ئایا عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدا؟

‌دییه‌ عه‌لی‌

ئەوەی لەماوەی پێشوودا کرا؛ بۆ بەستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبەغداوە؛ شتێکی نوێ نییە و پێشتریش لەسەردەمی عەبایدا؛ هەوڵی زیاتر هەبوو؛ بەڵام ئەنجامەکەی هەر بێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو..

لەماوەی پێشوودا هەریەکە لە رێبوار کەریم؛ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی پێشوو؛ سروە عەبدولواحید؛ پەرلەمانتاری پێشووی  گۆڕان کەئێستا بەرپرسیاری کاروباری حزبەکەی شاسواری برایەتی(نەوەی نوێ) لە بەغدا؛ باسیان لەوەکرد؛ کە 120 ئیمزایان کۆکردووەتەوە لە ناو پەرلەماندا؛ بۆئەوەی لەرێگای ژمارە بانکییەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم مسۆگەر بکەن لەلایەن بەغداوە؛ ئەم کارانە هەرچەندە زیاتر هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردەوە لە بەغدا و لەوپێناوەشدا سڵ لە هیچ کارێک ناکەنەوە؛ ئەگەرچی پێشتر ئەزمونمان لەگەڵ ئەم کارانەدا هەبووە و ئەنجامەکەی جارێکی تر بێهیوابونی فەرمانبەرانی هەرێم بووە.

هەرچەندە فەرمانبەران مافی خۆیانە لەبری ئەو کارەی دەیکەن؛ مانگانە موچەی خۆیان وەربگرن. بەڵام تاوانێکی گەورەیە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران بکرێ؛ لەپێناو دەستکەوتی سیاسی خۆتدا.

بۆچی پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران هەرێم بۆسەر بەغدا سەرکەوتوو نابێ؟
رەنگە پرسیاری سەرەکی ئەوەبێ؛ ئایا ئەم پرۆژەیە سەرکەوتوو دەبێ؟ ئایا حکومەتی هەرێم ڕازی دەبێ؟
ئایا حکومەتی عێراق دەچێتەژێرباری ئەم پرۆژەیەوە؟

 ئەمانە و دەیان پرسیاری تر؛ دێنە پێشەوە و پێویستیان بەخوێندنەوەی ورد و دروست هەیە؛ ناکرێ هاکەزای وەڵامی پرسیارەکان بدرێتەوە؛ بەڵکو دەبێ بە ئارگۆمێنتی عەقڵانی و فاکت وەڵام بدرێتەوە.

ئەگەر بیرتان بێ؛ ساڵی 2018 دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم؛ توشی قەیرانی سەختی دارایی بوو؛ جارێکی تر چ بەشێکی موچەخۆران و چ بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەم بەیت و بالۆرەیان دایەوە بەگوێی فەرمانبەراندا؛ ئەوەبوو؛ حەیدەر عەبادی؛ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق؛ لیژنەی خۆی نارد بۆ چەند بەرێوەبەرایەتیەک و ماوەی دوو بۆ سێ مانگ ئەم بابەتە؛ بووە باسی گەرمی میدیاکان؛ بەڵام دواتر بەبێ هیچ بیانویەکی قایلکەر؛ عەبادی کشایەوە و موچەخۆرانیش جارێکی تر بێ ئومێد کرانەوە و موچەیان نەدی.

هەرچەندە ئەم بابەتە رێگری دەستوریشی هەیە و بەپێی ماددەکانی 117 و 121؛ داننراوە بە حکومەتی هەرێم و ئەو دەسەڵاتانەی هەیبووە؛ پێش ساڵی 2005؛ واتە ئەگەر حکومەتی عێراقیش بیەوێ ئەم کارە بکا؛ ئەوە حکومەتی هەرێم دەتوانێ سکاڵا لە دادگای فیدراڵی بکا و بەپێشێلکردنی دەسەڵاتەکانی؛ ئەوەش دەبێتە رێگری جدی و دەست و پێی حکومەتی عێراق دەبەستێ.

لەلایەکی ترەوە؛ حکومەتی عێراقیش حاڵی لە حکومەتی هەرێم باشتر نیە و داهاتی یەکسان نییە بەخەرجی؛ بۆیە بەوتەی عەلی عەلاق؛ وەزیری دارایی و ئابوری عێراق؛ عێراق مانگانە 5 ملیۆن دۆلار کورتهێنانیان هەیە؛ ئەوە لەکاتێکدایە؛ حکومەتی عێراق 170 ملیار دۆلار قەرزارە و بەبێ قەرزی ئەم 12 ترلیۆن دینارەیتر؛ بۆ ئەم ساڵ.

بۆیە؛ ئەم فاکتانە پێمان دەڵێن؛ عێراق بەهیچ شێوەیە نایەوێ بچێتەژێرباری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە کەنزیکەی 900 ملیار دینارە؛ چونکە عێراقێ 320 ملیار دینار رەوانەی هەرێم ناکا؛ کەپێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە؛ ئیتر چۆن دەچێتە ژێرباری 900 ملیار دینارەوە؟!

بۆیە ئەگەر من بم لەبری پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کارە دروستەکە دەکەم؛ چونکە ئەوان پارێزەری مافەکانی کوردن لەعێراق؛ بۆ ئەوەش خۆم قەرزاری بەردەم خەڵک و خواداش نەکەم؛ شەڕی سەرەتا و کۆتایم بۆ مافەکانی کورد دەکرد؛ چاوەڕێی پرۆژە یاسای بودجەی 2021م دەکرد و هەموو هەوڵێکم دەدا؛ بۆ ئەوەی هەرێم عێراق بگەنە رێککەوتنێکی باش و گشتگیر؛ بۆئەوەی چیتر موچەخۆرانی هەرێم زەرەرمەند نەبن. 

روون و ئاشکرایە؛ ئەو 320 ملیار دینارەی کە حکومەتی عێراق دەینارد کەمترە لەمافی کورد؛ بەڵام ئەوان ئەوەش بەکورد ڕەوانابینن؛ هەر دەیانەوێ هەرێم بەیەکجاری تەسلیمی ئیرادەی عێراق ببێ  و حسابی پارێزگایەکی تری عێراقی بۆ بکەن؛ بۆیە کە سەیری پانۆرامای ململانێکانی عێراق و هەرێم دەکەی؛ بەئاسانی لەوە تێدەگەی؛ عێراق لەم قەیرانە سەختەی ئابوریدا؛ ناچێتەژێرباری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم؛ چونکە عێراق لەباشترین حاڵەتدا؛ عێراق دانیناوە بە 672 هەزار فەرمانبەردا؛ بۆیە ئەم پرۆژەیە؛ عەقڵ و لۆژیک پێمان دەڵێ سەرکەوتوو نابێ؛ ناکرێ فەرمانبەران جارێکی تر بێ ئومێد بکرێنەوە.


PM:03:30:23/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 2464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی