ریفراندۆم لەبەر ڕوناکی شیکردنەوەیەکی زانستی

‌بەهادین نوری



من دەزانم کە خەڵکی ناهۆشیار و دواکەوتووی هەرێم بە جوێنباران و سوکایەتیپێکردن و ناوبردن بە (جاش و خاین) وەڵامی ئەو کەسانە دەدەنەوە ، بێ ئەوەی بەرپرسانی حیزبی لۆمەیان بکەن لەسەر ئەو بێنە زاکەتیە یان و وشەیەک بڵاوبکەنەوە ، بڵێن لە وڵاتانی دیکەش ریفراندۆم کراوە ، بەڵێ و نەخێر وەکو یەک کاتی ڕاگەیاندن و لیست دابەزاندنیان هەبوو . لە کویبک و سکۆتلەندا زۆرینە دژی جیابوونەوە بوون ، لێرە تەنها برادەرێکی سەرکردایەتی یەکگرتوو بەناوی خۆیەوە وتی . بوونی لیستی بەرانبەر دیاردەیەکی تەندروستە.
 
حەتمەن ئەو رۆژە دێت کەئەم میللەتە بگات بەمافی ڕەوای خۆی لەسەربەخۆییدا ، بەڵام ئەوە : ١- کەی دەبێ ؟ ٢- چۆن دەبێ ؟ ئەوە وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبێ لەژیانی ئەم میللەتەدا . بەڵام ئەم جۆرە وەرچەرخانە کاتێ دێتەئارا کە بارودۆخی خۆییانە و بابەتیانەی (الظروف الذاتیة و الموضوعیة ) پێبگات جا ئەمڕۆ چی لەم دوو فاکتەرە پێگەیشتووە ؟

- بارودۆخی ( فاکتەری ) خودی هەرێم تا بڵێیت نالەبارە : سەرۆکێکی نایاسایی لە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتدایە و نزیکەی دوساڵە بەزۆرە ملێ پەرلەمانی پەکخستووە و لەناوچەی دەسەڵاتیدا حوکمی پۆلیسی سەپاندووە و پەردەی کێشاوە بەسەر فایلی نەوت و بووجەی گشتی هەرێمدا و مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و ئەوپەڕی ناڕەزایەتی خستۆتە ناو خەڵکەوە و رۆژێ لەرۆژان ، تەنانەت لەسەردەمی سەدامیشدا لاوانی هەرێم هەوڵی دەربازبوونیان لەنیشتمانەکەیان نەداوە وەکو ئەمڕۆ لەشوێن بەدەستهێنانی پەنابەرێتی . ئەم هەرێمە رۆژێ لەرۆژان پەرت و بڵاوتر نەبووە وەکوئێستە ! حکومەتێ خەمخۆری گەل و نیشتمان بێ دەبێ هەولی چارەسەری ئەم کێشانە بدات لەباتی ریفراندۆمێ کەکێشەکان زێترکات و دۆخەکە ئالۆزترکات .

- بارودۆخی بابەتیانەش ئەوەیە کەهەرێم ئەمرۆ یارمەتیدەرێکیشی نیە بۆ سەربەخۆیی . لە عێراقیشدا رژێمێکی دیموکراتی نیە تاکارئاسانی بۆ هەرێم بکات . ئێران و تورکیا ئامادەن بەهێزی سەربازیانە سەرکوتی هەرێم بکەن تەنانەت بێ داواکردنی بەغدادیش !

کوردی عێراق ٣٠ ساڵ چەکی هەڵگرت بۆ حوکمی زاتی ، سەدان هەزار کەس کوژران . کۆتایی کیماباران و ئەنفالی سەدام بوو . ئەگەر سەدام کویتی نەگرتبایە ، دوای ئەوە بەچەند ساڵێ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لاوازی نەکردایە و دواتر نەیڕوخاندایە ئێستەش ئەم کوردستانە لەو نەهامەتیە ڕزگاری نەبوو بوو.

دەبێ هەموومان لەوە بگەین کەبەدەستهێنانی سەربەخۆیی هەرێم بە رێگەیەکی ئاشتیانەی دیموکراتیدا دەڕوات . ئەمەش تەنها لە عێڕاقێکی دیموکراتیدا بەلێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغداد دەکرێ . ئێوەش برایانی ریفراندۆمخواز ، ئەگەر ریفراندۆمی جیابوونەوەتان دەوێ ئەوە خۆتان دەزانن کەبۆتان ناکرێ لەم دۆخەدا ، ئەگەر پرسەکەش بۆ موزایەدە و خەڵەتاندنی ئەو خەڵکەیە ئەوە حسابتان هەڵەیە و ڕەنگە لەسەر خۆیشتان گران بکەوێ .


PM:04:28:09/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 4163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی