‌بۆ سەرۆکی پەرلەمان: چاوەڕوانی ھەڵوێستی پاش واژۆ نەکردنەکەتین
PM:12:16:07/05/2020
سۆران عومه‌ر

پاش واژۆ نەکردنی بەرنامەیەکی کار بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، چاوەڕێ دەکەین وەھا کۆبونەوەیەکیش بەڕێوە نەبەیت کە پارتی بەبێ گوێگرتن بۆ ڕازی نەبونی بەڕێزتان بەرنامەی کاری لەگەڵ سکرتێر واژۆکرد، ئەمە چەند بۆ ئێمەیە ھێندە زیاتر بەرامبەر دەسەڵاتی تۆیە تا بڵێن چیمان بوێ دەیکەین! با بیکەن وەک چۆن دوو ساڵ پەرلەمانیان داخست.

ئەمڕۆ چاوەڕوانی ھەڵوێستی واژۆ نەکردنەکەتین تا کۆبونەوەکەیان بۆ نەبەن نەڕێوە.

بۆ پەرلەمانتاران:
دەنگ مەدەن بە بێدەنگ کردنی خۆتان!

ئەمڕۆ پارتی دەیەوێ دوا بزمار لەتابوتی پەرلەمان بدات، بەناوی ھەڵگرتنی پارێزبەندیەوە دەنگتان پێ بدات بە بێدەنگ کردن!

داواکارم تەسلیمی ئەو ئیرادەیە نەبن، ئەو ٧ فراکسیۆنەو سەربەخۆکان کە دوێنێ لە یاداشتێک دا دژی ئەو کارە ھەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند پێویستە ئەمڕۆ نەچنە ھۆڵی پەرلەمان، لێگەڕێن با پارتی بەتەنھا ئەم گاڵتەجاڕیە ئەنجام بدات.

باشترین بژرادە بۆ ڕەدکردنەوەی ئەم کودەتایەی پارتی لەسەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەشداری نەکردنە لە وەھا کۆبونەوەیەکدا تا بزانرێ کێ نیساب بۆ پارتی تەواو دەکات!

بۆ پێکھاتەکان:
مەبن بەدارشەقی پارتی دژ بە ئێمە!

پێکھاتەکانیش وەک چۆن لەھەڵبژاردن دا نایەنە ململانێی بەدەستھێنانی دەنگ لەگەڵ لایەنەکان پێویستە لەم بابەتانەدا نەبنە بەشێک لەئەجێندای پارتی، ئەگەر نا ئەوان نوێنەرایەتی دەستی دووی پارتی دەکەن کە عەیبەیەکی گەورەیە بەناوی پێکھاتەی ئاینی و نەتەوەییەوە خۆیان نمایش بکەن و لەژێرەوە پارتی بن وەک چۆن ھەندێکیان بەدەنگی زێرەڤانی دەرچوون!

جێی دەس خۆشیە نوێنەری پێکھاتەکانی لیستی رافیدەین و یەکێتی نەتەوەیی ھەڵوێستیان لەو یاداشتەی ٧ فراکسیۆنەکەدا دژی ھەڵگرتنی پارێزبەندی ڕاگەیاندووە، ھیوادارین ئەوانی دیکەش بتوانن تەعبیر لەخۆیان بکەن.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.