ئەوان کاری خۆیان دەکەن!

‌كاوه‌ ئه‌مین

ئێران لە رێگای بڵاوکردنەوەی کورتەفیلمێکی بێبایەخەوە ،خەریکە بە مەرامی خۆی دەگات. لەلایەک سووکایەتی بە کورد و پێشمەرگە و  رەمەزەکانی دەکات، لەلایەک فەیسبوکچییە حیزبییەکانی بەرداوەتە گیانی یەکتری و هەتا جارێک لەسەر فیلمەکە قسە دەکەن، دەجار تف لە دەمّچاوی یەکتر دەکەن، ئاخر ئەوان لە زەمانی ناردنی (عیسا پەژمان) و پێش ئەویش، لێکۆڵینەوە لەسەر تاکی کورد دەکەن و دەزانن لە کوێدا بەردمان تێبگرن و لەکوێدا لۆکە بۆ سەربڕینمان بەکاربێنن.

دەنا گەوجە گیان، کاتێک لە ناوەرۆکی ئەو فیلمە کەمبایەخە ورد دەبیتەوە، هەر لەسەرەتاوە پێشمەرگەیەک و ئاڵای کوردستان نیشان دەدەن کە لەناوچاوانیان نەنووسیوە پێشمەرگەی فڵان لایەنە، ئەوە مەبەستی هەموو تاکێکی کوردە، نەک حیزبێکی دیاری کراو. خۆ بەچاوی خۆمان بینیمان، ترامپ چی پێنەکردن، تەنانەت ئەو برادەرەی کە گوایە بوەتە فریادرەسی کورد لە دەستی داعش، لە چاوتروکانێکدا بەدەردێکیان برد کە تەنیا قامکێک و مستیلەیەکی لە دوا بەجێما بۆ ناسینەوەی، ئەدی بۆ نەیانپاراست؟

بەداخەوە ئەوان دەزانن کە ئێمە هێشتا لە مانای نەتەوەبوون تێنەگەیشتووین و نازانین بەری چ دارێکە، بۆیە بە ئاسانی وەکو داربییەک بەشنەبایەک دەمانهەژێن و هەرچی هەمانە و نیمانە کە لە ژێریدا شاردومانەتەوە دەری دەخەن. کاتێک بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستگیرکرا، لە هەموو دنیاوە کورد خۆپیشاندانی کرد بۆ پشتیوانی کردنی، دەوڵەتی تورک نەک نەیتوانی ئۆجەلان لەسێدارە بدات بەڵکو بە پەلەپروزێ یاسای لە سێدارەدانیان هەڵوەشاندوە، وایانیشاندا گوایە لەژێر گوشاری یەکێتی ئەوروپا ئەوەیان کردوە. ئێستا هاوکێشکە پێچەوانە بۆتەوە، ئەوە بۆ شەش ساڵ دەچێت یەکجار هێشتویانە کەسوکاری ئۆجەلان سەردانی ئاپۆ بکەن، چونکە نە پەکەکە کوڕەکەی جارانە، نە خەڵکەکەش وەکو ئەوسا لە ئۆجەلان خاوەندارێتی دەکەن، تورکیەش وەکو ئێران کورد دەناسێت. سەیرەکە لەوەدایە ئەو پەکەکەیی و کەنەکەیانەی کە داوای سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد، دروست بەچەند رۆژێک پێش بڵاوکردنەوەی کورتەفیلمە بێبایەخەکەی ئێران و بەچەند سەعاتێک دواتر، پەلاماری بارزانی دەدەن، رێکەوتێکی سەیرە.

ئێران لە رێگەی زیندوکردنەوەی هەستی شیعایەتی و تێکەڵکردنی بە ناسیۆنالیزم، توانیوەیەتی جەستەیەک دروستبکات لە هەرشوێنێکەوە دەرزیەکی پێدابکەیت هەموو لاشەکە هەست بەئازارەکەی دەکات، تورکیاش لەژێر ناوی عوسمانی نوێ و بەرژەوەندخوازی خۆیان، ئەوەی کە سەد ساڵە سووکایەتی پێدەکەن کە توراسی عوسمانیی بوو، جا لە فەرهەنگ و زمانەوە بیگرە و تەنانەت بەدینەکەشەوە، دەیانگوت دەبێت توڕبدرێت و دواکەوتووییە، ئێمە ئەورپایین، ئێستا لەسەرخۆ دەمەزەردی دەکەنەوە و دەیخە خزمەتی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیانەوە کە زۆربەی جار بە زوڵمکردن لە کورد کۆتایی دێت.

دەوروبەرمان کاتێک حسابمان بۆ دەکەن کە لەبەرانبەر نەیارانی کورددا، کەسێکی پەکەکە لە پارتییەک باشتر پارێزگاری لە بارزانی بکات، پارتییەک لە پەکەکەییەک باشتر ئۆجەلان بپارێزێت، یەکێتیەک لە پارتی و پەکەکەییەک باشتر ئۆجەلان  و بارزانی بپارێزێت، پارتیەک و پەکەکەییەک لە یەکێتییەک باشتر مام جەلال بپارێزن، هەموان قاسملو بپارێزن و دیموکراتیش هەموان بپارێزێت، ئەمە بۆ هەموو سەرکردە و هەوادارانیان دروستە، خۆ ئەگەر نایشیکەن با هیچ نەبێت بە بزەی دووژمنان شاگەشکەنەبن. بەڵام بێگومان هەر کوردێک بەدڵ ئاڵای کوردستان و پێشمەرگەی خۆشنەوێت و وەکو سیمبوڵی نیشتیمانی تەماشای نەکات، ئیدی ئەوکاتە نەک فیلمان لەسەر دەردەکەن و سووکایەتیمان پێ دەکەن، بەڵکو هەموو تاکێکی کورد دەکەن بە فیلم.

ئێستاش نەچووە، بچێت، غیرەت و هەستی خۆ بە کوردبوونێکی گەرەکە، کێ خۆی دەکات بە غاندی و ماندێڵای کورد و ئەو هەنگاوە دەنێت و تەنیا بە کوردبوون خۆی پێناسە بکات، گرەوی هەزار ساڵە دەباتەوە.


AM:11:39:24/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی