لەڕووناكییەوە بۆ تاریكی.! بەشی -61-65

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


دوای ساڵێك زیاتر لە لێكوڵێنەوە و ئەشکەنجەدان، لە ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گشتی لە بەغداد، وەهەروەها لە ژووری مەرگدا(قاگع الاعدام)، گەیشتمە ژووری پێشوازی(استقبال)، لە بەشی سزا تایبەتیەكان(احكام الخاصه)، لە بەندیخانەی ئەبوغرێب.
ھەستێكی زۆر خۆشم هەبوو، ئاخر چۆن ئەم ھەستەم نەبێت؟ من لەسەرەتای دەستگیركردنمەوە، بە تەنھا یەك ئامانجم ھەبوو، ئەویش ئەوە بوو، ددان بەخۆمدا بگرم و ناوی هیچ كەسێک نەدرکێنم، ئەوکاتەش كە گەیشتمە دادگاو سزای لەسێدارەدانم بەسەردا سەپێنرا، ئەو ئامانجەم بەدیهات.
لەدوای ئەوەوە و لەژووری مەرگدا، تەنھا ئاواتم ئەوە بوو، کە لە دوای لە سێدارەدانم، تەرمەكەم بدەنەوە بە كەس و كارەکەم، و وەسیەتەكەم بگاتە دەستیان، وا ئێستا دووبارە دەرفەتی ژیانم وەرگرتۆتەوە، ئەم جارە بەزیندوویی، بەدیداری خۆشەویستانم شاد دەبمەوە، لە جیاتی ئەوەی هەواڵی لەسێدارەدانم بزانن، یاخود تەرمەكەم وەرگرنەوە.
ھاوزیندانیەکانی ژوورەکەم پێشوازییان لێکردم و گوتیان، لێرە حانوتی لێیە، هەرچیت پێویست بێت دەتوانیت بە پاسەوانەکانی بڵێیت بۆت دێنن، پارەكەشی لەسەرت دەنووسن، دەتوانیت دوای ئەوەی كە دیدار(مواجە)ت، هەبوو لەگەڵ كەس و كارت، پارەكەیان بدەیتەوە، ئەوانەیش کە حانوتەكەیان بەڕێوە دەبرد، ھەر زیندانی بوون، گووتم من پارەم پێیە، گوتیان چۆن تۆ لە بەشی سێدارەدانەوە ھاتویت و پارەت پێیە؟ منیش بیست و پێنج دینارەكەی ناو پێڵاوەكەم دەرهێنا و چاوەڕێم دەكرد، پاسەوانێك بێت و ڕایبسپێرم بۆ ئەوەی، پێداوستیەكانم بۆ بهێنێت.
دەرگای ژوورەکە كرایەوە، پاسەوانەکە لەگەڵ كوڕێكی باڵابەرزدا وستا بوو گووتی، کێ ناوی رزگارە؟ گوتم من، سڵاوی لێكردم و گووتی، برادەران ئەم شتانەیان بۆ تۆ ناردووە، ھەرشتێكی دیکەت پێوستە، بە پاسەوانەكان بڵی بۆت دەهێنم،
ئەوشتانەی ھاوڕێیان ناردبوویان(سابون، خاولی، ھەویری ددان و فڵچە، گوێزان و مەكێنەی ڕیش تاشین، ئاوێنە، دەرپێ و فانێلەی ژێرەوە).
كوڕەکە ناوی جەلال حەسن رەشو بوو، لەسەر پارتی دەستگیر کرابوو، لەگەڵ سێ زیندانی دیکە بە ناوەكانی( تەمر شەمدین تەمر ،و ئەمین ، وجومعە)، ئەوان ماوەیەكی زۆر بوو زیندانی بوون، بەر لێبوردنە گشتیەکەی ساڵی ١٩٨٨یش نەکەوتبوون، لەبەر ئەوەی كوردی ئێزدی بوون،  ڕژێمی بەعس (ئێزدیەكان و كرستیانەكان)ی،  بە عەرب هەژمار دەکرد، هەر لەبەر ئەو هۆکارە بوو، ھەر لێبوردنێك بۆ کورد دەربچوایە، ئێزدی و كرستیانەکانی نەدەگرتەوە، ئەگەر لەسەر حزبە كوردییەكانیش دەستگیر بکرابانایە.
پاسەوانەكانی ئەم زیندانییە، سەر بە وەزارەتی كاروباری كومەلایەتی بوون، وەهەوەها ئاسایشی لێ بوو.
دوای خۆشتن و ڕیش تاشین، وەهەروەها باشتر بوونی باری دەرونیم، رێژەیەكی باشی ڕوخساری مرۆڤایەتیم بۆ گەرایەوە.
دوو سێ رۆژ لەو ژوورە مامەوە، دوای ئەوە منیان بردە ناو زیندانیەكان، شوێنەکە  ڕێڕەوکی دورو درێژ بوو، پانییەکەی نزیکەی پێنج مەتر دەبوو، لەنێوەندی هەر ٣٠یان ٤٠ مەترێکدا، ئەملاو ئەولای دەرگا بوو، لە دوو سێ شوێنی ڕێرەوەكەدا، شیش بەند هەبوو، دەرگای تێدابوو، منیان بردە نزیكی كوتایی ڕێڕەوەكە بەلای دەستە چەپدا، منیان دایە دەست یەکێک، دوایی زانیم کە ئەویش زیندانییە، بەڵام یەكێكە لە چاودێرەكان( المراقب)، ھەر بەشیك لێرە چاودێرێك و یارمەتیدەرێكی لێبوو، پێیان گووت(استلم ھای نزیل جدید)، ئەم نیشتەجێ تازەیە وەربگرە. وشەی(نزیل)، لێرە بەکار دەهات، لای من سەیر بوو، ئاخر ئەمە لە ئوتێل بەكار دەھێنرا.
ئەو بەشەی منی تیدا بووم، پێیان دەگووت جەمەلونی یەك، ھەڵبەتە جەمەلونی دوویش ھەبوو، ھەر جەمەلونەی بەشێكی بۆ زیاد كرابوو پێیان دەگووت مولحق.
بەراستی دیمەنی جەمەلون سەیرو سەمەرە بوو، شتێك بوو بە باسكردن نایەتە بەرچاووت، بەڵام من هەوڵ دەدەم تۆزێک بەرچاوڕونیتان بدەمێ.
بۆیە پێیان دەگوت جەمەلون، ئاخر بنمچێكی بەرزی ھەبوو بە شێلمان وچینكۆ داپۆشرابوو، ئەم جەمەلۆنانە لەنەخشەی بنەرەتی درووستكردنی بەندیخانەکەدا نەبوون، بەڵام كاتێك زیندانی زۆر بووە و جێگا نەماوە، ناچار بوون ئەم جەمەلۆنانە دروست بكەن و زیندانی تێبكەن.
ناوەوەی جەمەلونەكانیان بە قەڕەوێلە(چوارپایە)، دابەش کردبوو، قەروێڵەکان دوو قات بوون، لەم لاو ئەولاوە قەڕەوێڵەی دوو قاتیان دانابوو، نێوەندەکەیان بە بەتاڵی هێشتبووەوە، بەشەوان ئەو زیندانیانەی قەڕەوێڵەیان نەبوو، لەوێدا دەنوستن. بەردەمەكەی وەك دەرگای، ژوڕێكیان لێكردبوو، پێیان دەگووت خێوەت(خێمە)، ریزێكی درێژیان بەم شێوە دانابوو بەرامبەركەشی ڕێزێكی دیکە بوو، زیندانییەكان كەلوپەلەكانیان لە( گونیە، تورەکە، جانتا، قاپ و قاچاغ و شتی دیکە)یان، تیادا ھەڵواسی بوو، ھاوارو ھاتووچۆ، وەك شانەی مێروولە وابوو، كاركردنی ھەمە جۆر، نوێژكردن، خواردن، هەر لە بازاڕی کۆنە فروشان دەچوو.
چاودێرەكە سەر بە حزبی دەعوە بوو، هەر كە زانی من شیوعیم، منی بردە(خێمە)ی، ژمارە یەك، نۆ كەسی تێدا بوو، سیانیان  شیوعی بوون، یەكێك  لەوانە ناوی(سەعد عبدوالوھاب) بوو.
ھەر ئەوەندە دەنگی ھاتنم بڵاو بووەوە، ژمارەیەكی زۆر لە زیندانییەكان ھاتن بوو بەخێرهاتم، زۆربەیان كوردبوون.



لەڕووناكییەوە بۆ تاریكی.!
بەشی- ٦٢-
لە دوای دادگایی، ئەوکاتەی زیندانییەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەم زیندانیە، وە هەروەها پێش ئەوەی کەس و کاری بێن بۆ سەردانی، هەر ژەمە خواردنێک لای زیندانیەکان میوان دەبێت، ئەمە بووبووە کلتوری زیندان، هەمیشە ئەوانە میوانداریەکەیان ڕێکدەخست کە هاوبیر یاخود هاوزمانی زیندانیە تازەکە بوون، ڕاستەوخۆ یەکێک لەزیندانیەکان خشتەی ڕێکخستنی میواندارییەکەی دەخستە ئەستۆی خۆی، لەدوایدا هەرکەسێک خوازیار بوایه میوانداری بکات، بە ڕێکخەرەکەی دەگووت، ئەویش ڕۆژەکەو ژەمەکەی بۆ دیاری دەکرد.
لە زینداندا فێری زاراوەی نامۆ دەبوویت، یەكێك لەو زاراوانە(سەفەر داش)بوو، واتە هاوسفرە، بەومانایەی کۆمەلێک لەسەر یەک سفرە نان دەخۆن، کۆمەڵێک سەفەرداش هەبوو لەزیندان، ئەمەش وشەیەکی تورکییە لەبنەڕەتدا، بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە، دەسەڵاتی داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانی دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە. 
ھاوڕێیانی بتلەغازەکە، بەچەند ڕۆژێک پێش من لەوێ بوون، بێچگە لە سەعدون و فازل، كە لەبەشی لەسێدارەدان بوون، وەهەروەها هاوڕێ ژنەکان(ئاشتی و نەرمین و پەیمان)٫ لە زیندانی ژنان بوون.
رائد موحسن و ماموستا نسرواللە، كە لە بەشی سێدارەدان لەگەڵم بوون، ئێستا لێرەن، ڕائید موحسن گوتی، من ئاگاداری کەس کارەکەت دەکەمەوە، کە تۆ لێرەیت، بۆ ئەوەی ئەوان بێن سەردانیت بکەن.
شەوان لە خێوەتی یەك، لە سەر زەویکە و لە بەردەم قەرەوێڵەكەی سەعد عبدالوھابدا دەنوستم، بەڕۆژ جێگام نەبوو، بەڵام سەعد رێگای دەدام کە قەرەوێڵەكەی بەکار بهێنم، یەكێك لە كێشە گەورەکانی ناو زیندانەکە، نەبوونی جێگا بوو، دەبوایە زیندانییەکی کۆن بیت، یاخود واستەت هەبێت، بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی قەرەوێڵەی خۆت.
لەزیندانی ابو غرێب، بێجگە لە دوو جەمەلونەکە، چەند شوێنی دیکەی لێبوو لەوانە:
-دوو بەشی دیکەی زیندانی، ھەر بەشەی دوو قات بوو، بەهەردوو قاتەکە، بیست ژووری چوار بە پێنجی تێدابوو.
-چەند قاوشێك(رەدھە)
-شانۆ
-كتێبخانەیەک، بێ گومان تەنها ئەو کتێبانەی تێدابوو كە لەگەڵ بیری رژێمدا دەگوونجا. 
-جێگایەکی لێبوو پێیان دەگووت مەدرسە(قوتابخانە)، بەڵام لەبەر زۆری ژمارەی زیندانی، ئەوێش جێگای زیندانی بوو.
هەڵبەتە كاتی خۆی کەبڕیاری دروستکردنی ئەم بەندیخانەیە دراوە، بۆ ئەوە بووە کە زیندانێکی سەردەمیانە بێت.
لە سەردەمی(عبدول سەلام عارف)دا، بەردی بناغەی داڕێژراوە، وە لەكوتایی شەستەکاندا، بە نیوەو ناچڵی تەواو کراوە، لە هەمووی سەیرتر(دكتور عبدول كەریم الھانی)، كە بەشداری لەدانانی بەردی بناغە ئەم زیندانەدا كردبوو، وەك وەزیری كارو کاروباری كۆمەڵایەتی، لەحوکومەتەکەی  عبدول سلام عارفدا، زیندانیی دەکرێت و ماوەیەک بەیەکەوە دەبین، لەیەک ژووردا.
شیعەكان زۆرینەی زیندانیان پێکدێنن، بەمەبەست بێت یاخود بەبێ مەبەست، بەڕێوەبەرانی بەندیخانەکە، جڵەویان شلكردبوو بۆیان، دەسەڵاتی ڕەهایان هەبوو، دەیانویست كاروباری بەندیخانەکە، بەپێی وویست و ئارەزووی خۆیان بێت، بۆ نمونە ڕێگایان نەئەدا بە، ئێزدی و كرستیان، یاخود شیوعیەکان، لە چێشخانەی بەندیخانەکەدا كاربكەن، لە بەرامبەر ئەوەدا، ژمارەیەكی زور كەم سوننە یاخو وەھابی هەبوو، ھەردوو لایان، بەجیا بانگیان ئەدا و بەجیا نوێژیان دەکرد.
ژمارەی زیندانیانی کورد نەدەگەیشتە دوو سەد زیندانی، هیچ كاتێك ژمارەی كورد هێندە كەم نەبووە، نزیكەی سی تا چل توركومانی لێبوو، زوربەیان بە تاوانی سیخۆڕی بۆ توركیا زیندانی كرابوون، بێ گومان كرستیانیشی لێبوو، وە هەروەها یەک سابئەی مەندائی بەناوی سەلام مەدلول كەمی ڕێژەی كورد دەگەڕێنمەوە بۆ تاوانەكانی ئەنفال و خاپوركردنی گوندو شارۆچكەكانی كوردوستان، لێبوردنی ساڵی ١٩٨٨، لاواز بوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و كشانەوەیان بۆ ناوچە سنوریەکان، ئەوەیشمان بیر نەچێت، لە لێبوردنە گشتییەكەی مانگی نۆی ١٩٨٨دا، ھەموو كوردەكان ئازاد کران، تەنھا ئێزیدیەكان و كرستیانەكانیان نەبێت، لەگەڵ كاك فوئاد محەمد توفێق، كە خەڵكی سلێمانی بوو، بە تاوانی سیخوری بۆ فەرەنسا، زیندانی کرابوو.
ژمارەیەک گەنجی كوردی لێبوو، دوای لێبوردنی گشتی، جارێکی دیکە دەستگیر کرابوون و دادگایی کرابوونەوە، پێنج لاوی تازە پێگەیشتوو بەم ناوانە(نزارجەلال، ڕێبوار عومەر عوسمان، كامەران عبدوللە، اسفندیار محەمەد، برھان رۆوف رحمان)، ئەمانە بە تاوانی كوشتنی مفەوزێكی ئاسایش، لە شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی دەستگیر کرابوون، لەسەرەتای دەستگیر کردنیان لە ١٩٨٧/٥/١٩، ژمارەیان لەوە زیاتر بوون، ئەمانە خوێندكاری دووی ناوەندی بوون، لە لایەن ئیستخباراتی سلێمانی، بەدەستی عەبە كەركوكی دەستگیر کرابوون، لەدواییدا درابوون بە ئاسایشی سلێمانی، بەر لێبوردنی گشتی ساڵی ١٩٨٨ کەوتبوون و ئازاد کرابوون، لە دوای لێبوردن جارێكی دیکە دەستگیر کرابوون، بەشێکیان هەڵهاتبوون، بەڵام ئەم پێنجە دەستگیر کرابونەوە، بەڕێكخستنی یەكێتیان دانابوون، لە ١٩٨٩/٣/١٤دا، لە بەناو دادگای شۆڕشدا، سزا دران بە پانزە ساڵ زیندانی، لەبەر ئەوەی تەمەنیان لە ژێر هەژدە ساڵەوە بوو، بەداخەوە دوای ئەوەی  پانزە ساڵ لەزینداندا بوون، ئازاد کران، لەبەر ئەوەی بەر ھیچ لێبوردنێك نەدەکەووتن.
خواردن باش بوو، بەیانیان نسك، نیوەڕوان برنج و شلە، ھەفتەی دوو رۆژ گوشتی مریشك، هەندێک جار میوە، سێو یان پرتەقال.
هەر لەوێ زاراوەیەكی دیکە فێر بووم، ئەویش(كانە)یە، هەرچی شتێك بەندیخانە بیدات بە زیندانی پێیان دەگووت( خواردنی كانە، جل و بەرگی كانە، هتد،،،)، كەم بوون ئەو زیندانیانەی کە متمانەی تەواوەتییان لەسەر خواردنی كانەبوو(خوادنی بەندیخانە)، زیاتر پشتیان بەو خواردنانە دەبەست کەلە کەس و کاریانەوە بۆیان دەهێنان کاتێک دەهاتن بۆ سەردانیان(مواجهە).
ئەو كاتە خەڵکی باری ئابوری باش بوو.
ماوەیەکی پێچوو، من هەر میوان بووم، جارێك میوانی ھاوڕێیەكی عەرب بووم، ناوی ئەبو عەبیر بوو، خواردنێكیان ئامادە كردبوو، ناوی مسموتە بوو، خواردنەکە برنج و ماسی لەسەر بوو، بەڵام بونێكی زۆر ناخۆشی لێدەهات، ھەرچەندم دەكرد پێم نەدەخورا، خۆم خەریك دەكرد بەنانە وشكەكەوە، جاربەجارێک كەمێك برنجم لەلای تەنیشتی سینیەكەوە دەخوارد، ئەبو عەبیریش باسی گرنگی مەسموتەی بۆ دەكردم، كە چۆن چۆنی درووستی دەکەن، ماسی ووشک دەکەنەوە لەبەر ھەتاو، دوای ئەوە هەڵیدەگرن، هەرکاتێک بیانەوێت لێی دەنێن، منیش لەو کاتەدا خۆم پێ نەگیرا، گووتم صدام غەدری كرد کە چەكی كیماوی قەدغەكراوی بەكار ھێنا دژی كورد، خۆ لە ھەر دوڵێكی كوردوستاندا یەك مەنجەڵ مەسموتەی بکوڵاندایە، خەڵكی كوردستان خۆیان دەڕۆشتن، ئەوکاتە پێوستی بە ئەنفالی کورد نەدەبوو.
ھەر دوو ھەفتە جارێك زیندانیەكان مافی ئەوەیان هەیە، کەسوکار و خزم و ناسیاویان، بێن بۆ سەردانیان.
بەیانی رۆژی سەردانی زیندانیانە، منیش بەتەمای ئەوەم كەس وكارەکەم بێن بۆ سەردانم.

لەڕووناكییەوە بۆ تاریكی.!
بەشی -٦٣-
شەوی پێش سەردان(مواجەھە)ی، کەس و کار بۆ زیندانییەكان، ھەر وەک شەوی جێژنی جاران بوو بۆ منداڵان، ھەر ھەموو لە خۆ ئامادەكردندا بوون، لەداھاتوودا ئاماژەی زیاتری پێدەكەم.
ئەوانەی قەروێڵەمان نەبوو، لە گۆڕەپانە گەورەكەی بەندیخانەکەدا، جیگایان دابەش کردبوو بەسەرماندا، ھەریەكە شوێنیکیان بۆ دیاریکردبوو، بە قەبارەی بەتانییەك، گۆڕەپانەكە لە گۆڕەپانی فتبوڵێن گەورەتر بوو، ھەر زیندانییەك بەشێوەیەکی جیاواز لەهەوڵی ئەوەدا بوو، سێبەرێک دروست بکات، لەسەر ئەو ڕووبەرەی بۆ دیاریکراوە، بۆئەوەی کەس وکارەکەی بپارێزێت، لە هەتاو و گەرمای هاوینی ابو غرێب، کۆمەڵێک شتی جواروجۆریان بەکاردەهێنا لەوانە(دار، ئاسن، گونیە، بەتانی، کوتاڵی ڕەنگاوڕەنگ)، گۆڕەپانەكە هەر لە سەربانەكانی هاوینی ماڵەكانی شاری كەركوك دەچوو(ئەوکاتە خەڵك لەسەر سەربان دەنوستن، پەرژینێكیان دروست دەكرد بە كوتاڵ، پێیان دەگووت كولە، ھەر سەربانێك چەند كولەیەكی رەنگاو ڕەنگی لەسەر بوو)، لە ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو. زۆر جار لەسەر چەند سامتینێك زەوی، ناكۆكی لە نێوەندی زیندانیەكاندا درووست دەبوو.
ھەر لەئێوارەی ڕۆژی پێش مواجەھەوە، شت و مەکەکان لە جێگا دیاریکرەوەکاندا کۆدەکرایەوە.
بەیانی زوو دوای سەرژمێری زیندانیەكان، كە پێیان دەگووت ( تعداد یاخود مەستەڕ)، خێوەتە ھەزار شێوەو ڕەنگەکان ھەڵدەدران، زیندانیەكانیش بەدرێژایی ڕێڕەوە دوروو درێژەكە دەوەستان و چاوەڕێی دەرگا كردنەوە بوون، بۆ ھاتنە ژوورەوەی کەس و کاریان، هەرئەوەندەی پاسەوانەكان لە پشکنین و مۆر لێدانی مەچەكی سەرلێدەران دەبوونەوە، دەرگاکە دەکرایەوە، ئیتر پێشوازی و ماچ موچ و ڕاكەڕاكە دەستی پێدەکرد، دژداشەی سپی و جل و عەبای رەش تێكەڵاو دەبوو، گریانی مناڵ و فرمێسكی دایك و خەندەو پێكەنیین و بزەی بەزۆر و لێدانی دڵی عاشق و خۆشەویستان تێكەڵاو دەبوو. ئەوانەی ھاتبوون بۆ سەردان، ھەردوو دەستیان، ھەندێکێکیان لەسەر سەرێشیان، شتیان ھەڵگرتبوو، بۆ کۆڕەکانیان، یان برایان، یاخود ھاوسەریان هێنابوو، ھەریەكە ھەواڵی پێیە، لەوانەیه خۆش بێت یاخود ناخۆش. 
ھەندێك لە زیندانیەكان دوای چەند سەعاتێك لە چاوەروانی، بێ ئومێد دەبن لەوەی كە كەس بێت بۆ لایان، ھەست بەبێزاری و دڵ تەنگیان دەكەیت، ئاخر چۆن دەتوانێت ئاسایی بێت، لەکاتێکدا ڕۆژی پێشتر بەکۆمەڵێک خواست و هیواوە، خۆی بۆئەو ڕۆژوو ساتە ئامادەکردووە، بۆ دیداری ئازیزانی، ڕیشی تاشیوەو باشترین جلی پۆشیوە، بۆنی لەخۆی داوە، لەوانەیە خۆی نەیبوبێت، لە هاوزیندانیەکانی وەرگرتبێت، ڕەنگە شەویش لەخۆشیدا خەوی لێنەکەوتبێت، هەر بیری لەوەکردبێتەوە، بەیانی چی بڵێت بەئازیزانی، مناڵەکەی گەورە بووە؟ دەچێت بۆ قوتابخانە؟ چۆن بۆنی بکات، کێ ماوەو کێ مردووە؟
بابێمە سەر باسی خۆم، منیش لەگەڵ هاوزیندانیەکانم، جێگایەكم لە گورەپانەكە وەرگرتوە، نزیکە لە دەرگای گۆڕەپانەکەوە، تا ئەندازەیەك باشە، لایەکی دیوارە، ھاوڕێیان شتی  پێوستیان بۆ ئامادەکردووم، بەڵام من زۆر دڵنیا نەبووم لە ھاتنی كەس و کارەکەم، نازانم ھەواڵیان پێگەیشتوە یان نا، زۆری پێ نەچوو، لێیان دەرکەوت، خوشکەکانم و هاسەرەکەم و زۆر لە خزمەکانم، ژمارەیان زۆر بوو، بە هیچ شێوەیەك جێگا نەدەبووەوە، لەو چرکە ساتەدا هیچ شتێک گرنگ نەما، تەنها هەستی دیداری ئازیزانم نەبێت، هەستێکی یەکجار خۆش بوو، پرسیای دایكمم كرد، گووتیان ئەو هەتا ئێستا ھیچ شتێك نازانێ، وائەزانێ تۆ ھەر پێشمەرگەیت.
دوومنداڵیان دانا لە تەنیشت یەكەوە، یەكێكیان ئەسمەر و ئەوی دیکە سپی بوو، گووتیان دەزانیت كامەیان کچەکەی خۆتە؟ بزانیین دەیناسیتەوە؟ من ھەستم كرد مناڵە سپییەکە كچەکەی خۆمە و ئەوی دیکە كچی خوشكمە، بەڵام نازانم، بۆ وام بە باش زانی کە بڵێم نازانم، پێیان گووتم، ئەمە كچەكەتە و ناوی پەیامە. 
ئەوندەی پێ نەچوو، یەکێک لەھاوڕێیانی بتلە غازكە ھات و پێیگووتم، دایكی ھاوڕێ سعدون ھاتووە، وا بە باشمان زانی، تۆ بیبینیت و قسەی لەگەڵدا بكەیت، بێگومان ئەمە كارێكی زۆر گرانە، ئاخر تۆ چۆن تۆ بەدایكێك بڵێیت، كوڕەكەت سزای لەسێدارەدانی هەیە، بەڵام مرۆڤ لە دوایدا دەبێت، بەرامبەر راستییەكان بوەستێت، هەتا بتوانیت هەوڵ بدات ئاكامەكانی سووكتر بکات.
چاوم بەدایكی ھاوڕی سعدون كەوت، گوتم من پێش ماوەیەكی كەم سعدونم بینیوە و زۆر باش بوو، راستە ئەو سزاکەی لە سێدارەدانە، بەڵام ئەمە كوتایی نییە، ئەگەری زۆرە سزاکە بگۆڕدرێت، ئەوتا منیش سزای لەسێداردانم هەبوو، وا ئێستا لێرەم، خۆشبەختانە سزاکەی هاوڕێ سعدونیش لەداویدا گۆڕدرا.
گەڕامەوە لای كەس و كارەکەم و كاتێكی خۆشمان بەسەر برد، من هیچ ھەستم بەكات نەدەکرد، چۆن دەڕوات و چۆن تەواو بوو، ھەرچەندە لە دەرفەتێك دەگەرام كەمێك لەگەڵ ڕێزانی ھاوسەرمدا، بە تەنیا قسە بكەین، بەڵام نەگونجا، دەسڕی وەسیەتەكە و رۆبەكەی عەباسم دایە، بۆئەوەی بیاتەوە لەگەڵ خۆی.
ماڵەوەم بەڕێكرد و گەڕامەوە بۆ لای شتەکانم كە بۆیان ھێنابووم، لەوکاتەدا بینیم، کە یەكێك لە زیندانیەكان، لەگەڵ ھاوڕێ نەبەز محەمد ناخۆشییانە، نەبەز ئەو شتانەی کە بۆی ھاتبوو، لای جێگاكەی من داینابوو، لەبەرئەوەی جێگاکەی من لەدەرگاکەوە نزیك بوو، تومەز لە جێگای زیندانییەکی عەرەبی شیعە کەلەتەنیشت جێگاکەی منەوە بوو داینابوو، لەبەر ئەوەی کابرای شیعە كەس نەهاتوو بۆلای، هەندێک لە كەسوکارەکەی من سنوریان بەزاندبوو، چوو بوونە سەر جێگاكەی ئەو، لەسەر ئەوە لەگەڵ نەبەز کەوتبووە دەمەقاڵی، من گووتم ببورە، ئەوە كەسوكاری من بوون و نەیان زانیووە، من خۆیشم تازەم و ئەمە یەكەم دیدارمە، چیش دەڵێیت من ئامادەم، ئەگەر دەتەوێت، ھەموو شتەكانت بۆ دەشۆم، وادیار بوو هیچ سودی نەبوو، نازانم نەبەز چی پێگووت، ئەویش لە لە نەبەزی دا، لەوبەینەدا زیندانییەكی زۆر كۆبوونەوە، كە ئەو دەستی كرد بەڵێدانی نەبەز، منیش ناچار بووم لێی بدەمەوە، لە ماوەی چەند  چركەیەكدا، بوو بە شەڕێكی گەورەی كورد و شیعە، ھێشتا ھەندێک لە كەسوكاری زیندایەكان نەڕۆیشتبوون، ئەو گوڕەپانە وەک شەڕی ئوحدی لێھات(بەدەست، بەدار، بە ئاسن)، هەمووی لەیەکی دەدا، پاسەوانەكان سەیریان دەكرد، هەندێک ھەوڵیان دا، هەتا شەرەكە رابگرن، بەڵام بێ سودی بوو، یەكێك لە برادەرە كوردەكان چوو بووە ناو جەمەلونەکەوەو ھاواری كردبوو، شەڕی كورد و عەرەبە، كاك قادرێکمان ھەبوو، زۆر  بەھەیكەل بوو، ھەر لە جەملونەکەوە تا گۆڕەپانەكە، ھەر دژداشە لەبەرێكی توش بوو بێت پیای کێشاوە. ھەرچونێك بوو، دوای ماوەیەك و بە سەركەوتنی ئێمە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەمان کەم بوو لە چاو ئەواندا، شەڕەکە ڕاگیرا. ھەرچەندە كورد لەناوخۆیدا یەكگرتوو نییە، بەڵام لە سەربازی(عسكەری) و لەناو زینداندا یەکگرتوو بوون.
ھاتن و گووتیان بەرێوبەری بەندیخانە تۆی دەوێت، نارد بوویان بەدوای زیندانیەكەی دیکەدا(عەرەبەکە)، لە ڕێرەوەكە یەكمان گرتەوە، سەروگوێلاكی ھەمووی تێک شكابوو، لە ڕێگا پێم گووت، لەوێ بڵی ئێمە ئاشبووینەتەوە، ئاخر من و تۆ ھەردووكمان زیندانین، با ئەوان سود لە ناكۆكی ئێمە وەرنەگرن، دوایی ئێمە بەخۆشی بێت یان ناخۆشی، لە نێوان خۆماندا هەر ڕێک دەكەوین، باش بوو بڕوای بە قسەكانم هێنا.

ڕووناكییەوە بۆ تاریكی.!
بەشی-٦٤-

بەشێوەیەکی گشتی، خراپی باری دەروونی زیندانیەک، دیاردەکی ئاساییە، ئاخر لەپێش هەموو شتێکەوە، ئازادیت لێ زەوت کراوە، پێشتر تۆ مرۆڤێکی كاریگەر بوویت، لەناو خێزان وە هەروەها لە كومەڵگادا، بەپێچەوانەوە، ئێستا تۆ ئەرکێکی گران و بارێکی قورسی، لەو رۆژەوەی دەستگیر دەکرێیت، تا دەگەیتە ئەم شوێنە، بە تاقیكردنەوەی زۆر قورسی دەروونی و جەستەییدا تێپەڕ دەبیت، ئەوانە هەر هەمووی هۆکاری ئەو کاریگەریە نەرێنیەی باری دەرونی بوون، هەموو کەسێک بێ کاریگەری باری دەروونی نەدەگەیشتە ئێرە، ھەرچەندە رێژەكە، جیاواز بوو لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بۆیە ھەندیك لە زیندانییەكان، بەتەواوەتی دژواری باری دەروونیان پێوە دیار بوو.
ماموستا ئەنوەر یەکێک بوو لەو زیندانییە کوردانەی کەبارێکی دەروونی زۆر خراپی هەبوو، ئەو خەڵكی گەرمیان بوو، ڕۆژانە چەند كاتژمێریك، لە گوەڕەپانەكەدا دەوەستا و گوتاری دەخوێندەوە، ھەر جارەی بابەتێكی دەكردە باسی گوتارەكەی، زۆربەی جار وەك سەركردەیەكی سەربازی شەڕە جیھانیەکان خۆی پێشان دەدا، راستە قسەکانی تێكەڵاویەکی زۆری تێدا بوو ، بەڵام پێوەی دیار بوو کە کەسێکی خوێندەوار بوو، واتە زۆری خوێندبووەوە، وەهەوەها زانیارییەكی زۆری هەبوو.
زیندانییەكی دیکە، کە ناوی ئودیش بوو، ئەو كرستییان بوو، كاتی خۆی چوو بوو بۆ لوبنان، لە دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، دەستگیریان کردبوو، سزاکەی لەسەر ئەوە بوو کە، لە لوبنان لە گەڵ(كەتایبیەكان)بووە، ئۆدیش پیاوێکی گەنج بوو، بەڵام قەڵەوێكی ورگ ئەستور بوو، کەم دەدوا، شەڕواڵێکی لەبەر دەكرد، ھەر لە بەیانیەوە تا کاتی نوستن، جگەرەیەک لەنێوەندی دوو پەنجەی دەستێکیدا بوو، بە دەستەكەی دیکەی نانی دەخوارد، بەسەر ھەموو ھاوسفرەكان(سەفەر داش)دا دەگەڕا بۆ خواردن و جگەرە، ھاو سفرەكانش شارەزای بووبوون، ھەرچییەكیان لێ دەمایەوە، ھەڵیان دەگرت بۆ ئودیش.
زیندانییەكی دیکە ناوی بەرخۆ بوو، ئەمیش كرستیان بوو، بەڵام به پێچەوانەی ئودیشەوە، ئەم یەكجار لاواز بوو، خواردنی زۆر كەم بوو، هەمیشە بە فالینەیەکەوە بوو، زۆر جار زیندانیەكان لەناکاو ڕایان دەكردو لێی دوور دەکەوتنەوە، ئاخر ئەو زۆرجار بەرامبەر وێنەکەی صدام دەوەستاو لەبەردەمی خۆیەوە، ھێرشی دەکردە سەری و باسی لە ستەمی ئەو دەكرد، ھەرچەندە زیندانیەكان دەترسان و دوور دەکەوتنەوە، بەڵام لە لایەكی دیکەوە پێیان خۆش بوو، ئاخر ئەوەی ئەوان نەیان دەوێرا بیڵین، ئەو لە جیاتی هەموویان بەرخۆ دەیگووت.
لێرەش ھەروەك ئەوەی بەشی لە سێدارەدان، زیندانییەك هەبوو دەیگووت، من محەمەدی مەھدیم، بەو ھاوینە گەرمە، چەند كاتژمێرێك لە بەردەم ھەتاوەكەدا دەوەستا، دەستەكانی بەرز دەكردەوە بەرەو ئاسمان، لەبەر خۆیەوە دەمی دەجوڵاند، كەس نەیدەزانی چی دەڵێ.
لێرە ژمارەیەک گەنجی  ھەولێری، لەسەر ئاڵای شۆڕش دەستگیر کرابوون، سەرجەمیان خوێندكاری زانكۆی سەلاحەدین بوون، لەو ناوانەی کە لە بیرم ماوە(دوو ئەیوب  ناویان تێدابو، محەمەدعبداللا، حەسن یاسین)٫ ئەمانە كەسانێكی چەپی ڕۆشنبیر بوون.
ھەرچەندە ژمارەی چەپەكان كەم بوو، بە بەراورد بە ژمارەی زیندانیەكانی دیکە، بەڵام ناو و رەوشت و ھەڵوێستی شوعیەكان و چەپەكان دیاربوو، كەس نەیدەتوانی دان بەو ڕاستیەدا نەنێت، ئەوانیش ئەم ناوانە بوون، سەمیر شەمعون، ئەبو عەبیر، عبد الرزاق حەرج، نەشئەت فەرەج سەموعی(ئەبو عادل نەشئەت لە حەفتاكانی سەدەی ڕابوردودا، دەروات بۆ ولاتی یوگسلافیا بۆ خوێندن،  ئەو زۆر چالاك دەبێت دژی رژێمی بەعس لە یوگسلافیا، ئەمەیش بە دڵی پیاوانی دەسەڵاتی بەغداد نابێت، بۆیە پیلانێكی بۆ دادەڕێژن، بێگومان بە رێکكەوتن لەگەڵ دەسەلاتدارانی یوگسلافیادا.
نشئەت بانگ گێشی باڵیوزخانەی عێراق دەكرێت، ھەرچەندە ھاوڕێكانی بە باشی نازانن ئەو بڕوات بۆ ئەوێ، بەڵام نەشئەت بڕیار دەدات بچێت، ئاخر ئەو لەو بروایەدا دەبێت كە، لە ولاتێكی سوشیالستیەوە، رێكەوتن نامە نێودەوڵەتیەکان ڕێگا بەوە نادات، کە ئەوان بتوانن كارێكی خراپی بەرامبەر بکەن.
لەو كاتەدا یوگسلافیا، بەرژەوەندییەكی زۆری ھەبوو لەگەڵ رژێمی عێراقدا، كومپانیەكانیانی ناسراو بوون بەوەی، تونێل و ژێرزەمین بۆ دەستگا ئەمنییەكان و كۆشكە كۆمارییەكانی رژێم درووست دەکەن.
نەشئەت دەڕوات بۆ باڵیوسخانەی عێراق، لەوێوە بە ئاگاداری یوگسلافیەكان دەیفڕێنن بۆ عێراق، ساڵی١٩٨٠، دەدرێتە دەست دەستگای ھەوالگیری(موخابەرات)ی عێراقی لە بغداد، دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر بۆ تۆڵە سەندنەوە، دوای ئەوە لە لایەن بەناو دادگای شورش، بەسەروكایەتی(مسلم الجبوری)، بەتاوانی سیخوری، سزای زیندانی ھەتاھەتایی(موئەبد)ی دەدرێت.
بەڵام نەشئەت لەو رۆژەی کە لە زینداندا بوو، چۆكی دانەدا، بەبەردەوامی خاوەنی ھەڵوێستی شوعیانەی خۆی بوو، هەر بەوهۆیەوە باجی ئەو ئازایەتییەی دەدا، بە لێدان و سزادانی(مەحجەر) -مەحجەر ژوورێكی جیابوو، لێرە زیندانی ئەو مافانەی لێ دەسەندرێتەوە کە پێشتر هەیبووە، یەکێک لەو مافانە، قەدەغەکردنی بینینی کەس و کارەکەیەتی.
نەشئەت لە ساڵی ١٩٩١دا، ژیانی زۆر لە مەترسیدا بوو، نەك لەلایەن رژێمەوە، بەڵكو لە لایەن توژمە ئاینیەكانەوە، ئەو سەرەڕای ئەوەی شیوعیەکی سەر سەخەت بوو، كریستیانیش بوو، ئەو بست ساڵی لە زینداندا و  بەسەربەرزی و بە ھەمان نەشئەتەكەی یوگسلافیا تەواوكرد، بەڵام دوایی تێگەیشت کە، نەیوگسلافیا دەوڵەتێكی سوشالستی بوو، نەصدام دەبوو بە كاسترۆ.
بەدرێژایی ساڵانی زیندانی، ئیشی دەستی دەكرد، بۆ بژێوی ژیانی ناو زیندانی، وە بەدرێژای ئەو بست ساڵە، برایەكی دكتوری ددانی ھەبوو، پێی لێنەبڕی، لەگەڵ ئەو ھەموو ھەڕەشەو ناخۆشییانەی توشی دەبوو، نەشئەت تا نۆزدە ساڵی زیندانی، دایكی نەبینی، دایکی وای دەزانی ھێشتا ھەر لە یوگسلافیا دەخوێنێت.
خۆش بەختانە نەشئەت دوای دەرچوونی لە زیندان، خێزانی پێك ھێنا، ئێستا دوو مناڵی ھەیە، یەكێكیان ناوی عادلە، ئەم جارە بەڕاستی بوو بە، باوكی عادل(ئەبۆ عادل).

لە ڕووناكییەوە بۆ تاریكی .!
بەشی -٦٥-
هەر لەو ماوەیەدا، دە زیندانییان ھێنا، پێیان دەگووتن کۆمەڵەی كودەتا(جماعە الانقلاب)٫ خۆی خودی ناوەکە جێگای سەرنج و بایەخ بوو، ئەوەی زیاتر سەرنجی ڕادەكێشا، ئەوە بوو کە ئەم كومەڵە، ھەموویان عەرەب بوون سەر بە عەشیرەتی جبور، تەنها یەك كوردیان لەگەڵدا بوو، بەناوی ئاوات محەمد ئەمین، خەلكی شاری كەركوك بوو، گەرەكی ئیسكانی نوێ، لەوەش سەرنج ڕاکێشتر، ئەوە بوو باوكی ئاوات لەهەمان زیندان، پاسەوان(سجان) بوو، ئەو ڕۆژەی ئاوات دێنن بۆ زیندان، باوکی لە موڵەت(اجازە) دەبێت، كاتێك دەزانێت کە كوڕەکەیان ھێناوە بۆ ئێرە، ڕاستەوخۆ موڵەتەكەی دەپچڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ کار(تۆ بیھێنەرە بەرچاوی خۆت، ھەستی باوك و كوڕێک، چۆن دەبێت لەم بارەدا؟)، ھەروەك پێشتر ئاماژەم پێکردبوو، پاسەوانەكانی  ئەم زیندانە پولیسن، سەر بە وەزارەتی کاروكاروباری كۆمەلایەتی.
بوونی ئاوات لەگەڵ ئەم كۆمەڵە كودەتاییەدا، بەم شێوەیە دەبێت: 
لە مانگی ئەیلولی ساڵی١٩٨٩دا، ئاوات لەگەڵ( حسن موتلگ)دۆستایەتی پەیدا دەکات، حەسن مامۆستایە لە كەركوك، ئەو لەبەشی ناوخۆ دەخەوێت کە، بەرامبەر مالی ئاواتە، حەسن کورتە چیرۆکی نوسیوە، ئاواتیش بایەخی ئەدەبی هەبووە، ئاوات سەرسام دەبێت بەنوسینەکانی حەسن ،وە هەر لە ڕێگای حەسەنەوە ،ئاوات ئاشنایی لەگەڵ(مەحمودجەنداری جومعە)ی نوسەر پەیدا دەکات، وەهەروەها (ناسر مەحمود) ڕۆشنبیر.
ئەمانە زور جار بەیەکەوە دانیشتن دەكەن، ھەموو جارێک باسەكانیان، دەربارە ئەدەب دەبێت.
ڕۆژێك(ئاوات و حەسن و مەحمود)، لە شوقەكەی ناسر دادەنیشن، لە گەڕەكی موسلای كركوك، لەسەر داوای (حەسن موتلگ)، ئەم جارە باسەکەی حەسن جیاواز دەبێت، باس لە باری سیاسی و كومەلایەتی، وە هەروەها كارتێكردنە خراپەكانی پاشماوەی شەری عێراق-ئێران٫ وە چەسپاندنی دكتاتورییەت و تاك ڕەووی صدام دەکات.
ھەر ھەموو ھاورا دەبن لەسەر باس و گفتۆکان، بۆھەوڵدان وکارکردن لە پێناوی ئازادی و دیموكراسی و دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا، لە ژێر سێبەری دەستورێكی مەدەنیدا.
دوای ئەم باسانە حەسن پێیان دەڵێت، ڕێكخستنێكی سیاسی ھەیە و لە سەرەتای درووست بونیدایە، ناوەندەكەی لە شاری تكریتە، بەتایبەتی لە ناو خێڵی(عەشیرەتی)جبوردا، من لە بەشە مەدەنییەکەی كاردەكەم، بەڵام قورسایی ھەرە گەورەی ڕێكخستنەكەمان، لە بەشە سەربازییەكەیدایە، زۆربەی ئەندامەكانی ئەفسەری گەنجن، بە پلەی جیاواز لەجێگای ھەستیاردان وەك، پاسەوانی كۆماری(حەرس الجمهوری)، وەهەروەها پاسەوانی تایبەت( حەرەس الخاص).
بەپێی قسەکانی ئاوات، وەڵام دانەوەیان بۆ ئاشكراكردنی ئەم نھێنیێەلە لایەن حەسەنەوە، وەهەروەها، داواكردنی بۆ كاركردن لەگەڵ ئەم ڕێكخستنەدا جیاواز بوو، ناسر ڕاستەوخۆ لەگەڵی بوو، بەڵام مەحمود جنداری خۆی پاراست لە وەڵامدانەوە، راستەوخۆ ھیچ گفتێكی نەدا، ئەو گووتی، دوایی لە نامەیەكدا بۆچونەكانی خۆم دەنووسم، هەرچی ئاواتە لەگەڵ داواكەدا نەبووە، بەڵام گفتی شەرەفی دابوو کە، ئەم نھێنییە بپاریزێت و لای هیچ کەسێک باسی ناکات، وە هەروەها بەردەوام دەبێت لە ھاوڕێیەتییان، وە لەكاتی پێوستتدا، یارمەتییان دەدات، ئەمەش لە ڕوانگەی ھەستكردن بە لێپرسراوێتی و رەوشتی بەرامبە بە ئەوان.
دوای زیاتر لە مانگێك لە دانیشتنەکە، ئێوارەی ١٩/ ١/ ١٩٩٠، دەستگای ھەواڵگیری دێن، ئاوات لەماڵەوە دەستگیر دەکەن و دەیبەن، ئەوکاتە ئاوات نازانێت کە(حەسن موتلگ و ناسر مەحمود)، لە ھەفتەی یەكەمی ساڵی تازەی ١٩٩٠دا، دەستگیركراوون.
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە وە دوای لێکۆڵینەوە، بۆئاوات دەرئەكەوێت کە، ئەم ڕێكخستنە كە پێكھاتبوو لە عەرەبی سوننە، بە تایبەتی لە تیرەیەكی خێڵی جبور، لە پارێزگای تكریت، بە سەرپەرشتی(شێخ ھجیل شبیب الجبوری)، 
پیلانێكیان ھەبووە بۆ كوشتنی صدام، له نمایشێكی سەربازیدا، کە بە بۆنەی یادی دامەزراندنی سوپای عێراق لە شەشی كانون ڕێکدەخرا، لە ساڵی ١٩٩٠دا.
لە نمایشە سەربازیەکەدا،  لە ڕێگای بەكار ھێنانی موشەکێکی تانك «دەبابە» صدام بكووژن ، كە ئەفسەرێكی گەنج بەناوی(سەتم غەنام الجبوری)، لە ھێزەكانی پاسەوانی كۆماری سەرپەرشتی تانكەكەی کردووە، بەڵام نەخشەكە پێش جێبەجێكردنی بە ھەفتەیەك، ئاشكرا دەبێت، لە ڕێگای یەکێکەوە کە داوای لێدەكریت بەشداری بكات، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە بەشدار بێت، وە دەستگای ھەواڵگیریان لێ ئاگادار دەكاتەوە.
لە ١۹٩٠/٦/١٨دا، بیست و حەوت کەس لەو ڕێکخراوە دەدرێن بە دادگای شورش، بە تاوانی پیلانگێری دژی دەوڵەت(التامر علی‌ الدوله‌)، لە ماوەی دوو كاتژمێردا عەواد البندەری سەرۆكی دادگا، سزای لە سێدارەدان بۆ ١٧ کەسیان دەردەکات، بەم ناوانە:
١- شێخ ھیجل محمد شبیب الجبوری(سڤیل)
٢- حسن مگلك الروچان(سڤیل)
٣- ناصر محمود(سڤیل)
٤- احمد غربی حسن (سڤیل)
ە- فندی گلب سلامه‌(سڤیل)
٦- سگم غنام المجژب (نەقیب)٫ پاسەوانی كۆماری.
٧- جمال شعلان احمد (نەقیب)٫ پاسەوانی كۆماری.
٨- خچیر خچر الجبوری(نەقیب)، پاسەوانی كۆماری.
٩- إبراهیم احمد عبدالله(نەقیب)، پاسەوانی كۆماری.
١٠- محمود عبدالله المحجوب(نەقیب)، پاسەوانی كۆماری.
١١- مصگفی‌ حادی حسن(نەقیب)، پاسەوانی كۆماری.
١٢- مچحی علی‌ حسن(نەقیب)، پاسەوانی كۆماری.
١٣- صالح جاسم(نەقیب)، پاسەوانی كۆماری.
١٤- صباح عبدالله(نەقیب)، پاسەوانی كۆماری.
١٥- خیرالله حمید(ملازمی یەكەم)، پاسەوانی كۆماری.
١٦-قیس عسكر محمد(نائب زابت)، پاسەوانی تایبەت.
١٧- حسن نایف عبدالله(نائب زابت)، پاسەوانی تایبەت.
دە كەسیشان سزای ھەتاھەتاییان بۆ دەردەكات، بەم ناوانە:-
١- ئاوات محمد أمین(سڤیل)
٢- عبد محمد جرو (سڤیل)
٣- محمود جولاتی جمعه (سڤیل)
٤- محمد صالح خلف(نائب زابت)، باسەوانی تایبەت.
ە- علی عبدالله احمد(نائب زابت)، پاسەوانی تایبەت .
٦- حمید محمد سعید(نائب زابت)، پاسەوانی تایبەت.
٧- إبراهیم حسین جاسم(دەستگای ئاسیشی تایبەت)
٨- محمود المڤهور(نەقیبی زرێپۆش)، پاسەوانی كۆماری.
٩- جمال محمودالبدرانی (ملازمی یەکەم)، پاسەوانی كۆماری.
١٠- غانم عبد گلب(ملازمی یەکەم)، پاسەوانی كۆماری.
ماوێتی.





PM:12:20:18/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی