ڕێككەوتنی نوێ

‌مه‌سعودی‌ مه‌لا هه‌مزه‌

پارتی و یەكێتی لەدوای زنجیرەیەك گەڕی شەڕی نێوانیان، دواجار و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە پێویستە ڕێكبكەون و بەهاوبەشی ئیدارەی كوردستان بكەن، كردیان و ڕێككەوتننامەی ستراتیژیان لەنێوان خۆیان واژوو كرد، لەژێر بەندەكانی ئەم ڕێككەوتننامەیە ماوەیەك كوردستان بە بارودۆخێكی زۆر باش و تایبەت تێپەڕی و كورد بە یەكدەنگی خۆی توانی لە بەغدا ڕۆڵێكی باشترو كاریگەرتری هەبێ و نەیارانی كوردیش زیاتر حیسابیان بۆ كورد دەكرد.

ئەم قسانە مانای وانییە، ڕێككەتننامەی ستراتیژی بێ كەموكوڕی نەبووەو لەو ماوەیەدا كوردستان هیچ كێشەیەكی نەبووە، بەڵێ ڕێككەوتننامەكە و بەشێك لە بەندەكانی كەموكوڕیان تێدابوو، هاوكات هەریەك لە پارتی و یەكێتی بە خوێندنەوەی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ ڕێككەوتنەكە كردو دواجار بە جۆرێك لە جۆرەكان ڕێككەوتننامەكە كەوتە سووڕی متبوونەوە.

ئێستا، كە ماوەیەكی زۆرە ئەو ڕێككەوتننامەیەی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی هاتووەو باڵانسی هێز لە كوردستان گۆڕاوەو وەك بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی دەیڵێن پارتی هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی كۆنتڕۆڵكردووەو بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی تر بڕیاری تاكلایەنە دەدات.

ئێستا كە یەكێتی و پارتی دەیانەوێ ڕێككەوتنێكی تری نوێی سیاسی لەنێوانیان ئەنجام بدەن، بە ئامانجی یەكخستنی هەڵوێست و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە حوكمڕانی و یەكدەنگیان لە پرسەكان لەهەرێم و بەغداو كەركووك بەیەكەوە.

لەملاو لەولا بەشێك لە سەركردایەتی پارتی و هەندێكیش لە لایەنەكانی تر پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەكەنەوە گوایە یەكێتی لەم ڕێككەوتنەی دەیەوێ بە ٢١ كورسییەوە ٥٠ بە ٥٠ حوكمی كوردستان بكا، ئەم قسەیە تێنەگەیشتنە لە پڕۆژەكەی یەكێتی یان هەوڵدانە بۆ بەلاڕێدا بردنی ناوەرۆكەكەی، كەواتا دەبێ بپرسین یەكێتی لەم پڕۆژەیە چی دەوێ؟ ئامانجی چییە و چی مەبەستە؟ ئاشكرایە لەو ساڵانەی دوایی بەگشتی و ٤-٥ ساڵی كۆتایی بەتایبەتی بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكان گلەیی ئەوەیان هەبوو كە هەموو سێكتەرە گرنگەكانی وەك (دارایی، نەوت، سیاسی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، هێزی پێشمەرگە) لەلایەن پارتییەوە قۆرخ كراوە و بڕیاری تاكلایەنەی لێ دەدرێ، كەواتا گرنگە یەكێتی لەم پڕۆژەیە بتوانێ:

یەكەم: هاوسەنگی لە بڕیاری سیاسی بگێڕێتەوە و هەموو لایەنەكان بەگشتی و یەكێتی بەتایبەتی بەشداربێ لە بڕیارە سیاسییەكان.

دووەم: مەلەفی نەوت و دارایی شەفاف بێ و سەرجەم داهات و خەرجییەكان شەفافانە بگەڕێتەوە بۆ حكومەت و لایەنەكان ئاگاداری وردەكاری چۆنیەتی ڕێككەوتنەكان بن و ئەنجومەنی نەوت و گاز ئەكتیڤ بكرێتەوە.

سێیەم: پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداو ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكانی نێوانیان هەردوولا لەدەستی حزب نەبێ و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانیان لە حكومەت ئاگاداری وردەكاری ڕێككەوتنەكانی دەرەوە بن.

چوارەم: پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان و ئیدارەدانی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گەلی كوردو دەرهێنانی لەدەستی لایەنێك، بە جۆرێك كەهەموو پەیوەندییەكان بۆ لایەنێكی سیاسی قۆرخ نەكرێ.

پێنجەم: یەكگوتاری لەهەرێم و بەغداو كەركووك، ناكرێ لەهەرێم پارتی و یەكێتی و هێزە سیاسییەكان هاوبەش بن لە حوكمڕانی، بەڵام لە بەغداو كەركووك دژی یەكتر بن و هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانیان نەبێ و دژی یەكتر بوەستنەوە، یان پارتی بیەوێ لە هەرێم پشتگیری لە كاندیدەكانی بكرێ و خۆشی دژی كاندیدەكانی یەكێتی بێ لە كەركووك و بەغدا.

بەم خاڵانەی سەرەوەو چەند خاڵێكی تر كە یەكێتی مەبەستیەتی لە پڕۆژە نوێكەی لەگەڵ پارتی جێگیری بكا، دەتوانرێ كوردستان ببرێتە قۆناغێكی تری نوێ و پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر بێ و لە كوردستانیش حوكمڕانیەكی باشترو تەندروستتر بكرێ بۆ خزمەتكردنی زیاترو باشتری هاووڵاتیانی كوردستان.


AM:10:42:11/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 1532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی