کێ شەڕی‌ هەندرێنی‌ کرد؟ حشع یان پارتی‌؟

‌بەهادین نوری

شتێکی‌ ئاساییە و مافی‌ خۆیانە کە هەموو ساڵێ برادەرانی‌ پارتی‌ ئاهەنگی‌ ساڵیادی‌ ئەوشەڕە دەگێرن، چونکە ئەوە ڕووداوێ بوو لە خەباتی‌ چەکداری‌ کوردا کە مەلا مستەفای‌ بەرزانی‌ سەرکردەی‌ باڵای‌ بوو. بەڵام ئەوەی‌ نەئاساییە و نە ڕەوایە ئەوەیە کەشەڕەکە و سەرکەوتنەکە بۆ پێشمەرگەی‌ پارتی‌ حیسابدەکەن و باس لەشەڕکەرانی‌ ڕاستەقینەی‌ ئەو بەرخوردە مێژوویە ناکرێ کە پێشمەرگەی‌ حشع (حیزبی‌ شیوعی‌ عێراق) بوون. من زووتر نووسیومە لەسەر ئەم شەڕە . لێرەشدا جارێکی‌ دیکە دەنووسم. من لە ناوشەڕەکەدا نەبووم، بەڵام لەناو بارەگای‌ حشع دابووم، لەئەشکەوتی‌ نزیک گوندی‌ کلێتە کە دەکەوێتە بەردەم زینی سەران (ملەی‌ نێوان کاروخ و هەندرێن). من سکرتێری‌ رێخراوی‌ حشع بووم لە هەرێم، لەگەڵ ئەندامانی‌ مەکتەبی‌ هەرێم مەلا احمد بانیخێڵانی‌ و عادل سلیم و یوسف حناو فاتح رسول. بارەگاکەمان نزیکەی‌ 4 - 5 کم دوور بوو لە شەڕەکەوە.

شەڕەکە چۆن هاتە ئارا؟

مەلا مستەفا پاراستنی‌ شاخی‌ هەندرێنی‌ رادەستی‌ پێشمەرگەکانی‌ حشع کردبوو. شەوی‌ ١٢/٦/١٩٦٥ کە عریف یونس بەرپرسی‌ سەرشاخ بوو، تاقمێ جاش و سەرباز لەسەربازگەی‌ رەواندوزەوە بەشاخدا هەڵزنابوون و گەیشتبوونە نزیک پێشمەرگەکانی‌ ئێمە لەسەرشاخ و رەبیەیان دامەزراندبوو. کە رۆژ بووەوە و دزەکردنی‌ دوژمن ئاشکرا بوو ، چەند پێشمەرگەیەکی‌ شیوعی‌ کوڕانە خۆیان گەیاندە کەپکەموو (بەرزترین لوتکەی‌ سەر هەندرێن)، بەمە کۆسپێکی‌ گەورە لەڕێگەی‌ پێشکەوتنی جاش و سەربازدا دانراو هێزێکی‌ باشمان چوونە سەرشاخ بەرانبەر هێزی‌ دوژمن. هەرئەو رۆژە لیژنەی‌ سەربازی‌ ئێمە کۆبوونەوە بۆ دارشتنی‌ نەخشەی‌ سەربازی‌ بۆ دەرکردنی‌ دوژمن.

ئەوە لەبەرچاوە کە مەلامستەفا سەرکردەی باڵای شۆڕشی ئەیلول بوو ، بەهاوکاری لەگەڵ سەرکردایەتی پارتیدا ( مەکتەبی سیاسی ) یان بەدژایەتی ئەوان . دەبێ بەشێوەیەکی واقیعبینانە ڕووداوەکان ، بەباش و خراپەوە ، هەڵسەنگێنرێن . پارتی باش دەزانێت کە خاوەنی داستانی هەندرێن حشعە . بەڵام بەزۆر ئەوداستانە دەکات بەهی خۆی . وەک دەسەڵات قۆرخدەکەن ، دەبێ هەموو ڕووداوێکی باشیش هەربکرێ بەهی ئەوان ( یان یەکێتی ) . من بە برادەرانی پارتی دەڵێم :

- نەخێر ئێوە ڕۆڵێکی ئەوتۆتان نەبوو لە شەڕی هەندرێندا . ئەوشەڕە داستانی شیوعیەکانی عێراقە ، . حیزبێکی جەماوەری ڕەگداکوتاوو قاڵبوو لە خەباتی جەماوەریدا ...هتد . بۆچی پێتان ناخۆشە ئەو خاوەنی ئەوداستانەبێ ؟ ئەگەر ئەو حیزبە نەبوایە بەپاشکۆی سەدام و دژایەتی کوردی نەکردایە ، ئەگەر نەبوایە بە پاشکۆی حزبێکی قەومی کورد و خۆی نەخزانایەتە نێو دۆزەخی شەڕی براکوژی هەشتاکان ئێستە ئێمە لەوەزعێکی جیاوازدا دەبووین .

من دەتوانم قسە لەسەر شەڕی هەندرێن بکەم چونکە ئەوکاتە سکرتێری ڕێخراوی حشع بووم لە کوردستان ، چونکە بارەگاکەم لەبناری شاخی هەندرێن بوو . لێرەدا من هێندێ وردەکاری شەڕی هەندرێن دەخەمە ڕوو ، تەحەدای ئەو کەسەدەکەم کە بەبەڵگەوە بەدرۆی بخاتەوە . پێش هەمووشتێ ناوی ئەوانە دەنووسم کەناویانم بیردەکەوێتەوە ( ناوی زۆریشم نایەتەوە بیر ) ، ئەوانەی بڕبڕەی پشتی هێزەکەی حشع بوون و ڕۆڵێکی باڵایان بوو لەو سەرکەوتنەدا :

١- نقیب کمال نعمان ، شارۆچکەی بهرز نزیکی باقووبە ، سەرکردەی هێزی حشع لە بالەک ، ئەوپیاوەی نەخشەی بۆ شەڕەکە داڕشت و بەشداری مەیدانیشی کرد لە جێبەجێکردنیدا.

٢- ملازم خدر ، ناسریە ، بەرپرسی تۆپخانە ( ئێستە فەریقی خانەنشین ، لەهەولێرە )

٣- ملازم ڕەحمان ، قادسیە ، سەرپەل .

٤- ملازم احسان

٥- ملازم یوسف ، ئاشووری ، بەرپرسی کارگەی نارنجۆک و تەقاندنەوە

٦- دکتۆر حسن کازم کەلە سوپاوە ڕایکردبوو ، ئەفسەرێکی پزیشک بوو

ئەمانەی سەرەوە هەموو ئەفسەری شیوعی عەرەب بوون جگە لە یوسف ، بەشێ بوون لە ستافی کادری هێزی حشع .

٧- منیر عسکر ، عنکاوە ، بەرپرسی حیزبی و ڕابەری سیاسی هێزەکە بوو

٨- حاجی مەلا ، ڕەواندز ، ئەندامی لیژنەی بنکەو بەرپرسی ئیدارەی هێزبوو .

٩- فاخیری حمەداغای مێرگە سوور . ئەندامی لێژنەی بنکەوکادرێکی سەربازی کارامە

١٠ ـ عەریف یونس ، هەولێر . سەربازیکی شیوعی ڕاکردو لە سوپا ، سەرلقی پێشمەرگە ، یەکەم شەهیدی شیوعی بوو لە هەندرێن.

١١ ـ زراری سلێمان بەگ ، کادرێکی گەنجی کارامە .

١٢ ـ مستەفا چاوڕەش ، سلێمانی ، ڕابەر سیاسی پەلی پێشمەرگە ، لەشەڕەکەدا فیشەکێ بەر سەری کەوت و گوییەکی کەڕ بوو

١٣ ـ مام ئیلیاس ، ڕەواندز . سەرپەلێکی ئازا . کوڕێکی لە شەرەکەدا شەهید بوو .

١٤ ـ مام سدیق ، جوتیاری گوندێکی ئەوناوچە ، سەرپەلێکی لێهاتوو .

ناوی ئەو کەسانەم نووسی کەوتنە وەبیرم . زۆری تریش هەن کە ناویانم بیرچوەتەوە ، یان هەرلە ئەسڵدا ناویان نازانم . بە بوێری و توانای ئەم ستافە کارامەی شیوعیەکان ، بەخەبات و قوربانی هەموو پێشمەرگەکانی بنکەی بالەک ، داستانی هەندرێن تۆمار کرا ، پێشتریش داستانی سەری حسن بەگ تۆمار کرا ( ١٩٦٣ ) کە خاڵی بنەڕەتی بوو بۆ ڕزگارکردنی ناوچەی بالەک لە ڕژێمی دکتاتۆری.

شەهیدانی شەرەکە چوار کەس بوون ، ٣ شیوعی ( سەرلق عریف یونس ، ساڵحی مام ئیلیاس ، . یەکیکیش لە لقی عیزەتی سلێمان بەگ ( خدر عەوڵا بەگی دەرگەلە ) شەهید بوو .

بریندارەکانی شەڕیش ٧ هاوڕێ بوون ناویان : ١ ـ مستەفا جاوڕەش ٢ ـ عومەر قەرەچەتانی ٣ ـ زراری سلێمان بەگ ٤ ـ اسماعیل نصراللە ٥ ـ سعید ڕواندزی ٦ ـ ڕەوۆف ئەللە کەرەم هەلەبجەیی ٧ ـ حسنە شل ، سلێمانی ( دڵنیانیم کە کەسیتریش نەبوو لەناو بریندارەکاندا ) . حەزدەکەم ئەوە بزانرێ کەحشع لەسەرەتاوە ،لە ١٩٦١ دا, دژی بزوتنەوەی چەکداری کورد بوو بۆرووخاندی ڕژێمی عبد الکریم قاسم. سکرتێری حشع شەھید سەلام عادل ھەموو ھەوڵێکی خستەگەر بۆ ئەوەی پارتی پاشەکشە بکات لەخەباتی چەکداری . ( دوا ڕۆژیش ژیان سەلماندی کە هەڵوێستی حشع ڕاست بوو ، کە دەستپێکردنی خەباتی چەکداری کەوتنە ناو داوی هەواڵگری بەریتانیا بوو بۆ ڕووخانی ڕژێمی نیشتیمانی قاسم ، وەک تۆڵە لە شۆڕشی ١٤ ی تەمووزی ٩٥٨ ) . پارتیش ھەوڵیدەدا بۆ ئەوەی حشع ڕاکیشێ بۆبەشداری لەو خەباتەدا ، کەسیان بەقسەی ئەویدی نەکرد ھەتا کودەتای ئینگلو- ئەمەریکی – ناسری شوباتی ١٩٦٣ سەرکەوت و خالیکی سەرەکی کودەتاچیەکان قرکردنی شوعیەکانی عێراق بوو .ئەوە بوو ھەزارانیان لێکوژراو بەندینخانەکانیان لێپڕکرا . ئەوەناچاری کردن شارەکان جێبێڵن و لە کوردستاندا چەک ھەڵگرن بۆ بەرگری لەخۆیان . باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لەدژی شوعیەکان وەستاو لە بەمۆ و سماقوڵی ھێرشی کردە سەریان و ژمارەیەکی لێ شەھیدکرن و زۆر بەتوندی سەرکوتی کردن ، بەڵام مەلا مستەفا ھەڵویستێکی
جیاوازی بوو ، داڵدی دان و بە پێشمەرگە وەریگرتن ، گەلێ لە راکردوەکانیان ناچار بوون بچن بۆ ناوچەی بالەک کە لە ژێر دەستی مەلا مستەفادا بوو. بەم چەشنە بنکەی بالەک پێکھات و گەورەبوو ، ساڵێ پاش دروستبوونی نزیکەی ٢٥٠ پێشمەرگەی حشعی تێدابوو ، بوو بە گەورەترین بنکەی سەربازی شیوعیەکان لە کوردستاندا .

من لێرەدا بەشێوەیەکی کۆنکرێتی باسی رۆلی شیوعیەکانم کرد ، با برادەرانی پارتیش بەھەمانشێوە بفەرموون رۆڵی حزبەکەیان بخەنە روو، با ناوی شەھید و بریندارەکانی پارتی بزانرێ ، بەدەر لە لقەکەی عیزەت ، با نە خشەی دارێژراوتان ببێنرێ … ھتد .. جگە لەمەش ئێوە دەیەھا ساڵ چەکتان ھەڵگرتووە ، بەڵام چەند « ھەندرین » لەم ماوە درێژە دا تۆمارکراون ؟ ئێوە نایب عەریفێکی پولیسی نە خوێندەوارتان کردبوو بە ئامیر ھیزی بالەک . ناڵێم پیاوێکی خراپ بوو ، بەڵام دەلیم : ئەو دەیتوانی سەرکردەی پێشمەرگە بێ لە جوتیارە نەخوێندەوارەکان ، نەک لە ئەفسەرو ڕۆشنبیران.

شەڕی هەندرێن وەکو ڕوداوێکی سەربازی بێوێنەبوو لەخەباتی چەکداری کوردی عێراقدا : کۆمەڵێکی بچوک لە شۆڕش گێڕان بە چەکی زۆرسادە وە سوپایەکی گەورە بەو دەردە بەرن ! ئەم شەڕە شایستەی ئەوەیە کە لە ئەکادیمیای سەربازیدا دیراسە بکرێ و ئەزموونی لێوەر گیرێ . ئەم شەڕە سەرکەوتنی ئەو قارەمانانە بوو کە برینداربوو بوون بە گولەی دوژمن ، چاوەڕوانی مردن بوون ، خەڵتانی خوێن بوون ... بە ورەیەکی بەرزەوە لەسەرشاخەکە هوتافیاندەکێشا : ( بژی حیزبی شیوعی عێراق ).

بەلێ پارتی بەشدار بوو لەشەڕی هەندرێندا . بەڵام چون بەشداریەک و کێ بەشداری کرد ؟ لقی پێشمەرگەی عیزەتی سلێمان بەگی دەرگەڵە ، کە نزیکەی ( ٥٠ ) کەس بوون لەخەڵکی دەرگەڵە و دیهاتەکانی دەوروبەری ، بەشداربوون و شەڕێکی قارەمانانەیان کرد ، هیچیان کەمتر نەبوو لە پێشمەرگەکانی حشع . شەهیدیشیاندا . بەڵام ئەم بەشداریە بەس لە جێبەجێکردنی نەخشەکەدابوو ، نەک لەداڕشتنی نەخشەو کاروباری هونەری شەرەکەدا . با کەمێ باسی تایبەتمەندیەکانی پێوەندی ئەم لقە لەگەڵ حشع بکەم :

سلێمان بەگی دەرگەڵە لەوانەبوو لەگەڵ مەلا مستەفا چوون بۆ کۆماری مەهاباد دواتریش پەنایانبرد بۆ یەکێتی سۆڤیت و پاش ١٤ تەموزی ٩٥٨ هاتنەوە . زراری کوڕیشی بەمناڵی لەگەڵی چوبوو ، وەکو شیوعیەک گەڕایەوە . سلێمان بەگ دۆست و دڵسۆزی مەلا مستەفا بوو . لەهەمان کاتدا بوو بەدۆستێکی نزیکی حشعیش . عیزەتی کوڕیشی لە ڕۆژانی شۆڕشی ئەیلولدا لقێکی پێشمەرگەی دروستکرد . حشع دوای کودەتای فاشی شوباتی ١٩٦٣ بارەگایان لە دەرگەڵە دانا ، لە تەنیشت ماڵی سلێمان بەگەوە . پێوەندیەکی خۆش و دۆستانە کەوتە نێوان خیزانی سلێمان بەگ و شیوعیەکانەوە . من ٩٦٥ ــ ١٩٦٧ لە دەرگەڵە ژیام وەکو سکرتێری ڕێخراوی کوردستان . دۆستایەتیەکی گەرم کەوتە نێوانمان لەگەڵ سلیمان بەگ و عیزەت . یارمەتی زۆریان داین و حشع قەرزاری ئەوانەیە . جگە لەمانەش ، بە کاریگەری ئەم دۆستایەتیە چەند ئەندامیکی حشع لە خەڵکی دەرگەڵە و دەوروبەری جێگیربوون لە ناولقەکەی عیزەتدا بێئەوەی کێشە دروست بکات بۆ هیچ لایەکمان.

لە دۆخێکی وەهادا لقی عیزەت بەشداریان کرد لەشەڕی هەندرێندا . با ئەمە بۆ پارتی حیسابکەین . بەڵام ئەوی بە ویژدانەوە قسەبکات شەڕی هەندرێن هەردەکاتەداستانی حشع ، لەگەڵ بەشداریەکی سنوورداری پارتی.

ئەنجامی سیاسی ڕاستەوخۆی شەڕی هەندرێن ئەوە بوو کە لە ٢٩ / ٦ دا ئاگر بەس ڕاگەیەنرا لە نێوان حکومەتی عبدالرحمان عارف و مەلا مستەفادا . ئەوکاتە سەرەکوەزیرانی عیراق د . عبدالرحمان بزاز بوو . پیاوێکی ڕۆشنبیری ئەکادیمی بوو . ئارەزوو مەند بوو بێ شەڕو خوێنڕشتن کێشەکە چارەسەربکات . شەڕی هەندرێنیش قەناعەتی بە سەرۆک عبدالرحمان کرد کە سوپاکەی توانای سەرکەوتنی نیە . لەملاشەوە . بەرلەوشەرە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی . بەسەرۆکایەتی ئیبراهیم احمد ، ڕێکەوتبوو لەگەل عبدالرحمان عارف لەسەر شەڕی دژبە بەرزانی . لەبەرئەوەو بۆ ئەوەی مەلامستەفا هەموو توانای خۆی بخاتە گەڕدژی ( جلالیەکان ) بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە ئاگربەسی ٢٩ / ٦ کرد کە هیچ دەسکەوتێکی جدی بۆ کورد تێدا نەبوو . بەڵام ئاگر بەسەکە خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێ بوو بۆکورد چونکە ، بام بە کاتیشبێ ، خوێنڕشتن وکاولکاری لە وڵاتدا راگرت بۆدوساڵ ، تا روخانی عبدالرحمان عارف لە ١٩٦٨دا .

تێبینی / پاش شەرەکە بەچەند ڕۆژێ من بەیاوەری سەرپەل مام سدیق ، کە بست بە بستی هەندرێن شارەزابوو ، چوومە سەرشاخ و سەیری هەموو ڕەبیە و جێگە شەرەکانم کرد . لەگەرانەوەشدا مام سدیق بزنە کێویەکی کوشت و هێنامانەوە بۆ پێشمەرگەکان .
* وێنەکە نەقیب کەمال نەعمانە سەرکردەی هێزی حشع لە هەندرێن


PM:05:09:16/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 7088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی