رۆژانەی کۆرۆنا

‌د. گۆران عه‌بدوڵا


رۆژانەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی بریتانیا

هەوڵ ئەدەین لە رۆژانی داهاتوو و بەگوێرەی توانا باسی چۆنیەتی چارەسەری ئەو نەخۆشانە بکەین کە سەردانی ئەو خەستەخانەیە ئەکەن کە من لە بریتانیا کاری تێدا دەکەم.

٣/١٣
دۆخەکە جیددی بووە و لە ئاستێکی زۆر باڵای حکومەتی سکۆتلاندا و وەزارەتی تەندروستی پەیوەندی دەکەن.

پێش ئەوەی دەستبکەین بە ئیش یەکێک لە پسپۆرەکانی بۆڕیەکانی هەناسە و سیەکان هەندێ قسەی بۆ کردین. ئەو وەکو بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەکەمان دەستنیشانکراوە. بەوە دەستی پێکرد کە ئیتر پێویستە خۆمان لەگەڵ باردودۆخەکە بگونجێنین. دەبێ خۆمان بۆ ئامادە بکەین کە لەناکاوا داوامان لێبکرێ کە شوێنی ئیشەکەمان بەجێبهێلین و بچین بۆ شوێنێکی دیکە کاربکەین ئەگەر پێویستیان پێمان هەبوو. ئەو باسی ئەو قاوشانەی کرد کە تایبەتکراون بەو نەخۆشانەی کە گومانی کۆرۆنایان لێدەکرێ کە لە حاڵی حازردا دوو قاوشی قاتی دووەمی نەخۆشخانەکەیە. چەند جارێک ئەوەی وت کە پێویستە تەنها گومان لەو کەسانە بکرێ کە کۆکە و تەنگەنەفەسی و تایان هەیە و پشکنینی کۆرۆنا تەنها بۆ ئەوانە بکرێ. ئەوەیشی وت کە ڕەنگە ئەم ڕاسپاردانە گۆڕانکارییان بەسەردا بێ بەڵام بۆ حاڵی حازر ئاوایە. ئاگاداریشیکردینەوە کە پەیوەندی بەوەوە بکەین ئەگەر ویستمان نەخۆش داخڵی ئەو قاوشە بکەین کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە.

ئەمرۆ من لە ئیمرجینسی کارمکرد. شێوازی پێشوازی لە نەخۆش گۆرانکاری بەسەردا هاتووە. لە رۆژانی ئاساییدا ئێمەی پسپۆری هەناو ٧ شوێنی تایبەت بەخۆمان هەیە کە ئەو نەخۆشانەی تێدا دەبینین کە جی پی ڕەوانەی دەکات و حاڵەتەکانیان کتوپڕە. بەڵام ئەو شوێنەی ئێمە بە تەواوەتی بۆ نەخۆشی کۆرۆنا تەرخانکرابوو. ئیتر نەخۆشەکانی ئێمە (ئەوانەی کە گومانی کۆرۆنایان لێناکرێ) لە شوێنی دیکەی فریاکەوتن ئەیانبینین.

هەر لەگەڵ دەستکردن بە ئیش دۆخێک سەرنجی هەموومانی راکێشا. بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکە بەبەراورد لەگەڵ رۆژانی تر بە هیچ جۆرێ قەرەباڵەغ نەبوو. من کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ دەستم بەکار کرد و یەکەم نەخۆشم کاتژمێر ١ و نیو بینی کە لەوەتەی لەم کارەم ئەمە ڕووینەداوە. بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان تەنها بەشی فریاکەوتنە لە هەموو ناوچەی باشوری رۆژهەڵاتی سکۆتلاندا و ژمارەیەکی زۆری نەخۆش رووی تێ ئەکا. بەڵام ئەمرۆ بەپێچەوانەی رۆژانی دیکە نەخۆشمان کەمتر بوو. لەگەڵ هاوپیشە و نێرسەکان لەسەر ئەو بابەتە قسەمان کرد. بەشێک (بەخۆمەوە) پێمان وابوو ئەمە ئارامی پێش زریانە و دۆخەکە ئاوها نامێنێتەوە. یەکێک لە نێرسەکان ڕایەکی پێچەوانەی هەبوو و وتی خەڵک زیاتر پەیوەندی تەلەفونی ئەکەن لەباتی ئەوەی بێن بۆ خەستەخانە بۆ نەخۆشیە درێژخایەنەکانیان. ئەمە خاڵێکی زۆر پۆزەتیڤ بوو چونکە بواری بە ئێمەدا کە زیاتر گرنگی بەو نەخۆشانە بدەین کە گومانی کۆرۆنایان لێدەکرێ نەک حاڵەتی سارد.

نەخۆشی یەکەمم پیاوێکی ٥٠ ساڵان بوو. بە گوێرەی نامەی جی پیەکەی ڕشابووەوە و خوێنی هێنابووەوە. چووم لە ژووری چاوەڕوانی بانگی کەم و بەدەم ڕێەوە بەرەو ئەو شوێنەی بۆمان دیاریکرابوو هەندێ پرسیارم لێکرد. تومەز ئەکۆکی و لەگەڵ کۆکەی زۆر ڕشابوەوە. چەند رۆژێک پێشتر لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کە لە ئیتالیا گەڕابووەوە چووبوون بۆ خواردنەوە و هاوڕێکانیشی ئەکۆکین. ئیتر یەکسەر گەڕاینەوە و چووینە ئەو بەشەی کە بۆ کۆرۆنا دانراوە. کە پشکنینمان بۆ کرد هیچ نیشانەیکی کۆرۆنای نەبوو. نە تا نە تەنگەنەفەسی. ئەنجامی پشکنینی خوێن و ئەشیعەی سیەکانی ئاسایی بوون. نموونەیەکان لە قورگ و لووتی وەرگرت و ناردمانەوە ماڵەوە و داوامان لێکرد تا گەڕانەوەی پشکنینەکەی خۆی کەرەنتنە بکا.

دوو نەخۆشی دیکەی هاوشێوەم بینی. یەکێکیان لە ئەمریکا گەڕابووەوە و ترسی لێ نیشتبوو. ئەو سەردانی نیوێورکی کردوو و کەسێک لە نزیکی کۆکیبوو بەسەریان. ئەو شەکرەی هەبوو و زۆر لە کۆرۆنا ئەترسا. هەموو شتێکمان بۆ ئەویش کردو و ناردمانە ماڵەوە بۆ ئەوەی تا دەرچوونی فەحسی کۆرۆنا خۆی کەرەنتینە بکا.

نەخۆشەکەی دیکەش هیچ نیشانەیەکی مەترسیداری نەبوو. کۆکەیەکی کەمی هەبوو بەڵام نە تا و نە تەنگەنەفەسی هەبوو. ئەو لەگەڵ هاوڕێیەکی کە تازە لە ئیتالیا گەڕابووەوە چووبوو بۆ قاوەخواردن. زۆر ئەترسا کۆرۆنای هەبێ بەڵام لەڕووی دەروونیەوە پەشۆکاوبوو و هەندێ حاڵەتی دەروونی پێشوەختەیشی هەبوو. هەموو نیشانەکانی ئاسایی بوون. رێژەی ئۆکسجینی ١٠٠% و تای نەبوو و لێدانی دڵی ئاسایی بوو. بۆ ئەو کەسە تەنانەت تیشکی سینگیشمان نەکرد و ناردمانە ماڵەوە. ئەو هەر بۆ دڵنیایی خۆی کەرەنتینە کردبوو و نەدەچووە دەرەوە.

ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ئەوەیە کە ئێمە دڵنیان کە نەخۆشەکان خۆیان کەرەنتینە ئەکەن. هەروەها لیفلێتی تایبەت ئامادەکرابوو لەسەر ئەوەی چۆن خۆت کەرەنتینە بکەی. ئیتر کێشەی ئەوەمان نیە کەسەکە ڕائەکا یا کارمەند و پزیشک ئەداتە بەر گولە یا خۆی ئەشارێتەوە....

لەو ماوەی کارکردم ئەمرۆ، یەک نەخۆشم داخڵی قاوشی تایبەت بە کۆرۆنا کرد. ئەو ژنێکی ٥٥ ساڵان بوو. ماوەی یەک هەفتە دەبوو کۆکە و بەڵغی هەبوو. پزیشکی خێزان دەرمانی ێ بەڵام هیچ سودێکی لێنەبینیبوو. کە هات ئەکۆکی، تای هەبوو، لێدانی دڵی لەسەرەوە بوو. پێش ئەوەی فەحسەکانیشی ببینین داخلی قاوشی تایبەت بە کۆرۆنامان کرد و سامپڵی قورگ و لووتمان لێوەرگرت.

یەکێکی دیکە لەو گۆڕانکاریانەی بەسەر شێوازی کارکردنمان هات پرۆسەی وەرگرتنی تیشک بوو. لە ڕۆژانی رابووردوودا زۆربەی نەخۆشەکان ئەبران بۆ بەشی تیشک بۆ وەرگرتنی ئەشیعە بۆیان. بەڵام لەو نەخۆشانەی کە گومانی کۆرۆنایان لێدەکرێ چیتر ئەم کارە ناکرێ. دوو کارمەندی بەشی تیشک دێن بۆ ئەو بەشەی فریاکەوتن کە تەرخانکراوە بۆ گومانلێکراوی کۆرۆنا. دەستکێش و دەمامکیان بەکارئەهێنا. ئامێری تیشکی گەڕۆکیان بەکاردەهێنا نایلۆنێکی تایبەتیان ئەخستە سەر ئەو پارچەیەکی کە نەخۆشەکە سینگی پێوە ئەنووسان. دوای وەرگرتنی ئەشیعەکە نایلۆنەکەیان فرێدەدا. پێش ئەوەی ئامێرەکە بهێننە دەرەوە زۆر جوان بە کلۆر خاوێنیان دەکردەوە. ئەنجا وەکو ڕێنمایی هەموومان کراوە، ئەوانیش پێش ئەوەی لە ژوورەکە بێنە دەرەوە دەمامک و دەستکێشەکەیان دادەکەن و لە شوێنی تایبەتیان فرێدەدا.

هەوڵئەدەم لە رۆژانی داهاتوودا بە وردتر باسی هەموو لایەنەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان بکەم. هیوادارم ئەم گێڕانەوەیە سوودی بۆ هاوپیشەکانی کوردستان هەبێ. بە هیوای سەلامەتی بۆ گشت لایەک.


AM:12:02:15/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی