چیرۆکی دروست کراوی کاریزما

‌کۆشش بەکر


ژمارەیەک بەناو نوسەر و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و سیاسی و هتد، پەیدابوون، لە زەلکاوی چیرۆکی دروست کراودا دەژین و فەزایەکی گشتیشیان بۆ خوڵقانددووە، چیرۆکێک کە زادەی تێفکرین نییە، خەیاڵێکە کە هێندە ناڕاستە گرێی دەروونی بۆ دروست کردوون.

 لە نێو کلتوری ئێمەدا، ئەو کەسانەی کە وەک خۆیان، خۆیان پەسەندە، ژمارەیان زۆر نییە، بەتایبەت تر لە نێو سیاسییەکاندا، تا ئەم تێروانین و دنیابینیەش چەکەرە نەکات، کە "بە قەبارەی هێندەی خۆت ،خۆتت پەسەند بێت و پەسەندت بکەن یان پەسەندیان بکەیت" ناچینە نێو بینینی شانۆگەرییە راستیەکەوە.

سەیری دۆخی هەرێمی کوردستان بکەین، تەنها بە وەرگرتنی نمونەی ئەو بەڵگانەی کە لە سەر بابەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی، نادادی کۆمەڵایەتی، کوشتن، داگیرکردنی موڵک و ماڵ و قۆرخکاری لە لایەن سیاسییەکانەوە، بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت ئێمە چۆن بەڕێوەدەبرێین، دواتر ئەوان چۆن دەچنە نێو مێژوو.

دەتوانم بڵێم ئەمە لە ڕابردووش هەروا بووە، ئەگەرنا ئێستا بەرهەمەکەمان دەچنیەوە!  تاکی کورد پێویستی بە دوو جار بیرکردنەوە هەیە، بیرکردنەوەیەک لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا، بیرکردنەوەیەکیش لە داهاتوو، ئەگەرنا لە نێو ئەم زەلکاوەدا ڕۆدەچین، ڕۆچونێک بە تەنها خۆمان لەناو نابەین،بەڵکو لەگەڵیدا نەوەکانی داهاتووش پەلکێش دەکەین.

تا ژیانمان لە نێو نەچووە پێویستان بە دووبارە بونیادنانەوە هەیە، ئەوەش بێ گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوونادات، بەڵام کاتێک بەردەوام بەهەمان ڕێدا دێیت و دەڕۆیت، ناگەیتە ئامانجەکە.  

ئەبێت ئەو بڕوایەمان هەبێت، مرۆڤ بە تەنها خۆی ڕزگارکەری خۆیەتی و کەسی ترنا، تا لەنێو ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیەدا بژین کە سیاسییەک دەبێتە فریادڕەست، تراژیدیا دروست دەبێت، وەک چۆن ئێستا دروست بووە.

 هەلومەرج و دۆخی ئێستا زۆر لەبارە تا بتوانین بڕیار بدەین، چونکە بڕیاردان بەشێکی کارە گرنگەکەیە، کە دەبێت بیکەین، بڕیار بدەین "چەپڵە لێدەر، ئاگر خۆشکەر،بەتەنهاگوێڕایەڵ، خۆشباوەڕ ،تەماشاکەر، کینە لەدڵ، لە ئاست نادادی کۆمەڵایەتی بێدەنگ و بێ هەڵوێست" نەبین، هتد.

ئەو باوەڕەی کە دەوترێت" دەست بە کڵاوەکەتەوە بگرە، تاوەکو با نەیبات" زیانی زۆری پێ گەیاندین، دۆخێکی دروست کرد کە بە هەرچی هەبێ یان بدرێتێ، ڕازی ببین، تاک لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرک و کاردا مافی شایستەی خۆی وەرنەگرێت و ڕەزامەنیش بێت.

خەڵکێک لە پاڵ " ژمارەیەک کاریزمای دروستکراوی سیاسی"دا ،موڵک و ماڵێکی زۆریان بە ناڕەوا دەست کەوت، زۆر دەستکەوتی باشیان هەبوو، لە بەرامبەردا زۆرینە بوونە قوربانی. 

کاتی ئەوە هاتووە ئەو خەڵکانەی لە ژێر هەر ناو و بیانوویەکدا ئەو ئاگرە خۆش دەکەن بۆ بەرژەوەندی تایبەتییان، ڕابگیرێن ،پێیان بڵێین ئیتر بەسە، چیتر کۆمەڵگە مەکەنە قوربانی هەڵە و چاوچنۆکییەکانتان، بەڵام لە هەرکاتێکدا گوتنی ڕاستی ڕاستە، گرنگ دواکەوتن نییە، گرنگ وتنی راستییەکانە.
کۆشش بکر


AM:10:14:18/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی