بەڵگەکان چی دەسەلمێنن؟

‌پشکۆ نەجمەدین


نامەکان بڵاو دەکەنەوە! نامەی نەوشیروان مستەفای سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران، بۆ ئێمەی زیندانیی دەستوپێ شەتەکدرای نێو کونجی زیندانەکانی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. نامەیەک کە فەرمانی وەکو خاین ئیعدامکردنمان، لەسەر جیاوازیی بیر و ڕای سیاسی، پاشی ئەشکەنجە و ئازاردانێکی ڕووح و جەستەیی و سووکاێتیپێکردنمان!

نامەکانی ئێمەش، کە وەکوو پەشیماننامە و پاشگەز بوونەوە لە فیکر و ڕێبازی سیاسیمان، لە کەشوهەوایەکی "ئازاد و دیموکراسیدا" نووسراون!

پێش ئەوەی بڵێم کە ئەم نامە و بەڵگانە چی دەسەلمێنن و چیمان پێ دەڵێن، دەبێ بۆ یادەوەریی کەسێک بەگەڕێینەوە، کە ئەوسات، کەسی دووەمی باڵا و دەستەڵاتداری نێو چەقی بڕیاردانی کۆمەڵە و هیچ بڕیارێکیش بێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەو، نەوشیروان مستەفا نەیداوە و جێبەجێش نەکراوە...

(له چارەسەری ئەو كێشه سیاسیەدا، کە له رۆژی 1/11/1985دا، گرتمانه بەر و ناچار بووین خۆشەویستی و برایەتی فەرامۆش بكەین و لە ئەنجامدا به رێگەیەکی ناسیاسی و ناهێمنانه هاوڕێكانی خەباتی خۆمان زیندانی بكەین و بوار بدەین سوكایەتیشیان پێ بکرێت.... رێگەمان دا به گرتنەبەری ترس و تۆقاندن و ئەشكەنجدان، تا زانیاری و دانپیانیان لێوەر بگرین! بەو شێوەیە سوکایەتی بە "مەلا بەختیار" و ئەو
هاوڕیانە کرا.

هەرچەند لاپەڕەكانی ئەو سوكایەتی پێكردنه لای كاك ئیبراهیم جەلال مایەوه، بەڵام ئەگەر نەوشیروان مستەفا به زیرەكانه لێی نەسەندایەتەوە، دوور نەبوو ئێستا له بەڵگەكانی كتێبەكەیدا بڵاوی بکردنایەتەوە. داواشم له كاك نەوشیروان کردووە، ئەگەر نەیسووتاندوون

لەناویان بەرێت، تا چیتر پەڵەی چڵکنی ناوچەوانمان دەستاودەست نەکات! (فەرەیدوون عەبدوولقادر، هەڵۆ سوورەکانی قەندیل، دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی،2017 )

فەرەیدوون، هاوکار و هاوبەشی ئەنجامدانی تاوانێکی سیاسی و جێبەجێکاری نەخشەیەکی تاوانئامێزی سکرتێری کۆمەڵە، ئاوا ددان بە پلانی ئازار و ئەشکەنجەدانی هاوڕێکانی خەباتی خۆی، سووکایەتیپێکردنیان، لەسەر کێشەیەکی سیاسیی نێو دەروونی کۆمەڵەدا دەنێت و باس لە جەللادبوونی خۆی و سکرتێری کۆمەڵە، لە چارەسەری کێشەیەکی سیاسیی نێو یەکێتی و کۆمەڵە دەکات، پۆزش دەهێنێتەوە و داوای لێبووردن دەکات!

ئێمە لە تۆیش و لە نەوشیروان و هەموو هاوکارەکانتان بووراوین و پاش ساڵانێکی دوورودرێژ، هیچ ڕک و کینەیەک لە ناخی ئێمەدا نەماوە، بەڵام ڕاستینەکانی مێژووی ڕووداوەکان، هەر ڕاستینەن و جەللاد هەر جەللاد و قوربانیش هەر قوربانییە!

نامەکان و بەڵگەکان، هەم براییم جەلال "بە کۆمەڵێک درۆ و ساخەتەوە"، بڵاوی کردوونەتەوە و هەم ئێستاش، ڕاگەیاندنەکانی حیزبی گۆڕان، بۆ چەواشەکردنی مێژوو، هەڵڕژتنی ڕک و کینە، داپۆشینی ناکۆکییەکانی نێو خۆیان، بە جنێو و سووکایەتیپێکردنی قوربانییەکانی ژێر پۆستاڵی جەللادەکان، بڵاوی دەکەنەوە!

من دەمەوێت بڵێم، کە هێشتا ئەشکەنجەدانی ڕووحی نا، بگرە جەستەیی و حوکمی ئیعدامی دادگای عەسکەری، بەگەڕ نەخرابوون، من لە لێکۆڵینەوەدا، لە بەرانبەر براییم جەلالی لێکۆڵەری دەسگای تۆقاندن، دوو "کاسێت"م پڕ کردووەتەوە و لە شوێنی دیکەش نووسیومە، کە ئەو دوو کاسێتە، بە هەر بەهایەک بێت، ئامادەم بیانکڕمەوە! ئاخر من لەوێدا، بەوپەڕی جەسارەتەوە، داکۆکیم لە فیکر و بۆچوون و سیاسەتی خۆم و ئاڵای شۆڕش کردووە! من لەوێدا، تەنیا یەک وشەشم نەدرکاندووە.

ئێستا ئیدی دیارە، پاش دەستوچاوبەستن و سووکایەتی و حوکمی ئیعدام و هەڕەشە و گوڕەشەکانی نەوشیروان مستەفا، کە لە زیندان هاتە کنم و گوتی: ئەم سەرسەختییەی تۆ، تەنیا بەرەو مەرگت دەبات! پێت وایە، ئێمە فێڵت لێ دەکەین و دەتترسێنین؟ نا، ئێمە دەیان کادر و سەرکردەی حیزبە نەیارەکانی خۆمانمان کوشتوون و تۆیش ئیعدام دەکەین!

ئێمە "عەبدووڵڵا سوور"مان کوشتووە، کە عەشرەت و حیزبەکەی، زۆر لە عەشرەت و حیزبی تۆ گەورەترن!

دوو ڕۆژ پاش ئەوەی من ملم بۆ هەڕەشەکانی نەوشیروان دا، کە هێشتا من مەلا بەختیار و شێخعەلیی ڕەوانشادم نەدیتبوو، تا ئەو نامانەمان پێ بنووسن، منیان بردە ماڵی فەرەیدوون عەبدوولقادر، کە چوومە ژوورەوە، نەوشیروان و بەشێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی لێ بوون. نەوشیروان ڕووی تێ کردم و گوتی: هەموو کێشەکان تەواو بوون، دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم:(هەر ئازار و ئەشکەنجەیەک دراویت و هەر سووکایەتییەکت پێ کراوە، بە فەرمانی من کراون و من کردوومن، بۆیێ تکا دەکەم هیچ کەسێکی تر خەتابار مەکەن!)( لە بەرگی دووەمی ئەزموون و یاددا، دەتوانیت وردینەی ئەو گفتوگۆیە بخوێنیتەوە.)

ئەو نامانە، کڵێشەیان، نووسینیان و ناردنیان بۆ ئێمە، تا بەخەتی خۆمان بیاننووسینەوە و واژۆیان بکەین، تەنیا هیی نەوشیروان مستەفان!

ئیدی لێکۆڵەران و مێژوونووسان، وەک ئەوەی ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەی ئەو ڕووداوانەن، کەرەستەیەکی باشیان، بۆ مشتوماڵکردنی ڕەگەزەکانی فاشیزم، لە ئەقڵ و ڕووحی سەرکردە و کاریزماکاندا هەیە!

سەرنج:

ئەم نووسینە پێوەندیی بە نێوەڕۆک و تێمای "لەبری یادەوەریی مەلابەختیار"ەوە نییە.
من، لەسەر ڕۆژگاری ئاڵای شۆڕش، پەلاماردانی یەکێتی، زیندان و ئەشکەنجە و پاکانەپێنووسین لە فەزای ئازار و ئیرهابدا، سی و پێنج ساڵە، جگە لە نووسینەوەی "ئەزموون و یاد"، بێدەنگیم هەڵبژاردبوو، پێم وا بوو، ئەوە ڕووداوێکی سیاسی بوو و دەبێت بە مێژووی بسپێرین!

لەم ڕۆژانەدا و لەسۆنگەی بڵاوکردنەوەی کتێبی مەلا بەختیاردا، گۆڕان و ڕاگەیاندنەکانی، هێرشێکی ناڕەوا و سووکایەتیکردنی بە مێژووی ئێمە دەست پێ کردووە!

من کەسێکم ئەدیب و نووسەر، بیست و هەشت ساڵە، هیچ پێوەندییەکم بە حیزبی کوردییەوە نییە، بەڵام لەئاست سوکایەتیکردن بە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خۆم، بێدەنگ نابم!

من ناچارم بە دەکۆمێنت قسە بکەم و هەرکسیش بەڵگەی پێچەوانەی هەیە، با بڵاوی بکاتەوە.


PM:09:06:19/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی