دەستدرێژی ئەردۆگان بۆ سەرکوردی سوریا: سەرکەوتنی کۆتایی بۆ کێیە؟

‌بەهادین نوری


لە ٩/١٠/٢٠١٩ ئەردۆگان هەرەشەکەی خۆی- هێرشی سەربازی بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات- خستە بواری جێبەجێکردن. ترەمپ ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکی بێلایەن دەبێ لە نێوان سوپای تورکی و شەڕڤاناندا، چەند لە یەکتر دەکوژن با بکوژن، ئەو لەتەماشاکەرێ زێتر نابێت. واتە ترەمپ گڕی سەوزی داوە بە ئەردۆگان. هەڵوێستی نوێنەرانی روسیا و چین لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەوەی دەرخست کە ئەردۆگان گڕی سەوزی ئەو دووزلهێزەشی وەرگرتووە بۆ دەسپێکردنی ئەم شەڕە. دور نیە کە پۆتین بەشداری کردبێت لە قەناعەت پێکردنی ترەمپدا بەو بەڵێنە کە ئەویش یارمەتی ترەمپ دەدات، وەکو لە ٢٠١٦شدا یارمەتی دا، بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی ئەمریکادا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. پۆتین خۆی ئەو یاریە قێزەونەی لەگەڵ کوردەکانی عەفرین ، کرد جێی هێشتن بۆ ئەوەی ئەردۆگان ئەو تاوانە گەورەیان دەرحەق بکات. ئێستەش بێگومان خۆشحالە بەوەی کە ترەمپیش لەهامان تاوانەوە بگلێنێت.

ئەنجامی شەڕی رۆژهەڵاتی فورات چی دەبێت؟ کێ سەردەکەوێت؟

دیارە ئەم شەرە لە نێوان دوو هێزی بەرانبەردانیە. تورکیا دەوڵەتێکی٨٠ -٩٠ملیۆنیە، خاوەنی سوپایەکی سەدان هەزار کەسە، بەهێزێکی ئاسمانی مۆدێرنی گەورەوە، بەتانک و زرێپۆشی زۆر و تۆپی دوور هاوێژەوە، کوردیش بەهێزێکی بچووکی تازە پەیدابوو، بەو چەکانەوە کە شەری لەگەڵ تیرۆرستانی داعشدا پێکرد، بێ فرۆکە و بێ تانک. هیچ عاجباتی نیە ئەگەر لە ئەنجامی شەڕێکی سەخت و درێژدا هێزی سەربازی تورکیا بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێ. بەڵام، وەکو ئەزمونی شەڕی عەفرین نیشانیدا، تورکیا بەئاسانی و بەگورجی عەفرینی بۆ نەگیرا. گرتنی عەفرین نزیکەی دوومانگ لە شەرێکی سەخت و قوربانیەکی زۆری تێچوو. دەبێ لەم شەڕەدا تورکیا ئامادەبێت بۆ شەرێکی درێژتر و سەختتر و باجێکی قورستریش . بەڕەچاوکردنی ئەو ڕاستیە کە لەجیهانی ئەمرۆدا نارەزاییەکی زۆر بەربڵاو هەیە بەرانبەر ئەم دەستدرێژیەی رژێمی ئیسلامی تورکیا دژ بەکوردی سوریا ، ئەو پرسیارە دێتە گۆر: ئایا کات کراوەیە لەبەردەم ئەردۆگاندا بۆئەوەی درێژە بەم شەڕە نەگریسە بدات بەهەست و خواستی خۆی؟ بەلای زۆرەوە کات کراوە نابێت، ناڕازیەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چ وەک دەوڵەت و چ وەک ڕای گشتی، بەتایبەتی نارەزایەکان لەنێوان کۆمەڵگەی ئەمریکادا، دەجوڵێن و ڕەنگە سەرۆکە سەرلێشێواوە عەقڵ ناتەواوەکەیان دۆناڵد ترەمپ دێننەوە تایم ، یان ئیرادەی ئەنتی دیموکراسیانە و ئەنتی مرۆڤدۆستانەی ئەو سەردەکەوێت؟

ئەمریکا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدایە: دیموکراسی و قیەمی ئەخلاقی سەردەکەوێ یان پێچەوانەدەبێ.

ترەمپ گوێی لەوەنیە لە رۆژێکدا٣ جار قسە بگۆڕێ و ئابڕوی خۆی ببات. ئەوی گرنگە لای ئەوەیە کە ئوتیلەکانی بەباشی لەکاردابن و کەچانسی سەرکەوتنی هەبێ بۆ سەرۆکایەتی لە خولی دووەمدا!

ترەمپ لە ترسی هەڕەشەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکیدا بە جارێ شڵەژاوە و هاوکێشەی تێکچووە. زۆر باش دەزانێ کە ئەردۆگان ئامانجێکی سەرەکی لە شەری رۆژهەڵاتی فورات ئەوەیە ئەو ١٢هەزار حەبسەی داعشەکان لە ژێر دەستی هەسەدەدان بگەنە ژێر دەستی تورکیا و ببن بە پاشکۆی تورکیا و بەربدرێنە وێزەی گەلی کورد و هەموو گەلی سوریای لێقەوماو لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی خێزانی ئەسەد و پوتینی دیکتاتۆردا . ترەمپ دەزانێ کە ئەردۆگان خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە دەبینێ، دەزانێ گەل و نیشتیمانی ئەو بەشەی سوریا بە خوێنێکی زۆری دانیشتوانەکەی رزگارکرا لە داعش و ئێستە وەک دیاریەک پێشکەش دەکرێ بە دیکتاتۆری تورکیا.

* * *

دیکتاتۆرەکان وەکو هیتلەر و سەدام و قەزافی و ئەردۆگان دێن و دەڕۆن و میللەتان هەردەمێنن و سەردەکەون. زووبێ یان درەنگ سەرکەوتن بۆ ئەوانەیە بەرگری لەمافی رەوای گەل و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، بەرگری لەمافی مرۆڤ و عەدالەت دەکەن، ئەمڕۆ کورد لەهەموو کاتێکی ڕابردوو نزیکترە لەسەرکەتن. بەڵێ ڕێگەیەکی سەختە و پڕ لە دڕک و داڵە، بەڵام ڕێگەی تر لەبەردەمدا نەماوە.
ئەمڕۆ رۆژی خەبات و مەردایەتیە:

- رۆژی خۆبەخشینە بۆ بەرگری لە میللەت، بۆ پشتگیری لە قارەمانانی هەسەدە.

- خۆپیشاندان لە هەروڵاتێ کوردی تێدابێ، بەتایبەتی لە ئەمریکا و ئەوروپا.

- داوا لەحکومڕانانی هەرێم دەکەین بەدووڕویی نەجوڵێن ، بەئاشکرا هەڵوێستێک و ژێربەژێریش پێچەوانە. داوایان لێدەکەین کە بەهەموو شێوەیەکی دیبلۆماسی و نادیبلۆماسی، بەشێوازی مادی و مەعنەوی، یارمەتی ڕۆژاوای کوردستان بدەن، چیان پێدەکرێ دژی دوژمنان بیکەن.

- داوا لەهەموو ناڕازیەکانی ئەمریکا دەکەین کە هەوڵ و کۆششی خۆیان چربکەن دژ بە دۆناڵد ترەمپ، کەبۆتە بەڵایەک بۆ ئەم دنیایە، بۆ خودی ئەمریکاش.

- داوا لە روسیا و چین دەکەین کە هەمان هەلوێستی پێشوویان بەرانبەر عەفرین دووپات نەکەنەوە، کەمرۆڤ دۆستانە بوەستن.
بژی گەلی کورد. سەرکەوتوبێت هەسەدە


PM:05:29:13/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 6328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی