سەرۆکێکی تر بۆ هەرێم زیاد دەکرێت!

‌سەردەشت حەمەساڵح

"ئەم هەرێمەی ئێمە پێنج ملیۆن کەسە، بەقەدەر دانیشتوانی دوو گەڕەکی وەک مەدینە صەدری بەغداد نابێ، کە ئەوان بە دوو قائیمقام بەڕێوەی دەبەن....."

خەونی دەسەڵات و ملیاردێر بونتان، مەکەنە پواز بۆ شەقکردنی کوردستان. چ شتێک ماوە ئێوە ناشرین و نابوت و ئفلیجتان نەکردبێ! ئێستاش دەتانەوێ دیسان خەڵک بەکاربهێننەوە بۆ مەرام و بۆ پارێزگاری لەدەستکەوتە ناشەرعییەکانتان! 

سنوری شارەکان جیا مەکەنەوە، ئەوەی دوژمنی کورد ناتوانێ بیکات، ئێوە بە قۆنتەرات بۆیان دەکەن.. لەتکردنی ئەم هەرێمە، لەتکردنی خەڵک و ئیرادەی کوردە. 

جبران خلیل جبران دەڵێ "تۆ نیو مرۆڤ نیت... تۆ مرۆڤیت.. باوەر بەوانە مەکە کە نیوە هاوڕێن، خوێنەری ئەوانە مەبە کە نیوە داهێنەرن، نیو ژیان مەژی، نیو مردن مەمرە، نیو چارەسەر هەڵمەبژێرە، لە ناوەڕاستی حەقیقەتا مەوەستە، نیو خەون مەبینە، خۆت بە نیو هیوادا هەڵمەواسە.....". ئەم هەرێمە مەکەن بەنیوە، مەیکەنە پارویەکی ئاسانی دوژمن. پێکەوە بەهێزین مەبنە نیوە. بەداخەوە کورد زاکیرەی کورتەو زوو روداوو نەهامەتییەکانی بیردەچێتەوە.

جیاکردنەوەی کام هەرێم!
هێشتا نەبوون بە هەرێم! قەبرتان کرد بە بزنس! پێم بڵێن دەتانەوێ تاکەی خەڵک بە گەمژە بزانن؟ ئێوە گەر خەمی خەڵکتانە، خواردنی ماوە بەسەرچویان مەدەنێ، گەر خەمی خەڵکتانە لەوە زیاتر یارییان پێ مەکەن. خەڵک هەرێمێکی ناوێ کە یاسا خرابێتە ژێر پێی، هەرێمی وامان ناوێ کە هەموو شتێکیتان دابێ بە کۆمپانیاکانتان.. بەبەرچاوی هەموومانەوە لە خاڵە سنورییەکانەوە یاسا لاقە دەکرێت تا دەگاتە ناو چەقی شار!

چی جیا دەکەنەوە؟ مەگەر ئێوە تازە داباریون، ئەی چەند ساڵە هەر خۆتان نین!

کام بەرپرستان دادگایی کرد؟ کام کۆمپانیای دەرمانی بەسەرچوتان دادگایی کرد؟ کام ژن کوژتان بەسزا گەیاند؟ کام خاوەن پڕۆژەو سیتیەکتان لەسەر فت و فێڵ بردە بەر دادگا؟ کام خاوەن فایلتان دەستگیر کرد؟ پێمان بڵێن چیتان لە سەروەتی ئەم زۆنە کرد؟ ئادەی نمونەیەکمان بدەنێ با شانازی پێوە بکەین!

ئەوەی بینیمان دزی و بەرتیل و کوشتن و تۆمەت و خیانەت و بێڕێزی و نەهێشتنی شکۆو سوککردنی یاساو بێبایەخکردنی ئینتما بوو.. داخمە کورد شتی زۆر زوو بیردەچێتەوە، ئێستاش هەندێک ئاراستە دەکرێن بۆ ئەوەی قەیران و نەهامەتییەکان بکەنە وێنەیەک کە گوایە ئەگەر ئەم لایە جیابکرێتەوە ئیدی دەبێتە شامی شەریف! ئیدی موچە لەکاتی خۆیدا دەبێت و یاسا بۆ هەمووان دەبێت و شکۆی هاوڵاتی دەگەڕێتەوەو بازاڕ بۆ هەمووانەو هیچ بەرپرسێک دەست ناخاتە ناو کاروکەسابەتەوە! 

دەی ئاخر ئەگەر دەتانەوێ دۆخەکە بگۆڕن، ئەوا دەست لە بزنس یان دەسەڵات و سیاسەت هەڵگرن، تەنها ئەوە رێی نەجاتە.

ئێوە دەتوانن بەرامبەر بە خەڵک بۆستن و بڵێن شەریکی دەسەڵات نەبووین؟ دەتوانن بڵێن کاری نایاسایی و ناشەرعیتان نەکردوە؟ دەتوانن بڵێن پارەی ئەم زۆنە چی بەسەرهاتوە؟
هەرخۆی جیاکردنەوەی ئەم سنورە بۆ سەربەخۆکردنی نادادیی و تاڵانی و مشەخۆریی و بەرتیل خواردنە، بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی و قایمکردنی بازرگانییەکانتانە، بۆ گەورەکردنی کۆمپانیاو پۆستەکانتانە، هەموو ئەو هەوڵانە بۆ ئەوانەیەو زائیدەن خەونی بوون بە سەرۆکی هەرێم! ئیدی گوێ بەوە نادەن هەرێمەکە چەندەبێ!

ئەم هەرێمەی ئێمە پێنج ملیۆن کەسە، بەقەدەر دانیشتوانی دوو گەڕەکی وەک مەدینە صەدری بەغداد نابێ، کە ئەوان بە دوو قائیمقام بەڕێوەی دەبەن، کەچی لای ئێمە هەزاران بەرپرس و پەرلەمانتارو وەزیرو چی و چی تریش ناتوانن ئیدارەو ئیدامەی بدەن، نۆبەی ئەوەیە سەرۆکێکی تری هەرێم دابنێن!

عەزیزانی وڵات، جارێ واز لە میکیاژ بێنن روی خۆتان تیمار بکەن، شکۆی خەڵک و خاک بگێڕنەوە، ئەوجا هەمووتان ببن بە موهیب روکن!.


AM:11:32:09/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 3688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی