پێویستە مەلابەختیار لەسێدارە بدرێت

‌بەختیار مستەفا

لەدوای چاوپێکەوتنەکەی مەلابەختیار لەتەلەفیزيۆنی روداو، چەندین لێکەوتەو کاردانەوەی جیا جیام بینی لە پشتیوانی و بێ لایەنی و دژایەتی کردن و جنێودان و ...هتد .

جارێ دەمەوێت بڵێم لە ئێستادا هیچ جۆرە هاوڕایەتی و لێک نزیک بونێک لە نێوان من و ناوبراودا نیە ،

بەڵام لەرابردودا هەم کادری کۆمەڵەو هەم ئاڵای شۆرش بووم و دورو نزیک ئاگادارو خوێنەری زۆرێک لەروداوەکان و بیرەوەریەکانی زۆرێک لەسیاسیەکانی کوردستانم ،

لێرەشدا هەوڵ دەدەم بەبێ ئەوەی بکەومە سەنگەری کەسەوە لەبەرامبەر ئەوی تر هەندێک سەرنج و تێبینی خۆم لەسەر چاوپێکەوتنەکەو کاردانەوەکان بخەمە روو،ئەوەش دەڵێم ناکرێت مرۆڤەکان لەژێر کاریگەری سۆزو لایەنگیری دا ببینە لایەنداری کەس و بکەوینە سەنگەر لەیەک گرتن بەرامبەر بەیەک ، بەڵکو ئەوەی پێویستە ئەوەیە خوێنەری هەمووان بین و لەکوێ شتی نادروست و بوختان و نا لۆژیکی بینرا ،وەڵاممان هەبێت و قسە بکەین تەنانەت ئەوانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەروداوەکانەوە هەیەو هەست دەکات نادادپەروەری بەرامبەر کراوە مافی ئەوەی هەیە رێگای دادگاو یاسایش بگرێتە بەر.

بۆ هەمووان رون و ئاشکرایە کەهەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لینینی و دواتر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی سۆسیالست و لەدەرەوەی ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق ، کێشمە کێش و ململانێ و باڵ باڵێن ، تا بەشەڕو پێکدادان و کوشت و بر و یەکلاکردنەوەی رقی کەسێتی و هتد ..

هەبوەو هەتا ئەمرۆش ئاسەوارەکانی ماوە ، هەر دەستەو گروپ و تاقمێکیش هەوڵ دەدات رەوایەتی بە بۆچون و تێروانین و جیاوازیەکانی خۆی بدات. لەناو کۆمەڵە لەدوای ئەوەی خاڵە شەهاب و هاورێکانی رودەکەنە ئێران و دەیانەوێت بچنە سوریاو لەوێ کۆچ کردو مام جەلال ببینن و دەست بەخەبات و شۆرشی نوێ بکەن لەئێران دەگیرێن و رادەستی حکومەتی عێراقی دەکرێنەوە و ئاکام خاڵە شەهاب و مامۆستا جەعفەرو .....

لەسێدارە دەدرێن و پاشماوەی ئەو گروپە دوای ئەوەی حوکمی جۆراو جۆر دەدرێن بەر لێبوردنی گشتی دەکەون. باڵی دوەمی کۆمەڵە کەبریتی دەبێت لە شەهیدان شاسوار جەلال و ئازاد هەورامی و سالار عەزیزو مەلابەختیارو مامۆستا جەعفەر لەوانە دەبن کە پێیان وایە دەبێت کۆمەڵە مەفرەزەو گروپی چەکدار رەوانەی شاخ بکەنەوەو دەبێت کۆمەڵە رابەرایەتی شۆرشی نوێ بکات ، و هەرزوو چەندین مەفرەزەی سەرەتایی دەنێرنە شاخ و نامیلکەو گۆڤار و بەیاننامەو شتی تر دەردەکەن ، بەڵام هەر زوو شاسوار جەلال ( کاک ئارام ) شەهید دەبێت ، ئەمە گورزێکی کوشندە دەبێت لەکۆمەڵە .

دوای ئەوانە کۆچکردو نەوشیروان مستەفا دەکرێتە سکرتێری کۆمەڵە ، هەندێک لەوانەی ناو کۆمەڵە پێیان خۆش نابێت و دەڵێن کاک نەوشیروان کەسێکی چەپ نیە و بروای بە مارکسیزم و لینینیزم و چەپایەتی نیە ، خودی کاک نەوشیروانیش لەکتێبەکەی خۆیدا لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی نێوزەنگ دەڵێت من لەسەر داوای کۆچکردو مام جەلال ئەو ئەرکەم قبوڵ کردوە لە بنەرەتدا من بڕوام بە مارکسیزم و لینینزم نەبووە ! ئەمەش هەڵە گەورەکەیە و جێگای پرسیارە؟

ئیتر لێرە بەدواوە رۆژ بەرۆژ ناکۆکیەکان پەرە دەسەنن، لەو نێوەندەش دا گروپی زیندان دەبنە لایەنگیری کۆچکردو نەوشیروان مستەفا ، ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەوان باری خۆیان بەلار دەبینن لەبەرامبەر گروپەکەی کۆچکردو کاک ئارام چونەکە ئەوان لەزینداندا زۆرینەیان دانپیانانیان هەبووە لەسەر خۆیان و هەندێکیان لەسەر هاورێکانیشیان ، واتە لایەنگیریەکەیان لەبەر خاتری چاوی رەشی کاک نەوشیروان نەبووە بەقەد ئەوەی ئەوان لەپاڵ ئەودا خۆیان پاراستووە.

ئیتر لەناو چوارچێوەی ئەم ململانێیانەدا و دواتریش ململانێکانی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی و شەری براکان لەگەڵ سۆسیالست و پارتی و حزبی شیوعی دا چەندین هەڵەو کوشتن و راوەدونان و پشت شکاندنی یەکتری رویان داوە ، کەبەکۆی گشتی زیانیان بەبزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان گەیاندوە ،هەر لەناو ئەو روداوانەدا چەندین کەسی دیار شەهیدو بێ سەروشوێن بون لەوانە کوشتنی، ئیبراهیم عەزۆ ، عەلی عەسکەری، نوری حەمە عەلی ، عەبدولی سوران ، سدیقە فەنی ، مام ئاراس ، خەلیفە ، وریا ، روداوەکانی قرناقەو پشت ئاشان ، جەمالی عەلی باپیرو شێرکۆی شێخ عەلی ، سالاری حاجی دەروێش ، جوامێر ، دوای راپەرینیش رێناس و رەوف ئاکرەیی، بەکر عەلی ، حەسەن کوێستانی ، محەمەد حەلاق و هاورێکانی ، تیرۆر کردنی پێنج کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەگردی عەلی ناجی ، چەندین رۆژنامەنوس و کادری لایەنە سیاسیەکان ، هەموو ئەوانە قسەو باسی زۆر هەڵدەگرن و هیچیشیان جێگای شانازی نین بۆ هیچ لایەنێک.

هەندێک پاساوی قۆناغی خەباتی شاخ و سەردەمی شۆرش دەهێننەوەو پێیان وایە ئەو جۆرە کارو کردەوانە هەر رودەدەن رەوایەتی خۆی هەیە، هەندێکیش پێچەوانەکەی دەبینن و دەڵێن ئەوە بەکارهێنراوە بۆ تەسفیەی حسابات و زیاد رەوی تیادا کراوە ، هەر لایەو پاساوی خۆیان دەهێننەوە بۆ بۆچونەکانی خۆیان ، بێگومانیش هەر لایەو بۆچونەکانیان جۆرێک لە لۆژیکی تیادایە .

دواتر ئەو ململانێ و باڵ باڵێن و کوشت و برانە لەسەردەمانێکی کۆنەوە بەردەوامیان هەیە ، زۆرێکیش لەخەڵک و خوێنەرو لایەنە سیاسیەکان زیاتر کەوتونەتە ژێر کاریگەرێتی سۆز داریەوە ، زۆرێک بێ خوێندنەوەی کتێبەکان خۆیان یەکلایی کردۆتەوەو بەچاک و خراپ جنێو دەدەن و سوکایەتی بەیەکتری دەکەن ، بێجگە لەوەی شانازی نیە بۆ هەر هەرکەس و لایەنێک کەباس لەگرتن و دیل کوشتن و شتی وا بکات یان بڵێت دەمانتوانی وا بکەین و وا بڕۆین ، زۆر کەسیش هەبوون کە گیراون لێرەو لەوێ لەناو شەری خودی ناو یەک حزب و شەری براکاندا ، شەهیدعەلی عەسکەری ، ملازم عومەر ، شەهیدمام ئاراس ، کۆچکردو نەوشیروان مستەفا ، شەهید خەلیفە ، مەلابەختیار و کۆچکردو شێخ عەلی ( خولە کەشکۆڵ ) ، مامۆستا پشکۆ نەجمەدین و شەهید هاورێ سۆرانی مەلامەحمود و دەیان کەسی تر لەپێش و دوای راپەرین ، هەندێکیان دەکوژرێن و هەندێکیان رزگاریان بووە .

بەڵام نە ئازایەتیە کەسێک دیل بوەو کوشتویانە نەشەهامەتیش ئەوەیە دیلێکیان ئازاد کردبێت ، لەراستیدا دەبوایە هیچیان روی نەدابا ئەگەر خەبات و تێکۆشانی هەمووان لەپێناوی کوردستان و مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەیی و چارەنوسسازیەکاندا بوە ، هەموو ئەوانەش خەڵکانی تێکۆشەرو نیشتیمان پەروەر بوون.

دواتر دەمەوێت بڵێم زۆرینەی سیاسیەکان بەباش و خراپیانەوە یاداشتەکانی خۆیان گێراوەتەوە ، یان بڵێین تۆمار کردووە ، لەوانە بەهادین نوری ، کەریم ئەحمەد ، ئەحمەد بانیخێڵانی ، محەمەدی حاجی مەحمود ، نەوشیروان مستەفا ، فەرەیدون عەبدولقادر، مامۆستا پشکۆ نەجمەدین ، مامۆستا جەعفەر ، مام جەلال ، مستەفا چاورەش ، عەلی بچکۆل ، حاجی مەمۆ ، هەڤاڵ کوێستانی و برایم جەلال و دەیان کەسی تر ، سەرجەمیان لەیادەوەری و کتێبەکانیاندا قسەو باس و بیرو بۆچون و روداوەکانیان گێراوەتەوە ، زۆریشیان داکۆکیشیان لەخۆیان کردووە بێ ئەوەی کەس مافی ئەوەی بوبێت کە رێگایان لێ بگرێت و ئازادی را دەربرینیان لێ زەوت بکات ، دواتر بیرەوەری تۆمارکردنی روداوەکانە و لەبەر خاتری کەس نانوسرێتەوە ، ئەم پێ ی خۆشەو ئەو پێ ی نیگەرانە ، کاتێتی و کاتی نیە ، بەڵکو ئەو کەسەی بەکەم و کوری و راستگۆیانە نەنوسێت و خاتری ئەم و ئەو بگرێت بەرپرسیارێتی مێژویی و ئەخلاقی ئەکەوێتە سەرشان ، ئەوەی مافی خەڵکانی ترە ئەوەیە لەکوێ دەبینن ناحەقی کراوە ، مێژویەک شێوێنراوە ، شتێک ئاوەژو کراوەتەوە ، بێ بەڵگەو پشتیوانی شتێک خراوەتە پاڵ کەسێک دەکرێت وەڵام بدرێتەوە و راستیەکان بخرێنە رو ، تەنانەت رێگای دادگاش بگیرێتە بەر، مەلابەختیاریش وەک هەر کەسێک لەوانەی سەرەوەو خەڵکی تریش مافی ئەوەی هەیە یادەوەریەکانی خۆی بگێرێتەوە یەکێک بوە لەسەر کردەکان رۆڵی هەبوە ، گیراوە ، ئیهانەو سوکایەتی پێکراوە ، ئێوە واز لەمەلابەختیار بێنن شێخ عەلی کە پێم وانیە لەکەسی تری کەمتر کردبێت و لەیەکەم دەستەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەو شۆرشی نوێ بوە دەگیرێت و بەهەمان شێوە هەرەشەی مەرگی لێدەکەن ، مامۆستا پشکۆ نەجمەدین لەبیرەوەریەکانیدا دەڵێت پێیان وتین خەیاڵ نەکەن دەتانتۆپێنین و وەک خائینی نیشتیمانیش دەتانناسێنین ، هەر لەو چوارچێوەی یادەوەری نوسینانەش داخەڵکانێک هەبوون شتێکی ئەوتۆ نەبوون خۆیان کردوە بەهەموو شت و تۆمەتیان بەئارەزوی خۆیان بەخشیوەتەوەو کەسیش پێ ی نەوتوە چی دەکەیت ؟ باشترین نمونەش کتێبەکەی برایم جەلال - ە .

زۆرێکیش لەو کەسانەی لەروداوەکاندا بوون و رۆڵیان هەبوەو ئاگادارن هێشتا لە ژیاندا ماون و لەحزبە سیاسیەکاندا رۆڵیان هەیە ، دەتوانن وەڵام بدەنەوەو بەناحەق نەڵێن حەق ، هەروەک شورەییە کەسانێک بەخۆیان بڵێن سیاسی و رۆژنامەنوس و ئەکادیمی و هتد پەنا بەرنە بەر جنێودان و سوکایەتی کردن بەیەکتری و ئەو پیاوەش مافی ئەوەی هەیە داکۆکی لەخۆی بکات ، روداوەکان بگێرێتەوە کەبەسەر خۆی هاتووە ، ئەوەش مافی هەموو ئینسانێکە ، ئەگەر نا هەموو ئەو شین شەپۆرەی بۆ قوربانیانی دەستی ئازادی رادەربرین ئەیکەن دەکەوێتە ژێر پرسیارو گومانەوە ، نارەزایەتیەکانتان بۆ تیرۆر کردنی سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و بەکر عەلی و گرتن و زیندانیکردنەکان دەبێتە عەیبەو دو فاقی لەگەڵ رێزو حورمەتم بۆ گڵکۆی پیرۆزی شەهیدانی قەڵەم و ئازادی ...

هەر بۆیە لەکۆتاییدا دەڵێم یان دەبێت رێگا بدەن مەلابەختیاریش ئازادانە رای خۆی بڵێت یان لەسێدارەی بدەن و پێش خوێندنەوەی کتێبەکە و بەراورد کردنی لەگەڵ بیرەوەریەکانی تردا قسەی لەسەر بکەن .


AM:10:57:18/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 10416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی