‌حكومه‌تى هه‌رێم و یه‌ك بژارده‌ى ده‌ربازبوون
PM:02:53:06/08/2020
سەرتیپ وەیسی

بۆ ئه‌م مانگه‌، تاوه‌كو ئێستا داهاتى كۆكراوه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ داهاتى نه‌وتى و نا نه‌وتیه‌وه‌، كه‌ هاتۆته‌ ناو خه‌زینه‌ى حكومه‌ت به‌ نزیكه‌یى (310) ملیار دیناره‌، هیچ به‌دیلێكیان بۆ دابه‌شكردنى موچه نییه‌‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ده‌یانه‌وێ به‌ ناچارى به‌ داواكارییه‌كانى به‌غدا رازیبن، به‌ڵام به‌ رێككه‌وتنێكى باشتر نه‌ك ره‌شنووسى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى، كه‌ به‌غدا به‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ جه‌ژنى قوربان بۆى ناردوون.

له ‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى داهاتوو، شانده‌كه‌ى هه‌رێم به‌ ناچارى به‌هۆى خراپى دۆخى دارایى و ئابوورى نیازیان هه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا. هه‌رچه‌نده‌ فشار‌ى له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ناردنى به‌شى هه‌رێمى كوردستان له‌ زووترین كاتدا، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و فشاره‌ش حكومه‌تى به‌غدا له‌ماوه‌ى رابردوودا، جۆرێك له‌ نه‌رمى نواندوه‌ و ده‌یانه‌وێ بۆماوه‌ى چه‌ند مانگێك بڕێك له‌ پاره‌ بنێرن، تاوه‌كو فشاره‌كانى له‌سه‌ریان كه‌مببێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى یاسایى بودجه‌ى 2019 عه‌یبدار نه‌بن، چونكه‌ به‌پێى یاساكه‌ حكومه‌تى به‌غدا پابه‌ند كراوه‌ بۆ ئه‌مساڵیش به‌شى هه‌رێم بنێرێت.

جارێ هیچ رێككه‌وتنێكى كۆنكرێتى و درێژخایه‌ن له‌ نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئارادا نییه‌، ته‌نها رێككه‌وتنێك ده‌بێت له‌ پێناو تێپه‌ڕاندنى دۆخێكى كاتی.

حكومه‌تى كازمى ده‌یه‌وێ به‌ كه‌مترین بارگرانى هه‌رێم له‌ كۆڵ خۆى بكاته‌وه‌، هه‌رێمیش به‌هۆى بێ هێزى و خراپى دۆخى دارایى و ئابوورى و نه‌بوونى بژارده‌ و به‌دیلێكى دیكه‌، ده‌یه‌وێـت به‌ هه‌رجۆرێك بێت بڕێك پاره‌ له‌ به‌غدا مانگانه‌ ره‌وانه‌ بكرێت و به‌شێك له‌ زه‌حمه‌تییه‌كانى سه‌رى كه‌مبكاته‌وه‌.

تاوه‌كو ئێستا به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى رازیبووه‌ ته‌نها ( 300 ) ملیار دینار مانگانه‌ بنێرێت( به‌ كۆمه‌لێك مه‌رجى سوك و ئاسان)، به‌ڵام شاندى هه‌رێم ده‌یانه‌وێ له‌ میانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ به‌رزبكه‌نه‌وه‌، تاوه‌كو ئه‌و كورتهێنانه‌ى هه‌یانه‌‌ كه‌مى بكه‌نه‌وه‌ ( له‌ باشترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ته‌نها 50 ملیار دینار زیاد بكرێت).

له‌ حاڵه‌تى ناردنى پشكى هه‌رێمیش له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، به‌ڵام حكومه‌ت هه‌ر رووبه‌رووى كورتهێنان له‌ موچه‌ و پاره‌ى خه‌رجى و خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنى موچه‌ى ته‌واو پێویستى به‌ زیاتر له‌ (880) ملیار دینار هه‌یه‌، به‌بێ خه‌رجییه‌كانى مانگانه‌ى حكومه‌ت.

ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌چێته‌وه‌ به‌غداو ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌نێت، ره‌نگه‌ ته‌مه‌نى ئه‌و كابینه‌یه‌ له‌ رووخان نزیكببێته‌وه‌، چونكه‌ ناڕه‌زاییه‌كانى ئه‌مجاره‌ى فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتانى ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى پارێزگا و زۆن و لایه‌نێك قه‌تیس نه‌ماوه‌، به‌ڵكو ناره‌زایه‌تییه‌كان له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌ و شوێنه‌كان وه‌كى یه‌كى لێهاتووه‌ و سه‌رتاسه‌ریه، خه‌ڵكى ناتوانن له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ى ئه‌و دۆخه‌ بگرن، حكومه‌ت و پارتیش ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ ده‌بینن.

كه‌واته‌ به‌ پێى پێشبینییه‌كان، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌گه‌رى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌توانێت له‌ كۆتایى ئه‌و مانگه‌ بۆ مانگى ئه‌یلول، موچه‌یه‌كى دیكه‌ دابه‌ش بكات، به‌ڵام به‌ موچه‌ى ته‌واو نابێت و بڕینى له‌گه‌ڵ داده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته‌ رێككه‌وتن كه‌ ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت بۆ ئه‌و مانگه‌ موچه‌ دابه‌ش بكات، كه‌ ئه‌وه‌ش رووبه‌ڕووى دۆخێكى خراپ و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ رووخانى ده‌كاته‌وه‌.

له‌باره‌ى جیبه‌جێكردنى یاسایى چاكسازیش، به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى دارایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و لیژنه‌ى باڵاى چاكسازیان ئاگاداركردۆته‌وه‌، كه‌ جێبه‌جێكردنى به‌شێك له‌ ماده‌ و بڕگه‌كان كاتى ده‌وێ و به‌شێكیشى عه‌مه‌لى نییه‌ ره‌نگه‌ جێبه‌جێنه‌كرێت، یاخود قوڕس بێت له‌ پیاده‌كردندا، بۆیه‌ وتویانه‌ جارێ چاوه‌ڕێ مه‌بن به‌هۆى چاكسازى به‌شێك له‌ پاره‌ بۆ خه‌زینه‌ى حكومه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.