ئایا کاتێکی گونجاوە بۆ ریفراندۆم؟

‌بەهادین نوری



      بە گوێرەی ڕاپۆرتی بڵاوکراوە لە رێخراوی جیۆسیاسی ( ستراتفۆر ) ئەمریکیەوە بەرزانی لەم رۆژانەدا بە چڕی سەرگەرمی کەیسی ریفراندۆمی هەرێمە بۆ مەبەستی سەربەخۆیی هەرێم نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کێشە جدی و ئاڵۆزەکان لە بیری ئەم خەڵکە بباتەوە . جگە لەمەش سەرانی دەسەڵات پرسی ریفراندۆمیان بەستووە بە کەیسی نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ گەل. خۆیان کردۆتە حەکەم و هەر کەسێ گوێڕایەڵیان نەبێ بە خاینی کوردی ناودەبەن. چاوی خۆیان لەو ڕاستیە دەنووقێنن کە مێژووی ئەم ٢٦ ساڵەی ڕابردوو، واتە مێژووی شەڕی نەگریسی براکوژی کە خۆیانی لێ بەرپرسیارن ، پرسی گەندەڵکاری پڕ لەشەرمەزاری، تاریککردنی فایلی نەوتی هەرێم تا ئەم چرکەیەش، نەدانی مووچە و وەستاندنی هەموو پرۆژەکانی هەرێم و داڕمانی وەزعی ئابوری و تێکدانی بازاڕ و ...... هتد ، لە هەمووشی خراپتر سەپاندنی شێوازێ لە دکتاتۆریەت، بە تایبەتی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بارزانی ... هتد – ئەوەیە فایلی ڕاستەقینە ئەوانە کە خۆیان دەکەن بە حەکەم و خەڵکی دی دەکەنە خاین ! 

     ئەگەر ریفراندۆمی ڕاستەقینەیان بویستایە دەبوو : 

      - ئێستە رژێمیکی دیموکراتی راستەقینە لە هەرێما هەبوایە نەک سەرۆکێکی ٢٦ ساڵە لەسەر کورسی و دو ساڵە بە زۆرە ملێ سەپێنراو، دەبوو پەرلەمانی هەرێم سەرپەرشتیی کاروباری ریفراندۆمی بکردایە نەک بەفەرمانی سەرۆکی نایاسایی. وا نزیکەی دوو ساڵە  پەرلەمانیش پەکخراوە و چوونە ناو هەولێر لەسەرۆکەکەی قەدەغەکراوە. لە وڵاتی دیموکراتیدا ریفراندۆم پڕۆسەیەکی دیموکراتیە و هەموو کەس ئازادە دیعایە بۆ چ کەیسێ دەکات و دەنگ بۆ جیابوونەوە یان پێکەوەژیان دەدات، وەک بینیمان لە ریفراندۆمی سلۆڤاکیا (کە جیابوونەوە لە چیک) و لەهەرێمی کویبک لەکەنەدا و سکۆتلەندا لە بەریتانیا کە زۆرینەی جیابوونەوەیان ڕەتکردەوە، کەس کەسی دیکەی بە خائین ناونەبرد و هیچ هەرا و کێشەیەکیش لەئەنجامدا نەقەوما.

      - ئەوی پرسەکە ئاڵۆزتر ئەکات ئەوەیە کە رژێمی دیموکراتی لە عێراقیشدا نیە – راستە حیدەر عەبادی بەراورد ناکرێ بە نوری مالیکی، بەڵام رژیمی بەغدا بە گشتی هەر رژێمێکی تایەفیە و ئەگەر کەسێ بیەوێ ڕێڕەوێکی ناتایەفی بگرێ  زۆرینەی دژی دەوەستن.

      - کاتی گونجاو بۆ ریفراندۆم ئەوەیە کە ناوماڵی کورد لە باشترین تەبایی و ڕێکوپێکییدا بێت، بەڵام هیچ کاتێك ناوماڵی کورد  بەقەدەر ئەم کاتە شپرزە و شێواو نەبووە، پڕ لەکێشە و ناکۆکی و ململانێ نەبووە. سەرانی پارتی و یەکێتی ئەمە دەزانن و دەشزانن کە خۆیان دروستیان کردووە، بەڵام گوێنادەنێ چونکە بەهیوان ئەم ڕیفراندۆمە شانسی حکومڕانیان بۆ ٢٦ ساڵی دیکە بۆ درێژبکاتەوە. 

     - ئاشکرایە کە بەغدا و تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ئەوروپا ، هەموو وتیان (نەخێر بۆ جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق). باشە جەنابی سەرۆک تۆ قسەی ئەوانە ڕەتدەکەیتەوە پشتبەچی دەبەستیت؟ ناترسیت هێندێ لەوانە سبەینێ پەنا بە هێزی سەربازی ببەن و هەموو دەستکەوتە مێژوویەکانی خەبات و قوربانی دەیەها ساڵی ڕابردووی ئەم میللەتە داڕمێنێ؟ ئایا ئەمە کارەساتێکی گەورە و ترسناک نابێ؟

      - ١٠ – ١٥ساڵ تێپەڕی بەسەر دەرچوونی دەستوور بە مادە (١٤٠) وە کە نەخشەی تێدابوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ناوچەکێشە لەسەرەکانیش، کە پرسێکی زۆر ئاڵۆز و سەختە، بەستان بە کێشەی ریفراندۆمی گشتیەوە. ئابەمەش پرسی ریفراندۆم زۆر زۆر ئاڵۆزترکرا و چارەسەریشی زۆر ئاڵۆزترکرا. هۆکاری ئەمەش تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرژەوەندیی گشتی گەل و نیشتمانتان کرد بە قوربانی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی خۆتان. ئێستەش ئەم میللەتە ستەمدیدەیە باجی هەڵەکانی ئێوە دەدات.

 -   وێڕای هەموو ئەمانەش هەڵاتنی چەکدارانی پارتی لە شنگال و دەوروبەری و چۆڵکردنی ئەو ناوچەیە بۆ تیرۆرستانی داعش لە ٢٠١٤ دا ئاڵۆزیەکی زیاتری خستە سەرکێشەی ناوچەکێشە لەسەرەکان و کاردانەوەیەکی توندی هەبوو لە نێوان لاوانی کوردی یەزیدیدا لەگەڵ پارتی و دواتر بوو بەهۆی پێکدادانی خوێناوی لە نێوان پارتی و پەکەکەدا وتا ئێستەش  کێشەکە ماوەتەوە و ئەگەری تەقینەوەی ماوە. دەبوو سەرکردایەتی پارتی داوای لێبوردنی لە یەزییدیەکان بکردایە لەسەر ئەو کارەساتە کە توشی بوون، بەڵام بەداخەوە ئەوەشی نەکرد.

     لەو رۆژەوە رژێمی سەدام حسێن روخێنراوە لە عێراق – بەهەرێمیشەوە – پێویستیەکی زۆری بە پشوو و پڕۆژەی دیموکراتیزە و ئاوەدانکردنەوە هەبوو، بەڵام سیاسەتی نوری مالیکی کە بەڕێڕەوێکی تایەفی توندا بەڕێوەبراو بوو بەهۆی داگیرکردنی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین ... هتد . لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە ، بوو بە کۆسپ لە رێگەی هەموو چاکسازیەکاندا. ئەولەویەت درا بە پرسی دەرکردنی داعش. ئێستە کە داعش لەسەرەمەرگیدایە، دەپرسرێ: ئەمڕۆ کاتی ئەم ریفراندۆمەیە؟ ئایا مەترسی نیە پیلانێکی نوێ بێتە ئارا بۆ ئەوە ئاژاوە و پێکدادان هەر بەردەوام بێ؟  

      ئەگەر حەیدەر عەبادی وەک سیاسیەکی لێزان و ئەزمووندار بجووڵێ دەبێ دان بە مافی ڕەوای کوردا بنێ لە جیابوونەوە و سەربەخۆیی ، داوا لە گەلی هەرێم بکات کە پرسی ریفراندۆم دوابخات بۆ کاتێکی لەبار و کێشەکە بە لێکگەیشتن لە نێوان پەرلەمان و حکومەتی بەغدا و هەرێمدا ببرێ بەڕێوە . 


PM:10:15:10/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 6221 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی