گومان لە مافی چارەنووس

‌کاوە محمود


بەشێک لە شەڕی دەروونی دژ بە گەلی کوردستان لە رۆژگاری ئەمرۆدا کومان خستنە سەر پرنسیپێکی جیهانی کە بۆتە بنەمایەک لە یاسی نێودەوڵەتی کە مافی بریاردانی چارەنووسی گەلانە. لە جیهانی ڕابوردوو و ئەمرۆدا نەتەوەی خاوەن هەژمون و باڵادەست لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیدا دانی بە مافی بریاردانی چارەنووسی گەلی دیکەی ئەو دەوڵەتە نەداوە بە تایبەتی ئەو گەلانە کە بە حسابی ژمارەی دانیشتوان و چەمکی کەمایەتی مامەڵەیان لە گەڵ کراوە، و تەنانەت لایەنی بە ناو لیبرال و دیموکراتی گەلی خاوەن هەژمون بە بیانوی چەمکی هاوڵاتیبوونی سەرزارەکی و بێ ناوەڕۆک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ئەگەر بە ناچاریش دان بەو مافەدا بنێن ئەوا داوا لەو گەلی بەرامبەریان دەکەن کە بە ئەمری واقیع قایل بن و مانەوە لە سایەی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست هەڵبژێرن، و گەر زانیشیان گەلی بەرامبەر خوازیاری مانەوە نین و خواستی سەربەخۆییان هەیە، ئەوا لە گوتاری سیاسییاندا ڕاستەوخۆ ووتویانە: بەڵی ئێوە مافی سەربەخۆیتان هەیە، بەڵام کاتی نییە! و هەڵبەتە بە نیسبەت ئەوانەوە هەرگیز کاتی نایەت چونکە لە ڕوناگەی زۆربەوە دەوڵەتی زۆربەیان لا پیرۆزە و خۆیان بە خاوەنی دەزانن و ئاساییە لای نەتەوەی خاوەن هەژمون و زۆربە پاراستنی ئەو دەوڵەتە پێوەری نیشتمانپەروەرییە!

لەوانەیە لە لۆجێکی نەتەوەی زۆربە تێبگەین کە زۆر جار نایەوێت دان بە ڕەوابوونی مێژووی و یاسایی بە تێکۆشانی گەلێکی ستەمدیدە بنێت کە لە پێناوی مافی چارەنوسی خۆی و سەربەخۆیی تێدەکۆشێت، و بەردەوام مەسەلەی جیابوونەوە وەکو تومەت و تاوان دەخاتە بەر دەم ئەو گەلە. بەڵام ئەوەی نامۆیە کە خودی گەلی ستەمدیدە یان کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی جیابونەوە بە تومەت و تاوان بزانن و پاکانەی ئەوە بکەن کە ئەوان جیابونەوەخواز نین، و هەندێکیش لەو کەسایەتییانە تەنانەت گومان لە ڕەوابوونی یاسایی تێکۆشان بۆ مافی بریاردانى چارەنوس بە جیابونەوە، بکەن، لەکاتێکدا بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و دەیان پرۆسەی سیاسی لە جیهاندا مافی چارەنوس و سەربەخۆیی و جیابونەوەی گەڵێک لە گەڵێکی دیکە و دامەزراندنی قەوارەو و دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی لە ئارادا هەبووە و هەیە.

ئەگر تەماشای بەلگەنامە نێودەوڵەتییەکان بکەین دەبینین کە بڕگەی 21 ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژە بە ئامانجی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات لە هەوڵدان لە پێناوی گەشەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی نێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن لەو پرەنسیپەی دەبێتە مایەی یەکلاکردنەوەی مافەکان لەنێوان گەلاندا ، بەوەی هەر گەل و میللەتێک مافی ئەوەی هەبێ کە خاوەنی دیارکردنی مافی چارەنووسی خۆی بێت. هەروەها مادەی (55)ی جاڕنامەکە ئاماژە بەوە دەکات هەر گەل و میللەتێک مافی ئەوەی هەبێ کە خاوەنی دیارکردنی مافی چارەنووسی خۆی بێت". هەر لە بواری بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا  لە بڕیاری ژمارە 1514 ی ئەنجومەنی گشتی پەیوەست بە جاڕدانی بەخشینی سەربەخۆیی بە گەل و وڵاتانی کۆلۆنیاکراو  لە کانونی یەکەمی 1960دا هاتووە " سەرجەم گەلان مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیان بدەن ، بە گوێرەی ئەو مافەش بۆیان هەیە ئازادانە پێگەی سیاسی خۆیان دەستنیشان بکەن ، هەروەها ئازادانەش هەوڵی هێنانەدی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووریی خۆیان بدەن . 

هەروەها مادەی یەکەمی هەردووک پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریەکان کە لە ساڵی 1966 بڕیاریان لەبارەوە دراوە دەربارەی بەخشینی مافی چارەی خۆنووسینە بە هەموو گەلان.  لەجاڕنامەی پرنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی پەیوەست بە پەیوەندی دۆستایەتی و هاریکاری، بە گوێرەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان کە بەپێی بڕیاری ژمارە 2615 ی ساڵی 1970 ی ئەنجومەنی گشتی هاتووە : سەرجەم گەلان ، بە گوێرەی بنەمای یەکسانیی گەلان لە مافەکانیان و لە مافی دیاریکردنی چارەنووسیان کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتووە ،مافی ئەوەیان هەیە ئازادانە و بەبێ دەستوەردانی دەرەکی پێگەی سیاسی خۆیان دەستنیشان بکەن ، هەروەها ئازادانەش کار بۆ هێنانەدی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خۆیان بکەن و پێویستە هەموو دەوڵەتانیش بەگوێرەی بنەماکانی ئەو  بەڵێننامەیە رێز لەو مافە بگرن.

بۆچوونەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی دەربارەی پابەندبوون بە مافی چارەنووس ، لە بڕیارەکانی ئەو دادگایە دەربارەی نامیبیا لە 21 ی حوزەیرانی 1971 و بیابانی رۆژئاوا لە 16 ی تشرینی یەکەمی 1975 و تەیموری رۆژهەڵات لە 30 حوزەیرانی 1995 و بۆچوونی هەمان ئەو دادگایە دەربارەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 ، دەرکەوت.

پێشینەکانی بواری یاسای نێودەوڵەتی جەخت لەو مافە دەکەنەوە ، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تایبەت بە جیابوونەوەی هەریەکە لە سەنیگال لە مالی ساڵی 1960 و سەنگافورە لە مالیزیا ساڵی 1960 و بەنگلادیش لە پاکستان ساڵی 1974 و ئەریتیریا لە ئەسیوپیا ساڵی 1993 و سەربەخۆیی وڵاتان لە ئەوروپای رۆژهەڵات لە سەرەتای نەوەدەکان و جیابوونەوەی کۆمارەکانی بەلتیق و لەدایکبوونی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و هەڵوەشانەوە و دابەشبوونی یوگسلافیا بۆ چوار دەوڵەت.

تێکرای ئەو بابەت و خاڵانەی ئاماژەم پێکرد و بە پشتبەستن بە پاشخانی مێژووی دابەشکردنی کوردستان و لکاندنی بە دەوڵەتی دیکەوە دوور لە ئارەزوی خۆی  بەلگەنامەی حاشاهەڵنەگرە سەبارەت بە ڕەوابوونی تێکۆشانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی مەشروعیەت و یاسای نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی مافی بریاردانی چارەنوس و سەربەخۆیی.

هەڵبەتە ئەو ئەزمونانەی گەلان بۆ وەدەسهێنانی مافی بریاردانی چارەنوس و سەربەخۆیی پرۆسەیەکی کتوپڕ نەبووە کە لە چرکەیەکدا بێ تێکۆشان و قوربانیدان و چەندین هەوڵدان و کۆشش بە ئەنجام هاتبێ. 

لە هەلومەرجی ئەمرۆشدا چەندین گەلان هەیە کە بە ئەزمون و هەوڵ و تەقەڵای جیاواز لە پێناوی سەربەخۆیی تێکۆشاون و تائێستا بەئەنجام نەگەیشتون لەوانەش گەلی فەلەستین، ئۆسکۆتلەندا، کاتۆلەنیا، کیوبک جگە لە گەلی کوردستان. ئەشێت لە دووای هەر هەوڵ و وێستگەیەکی تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی کەسان و لایەن لە نەتەوەی ژێردەست لەبەر بێهودەیی لێی پەشیمان ببنەوە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ببنە بەشێک لە شەڕی دەروونی دژ بە سەربەخۆخوازانی گەلەی خۆیان و بیانووی جۆراجۆر بهێننەوە کە لە خزمەتی خولیای شۆڤینی نەتەوەی باڵادەستە. لاوازترین بیانوش ئەوەیە بە هەر وێستگەیەکی تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی ئەگەر بە هەر هۆکارێک بێت ئەنجام نەدرێ  کە بە نیسبەت گەلی کوردستان پلانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە ، ڕاستەوخۆ بلێن کاتی نەبوو، لە کاتێکدا هەموو کاتێک کاتە بۆ سەربەخۆیی.


PM:03:48:06/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی