کورد و حیزبوڵڵا و ئیسرائیل

‌ئالان م. نوری

رۆژی سێشەممە، 4 ی ئاپ، ٢٧٥٠ تەن نیتراتی ئامۆنیۆم  لە عەمبارێکی بەندەری شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان تەقییەوە و کارەساتێکی مرۆیی ترسناکی لێکەوتەوە. ١٥٤ کەس تائێستا زانراوە کە کوژراون و زیاد لە ٥٠٠٠ کەس بریندارن. تا ئیستەش تیمەکانی پشکنین لەژێر خاشاکدا بەدوای سەدان بێ سەرو شوێندا دەگەڕێن. چەندین گەڕەک کاول بوون و نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ماڵ و حاڵی لەدەست دا. ئەم تەقینەوەیە دادەنرێت بە گەورەترین تەقینەوەی نا ئەتۆمی لە جیهاندا تا ئێستە.  

سەرگورشتەی بارێکی کوشندە  
چیرۆکی گەیشتنی ئەم بارە گەورەیەی نیتراتی ئامۆنیۆم بە بەیروت و مانەوەی بۆ زیاد لە ٦ ساڵ لەوێ بۆ خۆی تراژیدیایەکی خەمناکی سەردەمی بە جیهانی بوونی لیبرالیزمی ئابووریی دڕندەیە. بازرگانێکی روسی دانیشتووی قوبروس کە یەکێکە لە پێگەکانی پارە سپیکردنەوەی مافیای رووسی، لەگەڵ کۆمپانیایەکی چەک و تەقەمەنیی مۆزەنبیقیدا ساڵی ٢٠١٣ رێککەوتبوو کە ئەم بارە نیتراتی ئامۆنیۆمەیان پێ بفرۆشێت و لە جۆرجیای کۆماری پێشووی ئەکێتیی سۆڤێتەوە بۆیان بگوێزێتەوە بۆ مۆزەمبیق لە خوارووی ئەفریقیا. ئەم بارە هەرەترسناکە لە جۆرجیای نوێی سەرمایەداریی بەرەڵڵادا لە پاپۆڕێکی کۆنی شڕ بار کرا. لە ڕێگادا دەرکەوت کە خاوەنی بارەکە پارەی ئەوەی نەبووە کە کرێی تێپەڕبوونی پاپۆڕەکە بە کەناڵی سوێس دا بدات و داوای لە کابتنی پاپۆڕەکە کردووە بچێت لە لوبنان باری دیکە بار بکات تا پارەی کرێی تێپەڕبوونەکە دەربێنێت. کە دەگاتە بەیروت، کەشتییەکە لە پشکنینی رۆتینیی دەسەڵاتی ئیدارەی بەندەری بەیروت دەرناچێت و دادەنرێت بەوەی کە سەلامەت نییە لە دەریادا بەکار بهێنرێت. پاشان لەبەر ئەوەی پارەی کرێی مانەوەی پاپۆڕەکەیان لە بەندەری بەیروت پێ نەبووە بارەکەیان دەستی بەسەردا گیرا. بازرگانە رووسەکەش دوای ماوەیەکی زۆر تەنها پارەی گەڕانەوەی کاپتن و دەریاوانەکانی داوە و نەچووە بەلای بارەکەی و کرێی بەندەری بەیروت و عەمبارەکانیدا، بۆیە بارەکە هەروا لەو ناوە ماوەتەوە. بەم شێوەیە ماددەیەکی زۆر خێرا گڕگر و ئامادە بۆ تەقینەوە، لە بەندەری شارێکدا گیری خوارد کە نیو سەدەیە چەندین شەڕی ناوخۆ و داگیرکاری بەخۆوە دیوە و ئێستەش لە هەر رۆژێکدا دەشێت لە هەر سووچێکیدا شەڕ و کوشتار هەڵبگیرسێتەوە.  

کورد و تەقینەوەکە  
لەگەڵ بینینی چەندین ڤیدیۆی سۆسیاڵ میدیای تەقینەوە کارەساتبارەکە، سێ ئاراستەی بیرکردنەوە لە لۆژیکی بیرکردنەوەی باو لە نێو کوردانی تەماشاکەری رووداوەکەدا تەقینەوە. ئەم کارتێکردنەوی کارەساتی بەیروت لەسەر کوردانی هەرێمی کوردستان نە لەبەر ئەوەیە کە دەستەیەک لە هەرە دەوڵەمەندانی دەسەڵاتی هەرێم ڤیللا و موڵک و ماڵیان لە بەیروتدا هەیە و نە لەبەر ئەوەشە کە بۆ ژمارەیەکی زیادتر لە خەڵکی کوردستان، گەشتوگوزار لە بەیروت تا رادەیەک دەستەبەر بووە و زۆریان جوانیی سروشتی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی سەرسامی کردوون... بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەگەری وەڵامەکانی پرسیاری ئەوەی ئەو بارە بۆچی تەقییەوە، لە گەلێک رووەوە، بەندە بە شێوەی بیرکردنەوەی باو و زاڵ  لە هەرێمی کوردستاندا. واتە ئەو تەقینەوەیە بنەماکانی بیرکردنەوەی کوردانی هەرێمی دەربارەی سیستەمی سیاسیی خوازراو لە کوردستان و عێراقدا هەژاند. لە ماوەی رۆژانی رابوردوودا سێ ئەگەری وەڵام بۆ پرسیاری هۆی تەقینەوەکە مەودای مشتومڕی نێوان خەڵکی کوردستانی تەنییەوە:  

گەندەڵی کوشندەیە  
یەکەمین ئەگەری وەڵام، کە تا دێت پێدەچێت نزیکترینیان بێت لە راستی، ئەوەیە کە مانەوەی بارێکی وەها ترسناک، بۆ ئەم هەموو ساڵە، بێ ئەوەی کەسێکی کاربەدەست مشووری مەترسییەکانی بخوات، دەربڕی ئاستێکی زۆر مەترسیداری گەندەڵییە لە وڵاتەکەدا. جا ئەوەی کەمێک شارەزایی هەبێت لە مێژووی ئەو گەندەڵییە دەزانێت کە سەرچاوەی سەرەکیی گەندەڵی لەو وڵاتەدا بریتییە لە شێوازی داڕێژراوی سیاسەت و حوکم کردن لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ و ڕێککەوتنی طائف لە سعودیە  لە ساڵی ١٩٨٩وە کە بنەماکانی تەوافوقی ئاینی و تایەفەگەریی لە لوبناندا چەسپاند. بەو پێیەش لەو کاتەوە، تەنها پێوەری  شایستەبوونی کەسێک بۆ هەر پۆستێکی ئیداری بریتیە لەوەی چ خێزانێکی دەسەڵاتداری چ تایەفەیەک بەروبوومی ئەو پۆستە دەخوات. ئەم سیستەمی تەوافوقی تایفی و ئاینییەی لوبنان، دەوڵەتی لە لوبناندا کردە کۆمەڵێک مانگای شیردەر و هەر بنەماڵەیەکی "پارێزەری بەرژەوەندییەکانی تایەفە"ی کردە خاوەنی مانگایەکیان. هەرچی پرانسیپی هاوڵاتیبوون و لانی کەمی سەربەخۆیی دەزگا خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت هەیە هەمووی لە مانا و بنەمای کاریان بەتاڵ کران.  

لەگەڵ رووخانی سەددام و دەستپێکردنی "پرۆسەی ئازادی" لە عێراقدا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنە بەستەزمانەکەیان، بەناوی کوردایەتییەوە، بوونە داکۆکیکار و بناغەداڕێژەرێکی سەرەکیی سیستەمێکی هاوشێوەی لوبنان لە عێراقدا و تا ئەمڕۆش، سەرەڕای راپەڕینی خەڵکی عێراق و بەقوڕدا چوونی ئابووری و دەوڵەتداری لە خودی هەرێمی کوردستاندا لە ئاکامی ئەم سیستەمە، کەچی باڵادەستانی هەرێم و ئۆپۆزیسیۆنە بەستەزمانەکەیان، بەردەوامن لەوەی ئەم بنکۆڵکردنی پرانسیپی هاوڵاتیبوونە بە کوردایەتی عەیار ٢٤ بە هاوڵاتیانی کوردی هەرێم بفرۆشن. چەند ساڵێک لەمەوبەر میدیاکارێک پرسیارێکی یاسایی لە وەزیری دادی هەرێمی  کوردستانی ئەوسا کرد، دەربارەی مەسەلەیەک کە وەزارەتەکەی تەرەف بوو تێیدا، وەزیری پڕ بە چاکەت و پانتۆڵەکەی فەرمووی کە ئەو یاساناس نییە و وەڵامی ئەو پرسیارە نازانێت… بەڵی ئەو تەنها شوانی مانگایەکی شیردەر بوو کە ناوی وەزارەتی داد بوو. مانگاکە چۆن دێ و چۆن دەڕوات، کێشەی ئەو نەبوو، گرنگ ئەوەبوو شیرەکەی بۆ کێ بوو! لەم تەقینەوەیەی لوبناندا،کوردانی هەرێمی کوردستان بە چاوی خۆیان بینییان کە ئەو جۆرە لە گەندەڵیی بێباک گەر بەردەوام بێت، چی کاولکارییەکی لەدەست دێت.  

حیزبی خوا، خوا بناسە!  
ئەگەری دووەمی وەڵام، بە تایبەتی لە رۆژی یەکەمی تەقینەوەکەدا بریتی بوو لەوەی کە ئەوە کەرەسەری خاوی تەقەمەنی بووە و بۆ حیزبوڵڵا هاتووە و ئەوان لە شوێنی مەدەنیدا دایانناوە تا ئیسرائیل لەترسی کوشتاری زۆر و تووڕەبوونی رای گشتی جیهان پەلاماری نەدات. لێرەشەوە سەرلەنوێ مەسەلەی چۆنێتی تەماشاکردنی کوردانی هەرێم بۆ مافی بەرهەڵستکاری لە دژی داگیرکەر و رۆڵی حیزبی پاوانخواز لەو بوارەدا و رادەی دەستکراوەیی حیزبی بەرهەڵستکار لە هەڵوەشاندنی پێگەی دەوڵەت و "ماف"ی ئەو حیزبە لە خۆسەپاندن وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ دەوڵەت و رێگرتنی لە یەکسانیی هاووڵاتیان لەبەرامبەر یاسا و کارو کردەوەکانی دەسەڵاتی سیاسیدا هاتنەوە بەر باسی خەڵک.    

کوردان لە هەرێمی کوردستاندا ئەزموونێکی دوورودرێژیان هەیە لەگەڵ چەمکی (حیزبی چەکداری پاوانخواز) کە پێناسی خۆی بۆ خۆی بریتییە لە تاکە بەرهەڵستکاری "راستەقینە"ی داگیرکەران. هەروا بینیویانە، لەهەر کاتێکدا کە ئەو حیزبە(یان ئەو حیزبانە) بۆیان کرابێت دەسەڵاتی تاکڕەوییان بەسەر ناوچەیەکی جوگرافیدا بسەپێنن، چ جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسییان پێشکەش بە خەڵک کردووە و چۆن روانویانەتە سنووری نێوان حیزب و دەوڵەت، یان  سنووری نێوان دارایی حیزب و موڵک و ماڵی گشتی و، مافی هاووڵاتیان لە سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت بەبێ گوێدانە دووری و نزیکییان لە حیزب. جا سەرەڕای دان نان بەوەی ئەم ئەزموونەی خەڵکی کوردستان لەم بوارەدا گەلێک تاڵ بووە، بەڵام رای باو و سەپاو لە کوردستاندا ئەوە بووە کەوا "نەتەوە" لە خەتەردایە و هەموو شێوازێکی داپڵۆسین و پێشێلکاریی مافە گشتییەکان و تەنانەت رەفتاری مافیائاسا لە کاتی تەنگانەدا، بۆ داکۆکیکارانمان رەوایە. لە کوردستاندا خەڵکانێک بە هەمان شیوە پاساو بۆ حیزبوڵڵا دێننەوە  و پێیان وایە چونکە بەرهەڵستکاری ئیسرائیلە، کەواتە وادەی سەرزەنشتی نییە و لادان لە پشتگیریی ئەو حیزبە، لادانە لە هێڵی بەرهەڵستکارانی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم و ئیستیکباری جیهانی و ...تاد. بەرامبەر بەمانیش لە لوبنان و لە کوردستانیش دەنگێکی بوێر و رەگداکوتاو پێی وایە ئەزموونی سازدانی کۆمەڵگا بۆ شەرێکی لە کۆتایی نەهاتوو، تەنها بە قازانجی رەفتاری مافیائاسای "حیزبی جەنگاوەر" بووە و کۆمەڵگا چیدی توانای قەبوڵ کردنی تێکەڵ کردنی مافیا و سیاسەت بەناوی "هەموو شتێک لە پێناوی جەنگ" ی نەماوە.  

جا تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت حیزبوڵڵا هیچ پەیوەندییەکی بەو عەمبارەوە نییە، ئەوە هیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێت کە سەرڕای ئەوەی حیزبوڵڵا بە تەنها تاوانبار نییە، پێکهاتەی مافیائاسای ئەو حیزبە و هەڵوێستی جیاخواز و پاوانخوازیی و داکۆکیی سەرسەختی لە "طائف و سیستمەکەی، یان شەڕی سەرانسەری لە لوبناندا" بەشێکی دانەپچراوی دیاردەی گەندەڵیی حوکمە لەو وڵاتەدا. لێرەوە ئەم تەقینەوەیە بۆ کوردانی هەرێم هاندەرە بۆ بەدوادا چوونەوەی تێڕوانینیان بۆ حیزبی پارێزەرمان لە گورگان.  

ئیسرائیل، دەوڵەتی جوولەکە؟  
ئەگەری سێیەم کە کەس ناتوانێت بێ لێکۆڵینەوە وەلای بنێت ئەوەیە کە ئیسرائیل بە مەبەستی لکاندنی تاوانەکە بە حیزبوڵڵا و وروژاندنی پرسیاری رۆڵی حیزبی تا بینەقاقا چەکدار لە کۆمەڵگایەکی مەدەنیی دێمۆکراتخوازدا، ئەو عەمبارەی تەقاندۆتەوە. ئەمەش پرسیاری هەڵویستی باو و سەپێنراو لە هەرێمی کوردستاندا دەربارەی ئیسرائیل، مافی ئەو دوڵەتە لە بوون، و مافی لە ئاشتی پێکەوەژیان لەگەڵ دراوسێکانیدا سەر لەنوێ هەڵدایەوە.  

ئاشکرایە کە پەتای "ئیسرائیل فڕێ دەدەینە ناو دەریاوە" و "جوولەکە مەیموونن" لە ناو کورددا هیچ کات هەستێکی پێگە بەهێز نەبووە. لەو بارەیەوە کوردانی هەرێمی کوردستان لە ئەودوای عێراق بە گشتی عەقلانیتر بوون و بیرەوەریی دەستەجەمعییان بەهۆی رەگەزپەرستی و خورافاتی بە ئاینیکراو لە دەستنەداوە. وەکو زۆربەی جیهان دۆزی جوولەکەی ئەوروپا لە نێوانی دوو جەنگی جیهانیدا لە لای کوردان دۆزی خەڵکی پەناهەندەی راکردوو لە کۆمەڵکوژی بووە کە یەکەم جاریش نەبووە دەوڵەتی عوسمانی و میراتگرانی داڵدەی جولەکەی راونراوی ئەوروپایان دابێت. لای کوردان و لای جیهانیش، پاش شکستی "دەوڵەتێک بۆ دوو گەل" و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین، کە ئەمیان زۆرینەی جوولەکە و ئەویان زۆرینەی عەرەبیان تێدا بێت، بە گشتی بە بڕیارێکی دادپەروەرانە ناسراوە. بەڵام ئەمە هەرگیز لای کوردان یەکسان نەبووە بە مافی ئیسرائیل لە فراوانخوازی و داگیرکاری، یان بە مافی ئیسرائیل لە نکۆڵی کردن و رێگرتن لە دەوڵەتێکی فەلەستینیی سەربخۆ و دێمۆکرات.  

سەرەڕای ئەمە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە، هەواداریی ژێربەژێری دەسەڵاتدارانی کورد بۆ حکومەتە راسترەوە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل مەزاجێکی باوی نوێی لە نێو کوردانی عێراقدا دروست کردووە کە نەک تەنها پاڵپشتی مافی ئیسرائیلن لە ژیان، بەڵکو پاڵپشتی بە نیشتمانی جوولەکە ناساندنی ئیسرائیلیشن! ئەمەیان بۆ میللەتێک کە رژێمێکی نەتەوەپەرستی فاشی نزیکەی نیو سەدە بەسەریاندا زاڵ بوو و دەیگوت عێراق بەشێکە لە ئوممەی عەرەبی، بەواتای ئەوەی کوردان یان میوانن، یان چارەنووسیان بوون بە عەرەبە، ئەم مەزاجە باوە بۆ میللەتێک کە بەو ئەزموونە تاڵەدا تێپەڕیبێت، مەزاجێکی نامۆ و دژ بە خواستی گەلانە. کوردانی دەستچزاو بە ژیانی "برا بچووک" لە چوارچێوەی دەوڵەتی "قەومی"، نەک مەدەنی و هاوچەرخدا، دەبێت بزانن بە نیشتمانی جولەکە ناساندنی ئیسرائیل واتە بە هاووڵاتی پلە دوو ناساندنی ٢١٪ ی دانیشتوانی ئیسرائیل کە عەرەبن.  

ئەم تەقینەوەیەی بەیروت، ئەگەر دەستی ئیسرائیلی تێدا بێت، هەلێکە بۆ خۆجیاکردنەوەی مەزاجی باوی میللیی کورد لە سیاسەتی سەرەڕۆ و رەگەزپەرستی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل. مافی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی مەدەنی لە ژیان و ئاسایش، تەنها لە رێی مافی فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیل لە یەکسانی و ئاسایش و مافی  گەڕانەوەیان بەدی دێت. ئەمەش لە پاڵ مافی فەلەستینییەکانی  رۆخی خۆرئاوا و کەرتی غەززە لە دەوڵەتێکی مەدەنیی دێمۆکراتی سەربەخۆ و گێڕانەوەی هەموو زەوییە داگیرکراوەکانی وڵاتانی سوریا و لوبنان، مەرجی بە دراوسێی چاک ناساندنی ئیسرائیلێکی دێمۆکراتییە. تەقینەوەکەی بەیروت پێمان دەڵێت کە کوردی هوشیار دەبێت ستەمی دەوڵەتی "قەومی" عەرەب نەکات بە بەهانە بۆ قەبووڵ کردنی ئەو ژیانە بۆ گەلێکی دیکە کە خۆی لە دژی خەباتی کردووە.   

بەیروت خوێنی لێ دەتکێت. لەگەڵیشیدا فرمێسک لە چاوانی هەموومان. با قوربانییەکانی شارە نازدارەکەی فەیروز بە فیڕۆ نەڕۆن، با خۆشەویستیمان بۆ بەیروتی جوان هاندەرمان بێت بۆ بنبڕکردنی ئەگەرێکی تۆقێنەری وەها لە وڵاتی خۆشماندا.  

ئەم وتارە لە سایتی ناس کورد وەرگیراوە


PM:04:21:10/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی