(بەراوردێكی بچوك و مانایەكی گەورە)

‌رزگار حەمە نوری

دوای ڕوخانی ڕژێمی عێڕاق لەساڵی (٢٠٠٣) و دواتریش پێكهێنانی حكومەتی عێڕاقی تاكو دوو ساڵێك لەمەوبەریش چ حكومەتی هەرێم و چ سیاسییەكانی  هەرێم هەمیشە وا خۆمان نیشانداوە كە حكومڕانیەكەی ئێمە بە بەراورد بەحكومەتی بەغدا لەڕووی كارگێڕی و  دیموكراسی و شەفافیەت و تۆكمەیی و ........ هتد زۆر لەپێش ئەوانەوەین تەنانەت زۆرجار بەرپرسی گەورە لە سیاسیەكان و لەناو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمیشدا دەیانوت بەغدا (١٢) ساڵ لەدوای ئێمەوەن بەو پێوەرەی ئێمە (١٢) ساڵ پێش ناوەڕاست و باشووری عێڕاق ڕاپەڕینمان كردو بەعسمان وەدەرنا.

بەڵام من وەك ڕای كەسی خۆم هەر لەمێژە هەستم بەناتەواوی ئەو بۆچوونە كردوەو ساڵ لەدوای ساڵیش پێچەوانەی ئەم بۆچوونە دەسەلمێت بەڵێ لەدوای (٢٨) ساڵ حوكمڕانی (٥) خولی پەرلەمان و (٩) كابینەی حكومەت هەر نەمانتوانی هەنگاوی گەورە بنێین و ژێرخانێكی ئابووری ، كارگێڕی ، سەربازی ، .....هتد بنیاد بنێین كە جێگای دڵخۆشی و متمانە بێت لای خەڵكی هەرێم و تەحەدایەكیش بێت بۆ ناحەزانی هەرێم. 

بەڵێ ئەوە حكومەتە پڕ ململانێ و جەنجاڵەكەی عێڕاقە ، ئەوە حكومەتە گیرۆدەكەی دەستی تیرۆرو تەقینەوەو كاولكارییە، ئەوە حكومەتە پڕ ململانێكەی مەزهەبیە، ئەوە حكومەتە پڕ كێشمەكێشی عەشایەری و هۆزو خێڵ و .... هتد ، ئەمانەو دەیان كێشەی گەورەی لەمجۆرانە كە لەهەرێم بوونیان نیە یاخود هەندێكی بوونیشی هەبێت بەڕێژەیەكی زۆر كەمە بەبەراورد بەرامبەر عێڕاق.

من لەم بابەتە تەنها لەسەر لایەنێك نمونە دێنمەوە ئەویش دیاردەی (گەندەڵی)یە من لەحكومەتی هەرێم دەپرسم لەم چەن ساڵەی حوكمڕانیدا چەن كاربەدەستی (حكومی، سیاسی، كەرتی تایبەت) لەسەر گەندەڵی سزای یاسایی توندی خۆیان وەرگرت تاكو ببنە پەندو عیبرەت بۆ خەڵكانی تریش؟ بێگومان وڵامەكەی لەپەنجەكانی هەردوو دەست تێپەڕ ناكات. لەكاتێكدا هێندەی وڵاتێكی گەورە كاربەدەستی حكومی و بەرپرسی گەندەڵ هەبوە، هەندێجار ئەو ئیجرائاتە كەمەش كەكراوە (جێگای سەرسوڕمانە) بەشێكی (پاداشت) بوە نەك سزا بەڵگەش ئەوەیە بەشێك لەو گەندەڵانە لەپۆستەكەی كە گەندەڵیەكەی تیاكردوە لابراوەو پاش ماوەیەك پۆستێكی بەرزتری پێدراوە كە دیاردەی لەمجۆرە لەحكومڕانی هیچ وڵاتێكا بوونی نیە (لای كوردە حەیاتەكە نەبێ).

خوێنەری ئازیز ئەو لینكەی خوارەوە هەواڵێكی ١١/٢٩ سایتی (nrt) یە كەدوای خوێندنەوەی بەپێویستم زانی ئەم بابەتە بنووسم . هەواڵەكە نمونەیەكی جوانە لەئیجرائاتی حكومەتی عێڕاقی بەرامبەر چەن بەرپرسێكی حكومی گەندەڵ كە موڵكی گشتییان بەخراپ بەكارهێناوە لەوەش جوانتر ئەوەیە ناوو ناونیشانی وەزیفی ئەو گەندەڵكارانە ئاشكرا دەكەن لە هەرێم ئەگەر بەسوتفە ئیجرائات لەگەڵ كاربەدەستێكی گەندەڵ بكرێت كەس نایبیستێ واتە ( لەوەشا خاتری ئەگرن) ڕوونە ئەم ئاشكرانەكردنە هۆكارێكی گەورەیە بۆ بەردەوامبوونی گەندەڵی.


PM:05:10:01/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 2728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی