لە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵاتدا

‌کاوە محمود


ڕوناکبیری ئۆرگانی، و کاریگەری بە سەر وروژاندنی ڕای گشتی لە کۆمەڵدا؟
هەڵوێستی ڕوناکبیر بەرامبەر ڕەفتاری دەسەڵاتی سیاسی؟

پەراوێز خستنی ڕوناکبیر، و کاریگەری نەگەتیفانەی بەسەر پێشخستن و گەشەسەندنی کۆمەڵگا؟

ئەم پرسیارانە لە یەک کاتدا کۆمەڵێک پرسیاری کۆن و نوێن. کۆنن لەبەر ئەوەی پێشتریش وەک مەسەلەیەکی گرێی خراونەتە ڕوو. نوێن  لەبەر ئەوەی تا ئێستا پرسیاری زیندوون و بەشێوازی جۆراوجۆر مشتومڕیان لەسەر دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم پرسیارانە کۆمەڵک بابەتی دیکە دەوروژێن، لەوانە پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیری و سیاسەت، کە بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم هاوکێشەیە کراوە.

نوسین سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنەکانی هاوکێشەکەدا، وا پێویست دەکات ئەو پرسیارانەی لە سەرەتاوە وروژێنراوە، پێناسەی بۆ بکرێت.

دەستەواژەی ڕوناکبیری ئۆرگانی بە شێوەیەکی چڕوپڕ لە لایەن بیرمەندی چەپی ئیتالیانی "ئەنتۆنیۆ گرامشی"یەوە بەکار هێنراوە. گرامشی پێی وایە ئەوانەی ئەرکی فیکری لە کۆمەلگادا ئەنجام دەدەن، دوو بەشن. بەشی یەکەمیان ئەو ڕوناکبیرە تەقلیدیانەن کە سەر لەنوێ بەهاکان بەرهەم دەهێننەوە. نمونەی ئەمانەش پیاوانی ئاینی ومامۆستایانی فەرمی دەوڵەت، وبەرپرسە ئیدارییەکانن. ئەم جۆرە ڕوناکبیرانە، نەوە لە دوای نەوە هەمان ئەرک وکار ئەنجام دەدەن. بەشی دووەمیان ئەو ڕوناکبیرە ئۆرگانییانەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەو چین ودامزراوە بازرگانییانەوە وابەستن کە بۆ ڕێکخستنی بەرژەوەندیەکانیان، و وەدەسهێنانی وزەی زیاتر و توانای کۆنتڕوڵ کردنیان، بە جۆرێکی نوێ بەکاریان دەهێنن. کاتێک سەرمایەداری لە شوێنێکی دیاریکراودا کارەکانی خۆی ڕێک دەخات و چالاکییەکانی سازدەدات، پێویستی بە شارەزایانی بواری پیشەسازی، و وەبەرهێنان، و پسپۆری بواری ئابوری سیاسی هەیە. لە هەمان کاتەدا پێویستیشی بە دامەزراندی ڕۆشنبیرییەکی نوێ و سستمێکی یاسایی نوێ هەیە. لەم حاڵتەدا پرۆسەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی "معرفە"یەکی نوێ دروست دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە گرامشی پێی وابووە کە هەر کەسێک لە بوارێک لە بوارەکانی بەرهامهێنانی "معرفە"دا کار بکات، ئەوە ڕوناکبیرە.

هەڵبەتە ئەم بەرهەمهێنانە نوێیە لە سایەی سەرمایەداریدا یەک جەمسەری نابێ. واتە دەستەواژەی ڕوناکبیری سنوری پەرژەوەندییەکانی سەرمایەدارنیش دەبەزێنێت کاتێک ئەو ڕوناکبیرە هاوپەیمانی هێزەکانی پەرەسەندن وگۆرانکاری دەبێت، و بایەخ بەو زیانانەش نادا کە لە ئاکامی ئەم هەڵوێستەیدا دوچاری دەبێتەوە، و ئەو ڕوناکبیرانەش کە لە قۆناغێکی دیاریکراودا ئۆرگانی سەرمایەداریی گەشەسەندووبوون، دەگەڕێنەوە بازنەیەکی تەقلیدی و سیفەتی ڕوناکبیری ئۆرگانی خۆیان لە دەس دەدەن، و دەکەونە خانەی مامەڵەکردن لە گەڵ زانیارییەکان و تیۆری "معرفە" لە ڕوانگەی بەهاکانی بازاڕ و یاساکانی خستنە ڕوو و داواکردنەوە.

لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە هەردەم ڕوناکبیر بۆ ئەوەی مۆرکی ئۆرگانی خۆی بپارێزیت، دەبێ بێ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە هەموو وزەی داهێنانی خۆی بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵات تەرخان بکات. پێم وایە گرنگ ئەوەیە بە چ میتۆدێک لە گەڵ یاساکانی پەرەسەندن وگۆرانکاری مامەڵە دەکات، هەر لە سەر ئەو بنەمایەش شوێنەواری خۆی لە پرۆژەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات. ئە لێرەدا گرنگ ئەوەیە ڕۆشنبیر تا چ ڕادەیەک خاوەن عەقلیەت وبیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە دوور لە سنوری عەقلیەتی باوی دەسەڵات، و بەجۆرێک دوور لە بیانوو هێنانەوە ، بە پێی میتۆدی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بەها مرۆییەکان، ڕاست و هەڵە دەست نیشان دەکات، و بەها ونەریتی مرۆییانە پێوەری هەڵسەنگاندنی دەبێت.

ئەگەر بمانەوێ دوور لە میتۆدیکی تجریدی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە و ڕەهەندەکانی بکەین، و بە جۆرێک ڕاستەوخۆ کە پەیوەندی بە پێداویستییەکانی گۆمەلگای خۆمانەوە بێت، پێویستە لایەنی بەرامبەری ڕوانکبیر، کە دەسەڵاتە، بە جۆرێک دەستنیشان بکەین کە پێناسەکەی لە سنوری تەسکی دەزگا سەرخانەکان حکومەتدا نەمێنێتەوە.  

کاتێک باس لەو هاوکێشەیە دەکەین کە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ڕوانکبیر دەست نیشان دەکات، مەبەستمان لە دەسەڵات هەموو ئەو پەیوەندییانەیە کە هیمایەکن بۆ خۆسەپاندن و سەروەری و بریار فەرز کردن بە سەر چارەنووسی تاکەکەس دوور لە ئارەزووی خۆی، و کۆنتڕۆڵکردنی عەقلی بەرامبەر، دوور لە بەهاکانی ئازادی ونەریتە مرۆییەکان.

دەسەڵات بەم مانا فراوانەی، ئەرکی خۆی بە شێوەیەکی نادیار یان تەنها لە ڕێگای بەکارهێنانی دامودەزگا داپڵوسێنەرەکانیەوە نابینێت، بەڵکۆ کۆمەڵێک ڕوناکبیری تەقلیدی کە خۆیان بە پارێزەری بەها کۆمەڵایەتی و ئاینیی "وبەرژەوەندییە گشتییەکانەوە" پێناسە دەکەن، ئەم ئەرکە بەجێدەگەیەنن.

بوونی ڕووناکبیرە تەقلیدییەکان گرفتێکی مێژووییە، و هۆکاری سەرەکیی وون بوونی هۆشمەندی و گەڕانەوەیە بۆ سەلەفییەت بە مانا فراوانەکەی ئەم وشەیە، واتە نەک تەنها لە بواری فیکری ئاینیدا، بەڵکۆ لە فیکری چەپ ومارکسیەتدا زەمینەی ئەم سەلەفیەتە لە ئارادا دەبێ کاتێک پێوەرەکان بۆ شیکردنەوە و حاڵیبوون لە دیاردە نوێکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کە هەردەم لە وەرچەرخان وگۆرانکاریدان، هەمان پێوەرە تەقلیدییەکان بن. ئەم حاڵەتە تێکرای بوارەکای ڕوناکبیری دەگرێتەوە، و کاتێک دەبێتە میتۆدێێکی بیرکردنەوە بۆ دانانی چارەسەرەکان، و دەربازبوون لە قەیرانەکان، ئەوا ئەو میتۆدە لە ژیان بەسەربردن لە نێو دەقە پیڕۆزەکاندا دوور لە هەردوو چەمکی کات وشوێن، خۆی دەبینێتەوە.

لە سایەی ڕووناکبیری تەقلیدیدا مێژوو داخراوە. گۆرانییە خۆش و پڕ سۆزەکان تەنها گۆرانییە کۆنەکانن.. تەنها ڕۆمانە کۆنەکان شایەنی خوێندنەوەن.. تەنها شانۆی جاران شانۆ بووە. بلیمەت وزانا گەورەکان تەنها لە سەدەی ناوەڕاست و ئیمبراتۆرییە ئاینییەکان بوونیان هەبوە... ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە و ڕێبازی ڕوناکبیرە تەقلیدییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بگەن دەکرێت، مرۆڤایەتی بەرەو نەزۆکی دەبات.

بەرهەمهێنانەوەی ئەم جۆرە ڕوناکبیرییە، مانای پەراوێز خستنی ڕۆڵی ڕوناکبیری ئۆرگانییە، و سنور دانانە بۆ ڕۆڵی تیئۆری "معرفە" وەک پێوەرێکی ڕوناکبیری بۆ زانینی ڕاستی مەسەلەکان، لە ڕێگای ڕەنگدانەوی واقیع لە فیکر و لە سایەی بنەما ویاساکانی دیالکتیکدا بەو مەبەستەی کە وەبەرهێنانی گۆرانکارییە سروشتی و کۆمەڵایەتی و هزری بۆ بەرژەوەندی پێشخستنی مرۆڤایەتی بێت.

سیاسەتی دەستەمۆکردنی ڕوناکبیران یەکێکە لە ڕەفتارەکانی دەسەڵاتی سیاسی، بەو مەبەستەی ڕوناکبیر لە بەرژەوەندی پێداویستیەکانی دەسەڵات بیر بکاتەوە. هەندێ لە ڕوناکبیران بێ ئەوەی دەسڵاتیش ڕاستەخۆ داوای ئەوەیان لێ بکات، بیرکردنەوەی دەسەڵات وعەقڵی دەسەڵاتداران دەخوێننەوە، و ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن. هەندێکی دیکەیان بە ناچاری و لە ڕێگای فشاری جۆراوجۆرەوە وابەستی خۆیان ڕادەگەیەنن. بەشێکیش لە ڕوناکبیران ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتەی دەسەڵات، لە ڕێگای خۆ پەراوێز خستن، دەبنەوە.

پێم وایە هەلومەرجی ئەمڕۆمان، و خەمخۆری ڕوانکبیر بۆ دواڕۆژێکی گەشەدار بۆ نەوەکانی داهاتوو، پێویستی بە باس کردنی مەسەلەکان هەیە، وەک خۆی کە هەن، و بە جۆرێک خاڵەکان لە سەر پێتەکان دابنرێت. لە فۆلکلۆری گەلاندا دەگێڕنەوە کە تیمورلنگ کاتێک حوکمڕن دەبێت، مەلای مەشهور بانگ دەکات، ولێی دەپرسێ: بە چەند دەمکریت؟ ئەویش پێی دەڵێ بە سەد هەزار دینار. تیمورلنگ پێی دەڵی: لەوە دەچێ کابرایەکی گەوج بیت. من تەنها ئەو خشڵی پێمەوەیە نرخی سەد هەزار دینارە. ملای مشهور پێی دەڵی: منیش هەر پارەی خشڵەکەم وتووە، چونکە خۆت هێچ نرخێکت نییە!    


PM:10:57:28/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 1488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی