەیە خستبوە سەریەك بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ دەستكەوتێكی مادی بن، خەونی ئەوان بەدیهێنانی دادپەروەری و نەهێنشتنی گەندەڵی و مەحسوبیەت بوو، بەڵام ئەوانەی دوای ئەوەی لە سایەی گۆڕانەوە موچەی خانەنشینی مفت و پارە و سەروەتی زۆریان وەرگرت، دەڵێن گۆڕان لە رێبازەكەی لایداوە و خەڵك بێ ئومێد بوە لێتان، راستییەكەی ئەوە ئێوەبون كە خەڵكتان بێ ئومێد كرد، ئێوەبون ئاوتان ئەكردە ئاشی هێزەكانی دەسەڵاتەوە.
 
ئێوەبون رەنج و ماندوبونی هەزاران هەڵسوڕاو و دەنگدەری گۆڕانتان دا بەدەم با-وە، پێش رەخنەكانتان، وەرن و دەستبەرداری موچەی مفتی خانەنشینی و ئیمتیازاتەكانتان بن، ئەو شتانە بدەنەوە بە گۆڕان كە لە سایەی هەڵوسڕاو و دەنگدەراندا بەدەستتان هێنا، ئەوكات ئازادن لە رەخنە و هەڵسەنگاندن، بۆیە ئەوە گۆڕان نەبو كە خەڵكی نائومێد كرد، بەڵكو ئێوەی قۆڵبڕی سیاسی بون كە خەڵك و دەنگدەر و هەڵسوڕاوانی گۆڕانتان لەم قۆناغەدا بێ ئومێد كرد، بەڵام دڵنیابن لەوەی كە داواجار ئێوەن لە بێ ئومێدیدا سەردەنێننەوە و مۆمەكەی گۆڕانیش بە ئومێدەوە هەردەم بۆ ئاسۆ دەڕوانێت.


PM:03:35:20/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی