یەک ئیدارەیی یان دوئیدارەیی ؟

‌بەهادین نوری


لەم ماوەیەی دواییدا کە خیلافات لەنێوان پارتی و یەکێتیدا توندتربوو پرسی ( یەک ئیدارەیی ) و ( دوئیدارەیی ) کەوتە سەرزاری زۆرکەس لە هەرێمدا . کەباس لەم پرسە دەکرێ زۆرینەی خەڵک دوئیدارەیی سەردەمی نەوەدەکانی سەدەی پێشوویان بیردەکەوێتەوە کە لە ئەنجامی شەڕی چڕی براکوژیدا هەرێم بەم بچوکیەی خۆی بوو بە دوو دەوڵەتۆکە لە بواری سەربازی و جوگرافی و ئابووری و ئیداریدا ، سەرۆکێکیان مسعود بەرزانی و ئەویدی جلال تاڵەبانی .

پێش نەوەدەکاننیش ، لەساڵانی خەباتی چەکداریدا ، ئەم دوئیدارەییە پێشینەی هەبوو : لە شەڕی براکوژی نێوان مەلایی و جلالیدا ، لەساڵی ١٩٦٤ ، مەلایی سەرکەوتن و جلالی هیچ جێگەیەکیان لە کوردستاندا بۆنەما و ناچار چوون بۆ ئێران – هەمەدان . دواتر بوو بەیاساکە لایەنی سەرکەوتوو ، لە جەولەکانی شەڕدا ، دەستبگرێ بەسەر ئەوناوچەیەداو لایەنی دۆڕاویش هەڵێت . ئەوەی ڕوویدا دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ هەر درێژەی ئەو شەڕانەبوو ، بەڵام لە دۆخێکی دیکەدا کە دەسەڵاتی سەدام لەشارەکانی هەرێم نەمابوو . تایێستە ، کە باسی دوو ئیدارەیی بکرێ ئەم خەڵکە شێوازی دوئیدارەیی نەوەدەکانیان دێتە بیر و مووچرکە بە لەشیاندا دێت . لەمەدا هەقیانە و دەبێ ئەوجۆرە لە دوئیدارەیی ڕەتبکرێتەوە . بەڵام دەپرسرێ : ئایا هیچ شێوازێکیتر لە دوئیدارەیی نیە ؟ بۆچی ناکرێ بەبێ شەڕی براکوژی دوئیدارەیی دامەزرێندرێ ؟

ئەو دوئیدارەییەی لە نەوەدەکانی شەڕی براکوژیدا لەم هەرێمەدا بەرپاکرا تا ئەم چرکەیەش هەر زیندووە لە چەند پێگەیەکی سەرەکیدا لە نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا :

- هەردوولا هێزی چەکداری - میلیشیای - خۆیان پاراستووە و هەرکات پێویستبێ بەکاری دەێنن بۆ بەرگری لەدەسەڵاتی خۆیان .

- هەروەها ناوچەی جوگرافی - ئیداری خۆیان پاراستووە - زۆنی زەرد و زۆنی سەوز .

- سیستەمی بانکی و ئابووری و کۆمپانیای تایبەت و ..هتد . پاراستووە . خۆشبەختانە ئێستە بەس شەڕە تفەنگ نیە . ئەگینە هیچ کام لەو دوو لایەنە دەسەڵاتی گواستنەوەی پۆلیسێکی نیە لە زۆنەکەیتر .

ئاخر ئەمەچیە ئەگەر دوئیدارەیی نەبێ ؟ ئایا ئێمە ، هەموو هاوڵاتیانی هەرێم ، بە درێژایی ئەم ٢٠ ساڵەی ڕابوردوو لە سایەی دوئیدارەییدا نەژیاوین ؟ ئایا لەم ٢٠ ساڵەدا هیچ چاکسازیەکمان بۆ کرا ؟ حکومڕانی قەرەقوشی گۆڕدرا بە دیموکراسی ؟ ئەم یەک ئیدارەییە ڕوکەشە ، کە هەر بەناو یەک ئیدارە بوو ، بە ناوەڕۆک دوئیدارەیی بووە ، تەنها لە خزمەتی دەسەڵاتداراندا بووە ، هیچ کەڵکێکی بۆ ئەم میللەتە بەشخوراوە نەبوو .

هەموو کەسێ دەزانێ کە باشترین بژاردە یەک ئیدارەی دیموکراتی شارستانیە ، دوور لە قۆرخکاری و خۆسەپاندن و گەندەڵکاری . دەبێ خەبات بەردەوام بێ بۆ ئەم جۆرە حکومڕانیە و حەتمەن لە کۆتاییدا هەرئەمەش سەردەکەوێ : بەڵام دوپاتی دەکەمەوە کە ئەم هەرێمە لەنەوەدەکانەوە و تا ئەم چرکەیەش بە قۆناخی دوئیدارەییدا تێدەپەڕێت . ئاخر کە دووتاقمی جیا جیا لە وڵاتدا حوکمبکەن ، بە دوهێزی چەکداری جیاوازەوە ، لە دوناوچەی جوگرافی جیاوازدا ، بە دوسیستەمی بانکی – ئابووریەوە ، بە هەوڵ و کۆششێکی چڕەوە هەرکەسێ لە پێناوی قورسکردنی سەنگی خۆیدا دژ بەویتر ، ئەگەر ئەمە دوئیدارەیی نەبێ ئەی چی دوئیدارەییە ؟

بەڵێ برادەرینە ئەمە بەکردار دوئیدارەییەکی زەق و زیندووە . بەڵام بەسەرپۆشێکی چڵکن و خولاوی داپۆشراو ، بەهیوای شاردنەوەی . هیچ سوودێکیش لەم شاردنەوەدا نابینرێ . بەپێچەوانەوە سوودی بۆ حوکمڕانان بووە و بەس . بەرزانی سوودی لەو سەرپۆشە وەرگرت بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ڕیفراندۆمە کارەساتەکەی ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ . لەژێر ئەو سەرپۆشە چڵکنەدا بەرپرسیارێتی لە هێندێ هەڵەو پۆخڵەواتی گەورە بزرکراوە و دەکرێ . لە هەموو شتیش خراپتر ئەوەیە کە ئەو سەرپۆشە تۆزاویە ڕێگرە لە هەموو کێبڕکێیەکی سوود بەخش لە نێوان هەردوو تاقمی حوکمڕاندا کەبەرژەوەندی ئەم جەماوەرەی تێدابێ . بۆنموونە کام لایەن دەتوانێ کێشەی کارەبا چارەسەربکات یان ، لانیکەم ، سووکتری کات ؟

من لە قۆناخی ئێستەدا دوئیدارەییەکی بێسەرپۆشی ئاشکرام پێباشترە لەمەی ئێستەهەیە . ئەوە لەبەرژەوەندی میللەتدایەو ، تەنانەت بەرژەوەندی هێندێ دەسەڵاتداریشی تێدایە . ئەمە ڕێگە بەرەو دیموکراسی کورت دەکاتەوە . ئەمە دوئیدارەیی داپۆشراو دەکات بەدوئیدارەییەکی سادەو ئاشکرا وەکو لەواقیعدا هەیە .

دوئیدارەیی ڕۆژانی شەڕی براکوژیمان تاقی کردەوە ، دوئیدارەیی بێشەڕی سەرپۆش بەسەرمان تاقی کردەوە ، دەبا دوئیدارەیی سادەی ئاشتیانەش تاقیکەینەوە !
بەهادین نوری
٢٧ / ٢ / ٢٠١٩


PM:04:01:27/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 4548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی