چۆنیەتی گرتنی هەڵەبجە

‌هونەر تۆفیق

سوپای ئێران لەپاش گرتنی فاو ١٩٨٦ ەوە، لە زۆربەی بەرەکانەوە زۆری بۆ سوپای عێراق هێنابوو، هێرشە بەردەوامەکانی بەناوی فەجر و فەتح و کەربەلاوە ناونابوو کە زنجیرەیەک بوون لەو هێرشانەی ناویان نابوو دیفاعی مقەدەس.
 

هێرشی گرتنی هەڵەبجە سەر بە زنجیرە هێرشەکانی فەتح بوو  بەناوی فەتحی پێنجەمەوە. لە ١٣ی ئازاری ١٩٨٨ دا بەهاوبەشی سوپا و پاسداران و پێشمەرگە کوردەکانی دژ بە عێراق دەستپێکراوە، پلانە سەربازیەکە ( کەماشە) یی بۆ ئابڵۆقەدانی سوپای عێراق بووە لە سێ لاوە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور) ی هەڵەبجە بە دەشتی شارەزوورەوە و دواتر لە باکوورەوە لە عەرەبەت هەرسێ سوپاکە یەکبگرنەوە و بەرەو سلێمانی هێرش دەست پێبکەنەوە.

ئەگەر ئەو پلانە بەتەواوی سەریبگرتایە ، سوپای ئێران دەربەندیخان و کەلاریشی دەخستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەهۆی دابڕینی سلێمانی لە سێ لاوە هەمان ئابڵۆقەدانی سەربازی (کەماشە) ی دووبارە دەکردەوە و بەئاسانی سلێمانیشی داگیردەکرد.

هێڵی بەرگری سوپای عێراق بریتی بوو لە دوو فیرقەی ٤٢ لەناو هەڵەبجە و ٣٦ لە دەربەندیخان . فیرقەی ٤٢ بە سەرلەشکری عەمید ڕوکن عەلی حسێن عەلگاوی، لیواکانی ٦٠٧، ٦٠٢، ٤٣٤ ی بەدرێژایی سنووری عێراق - ئێران لە سوورێنەوە تا هەورامان و شنروێ و باڵانبۆی لەژێر دەستدابوو. فیرقەی ٣٦یش کە سەرلەشکرکەی عەمید فەرحان جاسم عەباد بوو، بەدوو لیوای ٥٠٦، ٦٦ ئەرکی پاراستنی خۆرئاوای ڕووباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخانی لە ئەستۆبوو.

ئێرانیەکان لە ١٣ی ئازاردا لەگەڵ پیشمەرگەدا لە چیای شنروێ وە دەستیان بەهێرشەکە کرد. لەهەمان شەودا پێشمەرگە دەچنە ناوشاری هەڵەبجەوە و سوپای عێراق بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن. فیرقەی فەتح ی سوپای ئێران لە ڕووباری سیروان و چیای باڵانبۆوە هێرشە سەرەکیەکەیان دەستپێدەکەن. بە خێرایی دەپەڕێنەوە بەرەو ناوچەی زەڵم و یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزی پاسداراندا کەلە هەورامان و خورماڵەوە هێرشیان دەستپێکردبوو و لە نێوان سەیدسادق و زەڵمدا یەکدەگرنەوە. پێکەوە پێشڕەوی دەکەن بەرەو سەیدسادق. بەشێک لە فیرقەی فەتحیش هێرش دەکەنە سەر لیواکانی ٥٠٦ و ٦٦. بەڵام لیوای ٦٦ بەرگریەکی سەخت دەکەن  کەمقەدەم فەرید حەمودەی بەڕەگەز فەڵەستینی بووە.


کاتێک فیرقەی ٤٢ لە ڕۆژی ١٤ ی ئازاردا بۆیان دەردەکەوێت ئابڵۆقەدراون هیچ دەرچەیەکیان لەبەردەمدا نەماوە ، هەموو ڕێگاکانی بەهاناوە چونیان لێگیراوە ، داوای هێزی دابەزینی ئاسمانی دەکەن . سوپای عێراق هێزێکی مغاویریان بە هالیکۆپتەر لە چیای باڵانبۆ بۆ یارمەتیدانیان دەنێرێت. بەڵام هیچیان پێ ناکرێت.

لە ١٥ ی ئازاردا فیرقەی ٤٢ تەسلیم بە ئێرانیەکان دەبن. سەرلەشکرەکەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەمن و ئیستخباراتەکانی هەڵەبجە دەیانەوێت بەپیادە لە ڕووباری سیروان بپەڕنەوە و خۆیان دەربازبکەن. زۆرینەیان لە ڕووبارەکەدا خنکاون. عەمید عەلی حسێن عەلگاویش لەناو ڕووبارەکەدا فیشەکێک بەخۆیەوە دەنێت و خۆی دەکوژێت. لە ١٦ ی ئازاردا، سەدام حسێن فەرماندەکات تەڕ و وشک لە هەڵەبجەدا پێکەوە بسووتێنن و شارەکە بەچەکی کیمیایی بۆردمان دەکات.



PM:02:57:16/03/2021

ئه‌م بابه‌ته 4040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی