ئەمجارەیان نۆرەی حەشدی کوردییە!

‌کاوە محمود


ئەو پێکهاتە میلیشیا و سەربازییانەی کە بە درێژایی میژووی لە تەک هێزی سەربازی نیزامی دەوڵەت لە عێراقدا درووست بووە، بۆ دوو مەبەست بەکارهاتووە.

یەکەمیان: داکۆکیکردن لە رژیمی حوکمران لە ڕێگای بەکارهێنانی هێز و توقاندنی جەماوەر، بە مەبەستی ئابلوقەدانی خەڵکی و چوارچێوەدانان بۆ جموجۆڵی جەماوەری بە جۆریک تێکڕای وزە و توانستی جەماوەر لە چوارچیوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی حوکمران دەرنەچێت.

بە هۆی پێکهاتەی ناتەبای نەتەوەی و تایفەگەری کۆمەلگایی لە عێراقدا، دەسەڵاتداران بیریان لە بەکارهێنانی هێز بۆ سەپاندنی دەسەڵات کردۆتەوە، و پێیان وابوو کە دەربازبوون لە قەیرانی دەوڵەت بە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و هێز دێتە دی. ئەم ئەرکەش تەنها بە بوونی سوپا و هێزی پۆلیسی ناخۆیی نایەتە دی ، بۆیە لە نێو خودی سوپا، هێز و ناوەندی بریاری جیاواز درووست کراوە، و پەنایان بۆ میلشیا و هێزی نا نیزامی بۆ پاراستنی رژێمی حوکمران و سەرکوتکردنی جموجۆلی جەماوەر، بردووە.

دووەمیان: جگە لە هێزی سوپا کە بە شێوەیەکی نیزامی گوایە لە چوارچێوەی دەستور و قانون رێکخراوە، هێزی میلشیا و نا نیزامی لە سەر بنەمای حزبی یان تایفگەری یان نەتەوەیی دژ بەگەلی کوردستان و مافەکانی، درووست کراوە.

لە مێژووی دەوڵەتی عێڕاقدا چەندین هێز لەو بابەتە هەبووە، وەک حەرس قەومی کە میلشیایی حزبی بەعس بوو لە کۆدەتای هەشتی شوباتی 1963دا، و دوواتر هێزی فرسانی عەرەبی کە پەلاماری کوردستانیان دا و دەستیان بە فەرهود و تاڵانکاری و سوتاندنی خاک و گوندی کوردستانیان کرد، و هەر پاش ئەوان هێزی جاش درووست بوو، و جگە لە جەیشی شەعبی و فەوجی خەفیفە و مەفرەزەکانی مستشارە کوردەکان کە ئەنفالیان کرد و لە کۆتاییدا وەک بەرزکی بانان دوور لە عەدالەتی ئینتقالی دەرباز بوون.

دووای گۆڕانکارییەکانی عێڕاق لە 2003 دا کە چاوەڕوان دەکرا گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە بنیاتنانی دەوڵەت ئەنجام بدرێت، و زەمینەیەکی لە باری وا درووست بێت کە متمانەی نێوان حوکمڕانان و گەل هێندە بە هێز بێت کە پێویست بە کارو کردەوەی ئەمنی و سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک و زەوتکردنی ئازادییەکان نەبێت، و حوکمی یاسا سەروەر بێت، و پەیوەندی نێوان کوردستانی باشور و عێراقیش لە سەر بنەمای شەراکەت و توافق  هاوسەنگی بێت، کەچی ڕووداوەکان و ئاراستەی سیاسەتی ناوەندی حوکمران بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆیشت، و ئەوەبوو چاوەرێی هێنانی فرۆکەی ئێف شازدە بۆ بوردومانکردنی کوردستان لە لایەن مالکییەوە دەکرا، و هێزی دیجلە درووست کرا.

لە ڕیگای سیاسەتێکی داڕێژڕاو، کار بۆ لاوازکردنی هێزی سوپا کرا، و هێزی میلشیای تایفەگەری بە شێوەیکی پراکتیکی درووست کرا و بوون بە بەشێک لە شەڕی تایفەگەری بەتایبەتی لە بەغدا و شارە سننە نیشینەکان لە ساڵانی 2006، و 2007دا.

شەڕی داعش و ئەو شکستییە گەورەیەی کە دووچاری سوپای نیزامی عێراق لە موسل و شارەکانی دیکە بۆوە، کە خودی حوکمڕانانی ناوەندی عێراق لێ بەرپرس بوون، باشترین هەل بوو کە بە فتوایەکی ئاینی دوور لە مەشروعیەتی یاسا و بەندی ئاشکرای دەستور کە هەرگیز درووستبوونی هێز و میلشیای سەربازی قەدەغە کردوە، حەشدی شەعبی درووست بێت، و پاشان لە کارێکی نایاسایی زەق ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بریارێکی نادەستوری قانونی ئەو حەشدەی بریاردا.

کارەکانی حەشد لە چوارچێوەی شەڕی داعش نەمایەوە، و ئەو هێزە دووای شەڕی داعش، و لە کاتی حوکمی عەبادی دیسانەوە بە پێچەوانەی دەستور کە بوار نادات هێزی سەربازی لە ناکۆکی سیاسی ناوخۆیی بەکار بێت، بە چەکی ئەمەریکی، و پسپۆر و ڕاوێژکاری ئێرانی بە ڕەزامەندی ئەمەریکا و بەریتانیا پەلاماری کوردستانی دا و کەرکوکی داگیرکرد، و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە نەبوایە، ڕەوشی هەولێر و قەڵاکەی وەک ڕەوشی شاری سەدری بەغدای لێدەهات.

ئەمرۆش حکومەتی کازمی دووچاری فشارەکانی حەشد و دەوڵەتی قوڵ و پەڕەڵێڵ  لە بەرێوەبردنی ئیدارە و حوکم لە عێرقدا و لە بواری  پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەبێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا حکومەتی کازمی سوود لە حەشد و دوڵەتی قوڵ لە سیاسەت و هەڵسوکەوت و فشارخستنە سەر کوردستان وەردەگرێت. بەم جۆرە حکومەتی کازمی و دەوڵەتی قوڵ و حەشد لە بواری مامەڵەکردن لە گەڵ داواکاری و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا، دوو دیوی یەک دراون.

حەشد لە نێو کۆمەڵگای شیعەنشین بە ئاراستەی سیاسی جیاوازەوە بە حەشدی موقدەس ناودەبرێت، و پەیتا پەیتا لق و پۆپی لێ بۆوە، و ئەوە بوو ئاسایش و هواڵگری حەشد و حەشدی تورکمانی، و کلدانی و  شەبک، و ئێزیدی لە شنگال، درووست بوو، و چالاکییەکانی گەیشتە نێو سوریا و پشتگیریکردنی رژێمی ئەسەد.

بەشێکی دیکەی چالاکییەکانی حەشد هەڵوێستیان بوو سەبارەت بە بزافی جەماوەری خەڵکی عێڕاق لە تشرینی 2019 و لە خۆپیشاندانەکانی ناسریە لە 2020، جگە لە حاڵەتەکانی گرتن و بێسەروشوێنکردن کە حکومەت میلشیاکانی بێ تاوانبار دەکات، و بەشداری بەشێک لە حەشد لە ئەنجامدانی چالاکی سەربازی دژ بە هیزەکانی ئەمەریکا و باڵویزخانەی دەوڵەت هاوپەیمانەکان لە عێراقدا.

ئەمڕۆ  بە پێی هەواڵەکان باس لە درووست بوونی حەشدی کوردی لە ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستوری عێڕاق دەکرێت. بەشێک لەو بیانوویانەی کە بەکاردێت بۆ قایلبوون و بەشداری ئەو کوردانەی کە ئامادەن ببنە حەشدی کوردی لەوەدایە کە ئەوان لە لایەکەوە دەتوانن بە بوونیان بە حەشد ڕێگا لە داگیرکردنی زەوییەکانیان لە لایەن عەشیرەتی عەرەبی سوننە بە پشتگیری سوپا و حەشد بگرن، و لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیکی داهاتە بۆیان بەتایبەتی خەڵکی کوردی ئەو ناوچانە بە تەواوی دووای داگیرکردنی ناوچەکانیان، فەرامۆش کراوەن، و بواری کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان ئێَجگار سنووردار بووە، لە کاتێکدا ئەم دوو ئامانجە هەرگیز جێبەجێ نابێت، و لەم رێگایەوە سیاسەتی تەعریب ڕاناگیرێت.

ئەزمونی ڕابووردووی مێژووی دەوڵەت لە عێڕاقدا ئەوەی سەلماندووە کە حوکمرانیکردن و چارەسەرکردنی کیشەکان هەر وەکو چون بە حەرەس قەومی و جەیشی شەعبی و فرسان و فەوجی خەفیفە وجاش نەکراوە، بە هیزی حەشد بە ناوی جۆراجۆرە ناکرێت.

لە دانیشتنێَکی ئێجگار دۆستانە لە گەڵ سەرکردەیەکی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان پێم ووت: ئەزمونی سەد ساڵەی بزوتنەوەکەمان ئەوەی سەلماندوە کە ئەگەر هەزاران کەس دوور لە مافە نیشتمانییەکانی کوردستان و لە روانگەی بەرژەوەندی تایبەتییەوە مامەڵە لە گەڵ بەغدا بکەن، ئەوا خەڵکی پێیان دەڵێت جاش، و ئەگەر تەنها دوو کەس لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان بۆ مافی کوردستان چەک هەڵگرن ئەوا خەڵکی ئەوان بە پیشمەرگە دەزانن.


AM:10:28:15/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 2968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی