هیوادارم ئه‌مڕۆ کەس نەخلیسکێ !

‌سۆران عومه‌ر

هەندێک لەئیحراجی بەشداریکردنیان دەڵێن بەیانی دەچین وا دەڵێین و واقسە دەکەین! لەکاتێکدا ئەوانە نەک ڕووبەڕوو لەئیعلامیشەوە نەیانوێراوە هەندێ ڕاستی بڵێن! 

وەک ئەوەی بڵێی 25 ڕۆژە کۆبونەوەو ڕێکەوتن کراوە وەک زەمینەسازی بۆ کۆبونەوەی سبەینێ تەنها ڕاگەیاندنی ماوەو ئیدی پارەی ژێرزەمینەکان دێننە دەرەوەو موچەی 5 مانگە قەرزەکە دەدەن و داوای لێبوردن لەوەی 12ی ئۆکتۆبەر دەکەن و باررانیش ڕازی دەبێ بە چارەسەری یاسایی کۆتایی هاتنی ولایەتەکەی و یەک دونیاش مۆڕاڵی سیاسی دابەش دەکەن بۆیە هەرچی لەوێ نەبێ زەرەر دەکات !

باوەڕم وایە هەر کەس و لایەک تەسلیم بەئەمری واقع بێ و هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەو ئەمری واقیعە نەدات، پێویستە ببێت بەو لایەنەی وای لەوکردووە ناچاربێ دان بەمری واقیعدا بهێنێ و پشت لەقەناعەتی خۆی بکات، برادەرینە ئەگەر وایە بۆ پرۆژەتان پێشکەش کرد؟ 

ئەگەر ئەوتان بەسەرۆک دەزانی بەئەمری واقیع بۆ واتانکرد؟ با دۆخەکە تێک نەچوایە! خۆتان دەتانوت دەستبردن بۆ پرسی سەرۆک، هەرێمی توشی ئەم ڕۆژە ڕەشەکرد، ئێستەش دەڕۆنەوە سێوی زەرد دەخۆن و کەمێک پێدەکەنن و وەلائتان نوێ دەکەنەوەو بەلاغێکیش بڵاو دەکەنەوە وەک 15 لایەنی کوردستانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، هاوکات وێنەیەکیشی دەڕوات بۆ نوێنەری وڵاتان لەهەرێم پێیان دەڵێن ئەوەتا تەنها دوو لایەن جەنابیان بەسەرۆک نازانن ئەو لایەنانەش هیچ نین کاریگەرییان نیە، دەستان خۆش، هیچ نەبێ بەیانی سەری ڕەش بەسپێتی دەبینن! بەڵام وریابن نەخلیسکێن!

لەیادمە کاتی ئۆپۆزسیۆن بوو، لەگەڵ مامۆستا عەلی و مامۆستا محەمەد فەرەج و کاک نەوشیروان بووم چوین بۆ سەری ڕەش، بەفر سپی کردبوو، کە دابەزین لەئۆتۆمبیلەکان کوڕێکی کاک مەسعود بارزانی وتی؛ کاک نەوشیروان لەسەر بەفرەکەوە مەڕۆ دەخلیسکێی بچۆ سەر فەرشە سورەکە، کاک نەوشیروان پێکەنی، وتی؛ لێمانگەڕێ ئێمە دەمێکە خلیسکاوین، هەمووان زۆر پێکەنین بەو قسەی کاک نەوشيروان...


AM:11:51:26/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 11514 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی