پەرلەمانتاری سەفقەچی!

‌سەردەشت حەمەساڵح

مێشکی خەڵک بەردەدەنەوە بە هوتافو قسەی بریقەدار، بەخۆ خاکی کردن و نیشتماندۆست و کوردپەروەری، بەرلەوەی ببن بە پەرلەمانتار لە پڕوپاگەندەو خەڵک فریوداندا خۆیان دەکەنە هاوەڵی کاوەو هەڕەشە لە زوحاکەکان دەکەن! لێ کە دەگەنە پاروەکە، ئیتر پلێتی راستەقینەیان دەردەکەوێت، زو رۆدەچن لە ویژدان.

هەر کە گەشتنە پەرلەمانتاری ئەوا دەست دەکەن بە سەفەقاتی چنگ کەوتنی پارە! کوڕ ئەو کوڕەیە کوپەڵە زێڕی خۆی بدۆزێتەوە!

هەریەکەو لە بازرگان و کۆمپانیایەک ئەپێچێ! دۆسێی رەوای خەڵکیان بیردەچێتەوە، بەدوای کەموکوڕی پڕۆژەو بزنسەکاندا وێڵ دەبن، کە ئاخۆ چۆن بتوانن زەفەر بەرن و هەتا شتێ وەرگرن!

تیاشیەتی بۆ راکێشانی مەیلی بەرپرسە ناکۆکەکان خۆیان لە هەموو گۆمێک دەدەن.. گریمان ئەمە کاسپییەکەیانە، بەڵام بەمانە ناوترێ "کاسب حەبیب الله یە" بەڵکو ئەمانە حەبیبی ئیبلیسن.

لە هەموو ئەمانە قێزەوەنتر ئەوەیە خۆفرۆشی بکەنە رێگایەکی تر بۆ مۆڵکردن و کۆکردنەوەی پارە؛ یەکێ نەزانێ موچەیان کەمە!.

ئێستا خەریکە دەبێتە دیاردە، پەرلەمانتاری بەحساب کورد بەهەموو شێوەیەک دژی کورد بوەستنەوە!
قۆستنەی ململانێی حزبی بۆ لێدان لە قەوارەی کوردی!
پەخشکردنی رقی مەزهەبی بەناوی دڵسۆزی بۆ میللەت و لێدان لە کورد بەجۆرەها رێگا لای دەستەیەک لە پەرلەمانتاران، جوان دیارە!

تۆ بێی لەبری ئەوەی شەڕی بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان بکەی، کە بۆتە خامە بۆ سەرۆکوەزیرە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا، کە بۆ کۆکردنەوەو راکێشانی سۆزی دەنگدەرە، کە بەداخەوە ئەوە بۆ خۆی درز دروستکردنە لەنێوان کوردو عەرەب و گەشەدانە بە شۆڤێنییەت. کەچی بەوپەڕی عەقڵتەوە داوا بکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێپێچینەوە بانگ بکەیت بۆ پەرلەمانی عێراق! کە ئەوە نە دەستورییە نە یاسایی.
ئاخر تۆیەک لەدەستورو یاسا نەگەیت، چلۆن بە خۆت دەڵێی پەرلەمانتار؟!

پارە پەرستی بەرێز! ئەوە مێزی قومار نییە تەنها پارە تەحەکوم بکات، ئەوەی تۆ دەیکەی راستە جاشایەتییەکەت دەکات بە عەیارە ۲٤، لێ ئەوە لێدانە لە خودی پەرلەمانی کوردستان و هەرێمی دەستوری کوردستان، کە مەگەر خوا بزانێ چەند خوێن و قوربانی بۆ دراوە. لە خەڵک و خوا بترسن.

تۆ بە پەیژەی حزبێکدا گەیشتویتەتە ئەو سەفقەستانە، کە بەشدارە لە ژینگەی حزبایەتی هەرێم و هەنێکیش لە حکومەتەکەیدا. ئەی بۆچی لەحزبەکەی خۆت ناپێچیتەوە، بۆچی فشاری ناخەیتەسەر کە بەحساب تۆ بۆ دڵسۆزیتە بۆ خەڵک! بەڵام خەڵک تێدەگات بە فیتی کێ و بۆچی وادەکەن.

لە "بزورگ میهر"یان پرسی، ئیمبراتۆری ساسانی بۆچی بەو ئاسانییە کەوت و روخا؟
لەوەڵامدا وتی: کاری گەورەیان بە پیاوی بچوک سپاردو پیاوی گەورەشیان بە کاری بچوکەوە سەرقاڵ کرد.

قسەی من روی لە هەنێ پەرلەمانتارە، دەنا کەسانی دڵسۆزو بەویژدانیشیان زۆر تێدایە. بەو کەمە پەرلەمانتارانە دەڵێم، ئایا پێتانوایە هەتا هەتایە پەرلەمانتارن و لە بەغدا دەمێننەوە! ئایا سبەی رۆژ کە دەستتان کەشف بوو چۆن روتان دێت بڵێن کوردین. باشە ئەگەر بەوجۆرەو بەو یەکئاڕاستەییە کە راست و چەپ لە کورد دەدەن، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەبێ کە خەونتانە بیخەن، پێمان ناڵێن ئێوە چین و نوێنەری کێن؟!.

بەخوا جوانیان وتوە:
سەد ساڵ بکەی بێگانە پەرستی
ئاخیری هەردێنی نوشستی



AM:10:08:25/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 4616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی