تاپۆ ڕەشەكەم دەفرۆشم..

‌گۆران عوسمان

سەرەتا دەبێت هەموومان گومان لەو ڕێژەیەی بكەین، كە دەڵێ:  93 %دەنگی بە بەڵێ داوە، چونكە هێندە خەڵك هۆشیار نییە، تا داوای مافی خۆی بكات و بییەوەی لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەومافە زەوتكراوانەی وەربگرێتەوە! 

گەر وایە، بۆ لەكاتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی هەرێمدا، لەگەڵ ئەو گلەییەی زۆرەی هاوڵاتیان هەیانە لەم دەسەڵاتدارە نادیموكراسی و نادادە، ناتوانن گۆڕانكاریی بكەن و نەهێڵن جارێكی دی ئەم دوو دەسەڵاتە، كە هێز و پارەیان لەلایە دووبارە حكومدار بكەن؟!

سەربەخۆیی مافێكی شەرعی و یاساییە، پێویسی بە دەنگدان نییە،  بەڵكو پێویستی بە ڕێ خۆشكردن و زەمینەسازیی یاسایی و ئیداریی و كۆمەڵایەتی و بەنیشتمانیكردنی دامودەزگاكانی هەرێم هەیە، ئەمە وەك ئامادەسازیی ناوخویی، دواتر بتوانرێ پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ فەراهەم بكرێ، نەك موزایەدەو و خەڵك مەشغوڵكردن و خۆدەوڵەمەندكردن.
هەرێم بەم حاڵەی ئێستایەوە، چی چنییەوە لەو ڕیفراندۆمە درۆزنانەیەی كردی؟ هەمووان بینیمان نیوەی خاكی هەرێمی پێ لەدەستدا، پشتگیری كوردی لەناوچەكە لەڕووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە هەڵوەشاندەوە.

شەرمە چەندین ساڵ سیاسەت بكەیت، بەڵام نەتوانی بڕیارێكی  سیاسییانەی وا بدەی، باشییەكەی گەوەتربێت، لە هەڵەی، لە  ئێستاش ئەوەندەیتر نەزانانەتر بیربكەیتەوە و بڵێی: كورد تاپۆی ڕەشی سەربەخۆیی لە باخەڵدایە!

مرۆڤ لەكاتی تەنگانەدا دەست دەكات بە باخەڵیداو پارەكانی بۆ خۆشگوزەرانی خۆی بەكاردێنێ، بەڵام ئەم تاپۆڕەشە كورد ناوێرێ بەكاری بهێنێ، چونكە بێگومان زیانی زۆرترە لە قازانج!

هەرێم لەگەڵ ئەوەی دابەش بووە بۆ دوو زۆنگ، ئیدارەدانەكەشیان وەك پێویست نییە، ناتوانن بڕیارەكانی یەكدی لەدژی یەك جێبەجێ بكەن، حكومەت بڕیار دەردەكات، لایەنی جێبەجێكار توانای جێبەجێكردنی نییە، دادگا بڕیار دەدات، حزب پابەندنابێ پێوەی، ئیتر چۆن شانازیی بە تاپۆی ڕەشێكی شوومەوە دەكەیت؟


AM:10:30:25/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی