شەقوەشێنەکان

‌کاوە ئەمین

لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا، کێشەی یەک لەدوای یەک بەرۆکی کوردستانیان گرتووە، وا بەسەر یەکدا کەڵەکە بوون محاڵە بتوانرێت بەبێ نەشتەرگەریەکی ئازایانە نەک چارەسەر بکرێن بەڵکو بتوانرێت لەیەکیان هەڵاوێری، وەکو  چۆن نەخۆشی شێرپەنجە، بەشێکی زۆری لاشەی مرۆڤێکی گرتبێتەوە، بەڵام کەسەکە ئیرادەیەکی بەرز و دکتۆرێکی شارەزاو و ئازای لە پشتەوە بێت و بڵێت دەمەوێت بژیم و دەبێت بەسەر ئەم نەخۆشیەدا زاڵ ببم، بەداخەوە ئێستا لە  کوردستان نە بوێری و ئیرادە هەیە و نە ئەو کەسەی کە بتوانێت بریاری ئازایانە بدات و ببێتە غاندی لە کوردستان، ئەگەر هەیە فەرموو با دەست پێ بکات، خۆ کەس دەستی نەگرتوون.

ئەوەی لەم رۆژانەدا بینیمان و پێشتریش بینیومانە، نیشانەی ئەوەیە کە کار بۆ دروستکردنی نەتەوە نەکراوە، بەڵکو کار بۆ دروستکردنی تاقمگەرایی، حیزبگەرایی، گەرک و شارچێتی و پاشانیش بەرژەوەندی خێزان دراوە، لێرەدا دوو نمونەی زەق دەهێنمەوە کە زۆر لەیەکەوە نزیکن.

کاتێک، کەسێک جا نازانم ئاسایش بوو یان چ کارەبوو، گرنگ نییە، لە هەولێر شەقی لە مامۆستایەک هەڵدا، خەڵکانێک کەوتنە پارێزگاری مامۆستاکە و سەرزەنشتکردنی ئەوکەسەی کە بەو کارە قێزەونە هەڵسا و سووک و ریسوایان کرد، من خۆم یەکێک بووم لەوانەی داوای دادگایکردنی ئەو شەقوەشێنەم کرد، کەچی پارتییەکان بەدەگمەن نەبێت فزە لە دەمیان نەهاتە دەرەوە، ئاخر ئەگەر ئەوکاتە داوای داددگای کردن و سزایەکی توندیان بۆ ئەو شەقوەشێنە بکردایە، ئەوا رەنگە سنوورێک بۆ تاوانباران دابنرایە.

ئێستا شتەکە پێچەوانە بۆتەوە، سەرسەرییەک لە سەیدسادق دەکەوێتە لێدانی پیاوێکی بەتەمەن کە گونهاکەی تەنیا ئەوەیە کە پاسەوانی بارەگایەکی پارتییە، ئەمە ئەوپەڕی بێ ئەدەبییە، دەبێت ئەوکەسە بدرۆزرێتەوە و بدرێتە دادگا. سەیرەکە لەوەدایە یەک کەسی دەرەوەی پارتی نایەت پارێزگاری لەو پیاوە ریش چەرمووە بکات و رەنگە پشتگیری کاکی شەقوەشێنیش بکەن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لەخۆمانەوە بە خۆمان دەڵێین نەتەوە و نیشانە پرسیار دەخەینە سەر بەشێکی زۆر لە رابردووی خۆمان، ئاخر ئەگەر کورد ئاوا بیربکاتەوە، دەکرێت پێی بوترێت نەتەوە؟ 

ئەی ئەوانەی کە ئاراستەی خۆپیشاندانەکان دەکەن، بەچ مەنتقێک بەوانە دەڵێن بسوتێنن و  بکوژن و ببڕن؟ ئاخر شارێکی وەکو سەید سادق کە سەددام لەکاتی شەڕی ئێران و عێراقدا کاولی کرد، ئێستا چۆن دەبێت جارێکی دیکە بسوتێنرێت، هۆڵی بۆنەکان بۆ دەبێت بسوتێنرێت؟ 
ئایا ئەوانەی کە خۆپیشاندان دەکەن، موچەخۆرن، زۆربەیان تەمەنیان لەژێر هەژدە ساڵییەوەیە، خۆ ئەگەر داوای کردنەوەی قوتابخانە و مەکتەبەکانیان بکردایە، ئەوا بەو دوعایەمان دەگوت ئامین! برادەرێک گوتی، هێشتا سەید سادق لەو شارە دەگمەنانەیەی کوردستانە کە، جلی کوردی و جامەنە و هەندێک دابونەریتی جوانی کوردیان پاراستوە، ئەدی خێرە، چوار جامانەبەسەر لە خۆپیشاندانەکاندا نابینرێن، خۆ ئەوانە مافخوراوی پلەیەکن و  موچەیان وەرنەگرتووە؟

ئێمە کاتێک دەتوانین خۆمانە بە مافپەروەر و هەقبێژ بزانین کە هەموو شەقوەشێنەکان بەیەک چاو سەیربکەین، داوای دادگایان بکەین، نەک چاومان تەنیا لەو شەقانە ببینێت کە لە خۆمان هەڵدەدرێت و ، بێدەنگەی لێ بکەین و بڵێین، چش با ماڵی دراوسێکەمان ببێت بە قەرەبروت.


PM:12:25:08/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 1960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی