بۆچی خۆپیشاندان شکست دەهێنێ؟

‌شەنکار عەبدوڵا

خۆپیشاندان مافێکی ئاسایی و یاسایی و مەدەنی هەر هاوڵاتیەک؛ یەکێکە لەبنەماکانی دیموکراسی و جۆرێکە لە بەشداری سیاسی؛ کەلەیۆنانی کۆندا؛ ئەوەی هاوڵاتی نەبوایە مافی بەشداری سیاسی نەبوو؛ هاوڵاتیانیش  بەوکەسانە دەوترا؛ کە خاوەنی پیشە بوون؛ بەو هۆیەشەوە کەمترین کەس بەهاوڵاتی دادەنرا و کەمترین کەس مافی بەشداری سیاسی هەبوو.

خۆپیشاندان لەهەرێمی کوردستان و بزات لەسلێمانیدا؛ لەخۆپیشاندانی بەردەرکی سەرای سلێمانی لە 1930ەوە  کە دژی ئینگلیزکرا و عەولە سیسی تێدا کوژرا؛ درێژەی هەبووە و هەرجارە و بەشێوەیەک و بەهۆکارێک.

هەرچەندە خۆپیشاندانی مەدەنی یەکێکە لەرێگاکانی گۆڕانکاری لەوڵاتدا؛ بەڵام ناکرێ هیچکات رێگا بدرێ؛ خۆپیشاندانی مەدەنی بەئاراستەیەکی خراپدا بڕوات و بەجۆرێکە لەمافێکی مەدەنییەوە سەربکێشێ بۆ تاڵانی و وێرانکاری لەدامودەزگاکانی دەوڵەتدا؛ چونکە ئەمە بیانوو دەداتە دەستی دەسەڵاتداران؛ بۆ ئەوەی سەرکوتی بکەن.
 
گرنگیشە دەسەڵات و دەوڵەت یان نیشتیمان لەیەک جیابکەینەوە؛ چونکە دەسەڵاتەکان دێن و دەڕۆن؛ بەڵام نیشتیمان هەر دەمێنێتەوە؛ بۆیە ئەرکی هاوڵاتی هۆشیارە ڕێگانەدا توڕەییەکەی لەدەسەڵات وەهای لێبکا؛ کەزیان لەنیشتیمان بدا؛ چونکە دواجار زیانگەیاندن بەنیشتیمان زیانگەیاندنە بەخۆمان.

لەخۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات؛ کە هاونیشتیمانیان 62 رۆژ لەسەر شەقام بوون؛ چونکە خۆپیشاندانەکە لەپێداویستی قۆناغەکە نەبوو؛ نەیتوانی نەک هەر سەرکەوتووبێ؛ بەڵکو دەستکەوتێکی وەهاشی نەبوو؛ بگرە بەشێوەیەک لەشێوەکان نائومێدی لەناخی هاونیشتیمانیاندا چاند؛ سەرەڕای بونە قوربانی دەیان کەس؛ بەڵام دواجار بەشکست کۆتایی هات.

بۆیە جارێکی تر کەهەنگاوێکی تر دەنرێ بەئاراستەی خۆپیشاندان؛ دەبێ ڕابەرانی خۆپیشاندان؛ هەمان ئەزمونی شکستی 17ی شوبات دووبارە نەکەنەوە؛ بەڵام لەخۆپیشاندانی ئەم دوواییەشدا هەمان ئەزمون بەخراپتر دووبارە کرایەوە؛ بۆیە هەرلەسەرەتاوە دیار بوو ئەنجامەکەی بەشکست کۆتایی دێ.

خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی؛ لە رۆژی 3ی 11ی 2020 لەسلێمانی و لەبەردەرکی سەرا؛ بەبیانوی نەدانی موچە دەستیپێکرد؛ بەڵام ئەگەر دیمەنی ڕابەرانی خۆپیشاندانەکەت بدیایە؛ زۆرئاسان بوو لەوە تێبگەی؛ ئەم خۆپیشاندانەشی وەک خۆپیشاندانەکانی تر؛ کۆمەڵێک خەڵک دەیانەوێ سۆز و ئینرژی فەرمانبەران و گەنجان بەکاربهێنن بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن؛ چونکە لەسەرەتاوە شەڕبوو لەسەر مایکەکە بۆ پەیام و قسەکردن ودواجار خۆ  بەپاڵەوانکردن.

هێزە ئەمنییەکان بەبیانوی نەبونی مۆڵەتی خۆپیشاندانەوە زۆرینەی ڕابەرانی خۆپیشاندانەکەیان دەستگیرکرد و بەگازی فرمێسک ڕێژ کۆتاییان بەخۆپیشاندان لەناو چەقی سلێمانیدا هێنا؛ بەوشێوەیە خۆپیشاندان بەبێ ڕابەر مایەوە؛ بەڵام رۆژانی دواتر لەناحیەی پیرەمەگرون و قەزای سەیدسادق خۆپیشاندان توندتر دەستیپێکرد؛ تەشەنەشیکرد بۆ قەزا و ناحیەکانی تری سلێمانی و بەو هۆیەشەوە بەدەیان خۆپیشاندەر و هێزی ئەمنی بوونە قوربانی و نزیکەی 150 دامودەزگای حکومی و بارەگای حزبی سوتێنران و زیانیان بەرکەوت.

لەدوای ساڵی ۲٠٠٠ەوە خۆپیشاندانێکی زۆر لە جیهاندا بەڕێوەچوو،  هەر لەئەوروپاوە هەتا ئەمریکا و ئەفریقا هەتا دەگاتە ئاسیا، بەڵام بە دەگمەنیان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە،  توانیویانە ژیانێکی باشتر لەوەی پێشووتر دروست بکات.

تۆنی سەغبینی؛ نوسەری دیاری عەرەب لەکتێبی؛ بۆچی چالاکیی گۆڕانخوازانە سەرناکەوێ؟ هۆکارەکانی شکستی خۆپیشاندانەکان لەجیهاندا روون دەکاتەوە و  دەڵێ؛
1_ نەبونی ڕوئیای ڕۆشن و ناڕونی و پەرتەوازەی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەراندا.

2_نەبوونی سەرکردایەتییەکی تۆکمە و خاوەن ڕوئیای فراوان، کە ئەمەش زۆرجار بەربەستی گەورەبوو لەبەردەم
نوێنەرایەتیکردن و کۆکەرەوەی دیدە جیاوازەکانی خۆپیشاندەران.

3_دیدی وێرانکاری بۆ خۆپیشاندان، وەک لە دیدی بونیاتنەرانەی بۆ خۆپیشاندانەکان، کە ئەمە زۆرجار مەبەستە سەرەکییەکەی بەلاڕێدا دەبات و  ئامانجە
سەرەکییەکە ون دەکات.

4_ خراپ بەکارهێنانی میکانیزمەکانی ڕووخانی دەسەڵات، واتە لەبری ئەوە شادەماری سەرەکی حکومەت و دەسەڵاتداران  بکەنە ئامانج، بازاڕ و دامەزراوە ئاساییەکانی حکومەت  دەکەنە ئامانج.

5_پاڵەوانبازی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بەتەنیا بەس نییە بۆ سەرخستنی خۆپیشاندان، بەڵکو ئامادەبوونی مەیدانی گرنگترین کارێکە خۆپیشاندەران کە بیکەن.

لێرەوە من لەتۆنی سەغبینی جیادەبمەوە و پێم وایە نەبونی ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات گرنگترین خاڵێکە کەوادەکا لەئێستادا چ هاونیشتیمانیان بەدگومان بن لەخۆپیشاندانەکان و تەنانەت ڕابەرەکانیش بزانن؛ کە جگە لەپاڵەوانبازی هیچ شتێک سەوزناکەن؛ بۆیە کاتێ ئەم دیدە بەئاشکرا دیاربوو؛ ئیتر مەعلومە کەخۆپیشاندان شکست دەهێنێ و ئەوەی هەموو جارێ دسوتێ جەرگی  دایکانی ئەم نیشتیمانەیە؛ کەبەدرێژایی تەمەنیان بەکامی دڵیان پشوویان نەداوە.

لەلایەکی ترەوە دەستانێکی دەرەکی کەهەمیشە ئامادەییان هەیە بەزووترین کات خۆیان  بگەیەننە ناو هەرێم و لەبنهەنگڵی موچەخۆران و گەنجانی ناڕازی و بێکاردا خۆیان مەڵاس بدەن و لەوێشەوە ئاراستەی خۆپیشاندان بکەن بەئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان؛ بەتایبەتیش ئەم خۆپیشاندانەی کۆتایی؛ کە شاندی هەرێم لەگفتوگۆدابوون لەگەڵ بەغدا و لەو رێگایەوە دەویسترا پێگەی هەرێم لاواز بکەن لەدانوستانەکاندا؛ بەڵام ئەم هەوڵەش شکستیخوارد و ئەمجارەش ئامانجەکەی نەپێکا.

چونکە دەستی دەرەکی بۆی گرنگ نییە ئامانجی خۆپیشاندان چییە؛ بەڵکو ئەو ئامانجییەتی مەرامەکانی خۆی بەدیبهێنێ؛ بۆیە ئەم دەستەش؛ لەبری ئەوەی خۆپیشاندان لەماف و ئامانجەکەی نزیک بکاتەوە بەڵکو دوورتری دەخاتەوە؛ ئەوەش دەبێتە خاڵێکی تری شکست بۆ خۆپیشاندان.


PM:12:01:19/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 2284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی