ژن، بایەخ و پێناسە

‌سولماز دوروودی

کاتێک منداڵێک لەدایک دەبێت بەپێی ڕەگەزی، ئەخرێتە ناو ئەو قاڵبەی کە کۆمەڵگا و کولتووری زاڵ بۆی دیارکردووە و دەبێتە خاوەن پێناسەیەک کە هی خۆی نییە.

کاتێک کۆمەڵگا دابەش دەکرێت بە سەر دوو جنسییەت واتە ژن و پیاو و، هەموو ئەو ئاکار و سیفاتەی بەناوی پیاوانەوە دەناسرێن وەکوو سەرچاوەی یەکەم و ستانداردی کۆمەڵگا دەبینرێن و لە بەرانبەریدا ئاکار و کردار و سیفاتێک کە بە ژنانە ناسراون وەکوو دەستەی دووەم و لاوەکی، ئەم شێوە دابەشکرانە جنسییەتییە سەرچاوەی سەرەکیی نایەکسانیی جنسییەتییە. "ژنانە بوون” یان "پیاوانە بوون” هەرکامەیان بوونەتە هەڵگری واتا و مانایەک و هەر کامەیان هەڵگری بازە سیفەت و ڕواڵەتێکن. ئەم پێناسانە لە لایەن دەسەڵاتی پیاوسالارەوە بە پشتیوانیی سیستمی چینایەتی و ئایین نۆرمالیزە کراون و وەکوو شتی نەگۆڕ و ئەزەلی و ئەبەدی دەنوێندرێن.

لە ئاکامی ئەو پێناسە داتاشراوەدا کە بۆ ژنان دانراوە، لەو وڵاتانەی کە سیستمی باوک/پیاوسالار بەهێزتر و بەوپێیەش یاسا و کولتووری کۆمەڵگا زیاتر لە ژێر کاریگەریی ئەو بۆچوونەدایە. کاتێک وشەی ژن ئەبیسترێ هەندێک ڕۆڵی وەکوو کابان، دایکی مێهرەبان، کچی بەحەیا، خۆشکی لەخۆ بردوو یان هەندێک سیفەتی وەکوو بەناز، هەست ناسک، نەرم و نیان و دڵ ناسک و هتد وەبیردێنێتەوە. هاوکات بازە واتایەک کە هەڵگری سنوورەکان و زنجیرەکانی دەستوپێی ژنانە لەگەڵ وشەی ژن تێکەڵ کراون وەکوو بەشەرم، بەحەیا، خانم و بە پێی جێگە بوونەوەی ژنان لە ناو ئەو ڕۆڵ و دەور و واتا و سیفەتانە بایەخیان دیاری دەکرێ.

لە ئاکامی ئەو نۆرمانەدا زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە باری بیۆلۆژیکییەوە ژنن هەوڵ ئەدەن لەو بازنەی "ژنانە” بوونەدا جێگەیان بێتەوە و لەو ژنە بچن کە بەو نۆرمانە داتاشراوە. بۆ نموونە قژی درێژ، سنگی بەرز، دەست و قاچی بێ موو، بڕۆی هەڵگیراو، ڕوومەتی بەرز، لێوی سوور، پێستی نەرم، ناوقەدی باریک، سمتی بەرز و دەیان شتی دیکە کە ناوی جوانیی ژنانەیان لێنراوە.

ئەو سیفەتانە خۆیان لە بنەڕەتدا هەڵگری باری ئەرێنی یان نەرێنی نین و هەر کەسێک بۆی هەیە حەز بە هەرکامەیان بکات یان حەز بە هیچیان نەکا، گرفتەکە لەودایە کە ئەو سیفەتانە وەکوو نۆرم بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاون و بە باڵای ژنان بڕدراون بە بێ ئەوەی تاکبوون و حەزە تاکەکەسییەکان لەبەرچاو بگیرێن.

مرۆڤ بوونەوەرێکی جوانیخوازە بەڵام ئێمە چۆن باسی "جوانیمان” بۆ کراوە و جوانی چۆن لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێناسە کراوە و دەکرێ؟

لەم ساڵانەی دوایی مەسەلەی جوانکاری بەتایبەتی لە نێو ژناندا لە کوردستان بووەتە باو، بابەتێک کە لە لایەن زۆر کەسیشەوە ڕەخنەی لێدەگیرێ بەڵام ڕەخنەکان نەک ڕوو لە سیستم و بیر و عەقڵییەتێک کە هۆی ئەو دۆخەن بەڵکوو ڕوو لە تاکەکان و ئەو کەسانەن کە بە جۆرێک قوربانیی ئەو فیکر و نۆرمە زاڵانەی ناو کۆمەڵگان.

باو بوونی جوانکاری و ڕاکێشرانی کچان و ژنان بۆ لای ئەم دیاردەیە، ئاکامی هەر ئەو ڕوانینە و زاڵبوونی هەر ئەو نۆرمانەیە کە باسکران. لاوان و تازەلاوانێک کە لە ژێر کاریگەریی پەروەردە و مێدیایەکدان کە ئەو بە ناو بایەخانە زەق دەکاتەوە و وەکوو نۆرم لە کۆمەڵگادا جێگیریان دەکا، تاکبوون و حەز و پێخۆشبوونەکانیان لە چوارچێوەی تەسکی ئەو قاڵب و نۆرمانەدا قەتیس دەمێنێ و ئەوپەڕی ئاواتیان دەبێتە گەیشتن بە لووتکەی ئەو نۆرمانە و بوون بەو ژنە دڵخوازەی کۆمەڵگای پیاوسالار.

یەکسانیخوازانی کوردستان و ئەوانەی بایەخە مرۆییەکانیان بەلاوە گرینگە پێویستە بنج و ڕیشەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان ببنینن و بیناسن. هێرش کردنە سەر کەسانێ کە قوربانیی ئەو خەسارانەن بارێک لە سەرشانیان سووک ناکا.


AM:10:41:18/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی