شەرحی نەزان بۆ گەندەڵی و خەلیفە عوسمان

‌ئالان م. نوری

رۆژی سێشەممە، 28 ی تەمموز، لە کۆبوونەوەی بانگهێشتی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان، لە مشتومڕێکدا دەربارەی چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، هێڤیدار ئەحمەد، ئەندام پەرلەمان لە لیستی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، بڕیاری دا خوێندەواریی خۆی بە باسکردنی کتێبێکی نووسەری ناسراوی عێراق، د. عەلی وەردی بە ناونیشانی (وعاظ السلاطين) دەربخات.   

دەروازەی باسکردنی کتێبەکەش لە لای ئەو بریتی بوو لەوەی کە د. عەلی وەردی"دروست باسی ئەو وەزعەی کوردستان دەکات"، بەوەی باسی چۆنێتی دەستپێکردنی گەندەڵیی کردووە لەسەردەمی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەففان دا. واتە هێڤیدار دەڵێت  دروستبوونی گەندەڵی لە ئیسلامدا، بەو شێوەیەی د. عەلی وەردی باسی لێوە دەکات و ئەم لێی تێگەیشتووە، هاوشێوەی دروستبوونی ئەو گەندەڵییەیە کە لە کوردستاندا باوە....چۆن؟  

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هێڤیدار بێتوانیاییەکی کەم وێنەی لە خوێندنەوەدا خستە روو. بە تێگەیشتنی ئەو بۆ نووسینەکەی د. عەلی وەردی، گەندەڵی لە سەردەمی خەلیفە عوسماندا لەوەدا بەرجەستە بوو کە زەکات و سەدەقەی بە زۆر لە دەوڵەمەندان نەسەند تا حکومەت بەسەر موسوڵماناندا دابەشی بکات، بەڵکو ئەو مەسەلەیەی جێهێشت بۆ دەوڵەمەندان خۆیان بڕیاری لێبدەن. ئەمە لە کاتێکدا کە، بە پێی "خوێندنەوە"ی هێڤیدار بۆ کتێبەکە، لە سەردەمی خەلیفە عومەری کورى خەتتاب دا حکومەت وەریدەگرت و تەنها بەشی موستەحیققانی دەدا، و پێش ئەویش خەلیفە ئەبوبەکر وەیدەگرت و بە یەکسانی بەسەر هەموو موسوڵماناندا دابەشی دەکرد.  

پێش ئەوەی بچمە سەر ئەوەی ئەم "خوێندنەوەیە"ی کتێبەکە چ ئاستێکی نزمی خوێندەوارییە، دەمەوێت لۆژیکی هێڤیدار، وەک کادیرێکی پێشکەوتووی حیزبێکی دەسەڵاتداری نزیکە سی ساڵەی کوردستاندا،  لە رێی ئەم حیکایەتەیەوە شی بکەمەوە:   

هێڤیدار دەیەوێت پێمان بڵێت لە کوردستاندا، دروست وەک سەردەمی خەلیفە عوسمان، گەندەڵی کاتێک دەستی پێکرد کە دەوڵەمەندان سەرپشک کران خۆیان زەکات و سەدەقە، چۆنیان بوێت وا بدەن بە خەڵکی کوردستان. لە ئەنجامی ئەمەش "دەوڵەمەندیی فاحیش" دروست بوو.  

لەوە گرنگتر، هێڤیدار دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بشوبهێنێت بە خەلیفە عوسمان و تێگەیشتنی زۆربەی ئەهلی عیلم لە موسوڵمانانی سوننە بۆ رۆڵی عوسمان لە تەشەنەکردنی گەندەڵی لە سەردەمی حوکمیدا. ئەو رۆڵەش لە کولتووری باوی سوننەدا ئەوەیە کە ئەوەندە پیرێکی نەرم و نیان بوو،  بێ ئاگا بوولە هەڵسوکەوتی چەوتی  ئەوانەی کە خۆی کردنی بە حاکم بەسەر زۆربەی ناوچەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا. هێڤیدار دەیەوێت بڵێت بەخشندەیی و نەرم ونیانیی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان هانی دەوڵەمەندانی دا کە پشت بکەنە هەژارانی وڵات، بۆیەش حاڵمان بەم حاڵە گەیشتووە!  

ئەگەر هێڤیدار نیمچە خوێنەوارێکی باش بوایە، دەیزانی کە باسی سەرەکیی مەسەلەی تەشەنەکردنی گەندەڵی لە کتێبەکەی (وعاظ السلاطین)دا بریتییە لە مەسەلەی هەڵوێست بەرامبەر ئەوانەی کە پێغەمبەر بە (الطلقاء) ناوی بردن و هەندێکیان لە قورئاندا بە (المؤلفة قلوبهم) باسکراون. ئەوانەش سەرەگەورەکانی قورەیشن کە تا ئەو کاتەی پێغەمبەر بە سوپایەکی بێشومارەوە بەرەو مەککە کەوتە رێ، تا ئەو کاتە دوژمنایەتییان کرد و،  ئەوکاتیش لەهەڵوێستێکی دەگمەنی، جیا لە نەریتی باوی ئەو سەردەمە، کەسیانی بە دیل و کۆیلە نەگرت و پێی گوتن بڕۆن ئێوە بەرەڵڵا : طلقاء ن، تەنانەت هێندە چاک بوو لەگەڵیاندا کە بە ئیسلامبوونیشی نەکردە مەرجی بەرەڵڵا کردنیان. پاشان لە پێناوی راکێشانیان بۆ دژایەتی نەکردنی ئیسلام، بە پارە رایگرتن و لە سورەتی (التوبة)دا لەگەڵ ئەوانەدا کە پارەی سەدەقەیان پێ دەشێت ناویان هاتووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان گەورە بازرگان و دەوڵەمەندی قورەیش بوون:   

" إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ ۖ فَرِيضَةً مِّنَ اللَّهِ ۗ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ"  

ناسراوترینی ئەم کۆمەڵە خەڵکە ئەبو سوفیان ی کوڕی حەرب ی ئەمەوی و موعاویەی کوڕی بوون. موعاویە ئەو کەسە بوو کە دژی ئیمامی عەلی شەڕ ی کرد و لە ئەنجامدا دەوڵەتی ئەمەوی دروست کرد و لە سەردەمی ئەوەوە،  دەسەڵات لە ئیسلامدا بوو بە پشتاوپشت و بوو بە حوکم بە زەبری چەک و پارە.  

د. عەلی وەردی باسی ئەوە دەکات کە خەلیفە ئەبوبەکر پارەدانی بە سەرەگەورەکانی قورەیش راگرت و تەنها ئەوانەی هێشتەوە کە لەبەر دەستکورتی وەک هەر موسوڵمانێکی دیکە سەدەقەیان پێ دەشیا. فەرقی نەکرد لە نێوان ئەوەی زووتر و ئەوەی درەنگتر موسوڵمان بووە. عومەر هێندە بە گومان بوو لەم (طلقاء) انە، کە نەیدەهێشت بە بێ ئیزنی ئەو مەککە بەجێبهێڵن و بۆ هیچ لایەک بڕۆن. عومەر سیستەمی بەخشینی دەوڵەتی ئیسلامیی بە جۆرێک لێکرد کە ئەوەی لە پێغەمبەرەوە نزیکتر بووە و ئیسلامبوونی زووتر بووە، ئەوە پارەی لە دەوڵەت زیاتر وەرگرتووە.  

بەڵام عوسمانی کوڕی عەففان، کە خۆی سەر بە تیرەی بەنو ئومەییە بوو، (طلقاء)ەکانی  نەک هەر دەستکراوە کرد، بەڵکو زۆربەیانی کرد بە حوکمڕان لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا، سەرەڕای ئەوەی گەلێک لەوانە لە توێژی هاوەڵانی پێغەمبەر نەبوون. لە ماوەی 12 ساڵی خەلافەتی عوسماندا، کەس و کاری ئەو زوڵم و زۆرێکی گەورەیان لە موسوڵمانان کرد.  

شاعیرێکی خەڵکی کوفە پاش وەلا نانی والییەکی ئەمەوی و دامەزراندنی خزمێکی دیکەی عوسمان دەڵێت:  

یلینا من قریش کل عام امیر محدث أو مستشار  

لنا نار تحرقنا فنخشیولیس لهم ولا یخشون نار  

واتە: هەر ساڵە لە قورەیشەوە کەسێکمان بۆ دەبێت بە والی و ئەمیری نوێ و راوێژکار. ئێمە ئاگرێک هەیە لە سووتان لە ناویا دەترسین (ئاگری جەهەننەم) ئەوان نیانە و لێی ناترسن (باوەڕیان بە ئیسلام نییە)  

ئەگەر هێڤیدار بیتوانیانە وعاظ السلاطین وەکو خۆی بخوێنێتەوە، دەیزانی نزیکترین لێکچوون لە نێوان سەردەمی عوسمان و ئێستای کوردستان، لێبوردنە گشتییەکەی بەرەی کوردستانی بوو بۆ سەرۆک جاش و ئەنفالچی و بەعسییەکان، کە لە بری تەنها لێبوردن، زۆریان بە هەموو تاوانی پێشوو و تاوانی کاتی راپەڕین و دواتریشیانەوە، باوەشی حیزبەکانیان بۆ کرایەوە و گەلێکیان ئێستە نازیان لە هاووڵاتی ئاسایی زۆر زیاتر هەڵدەگیرێت.   

پرسیاری گەندەڵی لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففان، ئەوە نەبوو کە هێڤیدار لێی تێگەیشتووە، ئایا زەکات و سەدەقە لە دەوڵەمەند بسەنرێت یان نا؟ لە کوردستانیشدا ئەوە نییە ئایا دەوڵەمەند بدۆشرێت یان نا؟ بەڵکو پرسیاری گەندەڵیی ئەوسا و ئێستە خۆدەوەڵەمەند کردن لەسەر موڵک و ماڵی گشتی و بە تاڵان بردنی گەجینەی وڵاتەکەیە لەلایەن کەسانێکەوە کە دەبێت پارێزەری مەڵک و ماڵی گشتی بن.  

ئیمامی عەلی لە خوتبەی ناسراو بە (الشقشقیة) دا لە بارەی عوسمان و دسەڵاتی خزمانی دەڵێت:  

"خزمانی باوکی لەگەڵیا هاتن، وەکو تێکەوتنی حوشتر لە گژوگیای بەهار، کەوتنە موڵك و ماڵی خوداوەند، تا (عوسمان) شیرازەی دەسەڵاتی پچڕا و کارەکانی خۆی سەری خوارد".  

ئەگەر خوتبە پڕ لە نەزانییەکەی هێڤیدار لێرەدا کۆتایی بهاتایە و وەکو زۆر لە خوتبەکای "نوێنەرانمان" لە پەرلەمان تێپەڕیایە، هەم ئەو بیر دەچۆوە و هەم بەندەش سەر خۆی و خوێنەرانی بە راستکردنەوەی خوێندنەوەکەی نەدەیەشاند. هێڤیدار نە یەکەم کەسە نەزانێت بخوێنێتەوە، نە دوا کەسیشە…   

بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە دەستەیەک بە ناوی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەیانێکیان بڵاو کردەوە لەسەر (خطبة عەصماء) ەکەی هێڤیدار و تێیدا باسکردنی بوونی گەندەڵی لە سەردەمی عوسماندا بە "بریندار کردنی هەستی موسوڵمانان" و "بێڕێزی بەرامبەر بە هاوەڵانی پێغەمبەری خوا" لەقەڵەم دا و بڕیاریان دا کە "پشتبەستن بە کتێبێکی هاوچەرخی مێژوویی بۆ هەڵسەنگاندنی مێژووی زێڕینی سەرەتای ئیسلام و هەڵوێستی خەلیفە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ...شتێکی نازانستی و نالۆژیکییە" لێرەشدا بوەستانایە هەر باش بوو، بەڵام لە بەیانەکەیاندا داوادەکەن کە "بکەری ئەو جۆرە کارانە بە زوویی داوای لێبوردن بکات"؟؟  

بۆیە لێرەوە بە ناچاری دەبێت بڵێم کە ئەم زانایانەی ئاینی ئیسلام، بەم بەیانەیان لە دژی ئیجماعی سەرچاوە هەرە سەرەکییەکانی مێژووی ئیسلام دەوەستن لە لێکدانەوەی سەردەمی عوسمان. ئیمام (جلال الدین السیوطي) ، نە شیعەیە و نە خاوەن "کتێبی هاوچەرخی مێژوویی"ە. ئەو لە کتێبی (تاریخ الخلفاء) دا لە زمانی (ابن عساکر) دەگێڕێتەوە، ئەویش لە (الزهري) کە لە (سعید بن المسیب) دەپرسێت: بۆم باس بکە کوشتنی عوسمان چۆن بوو؟ کێشەی خەڵک لەگەڵی چی بوو؟ بۆچی هاوەڵەکانی موحەممەد دروودی خوای لەسەر بێت نەچوون بە هانایەوە؟ وتی: عوسمان بە ناهەق کوژرا، ئەوەی کوشتی.. زاڵم بوو، ئەوەی نەچوو بە هانایەوە...عوزری هەبوو.   

سیوطي، رووداوی کوشتنی عوسمان بەم شێوەیە، بە کورتکراوی، دەگێڕێتەوە؛ پاش زوڵم و زۆری والی میسر لە موسوڵمانان. خەڵکی میسر بە پێشەوایی مەحەممەدی کوڕی ئەبوبەکر(خەلیفەی یەکەم) دەچنە مەدینە و داوای لابردنی والیی میسر کە خزمی عوسمان دەبێت، دەکەن. پاش سەرزەنشتی ئیمامی عەلی و عائشة ی هاوسەری پێغەمبەر، عوسمان رازی دەبێت لایبدات و لەسەر داوای خەڵک مەحەممەدی کوڕی ئەبوبەکر بە والیی نوێ دادەمەزرێنێت. کاتێک موحەممەد، والیی تازە دامەزراو، و خەڵکی میسر لە رێی گەڕانەوە دەبن، غوڵامێکی عوسمان دەبینن بە حوشترەکەی عوسمان غار دەدات وەک ئەوەی بۆ شتێک یان لە شتێک رابکات. کە رایدەگرن و لێی دەپرسن، دان بەوەدا دەنێت کە نامەی پێیە لە عوسمانەوە بۆ خزمەکەی لە میسر تێیدا هاتووە کە ئەم خەڵکە گەیشتن بە میسر هەموویان بەند بکە و دەستکراوە بە لە کوشتنیان. کاتێک وەفدەکەی میسر دەگەڕێنەوە مەدینە بۆ رووبەڕووکردنەوە، عوسمان دان بەوەدا دەنێت کە غولامەکە غولامی ئەوە، حوشترەکە هی ئەوەو، مۆری سەر نامەکە مۆری ئەوە، بەڵام ئەو نامەیە ئەو نەینووسیوە. سیوطي و هەموو مێژوونووسانی باوەڕپێکراوی ئەو سەردەمەی ئیسلام، بڕوایان وایە کە نامەکە نوسراوی دەستی مەروان ی کوڕی حەکەم ی دەسەڵاتداری ناسراوی (طلقاء)ە و ئەو لە هەڕەتی پیریی عوسماندا لە پشت عوسمانەوە حوکمی دەکرد و هەر ئەویش لە پشت عوسمانەوە باغەی دەسەڵاتی رەهای ئەمەوییەکانی دانا. سیوطي دەگێڕێتەوە کە ئیمامی عەلی پێش کوژرانی عوسمان پێی دەڵێت "بۆ خاتری خوا لێت دەپاڕێمەوە، مەبە بە ئیمامی کوژراوی ئەم میللەتە… مەبە بە داردەستی مەروان، چۆنی بوێت وا بتگێڕێت"  

ئەگەر ئەم "زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان"ە باسکردنی گەندەڵیی لە سەردەمی حوکمی عوسماندا بە "بێڕێزی و بریندار کردنی هەستی موسوڵمانان" بزانن، ئەوا دەبێت ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ کۆڵەکەیەکی مەزنی دادپەروەری و ئیمان لە ئیسلامدا، کە ئیمامی عەلییە!  

دوا قسەم لەسەر ئەوەیە ئایا لە دەرەوەی پیشەی مەلایەتی، ئێمەومانان بۆمان هەیە لە مێژووە هاوبەشەکەمان، کە مێژووی ئیسلامە، بە ئامرازەکانی زانستی مێژووناسیی هاوچەرخ، کە زانای گەورەی ئیسلام ئیبن خەلدون بناغەی داڕشتوون، بکۆڵینەوە، یان نا؟ لە وەڵامدا تەنها ئەوەندە  دەڵێم، ئەگەر ئێوەی  "زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان" کارەکەتان بە ئاستی ئەمانەتی زانستی و شارەزایی سیوطي ئەنجام بدەن، و لە دەروازەی مێژووی ئیسلامەوە نەچنە سەنگەری داکۆکی لە گەندڵکاری، ئەوا ئەوکات ئێمەومانان بە شانازییەوە ئەو عیلمە لە ئێوەوە وەردەگرین. بەڵام تا ئەمە ئاستی زانست و ئەمانەتی زانستیتان بێت، بە پێشڕەوی کەستان نازانین لەم بوارەدا.  

لە ناس وەرگیراوە 


PM:12:51:01/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 2924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی