ئێستا زانیتان من گەندەڵکارم؟

‌تەزرە بۆتانی

چەند مانگ و ڕۆژێکە دەوترێ چاکسازی دەکرێ ، خەیاڵ کردن بۆیە خۆشە چونکە بێ سنور و سانسۆرە ، لە خەیاڵی خۆم دەمگوت:

بڵێی سەروەت و سامانی چەندین ساڵەمان بۆ بگێڕنەوە و ئەوانەی بەم دزییە بوون بە خاوەن مۆڵ و بەنزینخانەو ڤێللاکان ڕاپێچی دادگا بکرێن و پێیان بڵێن:

من ٲین لك هذا ؟
ئیتر ئەوە هەر خەیاڵێک بوو وەک خەیاڵی ئەو هەموو گەنجە نازدارە گیرفان بەتاڵ و کەمئەندامانەی کە خەون بە شۆڕش و لە ڕەگەوە هەڵکێشانی گەندەڵی دەبینن.

حزبە بچووکەکان لە بێدەنگی و بندیواری دەتلێنەوە، بۆیە پێویستە ئەندامانیان بەر لەوەی ڕەخنە لە پارتی و یەکێتی بگرن، بچن و هەڵکوتنە سەر دەزگاو بارەگاکانی خۆیان.

جووت حزبەکەش....
واااای لە جووت حزبەکە
دوو بەحڕن
لەوەتەی هەن
 یەلتەقیان
یەلتەقیان
سەد بەرزەخ لە نێوانیانە
لا یەبغیان
....
ئینجا دەرکەوت من گەندەڵکاری ڕاستەقینەم ، هاتن و چاکسازییان لە موچەکەم کرد ، کوڕە قەسەم بەخوا پێمخۆشە موچەکەم ببڕن ، بەس فەرموون حاڵی ئەو خێزانە کرێچییە باش بکەن کە 500 هەزارەکەتان کردووە بە 395 هەزار.
لە کۆتاییدا دڵنیابن ئەنجامی ئەو دۆخە لەم دوو خاڵە زیاتر نییە:

یەکەم : بەهۆی سەمع و تاعەی دەستەڵاتی کوردی بۆ وڵاتانی دراوسێ و زلهێز وەک سعودیەو ئیماڕات نەوەی دەرەبەگ و ئاغاکان کە دوێنێ و ئەمڕۆ جاش و موستەشارن و دەقیڕێنن بەسەر پزیشک و مامۆستا کە دوێنێ کوڕە هەژار بوون و پێیان وترا:

بخوێنن خوێندن مەرهەمە بۆ دیفاعی گەل
کەچی خوێندیان و هەمدیسان کوڕە ئاغاو دەرەبەگ حوکمیان کردن . ئینجا دوو هێڵی هەژاری و سەرمایەداری تۆخ و تۆختر دەبنەوە.

دووەم: چاکسازی و گۆڕاااااانێک کە تا ئێستا نە زەمینەسازی بۆ کراوە، نە پیاوەکانیشی دیارن.

وا دیارە نۆرەی ئێمەی ئافرەتە وەدەنگ بێین، ئەی ئەوە نییە لەولا شێرکۆ بێکەس بە داخی ئەوان سەری نایەوەو لەملاش پەشێو ئاوارە و ڕەنج بە خەسار کرا؟


PM:03:07:23/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی