له‌ڕوناكییه‌وه‌ بۆ تاریكی‌ به‌شی‌ 7-8

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا



پێشتر ئاماژەم پێدابوو کە لەماوەی کاری بەرید هێنان و بردن، لەنێوان ئێران و مەڵبەنددا، دوو جار لەئێران دەستگیر کراوم، ئەم جارەش هەرخۆم نەبووم، بڕیاری سەرکردایەتی بوو کەکچێک لەمەڵبەندەوە بگەیەنمە شنۆ، دوای ئەوە خۆم بڕۆم بەرەو تاران،ئەم کارەم پێخۆش نەبوو، لام باش و گونجاویش نەبوو، بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئیمان کچێکی بەسراوی قژلولی زۆرئەسمەری باڵابەرز، دەبوایە ئێمە وەک ژن و مێرد خۆمان پێشان بدەین، کەبەبڕوای من هیچ گونجاو نەبووین پێکەوە، وام هەست دەکرد ببینە جێگای گومان.
ئیمان ماوەیەکی زۆر بوو لەمەڵبەند بوو، نەماندەزانی چ کارەیه.

لەلایەکی ترەوە ناڕەزایی من لەوەدا بوو، لەم وەرزەیا، سەرماو بەفرو شەختەیە، باش شارەزای ئەو ڕێگا سەختەم، لەگەڵ ئەوانەشدا ئیمان کچێکی بەسراوی بوو، لەوگەرماو تەختاویەوە هاتبووە ئەوێ، هەرهەمووی بۆ من گران بوو، هەربۆیە ناڕازیبووم لە بردنی، بەڵام هاوڕێیان گوتیان، لە مەکتەبی سیاسیەوە داوایان کردووەو لەتۆ زیاتر کەسی دیکەمان نیە، ئەوکارە بکات.

لای لقی چواری پارتی ڕوخسەتیان بۆ کردین، بەفرێکی زۆر باریبوو، جلێکی کودی ژنانەیان بۆ ئیمان پەیاداکردبوو، زۆر کورت بوو لەبەریا، بەسەریا پاڵتەیەکی عسکەری لەبەریاو لەچكێک بەسەریەوە، شتێکی زۆر سەیر دەرچوبوو، جانتا گەورەکەم، بەبریدە شاراوەکەی ناویە هەڵگرت، هەدووکمان بەیەکەوە بەڕێکەوتین، ڕێگا دیارنیە، بەهۆی بەفرەوە، بەبەردەوامی بەفر دەبارێت، کارێکی ئێکجار گرانم لەپێشە، ئاخر نازانم ئیمان ڕاکێشم یاخود جانتا، هەچۆنێک بێت بەڕاکێشان و پاڵنان گەیشتینە مەلەخۆرت، ئیمان بەتەواوی ماندوو شەکەت بوو، لەسەرمادا دەلەرزی، ئاخر ناهەقی نەبوو، بەسرە لەکوێ و ئەم شاخ و بەفرو سەرمایەی کوردستان لەکوێ!

ڕێگا سەختەکەمان بڕی، ئاخر لە ملخۆرتەوە بۆ دزڵی سەرو لێژە، بەو هەموو ماندوبونەوە لەکۆتاییدا گەیشتینەدزڵی، لەوێ چوینە ناو دوکانێک، سۆپایەکی داری داگیرساندبوو، ئیمان لەژێر لێوەوە دەیەوێت شتێک بڵێت، ئاخر من پێشتر ئاگادارم کردبۆوە کەهەتا دەتوانێ قسەنەکات بەعەرەبی، لێی نزیک بومەوەو لێم پرسی چیت دەوێت؟ گوتی پیبسی! داواکایەکی زۆر سەیر بوو لەو بارودۆخە ناخۆش و گرانەی ئێمەی تێدا بووین، بەکابرای دوکان دارم گوت نوشابەیەکم (ساردی) بدەرێ، دوکاندارەکە ساردیەکی دەرھێنا لە سندوقی ساردییەکان کەبەفرداپۆشرابوو، لەبەردەمی دوکانەکەیدا.

ئیمانم بەجێهێشت لەناو دوکانەکەدا، بۆئەوەی خۆی گەرم و شک بکاتەوە هەروەها ساردیەکەشی بخواتەوە، دوای ئەوە لەگەڵ شوفێرێك ڕێک کەوتم، بۆئەوەی بمانگەیەنێتە مەریوان.

گەیشتینە مەریوان بەبێ گرفت، لە هۆتێل دابەزین، ئیمانم لەوێ جێهێشت، خۆم ڕۆیشم، بۆ نوسینگای پەیوەندیەکانی پارتی لە ئێران (مکتبی علاقات)٫بۆ گۆرینی کاغەزی هاتوو چۆ، لەناو ئێران، ئەوکاغەزەی پێشر بۆمان کرابوو، تەنها تامەریوان و دەوروپشتی بەکادەهات، بەرپرسەکەی نوسینگەکەی پارتی حمەسوربوو، ئەو گوتی ڕێنمایی تازەمان بۆ هاتووە لەقەرارگاوە، دەبێت لەگەڵ ڕوخسەکەدا کارتت هەبێت، بۆ دەرکردنی ئەوکاتەش بەلایەنی کەمەوە دوو حەفتەی دەخایاند، ھەرچەندە ھەوڵم دا بۆچارەسەرێك، بەڵام هیچ نەکرا، گەرامەوە بۆ هوتێل و ئیمانم تێگەیاند، کەدوو ڕێگەمان لە بەردەمدایە، یەکێکیان ئەوەبوو بگەڕێینەوە بۆ مەڵبەد، یاخوی لەسەر لێپرسراوی خۆمان بەردەوام بین وبڕۆین، ڕێگای دووەم گریمانەی گرتیمان هەیە، بەتایبەتی ئەگەر بۆ شەو نەگەینە مەهاباد، ئەو کاتە پێویستیمان بە هوتێل دەبێت، ئالێرەدا مەترسی دەستگیرکردنمان دەبێت، من بۆخۆم لەمەھاباد خەڵکم دەناسی، پێوستیمان بە هوتێل نەئەبوو، ئیمان لەترسی ناڕەحەتی ڕێگای گەرانەوە، کەلەوسەرەوە بینیبووی وەهەروەها ئەو چاوەڕوانیە زۆرەی کە لەمەڵبەند کردبووی، لەگەڵ بەردەوامی ڕۆیشتن بوو بۆ شنۆ.

بۆ بەیانیەکەی زوو، بەڕێکەوتین بەرەوسنە، لەسنەوە بۆ سەقز، لەوێوە بەرەو بۆکان، پاشان بەڕێکەوتین بەرەو مھاباد، گەیشتینە ئەوبازگەیەی کەدانرابوو لە میاندواو، پێش مەهاباد، گوتیان ڕێگا داخراوە وە دەبێت بگەڕێنەوە، هەرچەندە هەوڵم دا سودی نەبوو، بەناچاری گەراینەوە بۆ ناو شاری میاندواو، من ھیچ شارەزاییەکم لەم شارەدا نەبوو، تەنھا ئەو نەبێت کێشە ھەیە لە نێوان کورد و ئازەریەکاندا،
هوتێلێکم دۆزییەوە لەسەر شەقامی گشتی بوو، کارمەندەکەی هۆتێلەکە تەماشای ڕوخسەکانی کردین، گوتی ناتوانم ھەردووکتان لە یەک ژوردا دابنێم، من بەئازەری قسەم لەگەڵ دەکرد لە بەردوو ھۆکار یەكێکیان، ئازریەکەم لە فارسییەکەم باشتربوو،
دووەم کابرا ئازەری بوو، دەمویست سۆزی راکێشم بۆلای خۆم، بۆئەوەی تەگەرەمان بۆ دروست نەکات، گوتم گرنگ نییە ژورێك بۆخانمەکەم منیش لەھەر جێگایەك بێت گرفتم نییە.

ئەوەبوو ئیمانم بردە ژورەکە، خۆیشم ھاتمە خوارەوە، لە ساڵونی هوتێلەکە دانیشتم، قورییەك چام داواکرد، سەیری تەلەفزیونم دەکرد، لەو کاتەدا پیاویك ھاتە هوتێلکەوە، چوو بۆ لای کارمەندی هوتێلەکە، ئەویش ئەو دفتەرەی خستە بەردەست کە ناوی میوانەکانی هۆتێلەکەی تێدا تۆمارکرابوو،

لە دەفتەرکەی دەڕوانی و لەگەڵ کارمەندەکە قسەی دەکرد، ئاوەڕێکی دایەوە و تەماشایەکی منی کرد، ھەستم کرد باسی من وئیمان دەکەن، دوای ئەوەی کابرا رۆیشت، چوومە سەرەوە بۆ لای ئیمان، تێم گەیاند کەلەوانەیە بێن و بمانگرن، وە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ بکەن، پێوستە جارێکی دیکە زانیاریەکانمان کە لەسەر ڕوخسەتەکەمان نوسراوە، دووبارە بکەینەوە، ناوی سیانی، خزم وکەس وکار،شوێنی لەدایك بوون، ئەو شوێنەی لێی دەژین، مێژوی هاوسەرگیریمان ھتتد.....

من ھەمیشە بە ناوی علی عبدول حوسێن ئەھاتمە ئێران، ئاخر لێرە ئەم جۆرە ناوانەیان زۆر پێخۆشبوو، ئیمان بە ناوی فاگمه مەھدی تۆمارکرابوو. ئەو شەوە ھیچ نەبوو، بەیانی زوو ھاتمە خوارەوە، ویستم برۆمە دەرەوە، دەرگای هوتێل داخرابوو، بە کارمەندەکەم گوت، کردییەوە بۆم، پەڕیمەوە بۆ ئەوبەری شەقامەکە، قەیماغ و ھەنگوین ونانی گەرمم کڕی، کەگەڕامەوە بەردەمی هۆتێلەکە بینیم، دوو ئۆتۆمبیل وستاون، ژمارەیەك چەکدار چونە ژورەوە، زانیمکە ئەمانە ئیتلاعاتن، نەئەکرا بەھیچ شێوەیەك ئیمان و چانتاکە بەجێ بهێڵم، بەخێرای چومە ژورەوە، پێش ئەوی ئەوان بگەنە ئیمان، لەگەڵ چونە ژورەوەم کارمەندی هوتێلەکە، منی پێشانی ئەوان دا، دیار بوو ئەوان لەمنیان پرسیبوو پێشتر، ئێمەیان برد بۆ ئتلاعات، دەستیان کرد بە لێکولێنەوە لەگەڵمان، دوو شەو لەوێ ماینەوە بەڵام ھیچیان دەست نەکەوت، ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو، هیچ بایەخێکیان بەجانتاکە نەدا، هەرچەندە من بۆخۆم ترسی هەرەگەورەم جانتاکە بوو، ئەو شتانەی کەلەنێو جانتاکەدا بوو، جگە لەوەی کەئەی سەلماند کەئێمە ئەفرادی بەرزانی نیین، هەروەها نھێنی زۆری ئاشکرا دەکرد، بچوکترین تاوان بەسەرماندا ئەسەپا کە ئەویش، سیخۆری(جاسوسی)بوو، بە ئەفسەرکەم گوت ئێمە تەنھا ھەڵەیەکمان کردبێت ئەوەیە کە نەمان زانییوە ئەم ڕوخسەتە، تەنھا لە مەریوان بە کاردێت، ئەبوایە بمانگۆڕیایە پێش هاتنمان، باشتر نییە مانگەڕێنیتەوە بۆ مەریوان وەلەوێ بیگۆڕین.

لەئیتلاعات ئێمەیان دایە دەست جەندەرمێری، ماوەیەك دەستبەسەربووین لەچەندەرمێری میاندواو، دوابەدوای ئەوێ لە بۆکان، دوای بۆکان، لە سەقزھەفتەێك ماینەوە، لەوێ داوامکرد کە چاوم بە ئەفسەرکە بکەوێت، ناڕەزاییم دەربڕی، گوتم ئێمە لە بەرەکانی شەڕبووین بەرامبەر صدامی یەزیدی کافر، هاتووین بۆ ئەوی سەر لەکەسوکارمان بدەین لێرە، تەنھا هەڵەمان ئەوە بووە، نەمانزانیوە ڕوخسەتەکانمان بگۆڕین لەمەریوان، گوتی باشە ئەتوانیت کرێی ئۆتۆمبیلەکەبدەیت لێرەوە بۆ مەریوان، گوتم بەڵێ، گوتی باشە بەیانی مەئمورێکتان لەگەڵ دەەنێرم بۆ مەریوان، بۆ بەیانیەکەی بەڕێکەوتین لەگەڵ مەئمورێك بەرەو مەریوان، لە ڕێگا جۆرە نزیک بوونەوەیەک لەنێوان من و مەئمورەکەدا دروست بوو، بۆم دەرکەوت کەئەویش ئەزەرییەو لە بنەچەدا لەڕوسیاوە کۆچیان کردووە بۆئیران، بەڵام ئەم لەتاران لەدایك بووە.

ئێوارە گەیشتینە مەریوان، لە مەئمورەکەم پرسی چیمان لێ دەکەیت؟ گوتی تەسلیمتان دەکەم، گوتم بۆ بەیانی تسلیممان ناکەیت، ئێستا دەڕۆین نانێک دەخۆین، شەویش لەهۆتیل دەبین، خۆ ئێمە تاوانبارنین، تەنھا ھەڵەیەکی بچوکمان کردووە، ئەو ڕازی بوو بە بشنیارەکەی من، نانمان خواردو چوین بۆ هوتێل، ئەوکاتەی ئەو دەستی کرد بەنوێژ، چانتاکەم برد بۆ ماڵی مەھدی، مەڵەکەیان زۆر نزیك بوو لە هوتێلەکەوە، مەھدی خەڵکی هەورامانی باشوربوو، ناسیاوێتیم لەگەڵ پەیداکردبوو لەڕێگای ھاورێیانەوە، ئێستا خەمی ھەرە گەورەم لەکۆڵ بویەوە، دوابەدوای ئەوە سەرێکم دا لە نوسینگای پەیوەندییەکانی پارتی، تێمگەیاندن کەچی روویداوە، بۆ بەیانیەکەی تەسلیم کراین، لەپاشاندا ناردیان بەدوای یەکیك لە نوسینگای پارتییەوە، حەمەسور ھات بۆ ئەوەی گەواھی بدات، کەئێمە ئەفرادی بارزانیین، ئازاد کراین.

ھەر ئەو رۆژە گەراینەوە بۆ مەڵبەند، ئیمانم دایەوە دەستیان، بۆ بەیانیەکەی ھەر بەو ڕوخسەتەی پێشتر پێی ڕۆیشتم، ئەم جارەهەرخۆم بەڕێکەوتم بەرەو تاران وگەرامەوە.

به‌شی‌ هه‌شته‌م

لەگەڵ ئەوەی مەڵبەندی سلێمانی-کرکوک، قوربانی گیانی زۆر کەمتر بوو بەبەراورد بە مەڵبەندی ھەولێر٫ لە پێش وە هەروەها پاش کارەساتی پشتئاشان، بەڵام زیانی زۆر بوو لە رووی ترەوە ، گۆرانی سەرکردایەتی مەڵبەند ،الەهەمان کاتدا ململانێی نێوان سەرکردەکان زۆرتربوو، کەئەمەش لەبەرژەوەندی حیزبدا نەبوو.

نەبەرچاو ڕوونییەک، وەنە ڕونکردنەوەیەکی فەرمی هەبوو، لەلایەن سەرکردایەتی حیزبەوە، بەتەواوەتی هەست بەجیاوازی هەڵوێست و لایەنگری سەرکردەکان دەکرا، بەشێکیان لەژێر کاریگەری یەکێتیدا، بەشێکی دیکەیان لەژێر کاریگەری پارتیدا بوون، بەشێکی دیکە دژی ئەم دوو لایەنگیریەبوون وە بە کارێکی درووستایان نەدەزانی، ئەوان خوازیار بوون حیزب سیاسەتێکی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی هەبێت.

لەلایەک رێککەوتنی بەھادین نوری و مەلا بەختیار، بانگەوازی ئاگربەستی کەریم ئەحمەد و ئەحمەد بانیخێلانی، لەلایەکی دیکەوە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی، وەهەروەها ڕۆڵی سەرەکی ئەبو فاروق لە شەری پشتئاشانی دووەم، بەھاوکاری تەواوەتی پارتی.

ھەڵسانگاندنی رووداوەکان، وەهەروەها دەست نیشانکردنی ھەڵەکان، کاریگەری خراپی ھەبوو لەسەر هاوڕێیان. دیاردەیەکی دیکەی مەترسیدار لەسەر ڕەوشی حیزب، ئەو ناکۆکیەی کەلەنێوان کادرەکانی ڕێکخستنەکانی حیزبدا بوو لەسلێمانی، هەریەکە ئەوی دیکەی تاوانبار دەکرد، بەندیخانەیەک هەبوو، بەئەندازەی ژمارەی بەندەکانی رژێم، ھاورێیانی خۆمانی تێدا بەندبوو.

باروودوخەکە لە رووی سەربازییەوە بەبەردەوامی سەختتر دەبوو لە بناری سورێن، بەتایبەتی دوای گرتنی خۆرنەوازان و بانی شارو ناوچەکانی دیکەی بناری سورێن لەلایەن رژێمەوە. خۆرنەوەزان کەیەکێک بوو لەبنکەکانی مەڵبەند، گەلییەکی تەسك و سەخت بوو، بەبەردەوامی سێبەر بوو، زۆر کەم هەتاو بەریدەکەوت، لەلایەن ڕژێمەوە بەبێ تەقەو بێ بەرگری لە ھاوینی ١٩٨٤ داگیرکرا، ئەم ڕووداوە شکستێکی گەورەبوو، ئەمە کاردانەوەی زۆر خراپی ھەبوو لەسەرمعنەویاتی پێشمەرگە، وەهەروەها خەلکی ناوچەکە. توپ بارانکردنی ناوچەکە رۆژ بەرۆژ گەرمتر دەبوو، واپێ دەچوو ناوچەکە ببێتە بەرەیەکی فراوانی شەری عێراق-ئێران، بواری ھاتووچۆی ئێمە بەرەبەرە کەم دەبویەوە، لەبەر نەبوونی ھیچ جۆرێکی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، هەرئەو هۆکارانە بوون وای لە سەرکردایەتی کرد بڕیاری گواستنەوەی مەڵبەند بدات بۆ شارباژێر، نزیک ناوچەکانی پارتی.

من و ڕێزان بریارماندا برۆین بۆ مەڵبەندی ھەوڵێر، بۆ لقی شەھید بکر تەلانی، کە بەلقی خۆمم دەزانی، ئاخر ھەر لەسەرەتای پێکهێنانیەوە، من پێشمەرگەی ئەو لقە بووم، لەگەڵ شەھید بکر تەلانی.

ئێمە کەوتینەڕێ بەرەو ناوچەی لۆلان، لەوێوە بەرەو مەڵبەندی بادینان، دوایی بەرەوکافیە، لێرە کێشەکە ئەوەبوو، زۆربەی بنکەکان تازە دروستکرابوون، لەبەرئەوەی لەبەرزان ھاورێیان ناچارکرابوون، کە بنکەکانی بەرزان و ڕێزان چۆڵکەن، شێخ محەمد خالید بەرزانی کومەڵەێک چەکداری کوکردبوەوە بە ناوی حزب اللە، لەراستیدا جاشی ئێران بوون، ھەڕەشەی کردبوو لەهاوڕێیان، کە ئەو ناوچانە(موقەدەسن )نابێت ئێوەی لێبن، ئەوەش جورێك بوو لە شەڕ فرۆشن، ھاوڕێیان دوو ڕێگایان لە بەردەمدا بوو، یان شەڕبکەن یاخود خۆیان لەشەر لابدەن، ئەوان رێگای دوومیان ھەڵبژاردبوو.

لقی شەھید بەکر تەلانی سەر بە بەتاڵیۆنی ٣١ئازار بوو، لەدێی (ئێروان)کە چۆڵکرابوو٫ نزیک زێی گەوره، بەرامبەر ئەشکەوتی شانەدەر، هەرلەوێ بارەگا دامەزێنرابوو، لەبەرئەوە بوو کە ئێمە بەڕێکەوتین لە کافیەو بۆ ئێروان، لەوێ شادبوومەو بەھاورێیانی لق و بەتالێون، کە لەدوای شەڕی پۆرێجەوە نەم دیبوون. بەتالیونی ٣١ ئازار پێکھاتبوو لە سێ لق،لقی کۆیه، ھاوڕێی شەھید محەمەد حەلاق سەرلقی بوو، لقی بتوێن ھاوڕێ محمودی حاجی سەرلقی بوو، لقی شەھید بەکرتەلانی، علی حاجی سەرلقی بوو، ھاوڕێ موحسن یاسین فەرماندەی بەتالیون بوو.
ئەم ناوچەیە کە ئەوبەری زێی گەورەیە، بەناوچەی زێباریەکان ئەژمێردرێ، کەمێک بەرزانی لێبوو، ھەرچەندە لەو کاتەدا کەئێمە لەوێ بووین، ناوچەێکی زۆر چۆڵ بوو، بەلام تاك و تەرا خەڵکێك گەرابویەوە، بە تایبەتی ئەوبەرزانیانەی کەلە موجەمەعی زۆرەملێی قوشتەبەوە رایانکردبوو، خوارەومان زیێەو پشتەوەمان شاخ بوو، ئەودیوو شاخ بە ناوچەی سورچییەکان دەژمێردرا، زیاتر ئاوەدان بوو، نزیک بوو لە شاروچکەی دینارتەی سەربە ئاکرێ، لەوبەر زێ رێگای ئۆتۆمبیل هەبوو تا شارۆچکەی خەلیفان، بەڵام لەوکاتەدا هاتوو چۆ قەدەغەبوو.

بوونی ئەو بنکەیە زۆر پێوست بوو، ئاخر وستگەیەکی گرنگ بوو بۆ ھەموو ئەو مەفرەزانەی کە ئەرویشتنە خوارەو ئەپەڕینەوە لە بێخمە، چەند خێزانێکی ھاوڕێیان لەوێ دەژیان، دایک وخۆشکی شەھید محەمد حەلاق، شەھید ئایشێ گورۆك، خێزانی نجمەدین مامۆ، خێزانی ئەبو فەلاح، خێزانی شەھید عەلی حاجی و ھاوڕی مەحمود.

له‌ڕوناكییه‌وه‌ بۆ تاریكی‌ به‌شی‌ 5-6


PM:01:33:25/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 3936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی